هەواڵ

-

گۆڕان نایەوێت ئاگاداری ماڵە شپرزەكەی خۆی بێت

هه‌واڵ‌و سیاسه‌ت‌
8/7/2014 3:22:24 AM 557 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

هەستكردن بەلێپرسراوێتی لەدۆخێكی هەنوکەییدا وا لەهەموو حزب‌و لایەنە سیاسییەكان دەخوازێت كە بەشێوەیەكی گشتی‌و لەسەر هەموو ئاستەكانی سیاسی‌و میدیایی كار بۆ پتەوكردنی یەكڕیزیی نەتەوەیی‌و نیشتمانی بكەن، نەک دنەی یەكتریی بدەن بۆ سەرقاڵبوون بەمەسەلە لاوەكییەكانەوە، کەچی ئەوەی مایەی تێبینییە میدیا ڕەسمی‌و سێبەرەکانی گۆڕان لەم دۆخەشدا رەچاوی ئەوە ناكەن.
ماوەیەکە كەناڵی KNN یان هەندێك لێپرسراوی گۆڕان لەمیدیا بەناو سەربەخۆكانەوە کەوتوونەتەوە تیرو توانجدان لەیەکێتی‌و كە هەناسەی راپۆرت‌و لێدوانەکانیان لەچەند رۆژێك پێش دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەی رۆژی 4/8-ەوە ئامانجدارەو مەبەست لێی دروستكردنی گرژیی‌و ئیستیفزازكردنی یەکێتییە تا رەدو بەدەلی بێهودەوە بێنێتە ئاراوەو پواز بكوتێتە ناو یەكڕیزیی‌و كۆبوونەوەو رێككەوتنیشەوە.
خەسڵەتی یەكێتی
قسەوباس لەسەر دۆخی ناوخۆیی یەكێتی‌و مەسەلەی تەكەتولات‌و تێڕوانینی جیاجیا مەسەلەیەكی نوێ نییەو سەرباری هەموو سەلبیاتێكی خەسڵەتێكە كە یەكێتیی لەهەموو حزبەكانی تر پێ جیادەكرێتەوە‌و تەنانەت میدیاكانی یەكێتیش ئەوەیان نەشاردۆتەوەو جا بەسەرزەنشت بێت یان بە پێشنیاز‌و گۆڕینەوەی بیروڕابێت‌و بەشی خۆی قسەوباس‌و گەنگەشەی لەسەر كراوە، بۆیە جورئەت لەوەدا نییە لەم كاتەدا میدیا رەسمیی‌و سێبەرەكانی گۆڕان قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەن، بەڵكو جورئەت لەوەدایە كە گۆڕان زاتی ئەوە بكات قسە لەسەر ناكۆكییە ناوخۆیی‌ خۆی بكات‌و خۆیان وتەنی شەفاف بن لەباسكردن لەو باڵباڵێن‌و زویربوون‌و نیگەرانییانەی كە بەشێكی زۆر لەهەڵسوڕاون‌و ئەندامانی باڵای ئەو حزبەی گرتۆتەوە.
نەدەبوو گۆڕان یەكێتی بێنێتە قسە چونکە کە یەکێتی قسەلەو دۆخەی ئەوان ناکات مانای ئەوە نییە كە ئاگای لێ نییە، بەڵكو بەئەركی خۆی نەزانیووەو بەشەئنی ناوخۆیی حزبێكی دیكەی دەزانێت‌و دۆخی هەنوكەیی كوردستانیش واناخوازێت كە نەك یەكێتی‌و گۆڕان، بەڵكو یەكێتی‌و هیچ كام لەحزبەكانیش خۆیان بەمەسەلەی لاوەكییەوە سەرقاڵ بكەن. بەپێچەوانەوە یەكێتی پێیوایە دۆخەكە وادەخوازێت كە هەموولایەك یەكدەنگ‌و یەكهەڵوێست بین لەئاست هەڕەشەو تەحەدییاتەكاندا.
زۆربەی چاودێرانی سیاسی‌و خەڵكانی بەئاگا ئاگاداری گرفتە ناوخۆیی‌و باڵباڵێنەكانی ناو حزبی گۆڕانن كە ئێستا گەیشتۆتە ئاستێك هەڵسوڕاوە دیارو بەرچاوەكانی خۆشیان نكوڵیی لێناكەن، تەنها كەی ئێن ئێن‌و میدیا سێبەرەكانی سەر بەگۆڕان‌و ئەو باڵە نەبێت كە خودی بەڕێز نەوشیروان مستەفا سەرۆكایەتیی دەكات خۆیانی لێ نەبان دەكەن‌و ناوێرن شەفافانەو بەجورئەتەوە دانی پێدا بنێن.
زیادبوونی دەنگی ناڕەزایی
ئەگەرچی لەدوای دروستبوونی گۆڕانەوە ناوبەناو چەند دەنگێكی ناڕازیی لێرەو لەوێ لەگۆڕان هاتوونەتە دەرەوەو قسەیان لەسەر ئەو تاكڕەویی‌و تاك ئاراستەییە كردووە كە ئیدارەی ژیانی ئەو حزبەی پێدەكرێت‌و هەموو دەنگێكی ناڕازی‌و جیاواز سەركوتكراوەو تۆمەتباران كراوە، بەڵام ماوەی چەند مانگی رابردوو و بەتایبەتیش دوای رێككەوتننامەكەی 17ی نیسان هەمووان شایەتی ئەو دۆخە بووین كە لەناو گۆڕاندا دروست بوو كە چیتر دەنگە ناڕازییەكانی ناو ئەو حزبە لەحەوسەڵەیاندا نەما قبوڵی ئەو تاك رەهەندی‌و تاك ئاراستەییە بكەن‌و لێرەو لەوێ دەنگی ناڕەزایی گەیشتە ئەو ئەندامە باڵایانەی بزووتنەوەكەش كە دەستەی دامەزرێنەرن‌و لەسەرەتای دروستبوونی ئەو حزبەوە بەشداربوون، یان بوونەتە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی‌و بەرپرسی ژوورەكان، بەڵام تائێستاش میدیای گۆڕان جورئەتی ئەوە ناكات كە خۆی لەقەرەی باسكردنیشیان بدات‌و هێشتا دەیەوێت هەمان نەبرەی 25/7/2009 بەخەڵك بفرۆشێتەوە‌و پێیوایە خەڵكی كوردستان ئەوەندە ئاستی هۆشیارییان نزمە كە ئەو هەموو گۆڕانكارییە نەزانن كە بەسەر هەیكەل‌و سیاسەتی ئەو حزبەدا هاتووە.
چەند مانگی رابردوو شایەدی وازهێنان‌و دووركەوتنەوەی چەندین كەسایەتی‌و سەركردە‌و هەڵسوڕاوی باڵای ئەو حزبە بووە كە هەموویان جەخت لەسەر تاكڕەویی لەبڕیاری سیاسی‌و ئیداریی حزبەكەیان دەكەنەوە‌و بێهیوایی خۆیان لەهەرجۆرە كاركردنێك لەڕیزەكانیدا راگەیاندووە.
میدیای رەسمی گۆڕان بێ وەڵامە!
پرسیارێك كە ئێستا بۆتە پرسیاری زۆرێك لەچاودێرانی سیاسی‌و شەقامی كوردستانی ئەویش ئەوەیە ئاخۆ میدیای رەسمیی گۆڕان‌و سێبەرەكانی وەڵامێكیان بۆ ئەو نووسین‌و لێدوانی ناو ئەو دیدارانە پێیە كە سەركردەكانی بزووتنەوەكەو هەڵسوڕاوە زویرەكانی لەرۆژنامەو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی دەكەنەوە؟ ئاخۆ وەڵامێكیان پێیە بۆ ئەوەی ئێستا بەئاشكرا باڵی گەرمیانییەكان بەسەركردایەتیی عوسمانی حاجی مەحمود ناڕازین لەسیاسەت‌و ئەدای سیاسیی رێكخەری گشتیی ئەو حزبە‌و هەندێك لەو كەسانەی كە لەژێر كوتلەی رێكخەری گشتیدان؟ وازهێنانی چەندین سەركردەو هەڵسوڕاوی دیاری وەك بەڕێزان سالار عەزیز‌و عوسمان بانیمارانی‌و جەنگی ساڵەیی‌و ئاسۆ عەلی‌و سەركۆ عوسمان‌و رەشاد حسێن‌و دەربڕینی ناڕەزایی لەلایەن چەندین هەڵسوڕاوی وەك ئامانج شێخ نوری‌و د.زانا رەئووف‌و عەبدوڵڵای مەلا نوری‌و عەدنان عوسمان‌و بابەكر دڕەیی -كە ئەمەی دواییان بەمەرج گەڕایەوە ناو جڤاتی نیشتمانی-‌و بەشێكیش لەمانە نەك هەر رەخنە لەئەدای حزبەكە بەگشتی‌و رێكخەرە گشتییەكەی بەتایبەتی دەگرن، بەڵكو بێهیوایی خۆشیان لەهەرجۆرە چاكسازیی‌و بڕیارێكی بەكۆمەڵ‌و ئازادییەكی بیروبۆچوون لەڕیزەكانی ئەو حزبەدا دەربڕیووە.
لێرەدا دەكرێت وەك نموونە چەند پەرەگرافێك لەنووسینی ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕان وەربگرین كە تائێستاش میدیای رەسمی گۆڕان‌و سێبەرەكانی خۆی لێكردوون بەكەڕەی شەربەت‌و نەك ئامادە نییە موناقەشەیان بكات، بەڵكو ئامادەنییە بشیان سەلمێنێت:
لەماوەی رابردوودا كاتێك بەڕێز سالار عەزیز وازهێنانی خۆی لەو بزووتنەوەیە راگەیاند، لەراگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەتاكڕەویی‌و كردنە ئامانجی یەكێتیی كردووە لەلایەن میدیای گۆڕان‌و رێكخەری گۆڕانەوەو دەڵێت: «بڕیارەكانی رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان تاكڕەوانەیەو تەنها بەمیزاجی كەسێك بەڕێوەدەچێت»‌و ئاماژەش بەوە دەكات كە «راگەیاندنەكانی گۆڕان تائێستا لەگوێی كۆمەڵانی خەڵكدا دەزرنگێتەوە كە هەمووی هێرشە لەسەر سیستم‌و حزبەكانی دەسەڵات بەتایبەتی بۆ سەر پارتی، بەڵام ئێستا حەملە تەنها لەدژی یەكێتی چڕ كراوەتەوە. لەگەڵ پارتیدا بوونەتە (شەریك).»
هەروەك ئامانج شێخ نوری لەنووسینێكیدا لەژێر ناونیشانی: «گۆڕان خۆی پێویستی بەچاكسازییە» دەڵێت: «بەدرێژایی سێ ساڵی ڕابردو، گۆڕان چەندین موجازەفەو موغامەرەی سیاسی ئەنجامدا، كەهیچیان مەنتیقی و عەمەلی نەبون، دورو نزیك نەكەوتنە‌ كایەیی هەوڵەكان بۆ گۆڕانكاری لەسیستمی سیاسی لەم هەرێمە، وەک «بەیاننامە حەوت خاڵییەكەی 29/1»، «تێوەگلان لەخۆپیشاندانەكانی دوای ڕووداوەكەی 17 ی شوبات و پاشتریش پاشگەزبوونەوە»‌، «كۆبونەوە دوقۆڵییەكان لەگەڵ پارتی‌و ئیمزاكردنی ڕێكەوتنی سیاسی لە 17 ی نیسانی 2014 ئەمانەو چەندین نموونەی دیکە.
ململانێی تووند
هێشتا میدیای گۆڕان جورئەتی ئەوەی نەكردووە بەبێ تەخوینكردنی ئەو كەسانە لەمیدیا سێبەرەكانیانەوە، لەمیدیای رەسمیی خۆیاندا قسەیەكی جدیی لەبارەی ئەو دۆخە ناوخۆییەی حزبەكەیانەوە بكەن وەك چۆن جۆرەها مێزگرد‌و بەرنامەی تایبەت بۆ چەندین بابەتی بێ پێز ئامادە دەكەن.
هەر ئێستا ئەوەی لای كەس شاراوە نییە ململانێیەكی توند لەنێوان جەناحی حزبی بەسەركردایەتی بەشێك لەهەڵسوڕاوە دیارەكانیان لەلایەك‌و جەناحی حكومی- پەرلەمانی بەسەرۆكایەتیی رێكخەری گشتیی گۆڕان بەئاشكرا هەست پێدەكرێت كە ئەم ململانێیە زیاتر لەسەر ئیحراجبوونی هەلسوڕاوانی گۆڕانە لەناو خەڵكدا لەبەرامبەر بێدەنگیی جەناحی حكومی- پەرلەمانیی گۆڕان كە جەناحەكەی یەكەم ئەوانەی ناو حكومەت‌و پەرلەمان بەوە تۆمەتباردەكەن كە تەسلیمی ئیرادەی پارتی بوون‌و قسەیەكیان بۆ هەڵسوڕاوە حزبییەكان لەناو خەڵك‌و شەقامدا نەهێشتۆتەوە، بەڵام بەو پێیەی جەناحە حكومی‌و پەرلەمانییەكە لەژێر سەرپەرشتی‌و چاودێریی‌و ئیرادەی راستەوخۆی رێكخەری گشتیدان بێ وەڵامن لەئاست ئەو رەخنانەی جەناحەكەی تردا‌و رێكخەری گشتیش تاكە وەڵامێك كە هەیەتی: ئەوەیە كە بەجۆرێك لەتەوسەوە دەڵێت: «ئەو كەسانە ناتوانن درێژە بەم شێوە خەباتە سەختە بدەن‌و كۆڵیان داوەو سپاسیان دەكەین كە تائێستا لەگەڵمان بەردەوام بوون»، بەڵام خوردكردنەوەی ئەو سوپاسنامەیە لەپەیجە كۆمەڵایەتییەكاندا تۆمەتباركردن‌و بگرە تەخوینكردنی هەندێكیشیانە لەلایەن كەسانی نزیك لەڕێكخەری گشتییەوە.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure