هەواڵ

-

یه‌كێتی ده‌نگی به‌درێژكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی نه‌دا ‌

هێرۆ یاسین‌
9/15/2014 4:04:05 AM 549 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

دوێنێ بۆ جارێكی تر دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و جێگره‌كانی و پارێزگاری سلێمانی بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو دواخرا، چونكه‌ له‌و دانیشتنه‌دا لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن. ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نیش بۆ كوردستانی نوێ باس له‌ هۆكاری دواخستنه‌كه‌ ده‌كه‌ن.
پرسی دوو حزبی سه‌ره‌كی
د.ئاسۆ فه‌ره‌یدون سه‌رۆكی فراکسیۆنی سه‌وز له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی بۆ كوردستانی نوێ رایگه‌یاند: تائێستا هیچ لایه‌نێكی سیاسی كاندیدی نییه‌، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ پێویستمان پێیه‌تی ئه‌وه‌یه‌، یه‌كێتی و گۆڕان پێویسته‌ زیاتر له‌یه‌ك تێبگه‌ن، وتیشی: ئه‌و پرسه‌ به‌ته‌نها پرسی حزبێكی سیاسیی نییه‌، به‌ڵكو دوو حزبی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی و گۆڕانن، له‌پاشدا چه‌ندین فراکسیۆنی تر هه‌ن و هه‌وڵێكی جدی ده‌ده‌ین و داویشمانه‌، ئێمه‌ پێشنیازه‌كه‌ی فراکسیۆنی خزمه‌تمان قبوڵ كردووه‌ بۆ كاندیدێكی هاوبه‌ش، به‌ڵام هێشتا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ڵامی ئه‌و پێشنیازه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه‌.
سه‌رۆكی فراکسیۆنی سه‌وز وتیشی: پێویسته‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتنی بۆ پرۆسه‌ی دیموكراسی هه‌بێت، ده‌بێت له‌وه‌ تێبگات هیچ ده‌نگدانێك له‌جێی خۆیدا نامێنێت و هه‌ڵكشان و داكشانی تێده‌كه‌وێت، ناكرێت له‌كاتی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كاندا به‌رامبه‌ر تۆمه‌تبار بكه‌یت، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ 21/9 و یه‌كێتی له‌ 30/4 دا جیاوازه‌و ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌نگ مامه‌ڵه‌ بكرێت.
د.ئاسۆ فه‌ره‌یدون ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌موو لایه‌ك سه‌ربه‌سته‌ ده‌ست به‌ دانوستانی تایبه‌ت به‌پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێیی بكات و هه‌ر لایه‌نێك توانی به‌پێی یاسا رێژه‌ی 50+1 به‌ده‌ستبهێنێت ئه‌وا پۆسته‌كان بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌بێت.
نه‌بوونی ئه‌ڵته‌رناتیڤ
هه‌رسه‌باره‌ت به‌دانیشتنه‌كه‌ی دوێنێ، ئامانج نه‌جیب سه‌رۆكی كاتی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی پێی وتین: جارێكی تر كۆبوونه‌وه‌كه‌ درێژكرایه‌وه‌، چونكه‌ هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێكی تر نه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ لایه‌نێك كاندیدی نه‌بوو بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، ئه‌مه‌ وایلێكردین دانیشتنه‌كه‌ به‌كراوه‌یی نه‌هێڵینه‌وه‌و جارێكی تر بۆ حه‌وت رۆژی تر درێژی بكه‌ینه‌وه‌. وتیشی: نامه‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌م له‌سه‌رۆكی كاتی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا نووسیوه‌ ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ینه‌ ئه‌نجامێك ئه‌وا به‌دڵنیایه‌وه‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌م راده‌گه‌یه‌نم، چونكه‌ لایه‌نه‌كان ناگه‌نه‌ ئه‌نجامێك تا كۆتایی به‌و پرسه‌ بهێنرێت.
بایكۆتی دانیشتنه‌كان
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ مه‌هدی مه‌حمود سه‌رۆكی فراکسیۆنی خزمه‌ت له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئێمه‌ ناتوانین ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه‌ ته‌نها یه‌كێتی و گۆڕان ده‌توانن یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ش ده‌نگ ده‌ده‌ین به‌ كاندیدی ته‌وافوق، وتیشی: ئێستا سه‌رۆكی فراکسیۆنی گۆڕان ئێمه‌ تاوانبار ده‌كات كه‌ ده‌توانین ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و قسه‌یه‌ ته‌نها بۆ چه‌واشه‌ كردنه‌، چونكه‌ ئه‌وان خۆیان ناتوانن رێكبكه‌ون پێویست ناكات فراکسیۆنی خزمه‌ت و لیسته‌كانی تر تاوانبار بكرێن، به‌هۆی درێژه‌كێشانی دانیشتن و بێ ئه‌نجامیشه‌وه‌ بوو فراکسیۆنی خزمه‌ت بایكۆتی دانیشتنه‌كانی كرد.
سه‌رۆكی فراکسیۆنی خزمه‌ت وتیشی: فراکسیۆنەکەمان بۆیه‌ بایكۆتی به‌شێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كرد، چونكه‌ پێمانوابوو هیچ ناكرێت و ناگه‌نه‌ رێككه‌وتن، هیچ لایه‌نێك كاندیدی نییه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌تایبه‌تی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌وان ده‌ڵێن كاندیدمان هه‌یه‌، به‌ڵام كاتێك داوا ده‌كرێت كاندید پێشكه‌ش بكه‌ن خۆیان بێده‌نگ ده‌كه‌ن.
مه‌هدی مه‌حمود له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا جه‌ختی كرده‌وه‌، ئه‌وان ده‌نگه‌كانیان ناخه‌نه‌ پاڵ هیچكام له‌ گۆڕان و یه‌كێتی، به‌ڵكو ته‌نها ده‌نگ به‌ كاندیدی ته‌وافوق ده‌ده‌ن.
د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر سه‌رۆكی فراکسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ رۆژنامه‌نووسانی وت: هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كۆده‌نگی له‌ناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌جیا یان به‌ یه‌ك پاكێج سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاو پارێزگار هه‌ڵبژێردرێت.
حكومه‌تی بنكه‌ فراوان
هه‌ر له‌سه‌ر دواخستنی ئه‌و دانیشتنه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی فه‌رهاد تۆفیق سه‌رۆكی فراکسیۆنی هاوپه‌یمانی كوردستان رایگه‌یاند: ئێمه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ دروشمی پێكه‌وه‌ ژیان بووین و له‌گه‌ڵ حكومه‌تی بنكه‌ فراواندا بووین، چونكه‌ حكومه‌تی بنكه‌ فراوان له‌خزمه‌تی پارێزگای سلێمانیدایه‌ له‌و پێناوه‌شدا پێشنیازمان كردووه‌ كۆبوونه‌وه‌ بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو دوابخرێـت، چونكه‌ هیچ پێشنیازێك بۆ رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان نه‌بوو.
هه‌روا زیاد كاكه‌ حه‌مه‌ سه‌رۆكی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: چه‌ندینجاره‌ دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌ن دوا ده‌خرێت، چونكه‌ تائێستا یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وە كێ ببێته‌ پارێزگار، هیچ لایه‌نێك خۆی یه‌كلا ناكاته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، زیاد كاكه‌ حه‌مه‌ بۆ كوردستانی نوێ وتیشی: ئێمه‌ وه‌ك فراکسیۆنی پارتی هیچ كاتێك له‌گه‌ڵ درێژكردنه‌وه‌دا نه‌بووین، به‌ڵام هیچ ئه‌لته‌رناتیفێك نییه‌، هیوادارین هه‌ردوو لایه‌نی سه‌ره‌كی یه‌كێتی و گۆڕان تا هه‌فته‌ی داهاتوو بگه‌نه‌ ئه‌نجام بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه‌.
چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان
هه‌روه‌ها ئازاد هه‌مه‌وه‌ندی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌سه‌ر فراکسیۆنی سه‌وز وتی: دیاریكردنی ئه‌و هه‌فته‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ تا بتوانرێت هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌وڵه‌كانی خۆیان چڕ بكه‌نه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ ئه‌نجامی كۆتایی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی خۆجێی له‌سلێمانی. وتیشی: داوامان له‌رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كردووه‌ هاوكارمان بن و پشتوان بن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا دانوستانه‌كان ئه‌نجامی هه‌بێت و به‌دڵی هه‌موو هاووڵاتیان بێت.
شڤان زه‌نگه‌نه‌ یه‌كێكه‌ له‌نوێنه‌رانی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و به‌شداربوو له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێدا، ئه‌و به‌ رۆژنامه‌نووسانی وت: هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نییه‌ بتوانرێت له‌هه‌فته‌ی داهاتوودا ئه‌و كه‌یسه‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنی سیاسی نێوان لایه‌نه‌كان نه‌بێت ناتوانرێت رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ بكرێت.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure