هەواڵ

-

ئاڵۆزییه‌كانی عیراق ده‌رگای بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم داده‌خات

هاوکار محەمەد
8/10/2014 11:02:28 AM 528 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هێنانی ته‌ماته‌و شوتی و به‌رهه‌كانی تری وه‌رزی هاوین له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات قه‌ده‌غه‌ ده‌كات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و بڕیاره‌ نه‌یتوانیوه‌ دڵی جوتیاران رازی بكات و نرخی به‌روبومه‌كانیان به‌رزبكاته‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پلاندانانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیش ده‌ڵێت "حكومه‌ت بۆ خزمه‌تی جوتیاران، هێنانی به‌روبومی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ كردووه‌، به‌ڵام ئاڵۆزییه‌كانی عیراق ده‌رگای ناردنی به‌روبومی هاوینه‌ی جوتیارانی هه‌رێمی به‌ره‌و شاره‌كانی عیراق داخستووه‌، ئه‌وه‌ش له‌ گرنگی بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی كه‌مكردووه‌ته‌وه‌"، مامۆستایه‌كی ئابووریش ده‌ڵێت "پشتبه‌ستن به‌ بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم كارێكی هه‌ڵه‌یه‌و له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ئابووری گه‌شه‌كردوودا یه‌كناگرێته‌وه‌و هه‌رێم روبه‌ڕووی قه‌یران ده‌كاته‌وه‌"، جوتیارانیش به‌ ژماره‌ به‌دبه‌ختییه‌كانی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه‌!

قه‌ده‌غه‌كراون
به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ رێگه‌ به‌ هاتنی به‌روبومی كشتوكاڵی له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم نادرێت، ئه‌گه‌ر به‌روبومی ناوخۆیی بتوانێت پێداویستییه‌كانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك پڕبكاته‌وه‌.
د.ئه‌نوه‌ر قادر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پلاندانان له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ وتی: ساڵانه‌ له‌ وه‌رزی هاوین هێنانی به‌روبوم له‌ ده‌ره‌وه‌وی هه‌رێم بۆ بازاڕه‌كانی هه‌رێم قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك پلانێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی جوتیاران بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌ نرخێكی گونجاو به‌روبومه‌كانیان له‌ بازاڕدا ساغبكه‌نه‌وه‌، ئه‌مساڵیش له‌ مانگی نیسانه‌وه‌ هاتنی ته‌ماته‌و شوتی و خه‌یارو پیازو چه‌ند به‌روبومێكی تری هاوینه‌ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌.
وتیشی: سه‌ره‌ڕای قه‌ده‌غه‌ كردنه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ ئه‌م بڕیاره‌ سودێكی ئه‌وتۆی به‌ جوتیاران نه‌گه‌یاندووه‌، چونكه‌ ساڵانی پێشوو شاره‌كانی تری ناوه‌ڕاست و باشووری عیراق پشتیان به‌ به‌رهه‌می هه‌رێمی كوردستان ده‌به‌ست و رۆژانه‌ رێژه‌یه‌ی زۆر له‌ به‌رهه‌می ته‌ماته‌و شوتی و خه‌یارو پیاز ره‌وانه‌ی بازاڕه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عیراق ده‌كران، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌هۆی ئاڵۆزییه‌كانی عیراق و داخرانی رێگه‌كانی هاتوچۆ، جوتیاران ناتوانن به‌رهه‌مه‌كانیان بنێرنه‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، ئه‌مه‌ش زیانێكی گه‌وره‌ی له‌ جوتیاران داوه‌.
باسی له‌وه‌شكرد له‌ حاڵه‌تی داخرانی رێگاكانی هاتوچۆدا ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كانی هه‌رێم له‌ ناوخۆدا ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی دابه‌زینی نرخه‌كانیان، ئه‌مه‌ش به‌ زیانی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنه‌رانی به‌روبووم كه‌ جوتیارانن كۆتایی دێت.

تایبه‌تمه‌ندی پارێزگاكان
له‌ باره‌ی چۆنییه‌تی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتنی به‌روبووم و ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ كردنه‌كه‌و كاریگه‌رییه‌كانی، به‌ڕێوه‌به‌ری پلاندانان وتی: وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خاڵه‌ سنورییه‌كاندا رێگری له‌ هێنانی چه‌ند به‌رهه‌مێك ده‌كرێت كه‌ هه‌رێم خۆی هه‌یه‌تی و پێویستی پێی نیه‌.
وتیشی: هه‌ر پارێزگایه‌ك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌ماته‌و خه‌یارو شوتی تا مانگی 10 له‌ پارێزگای سلێمانیدا به‌رهه‌مده‌هێنرێت، وه‌زاره‌ت بڕیاریداوه‌ تا ناوه‌ڕاستی مانگی 10 رێگه‌ به‌ هاتنی به‌روبوومی ده‌ره‌وه‌ نه‌درێت، به‌ڵام ئه‌م به‌رواره‌ ڕه‌نگه‌ بۆ پارێزگایه‌كی تر جیاوازبێت، چونكه‌ مه‌رج نیه‌ له‌ پارێزگایه‌كی تردا به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆی بگاته‌ ئه‌وكاته‌، بۆیه‌ پێش مانگی 10 رێگه‌كانی هاتنی به‌روبوومی ده‌ره‌وه‌ بۆ ناو ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌كرێته‌وه‌، به‌ مه‌رجێك نه‌چێته‌ پارێزگایه‌كی تره‌وه‌.
باسی له‌وه‌شكرد كه‌ له‌ ئێستادا له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌ی گه‌رمیان به‌رهه‌مهێنانی شوتی كۆتایی هاتووه‌، بۆیه‌ رێگه‌ ده‌درێت له‌ ئێرانه‌وه‌ شوتی بهێنرێته‌ گه‌رمیان، به‌ مه‌رجێك بازگه‌كانی ئاسایش له‌ ده‌وروبه‌ری گه‌رمیان رێگه‌نه‌ده‌ن له‌ گه‌رمیانیشه‌وه‌ شوتی بچێته‌ سلێمانی یان پارێزگاكانی تر، چونكه‌ له‌ سلێمانی و پارێزگاكانی تردا هێشتا به‌رهه‌می شوتی كۆتایی نه‌هاتووه‌.

پلان نیه‌!
به‌ بڕوای چاودێران و پسپۆڕانی كشتوكاڵ و ئابووری پشتبه‌ستن به‌ بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌ بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌روبومی جوتیاران كارێكی هه‌ڵه‌یه‌و ناكرێت حكومه‌ت ته‌نها پشت به‌و رێگه‌یه‌ ببه‌ستێت.
زانا سابیر مامۆستا ئابووری له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ وتی: ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌روبووم بۆ بازاڕی ده‌ره‌وه‌ كارێگی گرنگ و پێویستن، به‌ڵام نابێت حكومه‌ت ته‌نها پشت به‌و رێگه‌یه‌ ببه‌ستێت، چونكه‌ بۆ نموونه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا له‌ ناوه‌ڕاستی عیراق هه‌یه‌، بووه‌ته‌ هۆی داخرانی رێگه‌كانی هاتوچۆ، كه‌واته‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا بازاڕی ده‌ره‌وه‌ ناتوانێت هیچمان بۆ بكات و پێویسته‌ پلان و رێگه‌ی به‌دیلمان هه‌بێت، به‌ڵام نیمانه‌.
وتیشی: ئه‌گه‌ر ساڵانی پێشوو چه‌ند كارگه‌یه‌ك به‌رهه‌مهێنانی دۆشاویان دابمه‌زراندایه‌، ئه‌وا له‌ ئێستادا ده‌توانرا ته‌ماته‌ له‌ جوتیاران وه‌ربگیرایه‌و بكرایه‌ به‌ دۆشاو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م كارگانه‌ كارناكه‌ن یان هه‌ر دروستنه‌كراون، هه‌روه‌ها ته‌ماته‌ش خه‌زن ناكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی جوتیاران ده‌بن به‌ قوربانیی بێ پلانی حكومه‌ت!

زیان، به‌ ژماره‌!
جوتیارانی هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌زوور نیگه‌رانن له‌وه‌ی حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ پلان بۆ كشتوكاڵی هه‌رێم دابڕێژێت، ئه‌وان به‌ ژماره‌ ئاماژه‌ به‌ گه‌وره‌یی زیانه‌كانی بێ بازاڕی ده‌كه‌ن.
ساڵح مه‌حمود جوتیار له‌ گوندی خێڵی حه‌مه‌ وتی: بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاتنی ته‌ماته‌ بۆ هه‌رێم، بڕیارێكی گرنگه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ له‌ هه‌موو ساڵه‌كانی تر زیان به‌ر جوتیاران كه‌وتووه‌، چونكه‌ بازاڕه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عیراق به‌ڕووی ئێمه‌دا داخراوه‌.
وتیشی: ئێستا له‌ عه‌لوه‌كاندا یه‌ك پلاسكۆ ته‌ماته‌ كه‌متر له‌ 10 هه‌زار دینار ده‌كات، له‌كاتێكدا به‌رهه‌مهێنانی یه‌ك پلاسكۆ ته‌ماته‌ نیوه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ زیاتری تێده‌چێت، كرێی زه‌وی، كرێی گواستنه‌وه‌، كرێی چنینه‌وه‌، خه‌رجی به‌رهه‌مهێنان، خه‌رجی ئاودان و كوت و چه‌ند خه‌رجێكی تر له‌م بێ بازارییه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌ركی جوتیارانی قورسكردووه‌.
ئه‌و جوتیاره‌ زیاتر روونیده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت: ئه‌مساڵ له‌ دۆنمێك زه‌ویدا كه‌ ته‌ماته‌ی تێدا به‌رهه‌مهێناوه‌، ته‌نیا یه‌ك ملیۆن دیناری ده‌ستكه‌وتووه‌، ئه‌گه‌ر كرێی گواستنه‌وه‌و به‌رهه‌مهێنانی لێ ده‌ربكه‌یت هیچم بۆ نامێنێته‌وه‌، چونكه‌ به‌رهه‌مهێنانی ته‌ماته‌ له‌ دۆنمێك زه‌ویدا له‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا ئه‌گه‌ر زیاتر له‌ ملیۆنێكی تێنه‌چێت، كه‌متری تێناچێت!

شه‌ڕ له‌ موسڵه‌، زیان له‌ مه‌ریوان!
جوتیارو به‌رهه‌مهێنه‌رانی به‌روبومی هاوینه‌ ئاماژه‌ به‌ كاریگه‌رییه‌كانی جه‌نگی داعش له‌ عیراق ده‌كه‌ن كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش دروستكردووه‌و زیانی ئابووری له‌ به‌رهه‌می ئه‌و ناوچانه‌ش داوه‌.
فایه‌ق حه‌مه‌ حسێن جوتیارو بازرگانی به‌روبووم وتی: ساڵانی پێشوو كه‌ بارودۆخی عیراق گونجاو بوو، له‌ حاڵه‌تی ناردنی به‌روبومه‌كانی هه‌رێم بۆ خوارووی عیراق، ناوچه‌ كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتیش به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌هێنایه‌ هه‌رێمی كوردستان و عیراق، به‌ڵام ئێستا ئه‌گه‌ر حكومه‌ت رێگه‌ش بدات به‌روبووم بێته‌ كوردستان، هیچ بازرگانێك ته‌ماته‌ ناهێنێت چونكه‌ ئه‌وه‌ی ناو هه‌رێم پاره‌ ناكات، بازرگانه‌كان مه‌جبور نین بچن له‌ ئێرانه‌وه‌ ته‌ماته‌ بهێنن.
باسی له‌وه‌شكرد كه‌ شه‌ڕی تیرۆرستانی داعش له‌ موسڵ و كه‌ركوك زیانی گه‌وره‌ی ئابووری له‌ جوتیارانی شاره‌ كوردییه‌كانی ئێران داوه‌.

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure