هەواڵ

-

ده‌ورانی مالكی ته‌واو بوو ‌

هێرۆ یاسین‌
8/14/2014 3:14:07 AM 562 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

دوێنێ، له‌ڕێوڕه‌سمێكدا د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق، به‌مه‌رسومێكی كۆماریی د.حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی كاندیدی هاوپه‌یمانیی نیشتمانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق راسپارد.
رێوڕه‌سمی راسپاردنه‌كه‌
له‌كۆتاییدا هاوپه‌یمانی نیشتمانیی دوای چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌و دروستبوونی ئاسته‌نگ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عیراق، به‌ئیمزای نزیكه‌ 130 په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌، ئه‌لعه‌بادیان وه‌ك كاندید بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو ده‌ستنیشان كرد، ئه‌و ئیمزایانه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كان پێشكه‌شی سه‌رۆك كۆماری عیراقیان كرد رێوڕه‌سمی راسپاردنی د.حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی به‌دوای خۆیدا هێنا.
كێشه‌ی راسپاردنه‌كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ یه‌كلانه‌بوونه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بوو، كاتێك له‌یه‌كه‌م دانیشتنی نوێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا گه‌وره‌ترین فراكسیۆن یاخود هاوپه‌یمانی ناو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێت، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی یاسا كه‌ به‌شێكه‌ له‌هاوپه‌یمانی نیشتمانیی پێیوابوو گه‌وره‌ترین كوتله‌ خۆیه‌تی، ئه‌مه‌ ئاسته‌نگ بوو بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌كه‌، چونكه‌ نوری مالكی خۆی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی یاسابوو خۆشی به‌گه‌وره‌ترین كوتله‌ ده‌زانی.
ئێستا هاوپه‌یمانی نیشتمانیی به‌م ده‌ستنیشان كردنه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقه‌.
نووسراوه‌كه‌ی هاوپه‌یمانیی نیشتمانی
له‌به‌شێكی ئه‌و نووسراوه‌ی كه‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ پێشكه‌شی سه‌رۆك كۆماری عیراقی كرد، هاتووه‌، «به‌ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م به‌رپرسانی پێكهاته‌كانی ناو هاوپه‌یمانی نیشتمانیی ئاشكرا كرا كه‌ هاوپه‌یمانی نیشتمانیی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌و به‌پێی ده‌ستوور كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێشكه‌ش ده‌كات. له‌یه‌كه‌م دانیشتندا سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ئیمزایان كردو ته‌ئكیدیان كرده‌وه‌ هاوپه‌یمانی نیشتمانیی گه‌وره‌ترین كوتله‌یه‌، بۆیه‌ ده‌توانێت كاندیدی خۆی بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێشكه‌ش بكات به‌پێی ده‌ستوور».
كاتێك سه‌رۆك كۆماری عیراق ئه‌لعه‌بادی راسپارد هه‌ریه‌ك له‌ د.سه‌لیم ئه‌لجبوری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و د.ئیبراهیم ئه‌لجه‌عفه‌ری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانیی و حسێن شه‌هرستانی سه‌رۆكی ره‌وتی چاكسازی كه‌ له‌ناو ده‌وڵه‌تی یاسادایه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی تر ئاماده‌بوون.
به‌پێی ئه‌و نووسراوه‌ی سه‌رۆك كۆماری عیراق راده‌ستی ئه‌لعه‌بادی كرد، پێویسته‌ ناوبراو له‌ماوه‌ی 30 رۆژدا كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی رابگه‌یه‌نێت تاكو متمانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ده‌ستبهێنێت به‌پێی ده‌ستووری عیراق.
پێشوازی نێوده‌وڵه‌تی
راسپاردنی حه‌یده‌ر عه‌بادی كه‌ ئه‌مریكا خۆی به‌وردی چاودێری ره‌وشه‌كه‌ی ده‌كرد له‌م كاته‌دا پێشوازیی نێوده‌وڵه‌تی به‌دوای خۆیدا هێنا، چونكه‌ به‌م راسپاردنه‌ عیراقی پڕ له‌ته‌نگژه‌ی سیاسی كه‌ رووبه‌ڕووی شه‌ڕی تائیفی و تیرۆر بۆته‌وه‌ قۆناغێكی نوێ بۆ چاره‌سه‌ركردن دێنێته‌ ئاراوه‌.
له‌یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌دا وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پیرۆزبایی له‌ئه‌لعه‌بادی كرد.
بریت ماكورگ یاریده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری عیراق و ئێران له‌تویته‌ر نووسیویه‌تی، خۆشحاڵین به‌ڕاسپاردنی حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی عیراق و ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی نوێ و گرنگه‌ له‌پڕۆسه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ به‌پێی ده‌ستوور. پیرۆزبایی لێ ده‌كه‌ین و هانی ده‌ده‌ین بۆ پێكهێنانی كابینه‌یه‌ك كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای نیشتمانیی بێت به‌زووترین كات. ئه‌مریكاش ئاماده‌یه‌ بۆ پشتیوانی كردنی حكومه‌تێكی نوێ و گشتگیرو به‌هێز تا روبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كانی داعش بێته‌وه‌.
په‌یوه‌ندیی جۆبایدن
دواتریش جۆبایدن جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری عیراق كرد.
له‌په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا بایدن پیرۆزبایی له‌ د.فوئاد مه‌عسوم كرد بۆ ئه‌و كۆششه‌ی كردویه‌تی له‌پێناو سه‌قامگیری عیراق و چه‌سپاندنی پڕۆسه‌ی دیموكراسی، هه‌روه‌ها هه‌نگاوی سه‌رۆك كۆماری عیراقی به‌رزنرخاند بۆ راسپاردنی حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی ئاینده‌ی عیراق.
جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاماده‌یی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانیشی دووپاتكرده‌وه‌ بۆ پشتگیری له‌گه‌لی عیراق له‌هه‌موو بواره‌كاندا به‌تایبه‌ت هاوكاری سه‌ربازی و مه‌شقكردن به‌سوپای عیراق له‌پێناو قه‌ڵاچۆكردنی تیرۆردا، هیواشی خواست عیراق له‌سایه‌ی حكومه‌تی نوێدا قۆناغێكی ئارام و پێشكه‌وتوو سه‌قامگیر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ د.فوئاد مه‌عسوم دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌عیراق هه‌نگاوێكی گرنگی به‌ره‌و پێشناوه‌ به‌ڕاسپاردنی پێكهێنانی حكومه‌تێكی بنكه‌فراوان كه‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عیراق له‌خۆبگرێت.
موقته‌دا سه‌در پێشوازیی له‌هه‌نگاوه‌كه‌ كرد
هه‌روه‌ها موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا سوپاسی ئاڕاسته‌ی‌ د.فوئاد مه‌عسوم و د.سه‌لیم ئه‌لجبوری‌ كرد به‌ڕاسپاردنی‌ حه‌یده‌ ئه‌لعه‌بادی.
موقته‌دا سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ ده‌بێت سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ داهاتوو توانای‌‌ هه‌بێت كۆتایی به‌و كێشه‌و ناخۆشیانه‌ بهێنێت كه‌ عیراقی گرتۆته‌وه‌. ده‌ستنیشان كردنی ‌حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادیشی‌ به‌پێشهاتێكی‌ باش زانیوه‌ كه‌ كاریگه‌ر بێت له‌سه‌ر كۆتایی هێنان به‌و بۆشاییه‌ ئه‌منی و خزمه‌تگوزاره‌ییانه‌ی‌ ئه‌مڕۆ هه‌ن.
كاردانه‌وه‌ی دوای راسپاردنه‌كه‌
دوای راسپاردنه‌كه‌، له‌یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌دا نوری مالكی رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان گه‌وره‌ترین كوتله‌ن و عه‌بادی ته‌نها نوێنه‌رانی خۆی ده‌كات نه‌ك ده‌وڵه‌تی یاسا، هه‌روه‌ها خه‌له‌ف عه‌بدولسه‌مه‌د كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامییه‌ كه‌ نوری مالكی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات رایگه‌یاندووه‌، كاندیدی ئیئتلافی ده‌وڵه‌تی یاسا نوری مالكییه‌و تا ئه‌م ساته‌ش پاشگه‌ز نه‌بووینه‌ته‌وه‌ لێی. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كیش له‌پشتیوانانی نوری مالكی له‌گۆڕه‌پانی فیرده‌وس له‌ناو شاری به‌غدا وه‌ك ناڕه‌زایی ده‌ربڕین خۆپیشاندانیان كرد، چونكه‌ مالكی رانه‌سپێردراوه‌ته‌وه‌ بۆ ویلایه‌تی سێیه‌می.
كاردانه‌وه‌ی وتاره‌كه‌ی مالكی
پێش یه‌كلاكردنه‌وه‌ی راسپاردنی ئه‌لعه‌بادی، نوری مالكی سه‌رۆكی كاربه‌ڕێكه‌ری حكومه‌تی عیراق، له‌دوو شه‌وی رابردوودا وتارێكی پێشكه‌ش كردو رایگه‌یاند، كه‌ سه‌رۆك كۆمار پێشێلكاری به‌رامبه‌ر ده‌ستوور كردووه‌و چی دی كار به‌ ده‌ستوور ناكرێت. ئه‌م لێدوانه‌ كاردانه‌وه‌ی جیاجیای لێكه‌وته‌وه‌، له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌مریكا رایگه‌یاند پشتیوانی سه‌رۆك كۆماری عیراق ده‌كه‌ن بۆ راسپاردنی كاندیدێك بۆ كابینه‌ی نوێ كه‌ ره‌زامه‌ندی هه‌موو كوتله‌كانی له‌سه‌ر بێت. سیاسه‌تمه‌داران و په‌رله‌مانتاران پێیانوایه‌ ئه‌و لێدوانه‌ی مالكی خزمه‌ت به‌دۆخی ئێستای عیراق ناكات و بۆچوونیان له‌سه‌ر وتاره‌كه‌ بۆ كوردستانی نوێ خسته‌ڕوو. كاتێك مالكی وتاره‌كه‌ی پێشكه‌ش كرد، میدیاكان بڵاویان كرده‌وه‌ هێزێكی زۆر به‌ناو شاری به‌غدادا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ كه‌ زۆرێك پێیانوابوو مالكی نیازێكی خراپی هه‌یه‌و ره‌نگ بێت بیه‌وێت كوده‌تایه‌ك بكات، به‌ڵام راسپاردنی حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی هه‌موو هاوكێشه‌كانی پێچه‌وانه‌ كرده‌وه‌.
له‌باره‌ی وتاره‌كه‌ی مالكی و بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازیی و ئه‌منییه‌كان له‌ناو به‌غدا له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا نیكۆلای ملادینۆڤ نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌عیراق رایگه‌یاند، پێویسته‌ له‌سه‌ر هێزه‌ئه‌منییه‌كان خۆیان به‌دووربگرن له‌هه‌ركارێك كه‌تێوه‌یان بگلێنێت له‌ده‌ستاوده‌ست كردنی دیموكراسیانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان رێز له‌به‌رپرسیارێتییه‌ ده‌ستوورییه‌كانی سه‌رۆك كۆمار بگرن و د.فوئاد مه‌عسوم ئه‌ركه‌كانی به‌پێی ده‌ستوورو پرۆسه‌یه‌كی سیاسی دیموكراسی جێبه‌جێ ده‌كات و گه‌وره‌ترین كوتله‌ی ناو په‌رله‌مانی عیراق راده‌سپێرێت.
مالكی پێشێلكار بووه‌
هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانیی كوردستان ره‌خنه‌ی له‌وتاره‌كه‌ی نوری مالكی گرت و پشتگیریشی بۆ هه‌ڵوێسته‌كانی د.فوئاد مه‌عسوم راگه‌یاند، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ خالید شوانی ئه‌ندامی خولی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ كوردستانی نوێ-ی وت: مالكی ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی وتاره‌كه‌یه‌وه‌ كوده‌تا بكات به‌سه‌ر ده‌ستووردا، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر به‌ڕوونی باسی له‌وه‌ كرد ده‌ستوور جێگه‌ی رێزگرتن نییه‌، به‌تایبه‌ت لێدوانه‌كه‌ی له‌كاتێدا بوو ده‌یویست به‌زۆر خۆی بسه‌پێنێت به‌سه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌كانی تردا، له‌ڕابردوودا مالكی ئه‌و مادده‌ ده‌ستووریانه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بوون جێبه‌جێی كردوون و ئه‌وه‌شی له‌دژی بوون جێبه‌جێی نه‌كردوون، وتیشی: عیراق به‌ره‌و عیراقێكی تر ده‌ڕوات و پرۆسه‌ی سیاسی به‌ره‌و قۆناغێكی تر ده‌چێت، پێویسته‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان پاڵپشتی سه‌رۆك كۆماربن بۆئه‌وه‌ی رێگری بكه‌ن له‌سه‌ر دروستبوونه‌وه‌ی دیكتاتۆریه‌ت.
هه‌روا د.ئارام محه‌مه‌د جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق پێی وتین: وتاره‌كه‌ی مالكی خزمه‌ت به‌هیچ لایه‌ك ناكات به‌تایبه‌تی له‌م دۆخه‌ی ئێستا كه‌ زۆرێك له‌شاره‌كانی عیراق باری ئه‌منی تێدا ناجێگیره‌و تیرۆر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر عیراق، ئه‌مه‌ش واده‌كات گرفته‌كان به‌ره‌و قوڵبوونه‌وه‌ بڕوات، چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ وتارانه‌ ئاستی توندوتیژی به‌رزده‌كاته‌وه‌، نه‌ده‌بوو به‌م شێوه‌یه‌ له‌م كاته‌دا قسه‌ بكات.
به‌جێهێنانی ئه‌ركی نیشتمانیی
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ ئاڵا تاڵه‌بانی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق وتی: به‌داخه‌وه‌ وتاره‌كه‌ی شپرزه‌یی و ناسیاسیی و نه‌گونجاو بوو له‌م كاته‌دا، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ته‌ماشای سه‌رۆك كۆماری عیراق بكه‌ین ئه‌وه‌ی كردویه‌تی نه‌ك ناده‌ستووری نییه‌ به‌ڵكو له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌دا مامه‌ڵه‌یه‌كی زۆر حه‌كیمانه‌ی له‌گه‌ڵ دۆخی سیاسیی عیراق كردووه‌و ته‌وافوقییه‌، وتیشی: ئه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار كردویه‌تی ئه‌ركێكی نیشتمانییه‌، به‌ڵام سه‌رۆك وه‌زیران به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یكردووه‌.
هه‌روا عه‌بدولوه‌هاب عه‌لی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی: مالكی هه‌موو كاتێك ده‌ستووری پێشێلكردووه‌، وتاره‌كه‌ی خزمه‌ت به‌ئێستای پڕۆسه‌ی سیاسی له‌عیراق ناكات، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌یه‌وێت كوده‌تای سه‌ربازی بكات و هه‌موو جومگه‌ گرنگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی خستۆته‌ ژێر ده‌ستییه‌وه‌.
چی له‌ئه‌ستۆی ئه‌لعه‌بادیدایه‌
له‌ئێستاوه‌ تا مانگێكی تر، عیراق له‌چاوه‌ڕوانی پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێی نیشتمانییدایه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی، چاودێران پێیانوایه‌ ناوبراو ئه‌ركێكی قورسی كه‌وتۆته‌ سه‌رشان، ئه‌وانیش یه‌كخستنه‌وه‌ی ناوماڵی شیعه‌كان و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی حزبه‌كه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تری عیراق و روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆرو داعش و چاره‌سه‌ر كردنی ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانی نێوان كوردستان و به‌غداو نه‌هێشتنی ئه‌و گوشاره‌ داراییانه‌ی خراونه‌ته‌ سه‌ر كوردستان و هه‌موو ئه‌و كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوانه‌ی تر كه‌ به‌بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ك دووباره‌ نه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه‌ له‌ڕابردوو كراون و پڕۆسه‌ی سیاسی به‌ره‌و ئیفلیج بوون بردووه‌.
نوری مالكی ویلایه‌تی سێیه‌می له‌ده‌ستدا به‌هۆی هه‌ڵه‌كانییه‌وه‌، ئه‌مه‌ دووه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ شیعه‌كان و كورد گوشاریان دروست كرد تاكو هه‌ڵنه‌بژێردرێته‌وه‌، پێش ئه‌ویش ئیبراهیم جه‌عفه‌ری یه‌كێكی تربوو له‌و سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ی كه‌ به‌ فشاری كورد له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی لابرا.
هه‌روه‌ها به‌ هۆی راسپاردنی حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق، كه‌ئێستا جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌، پێویسته‌ كه‌سێكی دیكه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌ڵبژێردرێت.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure