هەواڵ

-

به‌رهه‌مهێنانی بنێشتی كوردی

هاوکار محەمەد
8/10/2014 11:04:17 AM 560 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

كه‌م كه‌س هه‌یه‌ بنێشتی كوردی به‌كارنه‌هێنابێت، چونكه‌ بنێشتی كوردی جگه‌ له‌ خواردن، بۆ چاره‌سه‌ری هه‌ندێك نه‌خۆشی و برینیش به‌كارده‌هێنرێت.

بنێشتی كوردی یه‌كێكی تره‌ له‌و به‌رهه‌مه‌ رووه‌كیانه‌ی كه‌ دارێكی تایبه‌ت به‌خۆی نیه‌، واته‌ هیچ دارێك نیه‌ به‌ ناوی بنێشت، به‌ڵكو له‌ دارێكی تره‌وه‌ به‌رهه‌مده‌هێنرێت، كه‌ پێیده‌وترێت داری قه‌زوان.

ملیۆنان دار قه‌زوانیش زنجیره‌ چیاكانی هه‌ورامان، باڵامبۆ، بۆین، سازان، شنروێ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ داپۆشیوه‌، خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ خویان به‌ به‌رهه‌مهێنانی بنێشته‌وه‌ گرتووه‌.

ئه‌گه‌رچی داهاتی داری قه‌زوان زۆرو كاریگه‌ره‌، به‌ڵام ماندوبوون و سه‌لیقه‌یه‌كی بێئه‌ندازه‌ی پێویسته‌، وه‌ك داربه‌نه‌كانیش ده‌ڵێن: به‌رهه‌می بنێشت له‌ژێر ره‌حمه‌تی باو باراندایه‌و چاره‌نووسی داهاتی ساڵێكی جوتیاران به‌ نه‌بارینی بارانه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌.

بنێشت به‌رهه‌می قه‌زوانه‌!
ژماره‌ی دارقه‌زوانه‌كانی ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و هاوارو هه‌ورامان، سه‌دان هه‌زار ده‌بن، ئه‌م دارانه‌ له‌ وه‌رزی قه‌زواندا سه‌دان تۆن قه‌زوان به‌رهه‌مده‌هێنن، له‌ وه‌رزی هاوینیشدا به‌رهه‌می دووه‌میان ده‌ده‌نه‌ هاووڵاتیان.
ئیدریس بۆینی جوتیارو دانیشتووی هه‌ڵه‌بجه‌: بنێشتی كوردی دارێكی تایبه‌ت به‌ خۆی نیه‌، به‌ڵكو له‌ داری قه‌زوان و چه‌ند دارێكی تر بنێشت به‌رهه‌مده‌هێنرێت، دارقه‌زوانه‌كان له‌ مانگی حوزه‌یراندا به‌رهه‌می دووه‌میان پێشكه‌شده‌كه‌ن.
وتیشی: دیوی ده‌ره‌وه‌ی دار قه‌زوانه‌كان شله‌یه‌كی خه‌ستی لێوه‌ ده‌رده‌چێت و به‌ داره‌كه‌دا دێته‌ خواره‌وه‌، ئه‌و شله‌یه‌ بنێشتی كوردییه‌، ئێمه‌ی جوتیاریش به‌ قوڕێكی گونجاو به‌ربه‌ستێك له‌ به‌رده‌م ئه‌و بنێشته‌دا دروستده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بنێشته‌كه‌ نه‌كه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی و له‌ناو ئه‌و به‌ربه‌سته‌ قوڕینه‌دا كۆببێته‌وه‌، دواتر قوڕه‌كه‌ لاده‌به‌ین و بنێشته‌كه‌ كۆده‌كه‌ینه‌وه‌.
باسی له‌وه‌شكرد كه‌ كۆكردنه‌وه‌ی بنێشته‌كه‌و ساغكردنه‌وه‌ی له‌ بازاڕدا داهاتێكی ئێجگار گرنگه‌ بۆ جوتیارو خاوه‌ن بنێشته‌كان، چونكه‌ بنێشت نرخێكی به‌رزی هه‌یه‌و داهاته‌كه‌ی بۆ جوتیاران گرنگه‌.

دارێك، چه‌ند گرام بنێشت ده‌دات؟
قه‌زوان كه‌ داری سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی بنێشته‌، دارێكی سروشتییه‌و له‌ شاخ و ناوچه‌ سه‌خته‌كاندا خۆی ده‌ڕوێت، هه‌ربۆیه‌ حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كه‌مترین ده‌ستێوه‌ردانیان له‌ پاراستن و زیادكردنی به‌رهه‌مه‌كه‌یدا هه‌یه‌.
نه‌جمه‌دین گریانه‌یی وتی: قه‌زوان دارێكی سروشتییه‌، ناوچه‌كانی كۆبونه‌وه‌ی قه‌زوان سه‌ختن، هه‌ربۆیه‌ بواری گه‌شه‌پێدان داری قه‌زوان كه‌مێك ناڕه‌حه‌ت و دژواره‌، چونكه‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌ سه‌خته‌كان رێگای هاتوچۆیان نیه‌و هاووڵاتیان له‌ رێگه‌ی وڵاخ یان به‌ پیاده‌ ده‌گه‌نه‌ ناوچه‌كه‌.
وتیشی: داری قه‌زوان ئه‌گه‌ر بارودۆخێكی گونجاوی هه‌بێت، ئه‌وا هه‌ر دارێك نزیكه‌ی 10 بۆ 15 كیلۆگرام بنێشت به‌رهه‌مده‌دات، ئه‌گه‌ر جوتیارێك یان خاوه‌ن كه‌ژێك 100 داری قه‌زوانی هه‌بێت ئه‌وا ده‌توانێت زیاتر له‌ یه‌ك تۆن بنێشت به‌رهه‌مبهێنێت.
باسی له‌وه‌شكرد كه‌ نرخی هه‌ر تۆنێك بنێشت له‌ بازاڕدا نزیكه‌ی 45 ملیۆن دیناره‌.

چۆن ئاماده‌ ده‌كرێت؟
كۆچه‌ڵه‌و داره‌به‌ند، ئامڕازه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی بنێشتن، داره‌به‌نه‌كان كۆچه‌ڵه‌ دروستده‌كه‌ن و كۆچه‌ڵه‌كانیش ده‌بن به‌ حه‌وزی كۆكردنه‌وه‌ی بنێشت.
ئازاد سدیق كاكه‌یی وتی: له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی حوزه‌یران چه‌ند كه‌سێكی شاره‌زا كه‌ پێیانده‌وترێن داره‌به‌ند، به‌ قوڕ له‌سه‌ر داری بنێشته‌كه‌ حه‌وزێك دروستده‌كه‌ن، ئه‌و حه‌وزه‌ پێیده‌وترێت كۆچه‌ڵه‌.
وتیشی: دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو بنێشته‌كه‌ رژایه‌ ناو حه‌وزه‌كه‌، ئه‌وكاته‌ ده‌كرێته‌ ده‌فرێك، یان ته‌نه‌كه‌یه‌ك، ئه‌و بنێشته‌ پێیده‌وترێت بنێشتی تاڵ، پاشان به‌ دوو شێوه‌ بنێشته‌كه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت و ده‌فرۆشرێت، شێوه‌ی یه‌كه‌م هه‌ر به‌ تاڵی و به‌بێ ده‌ستكاری ده‌فرۆشرێت، ئه‌مه‌یان زیاتر بۆ ده‌رمان دروستكردن به‌كاردێت، شێوه‌ی دووه‌م بریتییه‌ له‌ كوڵاندنی بنێشته‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته‌ بازاڕو هاووڵاتیان بۆ خواردن به‌كاریبهێنن، ئه‌مه‌ی دووه‌میان پێیده‌وترێت بنێشتی شیرین.

بنێشت بۆ تیماری گه‌ده‌
بنێشت بۆ چه‌ندین نه‌خۆشی و چاره‌سه‌ری برین به‌كارده‌هێنرێت، هاووڵاتیان ده‌توانن به‌ خواردنی پارچه‌یه‌ك بنێشت چاره‌سه‌ری ئازاری گه‌ده‌یان بكه‌ن.
ئاری فوئاد پزیشكی هه‌ناویی وتی: بنێشتی كوردی شێوه‌ تاڵه‌كه‌ی مادده‌یه‌كی سه‌ره‌تایی و كه‌ره‌سته‌یه‌كی خاوی گرنگه‌ بۆ دروستكردنی چه‌ندین جۆری ده‌رمان، واته‌ به‌كارهێنانی بڕێك له‌ بنێشتی تاڵ به‌ تێكه‌ڵكردنی له‌گه‌ڵ مادده‌كانی تردا ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی چه‌ند جۆرێكی ده‌رمان كه‌ سوودیان لێوه‌رده‌گیرێت بۆ نه‌خۆشییه‌كانی گه‌ده‌و ساڕێژكردنی برین.
وتیشی: شێوه‌كه‌ی تریش كه‌ پێیده‌وترێن بنێشتی شیرین ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ دوكان و ماركێته‌كاندا هه‌یه‌، ئه‌وه‌شیان له‌لایه‌ن به‌كارهێنه‌رانییه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاری گه‌ده‌، به‌ڵام ئه‌م شێوه‌یه‌یان چاره‌سه‌رێتی سروشتی كاتییه‌و هه‌ندێك هاووڵاتیان كردویانه‌ به‌خو بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و ئازاره‌ كه‌مه‌ی كه‌ هه‌ندێكجار به‌هۆی زۆر یان كه‌م خواردنی نانه‌وه‌ تووشیان ده‌بێت.
ئه‌و پزیشكه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ خواردنی بنێشتی كوردی له‌به‌رئه‌وه‌ی رێژه‌ی شه‌كری كه‌مه‌، یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی ده‌م و ددان و خێراكردنی كرداری هه‌رسكردن و زۆرجاریش ده‌بێته‌ هۆی رێكخستنی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان.

باران، مه‌ترسی به‌رده‌وامه‌!
باران و بای توند كاریگه‌رترین هۆكارن بۆ له‌ناوچوونی بنێشتی كوردی، زۆرجار به‌رهه‌می ساڵێكی هاووڵاتیان له‌ بارانێكی له‌ناكاودا سفر ده‌بێته‌وه‌.
باقی حه‌مه‌خان به‌رهه‌مهێنه‌ری بنێشت وتی: له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆچه‌ڵه‌كانی داری قه‌زوان له‌ قوڕ دروستده‌كرێن، هه‌ربۆیه‌ له‌ كاتی بارانباریندا قوڕه‌كه‌ ده‌توێته‌وه‌و بنێشته‌كه‌ ده‌ڕژێته‌ سه‌ر زه‌وی و خه‌سار ده‌بێت.
وتیشی: هه‌ندێكجار بای توند كۆچه‌ڵه‌كان ده‌شكێنێت، ئه‌وه‌ش دیسان زیان به‌ هاووڵاتیان ده‌گه‌یه‌نێت.
باسی له‌وه‌شكرد كه‌ بنێشت له‌ نێوان مانگی حوزه‌یران بۆ سه‌ره‌تای ئه‌یلول به‌رهه‌مدێت و له‌و ماوه‌یه‌شدا باران كه‌مه‌ یان هه‌ر نیه‌، به‌ڵام هه‌ندێك ساڵ بارانی ناوه‌خت زیانی ده‌بێت، به‌ڵام ره‌شه‌با له‌و وه‌رزه‌دا زۆره‌و زیانه‌كانی به‌رده‌وامن.

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure