هەواڵ

-

چاره‌نووسی سلفه‌و قه‌رزه‌كان له‌مساڵدا چیان به‌سه‌ر دێت

کوردستانی نوێ
6/5/2014 2:56:00 AM 526 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

قه‌یرانی دارایی هه‌رێمی كوردستان زۆریبه‌ی كایه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكی و گرتوه‌ته‌وه‌و جوڵه‌ی بازاڕی سست كردوه‌، به‌جۆرێك هاوڵاتیان ماوه‌یه‌كی زۆر چاوه‌ڕوانی مووچه‌ ده‌كه‌ن تا بتوانن ژیانی رۆژانه‌یان به‌ كوله‌مه‌رگی دابین بكه‌ن، ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ مووچه‌ی مانگی ئایار ده‌ستیپێكردوه‌ و به‌شێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كان مووچه‌یان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام به‌رای سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان، دابه‌شكردنی مووچه‌ له‌كاتی خۆیدا كاتێكی زۆری ده‌وێت و ئه‌مه‌ش ناتوانێت جوڵه‌ی جاران بۆ بازاڕ بگه‌ڕێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ك روونیشیده‌كاته‌وه‌ ئه‌مساڵ ناتوانرێت هیچ كام له‌ سلفه‌و قه‌رزه‌كان بدرێت به‌ هاوڵاتیان.

مووچه‌ بازاڕ ناجوڵێنێت

د. عیزه‌ت سابیر، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: له‌ ئێستادا ده‌ستكراوه‌ به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئایاری فه‌رمانبه‌ران، كه‌ ساڵی رابردوو له‌م كاته‌دا هه‌موو فه‌رمانگه‌كان مووچه‌ی مانگی ئایاریان وه‌رگرتبوو، بۆیه‌ ئێستا چوونه‌ته‌ مانگی حوزه‌یرانه‌وه‌و ماوه‌ی مانگێكیش ده‌خایه‌نێت تا هه‌موو فه‌رمانگه‌كان مووچه‌ وه‌رگرن، له‌به‌ر ئه‌مه‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ بازاڕ ناجوڵێنێت.

دواكه‌وتن ده‌مێنێت

د. عیزه‌ت سابیر روونیكرده‌وه‌، دواكه‌وتنی مووچه‌ وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌شێك له‌ كه‌رته‌كانی ئابووری گه‌شه‌ی به‌رچاو به‌خۆیه‌وه‌ نابینێت، له‌وانه‌ تا سێ مانگ له‌ كاتی خۆیدا مووچه‌ له‌ كاتی خۆی دابه‌ش نه‌كرێت پێشنبینی كڕیارو فرۆشیاره‌كان به‌ره‌و گه‌شه‌كردنی بازاڕ ناچێت، به‌تایبه‌تی كه‌رتی ئۆتۆمبێل و ناوماڵ و ئه‌و شمه‌كانه‌ی پاره‌یه‌كی زۆری ده‌وێت، بۆیه‌ ئه‌و گه‌شه‌ به‌رچاوه‌ به‌خۆیه‌وه‌ نابینێت.

بازاڕی خۆراك

عیزه‌ت سابیر روونیكرده‌وه‌، كه‌رتی خۆراك و سۆپه‌رماركێت و شتی رۆژانه‌، هه‌ر له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی مووچه‌دا گه‌شه‌كردنی به‌رچاوبه‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، چونكه‌ ئه‌و شمه‌كانه‌ی له‌ بازاڕ و سۆپه‌رماركێته‌كاندا هه‌یه‌و بابه‌تی رۆژانه‌ن، مرۆڤ ناتوانێت وازیان لێبێنێت و نه‌یانكڕێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی پێشتر باسكران لانیكه‌م ماوه‌ی سێ مانگیان ده‌وێت تا گه‌شه‌كردن به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بیننه‌وه‌.

چاره‌نووسی سلفه‌كان

له‌ماوه‌ی رابردوودا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سلفه‌ی عه‌قارو هاوسه‌رگیری و قه‌رزی بچوك و كشتوكاڵی و پیشه‌سازی دایه‌ هاوڵاتیان، سلفه‌ی عه‌قار بۆ ناوشاره‌كان 20 ملیۆن دینارو بۆ گونده‌كانیش 25 ملیۆن دینار، سلفه‌ی هاوسه‌رگیریش پێنج ملیۆن دیناربوو، هاوكات هه‌ریه‌كه‌ له‌ قه‌رزه‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و قه‌رزی بچوكیش درانه‌ هاوڵاتیان و گه‌نجان، به‌ڵام له‌مساڵ و له‌م قه‌یرانی دارایی هه‌رێمدا تا ئێستا هیچ كام له‌ سلفه‌كان نه‌كراونه‌ته‌وه‌.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان وتی: "هیچ پێشبینیه‌ك ناكه‌م له‌ ساڵی 2014دا هیچ كام له‌و سلفه‌و قه‌رزانه‌ بدرێته‌ هاوڵاتیان، ئه‌مه‌ش به‌پێی ئه‌و قه‌یرانه‌ی له‌ هه‌رێمدا هه‌یه‌و ناردنی ئه‌و بڕه‌ دیاریكراوه‌ی نه‌وتی هه‌رێم بۆ بازاڕه‌كانی جیهان، هه‌روه‌ها ئه‌و كێشانه‌شی له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدایا هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێم نه‌نێرێت و هه‌رێمی كوردستانیش ته‌نها پشت به‌و نه‌وته‌ ببه‌ستێت، كورتهێنانێكی زۆر ده‌بێت، مادام كورهێنان هه‌یه‌ ئه‌وله‌ویاتی حكومه‌تیش دابه‌شكردنی مووچه‌یه‌ ، بۆیه‌ قۆناغی دوای مووچه‌ پڕۆژه‌كانن ئه‌وجا سلفه‌كان".

نه‌وته‌كه‌ی هه‌رێم

له‌ 22ی ئایاری 2014 حكومه‌تی توركیا ده‌ستیكرد به‌ فرۆشتنی ئه‌و نه‌وته‌ی له‌ به‌نده‌ری جه‌یهان عه‌مبار كرابوو، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی جیاجیای لێكه‌وه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای كاردانه‌وه‌كان، هێشتا ئه‌و نه‌وته‌ی ده‌ڕوات پاره‌كه‌ی به‌قه‌ده‌ر بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێم له‌ %17 به‌غدا نابێت.

د. عیزه‌ت سابیر، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: رۆژ له‌دوای رۆژ پێشبینی ده‌كرێت هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رَم زیاد ببێت و داهاتیش زۆر ببێت، ئابووریی هه‌رێم بچێته‌وه‌ سه‌ر سكه‌كه‌ی جارانی خۆی.

وتیشی: "ئه‌و بودجه‌یه‌ی ئه‌مساڵ بڕیاربوو له‌ به‌غداوه‌ بگاته‌ هه‌رێم ده‌بوو هه‌رێمی كوردستان 400 بۆ 500 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ بكات، له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئێستاوه‌ تا كۆتایی ساڵ، ئه‌گه‌ر هه‌رێم رۆژی 800 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بنێرێت، ئه‌وجا ئه‌وه‌ی ده‌ستمان ده‌كه‌وێت یه‌كسانه‌ی به‌وه‌ی له‌ به‌غداوه‌ بۆمان دێت".

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure