هەواڵ

-

پرسی‌ به‌ پارێزگا بوونی‌ هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ پێكهێنانی پارێزگای‌ سلێمانیه‌وه‌ به‌سراوه‌ته‌وه‌

جه‌مال سه‌رگه‌تی‌
10/28/2014 8:25:40 AM 1032 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

جێگری‌ لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ 9 ی‌ رێكخستنی‌ شاره‌زووری‌ یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ پۆستی‌ پاێزگاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بێت بۆ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان بێت چونكه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌م دواییانه‌دا یه‌كێتی‌ له‌ پێش لایه‌نه‌كانی‌ تره‌وه‌ بووه‌ و زۆرترین ده‌نگی‌ به‌ده‌ست هێناوه‌، ئاماژه‌ژ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات پرسی‌ به‌ پارێزگا بوونی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌سراوه‌ته‌وه‌ به‌ پرسی‌ پێكهێنانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌.

ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌ری‌، جێگری‌ لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ 9 ی‌ رێكخستنی‌ شاره‌زووری‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان  راگه‌یاند: پۆستی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ مافێكی‌ شه‌رعی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان ده‌زانین چونكه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ كوردستان یه‌كێتی‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌می‌ به‌ده‌ست هێناوه‌ له‌ شاره‌كه‌دا و ئه‌و پۆسته‌ به‌ مافی‌ خۆمان ده‌زانین له‌ دنیاشدا ده‌نگدان پۆست یه‌كلایی‌ ده‌كاته‌وه‌.

وتیشی‌: "پرسی‌ پارێزگاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رای‌ من وه‌ك جێگری‌ لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ رێكخستنی‌ شاره‌زوور یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌سراوه‌ته‌وه‌ بۆ پرسی‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ سلێمانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆران پێداگری‌ ده‌كه‌ن له‌وه‌ی‌ له‌و شاره‌دا ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ زۆرترین ده‌نگیان هێناوه‌ و داوای‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وا ئێمه‌ش له‌م شاره‌دا زۆرترین ده‌نگمان هێناوه‌ وه‌ك ئه‌وان داوای‌ پارێزگاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌ین".

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆچی‌ پۆستی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌سراوه‌ته‌وه‌ به‌ پۆستی‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ ئه‌حه‌مه‌د قه‌ده‌فه‌ری‌ وتی‌: "له‌به‌ری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن به‌ جیا بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌، له‌سه‌ر پارێزگای‌ سلێمانی‌ هه‌ڵبژاردن كرا و به‌ڵی‌ كه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر پارێزگای‌ سلێمانی‌ ده‌نگی‌ یه‌كه‌م نه‌بووین و دووه‌م بووین، به‌ڵام له‌ ئێستادا له‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ براوه‌ی‌ یه‌كه‌م بووین ئه‌مه‌ش وای‌ كردووه‌ پرسی‌ پارێزگاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ پارێزگاری‌ سلێمانییه‌وه‌".

له‌ باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ تا ئێستا چه‌ند كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌ بۆ پرسی‌ پارێزگاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌، قه‌ده‌فه‌ری‌ وتی‌: "ئه‌وه‌ی‌ من به‌شداریم تێدا كردووه‌ پێنج كۆبوونه‌وه‌ بووه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیش به‌هۆی‌ ئیش و كاره‌وه‌ نه‌م توانی‌ به‌شداری‌ بكه‌م، كه‌واته‌ تا ئێستا شه‌ش كۆبونه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌ بریاریشه‌ سبه‌ینێ‌ 29-10 كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ تر هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ئه‌نجامبدرێت به‌به‌شداری‌ لایه‌نه‌كانی‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌".

وتیشی‌: "ده‌بوو ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ی‌ رابردوو بكرایه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئاڵوگۆڕ پێكرنی‌ به‌رپرسی‌ لقی‌ 12 پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ دواخرا بۆ سبه‌ینێ‌ چوارشه‌ممه‌".

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ سبیه‌نێ‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌درێت پۆستی‌ پارێزگاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌كلایی‌ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌ری‌ وتی‌: "من ناتوانم ئه‌و به‌ڵێنه‌ بده‌م كه‌ بڵێم سبه‌ینێ‌ ئه‌و پۆسته‌ یه‌كلایی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ چونكه‌ پێشتر له‌ كۆبونه‌وه‌كانماندا رامانگه‌یاندبوو له‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ پێشو ئه‌و پۆستانه‌ یه‌كلایی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام یه‌كلاییمان نه‌كردوه‌ته‌وه‌".

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان داوای‌ كردوه‌ پۆستی‌ پارێزگاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ گۆڕان ده‌بێت، جێگری‌ لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی‌ رێكخستنی‌ شاره‌زوور رایگه‌یاند: بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌سه‌ر ئه‌ساسی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌میان هێنا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه‌بێت ده‌نا ناتوانێت ئه‌و پۆسته‌ بۆخۆی‌ به‌رێت، هیچ بنه‌مایه‌كیش نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌رێت بۆ خۆی‌.

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو لیستی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان ببنه‌وه‌به‌یه‌ك لیست كه‌ ئه‌وكات ئه‌و دوو لیسته‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست ده‌هێنن و به‌پێی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بێت ئه‌وان ده‌بنه‌ براوه‌ی‌ یه‌كه‌م و ده‌توانن پۆستی‌ پارێزگاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ببه‌نه‌وه‌، ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌ری‌ وتی‌: "ئه‌و دوو لیسته‌ ناتوانن ببنه‌وه‌ به‌یه‌ك لیست چونكه‌ شه‌ش مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان تێپه‌ڕێوه‌و تا ئێستاش ئه‌و دوو لایه‌نه‌ به‌ جیا به‌شداری‌ كۆبوونه‌وه‌كانیان كردووه‌ و له‌كاتی‌ كۆبوونه‌وه‌كانیش كه‌ گفتووگۆیان كردووه‌ به‌ جیا قسه‌یان كردووه‌، هه‌ر لایه‌نێك راو بۆچوونی‌ خۆی‌ هه‌بووه‌".

ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌ری‌ وتی‌: "ئێمه‌ وه‌ك لایه‌نه‌كانی‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌مانویست به‌ ته‌وافوقی‌ سیاسی‌ پۆستی‌ پارێزگاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دیاری‌ بكه‌ین به‌ڵام ته‌سكه‌یه‌ی‌ حیزبی‌ هۆكارێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و پرسه‌ به‌ ته‌وافووق نه‌بێت".

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure