بەرەبەیانی دوێنێ، دوای ململانێیەكی سەخت لەگەڵ نەخۆشیدا، هەڤاڵ مەحمود عەبدولڕەحمان ناسراو بەشێخ عەلی تێكۆشەرو فەرماندەی یەكەمین مەفرەزەی سەرەتایی شۆڕشی نوێ كۆچی دوایی كرد، هەردوێنێش لەمەراسیمێكی شایستەدا بەئامادەبوونی هەڤاڵ مەلابەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانو ژمارەیەك لەسكرتێرو ئەندامانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی حزبە كوردستانییەكانو جەماوەرێكی زۆر لەگۆڕستانی عەبابەیلێ لەنزیك هەڵەبجە بەخاكسپێردرا.
نموونەی سەركردەبوو
لەمەراسیمی بەخاكسپاردنی شێخ عەلی-دا، هەڤاڵ مەلابەختیار وتەیەكی پێشكەشكردو رایگەیاند: شێخ عەلی 44 ساڵی تەواو لەڕیزەكانی كۆمەڵە خەباتی كرد، 39 ساڵیش وەك فەرماندەو سەركردەیەكی نموونەیی شەرەفی بەشداریكردنی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی پێبڕا، ساڵی 1976 كاتێك یەكێتی شۆڕشی نوێی هەڵگیرساند خوالێخۆشبوو یەكێك بوو لەو پۆلە تێكۆشەرەی كە چۆكیان بۆ رژێمی بەعس دانەداو شاخە سەختەكانی كوردستانیان كردەوە بەلانگەی شۆڕشو خەبات لەپێناو رزگاریدا، وتیشی: «لەشۆڕشدا پیاوێكی ئازاو چاونەترسو خاوەن بیروباوەڕێكی سیاسی نەگۆڕ بوو، ئەو برای وەستا ئەنوەری قارەمانی زیندانەكانی بەعس بوو، لەخێزانێكی نیشتمانپەروەرو شۆڕشگێڕ بوو، لەهەموو ناوچەكانی كوردستاندا وەك پێشمەرگەو فەرماندە بەشداریی نەبەردییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردبوو».
نامە بۆ سەرۆك تاڵەبانی دەنووسێت
وەك هاوڕێو هاوسەنگەرەكانی باسی دەكەن، شێخ عەلی پیاوی رۆژە سەختەكانی خەبات بوو، هەمووكات ئامادەی خەباتو فیداكاریی بوو، مەلابەختیار باس لەنموونەیەكی ئازایەتی خوالێخۆشبوو دەكاتو وتی: «لە 31ی ئابدا كەهەموو شارەكان چۆڵ دەكران، ئا لەوكاتەدا شێخ عەلی لەدەرەوەی وڵات بوو، بەپەلە نامەیەكی بۆ سەرۆك مام جەلال ناردبوو، پێی وتبوو كەدێتەوە بۆ كوردستانو دەیەوێت بەشداریی بكات لەخەباتو هەوڵدان لەدژی نەیارەكانی یەكێتی»، وتیشی: «ئەمجۆرە هەڵوێستو ئازایەتیانە لەهەموو كەس نایەت، هەربۆیە جێگەی خۆیەتی وەك یەكێتی شانازی پێوەبكەین».
فیداكارێكی راستەقینە بوو
هەر لەمەراسیمی بەخاكسپاردنیدا، محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانو هاوڕێو هاوسەنگەری خوالێخۆشبوو وتی: «لەساڵی 1976 كاتێك لەگەڵ شێخ عەلیو چەند خەباتگێڕێكی تردا یەكەمین مەفرەزەی شۆڕشمان دروستكرد، شێخ عەلی بەرپرسی سیاسی مەفرەزەكەمان بوو، ئەو لەڕێگەی خێزانەكەی خۆیەوە چەند تفەنگێكو هەندێك فیشەكی بۆ پەیداكردین، واتە دەتوانین بڵێین شێخ عەلی پەرۆشترین خەباتگێڕ بوو بۆ ئازادیو بەدیهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان، لەژیانی پێشمەرگایەتیشدا نموونەیەكی دەگمەنی شۆڕشو فیداكارێكی راستەقینەبوو، ئەمڕۆش لەسایەی خەباتو ماندووبوونی شێخ عەلیو هاوڕێكانیدا توانیومانە بەبەشێكی زۆر لەمافە رەواكانمان بگەین».
پێمان دەكرێت!
هەواڵی كۆچی دوایی شێخ عەلی، خەمێكی قوڵ بوو بۆ خەڵكی هەڵەبجە، عەلی عەبدولڕەحمان محەمەد دانیشتووی هەڵەبجە لەبارەی ژیانی خوالێخۆشبوو وتی: «دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول، دەنگێك دروستبوو كە حزبێكی تازە دروستبووە، وتیان شێخ عەلی ئەو حزبەی دروستكردووە، من بەڕێكەوت شێخ عەلیم بینی، لێم پرسی راستە شۆڕشتان دەستپێكردووە؟ وتی: بەڵێ، من پێكەنینم دەهاتو پێموت خەریكی چین قابیلە!، ئێوە زۆر بەهێزبن، هێندەی شۆڕشی ئەیلولتان پێ ناكرێت، ناشتوانن بەعس بڕوخێنن! بەڵام شێخ عەلی وتی: ئێمە ئەتوانین ئەوە بكەینو دەیشیكەین. پیاوێكی ئازاو خۆڕاگربوو، كەم كەسم بینیوە ئەوەندە چاونەترسو بەهیوا، بەڕاستی كۆچی دوایی ئەم جۆرە پیاوانە كەسەرێكی گەورەیە بۆ هەموومان».
(44) ساڵ تێكۆشان
مەحمود عەبدولڕەحمان ئەحمەد ناسراو بە شێخ عەلی كەشكۆڵ، ساڵی 1946 لەهەڵەبجە لەدایكبووە، ساڵی 1970 پەیوەندی بەڕیزەكانی كۆمەڵەوە دەكات، ساڵی 1975 پەیوەندی بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە دەكات، ساڵی 1976 لەگەڵ پێنج هاوڕێیدا یەكەمین مەفرەزەی شۆڕشی نوێیان لەشارەزوور دروستكردو وەك بەرپرسی سیاسیی یەكەمین مەفرەزەی شۆڕش دەستیكرد بەخەبات لەدژی داگیركەرانی كوردستان، ساڵی 1977 كراوە بەلێپرسراوی كەرتی هەڵەبجەی هەرێمی سلێمانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ساڵی 1987 كراوە بەئامری هەرێمی شارباژێڕو بەشداریی دەیان نەبەردی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە، ساڵی 1987 بووە بە ئەندامی سەركردایەتی ی.ن.ك، ساڵی 1982 لەدروستكردنی تیپەكانی پێشمەرگەدا كراوە بە سەرتیپی 15ی شارەزوور، ساڵی 1997 وەك جێگری لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتی كاری كردووە، پاشان بەبڕیاری سەرۆك مام جەلال كراوە بەلێپرسراوی مەكتەبی شەهیدانی شۆڕشی نوێ-ی گەلەكەمان.