هەواڵ

-

سوتاندنی بارەگا لەزاخۆو هەڵوێستەیەک..

ڕزگار حەمە نوری
10/30/2017 5:19:27 PM 46 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

سوتاندنی بارەگاکانی (یەکێتی) و (گۆڕان) لە  زاخۆو هەڵوێستەیەک.. 

لای هەموان ئاشکرایە ماوەیەکە هەرێم بە ئاڵۆزیەکی ساسییا تێدەپەڕێت بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانی تر دوا گۆڕانکاری سیاسیش دەست لە کارکێشانەوەی سەرۆکی هەرێم بوو لە 29/10 ، کە پەرلەمانی کوردستان کۆبوویەوەو گفتوگۆیان کرد لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم بەسەر هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریدا. 

بەچەند کاتژمێرێک دوای ئەم هەنگاوانە کۆمیتەی یەکێتی و مەکۆی گۆڕان لە زاخۆ  دەسووتێنرێ کە ڕوونە ئەندامان و هەوادارانی پارتی ئەم کارەیان ئەنجامداوە پەلامارەکەی بەردەم پەرلەمان بۆ پەرلەمانتارو کەناڵەکان بەڵگەی ئەم ڕاستیەن ، ئەوەی من مەبەستمە قسەکردنە لەسەر ئەم ڕووداوە کە چەن ئەگەرێک لەخۆ دەگرێت.

یەکەم/ سووتاندنی ئەم بارەگایانە هەڵچوونێکی دەمارگیریە لەلایەن هەندێ ئەندامی پارتیەوە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەوەی کە سەرۆکی حیزبەکەیان دەستی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم کشانەوە بەحساب ناڕەحەتن و بەم هەڵە گەورەیە هاوسۆزی خۆیان بۆسەرۆکی حیزبەکەیان دەرئەبڕن . 

دوەم/ تەوجیهێکی حیزبیانەیە لەلایەن هەندێ بەرپرسی حیزبی ئەو سنوورەی کە ڕووداوەکەی تیا ئەنجامدراوە بەو حسابەی ئیمتیازاتێک بۆ خۆیان بپچڕن لە سەرەوە کە گوایە زۆر دڵسۆزی سەرۆک بوون و ئەم وازهێنانەیان پێ هەرس نەکراوە ، کە ئەم هەڵەیان لە هەڵەی خاڵی یەکەم گەورەترە . 

سێیەم/ تەوجیهێکی فەرمی ڕاستەوخۆیە لە ئۆرگانی باڵای پارتیەوەو بەبڕیاری مەرکەزی ئەم کارە جێبەجێکراوە ، کە ڕوونە ئەم هەڵەیان لە هەردوو خاڵی یەکەم و دوەم زۆر گەورەترو مەترسیدارترە. 

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی حوکمڕانی هەرێم بدەینەوە گەورەترین و مەترسیدارترین ڕووداو شەڕی ناوخۆ بوو کە نەهامەتیەکانی تاکو ئەمڕۆش کۆتایی پێ نەهاتوە بۆیە من پێموایە باشترین وەڵام لە یەکێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئەم ڕووداوە دان بە خۆداگرتنە چونکە دەزانین هەمیشە ئاگری شەڕ لە پزیسکێکەوە کڵپە دەکات ، بەڵام لەهەمان کاتدا پێویستە بەفەرمی داوا بکەن لە پارتی دیموکرات  ڕوونکردنەوەی پێوست بدات لەسەر ڕووداوەکەو ئیدانەی بکات و بەزووترین کات تاوانبارانی ئەو کارە ڕادەستی یاسا بکات کە تەنها بەم هەنگاوانە هەموو لایەک دڵنیا دەکاتەوە کەپارتی لەگەڵ ئەم کارە نەگریسا نەبووە.

 ئاشکرایە ئێستا لەهەموو کات زیاتر دوژمن و نەیارەکانی کورد یەکڕیزن لەسەر دژایەتیکردنی ئەزمونی هەرێم بۆیە لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و تەبایی هەیە ، باچیتر دوژمنان لەوە زیاتر لاوازمان نەکەن، با چیتر دایکان ڕەشپۆش و مناڵان هەتیو نەبن، تاک بە تاکی ئەم هەرێمە ئەو ڕاستیە دەزانێت کە تەنهاو تەنها بە ئاشتی و یەکڕیزی بچووکترین تا گەورەترین مافەکانمانمان بە دەست دێنین .

ڕزگار حەمە نوری                                                  

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure