هەواڵ

-

پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌كوردستان‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر به‌رده‌وامه‌ ‌

كوردستانی نوێ
8/19/2014 6:19:48 AM 495 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

دوێنێ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی لوبنان و سویدو وه‌فدێكی هاوبه‌شی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بەجیا گه‌یشتنه‌ به‌غدای پایته‌خت و له‌وێشه‌وه‌ سه‌ردانی كوردستانیان كرد.
كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار
د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌كۆشكی سه‌لام پێشوازی كرد له‌و وه‌فده‌ هاوبه‌شه‌ی پێكهاتبوو له‌كارل بێڵد وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سویدو خاتوو كریستالینا جیۆر جیڤا كۆمساری یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ هاریكاریی نێوده‌وڵه‌تی و ژماره‌یه‌ك له‌لێپرسراوانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سویدو كۆمسیاری یه‌كێتی ئه‌وروپا.
له‌دیدارێكدا سه‌رۆك كۆماری عیراق خۆشحاڵی ده‌ربڕی بۆ هه‌ڵوێستی پشتیوانی به‌رفراوانی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ له‌عیراق ده‌كرێت بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی تیرۆرو پشتیوانی كردنیان له‌پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، هه‌روه‌ها ستایشی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپاشی كرد به‌رامبه‌ر پێشكه‌ش كردنی یارمه‌تی مرۆیی بۆ عیراقییه‌ ئاواره‌كان كه‌ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیی كۆمه‌ڵكوژی بوونه‌ته‌وه‌ له‌ناوچه‌كانی ژێر ركێفی گروپی تیرۆریستی داعش.
سه‌رۆك كۆماری عیراق راشیگه‌یاند، ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئێستا به‌زوویی پێكهێنانی حكومه‌تی بنكه‌فراوانی نیشتمانییه‌ كه‌خواسته‌ ناوخۆییه‌كان به‌دی بهێنێت‌و كاربكات بۆ كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كانی دیالۆگ‌و دروستكردنه‌وه‌ی رایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ به‌ئامانجی دامه‌زراندنی باشترین ئاستی په‌یوه‌ندیی پێكه‌وه‌ژیان‌و لێك تێگه‌یشتن‌و كاركردن له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش له‌نێوانماندا.
د.فوئاد مه‌عسوم گه‌شبینی خۆشی نیشاندا له‌ئاست پشتیوانی‌و هاوده‌نگی وڵاتانی جیاجیای ناوچه‌كه‌ بۆ حكومه‌تی داهاتوو راگه‌یاندنی دژایه‌تیكردنیان بۆ تیرۆرو تاوانه‌كانی داعش‌و به‌فاكته‌ری هاتنه‌ كایه‌ی ده‌ستپێشخه‌ریی دیالۆگ‌و لێك تێگه‌یشتنی وه‌سفكرد له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی و وڵاتانی دۆست له‌ناوچه‌كه‌دا.
سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستهاتووه‌
دواتر كارل بێڵدو خاتوو كریستالینا جۆرجیڤا، دووباره‌ پیرۆزبایی خۆیان‌و وه‌فده‌كه‌یان پێشكه‌شكرد به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌سه‌رۆكی كۆماری عیراق، له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید رایگه‌یاند، ئێستا عیراقییه‌كان هه‌ر به‌ته‌نیا كۆده‌نگییه‌كی نیشتمانیی پشت‌و په‌نایان نییه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت‌و به‌گژداچوونه‌وه‌ی تیرۆر، به‌ڵكو سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه‌ بۆ هاتنه‌ كایه‌ی كۆده‌نگییه‌كی ئیقلیمی كه‌پێشتر رووینه‌داوه‌. ئاشكراشیان كرد، ئێستا هه‌موو جیهان له‌گه‌ڵ عیراقدایه‌، تێكشكاندنی تیرۆریستانیش ئه‌ركێكی گرنگه‌ بۆ پاراستنی ئاسایش‌و ئۆقره‌یی چ لێره‌ له‌عیراق بێت یان ناوچه‌كانی دیكه‌ له‌ ئه‌وروپاو جیهان.
هه‌روا خاتوو كریسالینا جیور جیڤاش سوپاسی سه‌رۆك كۆماری كرد بۆ بانگهێشتكردنی یه‌كێتی ئه‌وروپا تابه‌شداریی بكات له‌فریاگوزاریی‌و پشتیوانیی عیراقییه‌ ئاواره‌بووه‌كان.
پاش ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ش هه‌مان وه‌فد سه‌ردانی كوردستانیان كردو له‌لایه‌ن لێپرسراوانی باڵای هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازی كران، لێره‌ش له‌كوردستان كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم و لێپرسراوان ده‌ستپێكرد له‌باره‌ی ره‌وشی ئاواره‌كان و پێداویستییه‌كانه‌وه‌ گفتوگۆیان كرد.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوبنان له‌به‌غدا
هه‌ردوێنێ جوبران باسیل وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوبنان گه‌یشته‌ شاری به‌غداو دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی باڵای حكومه‌ت له‌گه‌ڵ حسێن شه‌هرستانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیان كرد، شه‌هرستانی وتی، هاتنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوبنان بۆ پشتیوانی كردنی عیراق‌و حكومه‌ت‌و گه‌له‌كه‌یه‌تی دژی تیرۆرو ئامانجیشی گفتوگۆ كردن‌و هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوو وڵاته‌، وتیشی: گفتوگۆمان كردووه‌ له‌باره‌ی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی ئاواره‌كان له‌كوردستان كه‌ له‌پێكهاته‌ جیاوازه‌كان پێكهاتوون‌و ته‌ئكیدمان كردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی راگرتنی ئه‌و پرۆسه‌ ته‌كفیرییه‌ی كه‌جگه‌ له‌خۆیان دان به‌بوونی ئه‌وانی تردا نانێن، هه‌روه‌ها كارده‌كه‌ین بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی زیاتری نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئاواره‌كان.
قۆناغی دوای داعش
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ جوبران باسیل وتی، ناتوانین رووداوه‌كانی لوبنان و عیراق وه‌ك یه‌ك به‌راورد بكه‌ین، به‌ڵام هه‌ردوولامان یه‌ك مه‌ترسی رووبه‌ڕوومان بۆته‌وه‌، من ئامۆژگاری عیراقییه‌كان ده‌كه‌م به‌زووترین كات حكومه‌تی نوێ پێكبهێنن. وتیشی: داعش له‌ عیراق ده‌دۆڕێت، به‌ڵام پێویسته‌ قه‌سه‌ له‌سه‌ر دوای داعش بكرێت چۆن پێویسته‌ ئه‌و بۆشاییه‌ پڕبكرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ دوای خۆیان دروستی ده‌كه‌ن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوبنان داواشی له‌ ئاواره‌كان كرد خاكی خۆیان به‌جێنه‌هێڵن.
سه‌ردانی كوردستان
دوای ئه‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌، جوبران باسیل‌و وه‌فدی یاوه‌ری گه‌یشتنه‌ شاری هه‌ولێرو له‌لایه‌ن لێپرسراوانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ پێشوازیان لێكرا.
پاشان لەلایەن مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازی كراو له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سڵاوی گه‌لی لوبنان‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێ گه‌یاندو جه‌ختی له‌په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵات له‌بواره‌ جیاجیاكان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها سوپاسی سه‌رۆكی هه‌رێم و گه‌لی كوردستانیشی كرد بۆ حه‌واندنه‌وه‌و پاراستنی ئه‌و هاووڵاتییه‌ مه‌سیحیانه‌ی له‌ئه‌نجامی په‌لاماری تیرۆریستان په‌نایان بۆ كوردستان هێناوه‌.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر بۆ كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌و رێگه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تاوتوێ كرا. باس له‌دۆخی ئاواره‌كان كرا به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی روویان له‌كوردستان كردووه‌ هه‌ردوولا جه‌ختیان كرده‌وه‌ پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پاڵپشتی زیاتری كوردستان بكات‌و حكومه‌تی عیراقیش به‌ به‌رپرسیارێتیی خۆی به‌رامبه‌ر هاووڵاتیان‌و په‌نابه‌ران پابه‌ند بێت‌و ئاسانكاری بۆ یارمه‌تیدان و به‌هاناچوونیانه‌وه‌ بخاته‌ڕوو.
هه‌ر په‌یوه‌ست به‌پاراستن و یارمه‌تیدانی خوشك و برا مه‌سیحییه‌كان، مه‌سعود بارزانی رایگه‌یاند، كوردستان به‌هه‌موو توانایه‌وه‌ هه‌وڵیداوه‌ یارمه‌تیان بدات و بیانپارێزێت و داواشی كرد بیر له‌جێهێشتنی خاك و وڵاتیان نه‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر كاتییه‌و تیرۆریستان تێكده‌شكێن، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌گه‌لی كوردستان به‌هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ یان هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌مرین یان پێكه‌وه‌ به‌ئازادی له‌سه‌ر خاكی خۆمان ده‌ژیین.
سه‌رۆكی هه‌رێم ئاماده‌یی حكومه‌تی هه‌رێمیشی راگه‌یاند كه‌ ده‌رگای خۆبه‌خشین بۆ خوشك و برا مه‌سیحییه‌كان بكاته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی شانبه‌شانی پێشمه‌رگه‌ پارێزگاری له‌ وڵات بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ (نوێنه‌ران) كۆده‌بێته‌وه‌
په‌یوه‌ست به‌دۆخی عیراق، ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كۆده‌بێته‌وه‌، به‌وته‌ی په‌رله‌مانتارانیش له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی راپۆرتی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت كه‌ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2014ی عیراق ئاماده‌یان كردووه‌.
رێبوار ته‌ها په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی سه‌وز له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاسای دادگای فیدراڵیش ده‌كرێت، هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌سه‌ر راپۆرتی لیژنه‌ی كۆچ و كۆچه‌ران و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ له‌باره‌ی دۆخی ئاواره‌كانه‌وه‌ ده‌كرێت.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure