هەواڵ

-

كز بوونی هه‌رێم له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی عیراقدا نییه‌

محه‌مه‌د هادیفه‌ر
12/30/2017 6:56:18 PM 227 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

پاش گشتپرسییه‌كه‌ی 25 ی سێپتێمبێرو گۆڕانكارییه‌كانی 16ی ئه‌كته‌وبری كه‌ركووك، هه‌رێمی كوردستان گه‌شته‌ كه‌شێكی نوێی سیاسی. سه‌ركرده‌كانی گشتپرسی به‌ میحوه‌رییه‌تی پارتی پێش ڕیفراندۆم نه‌یانتوانیبوو له‌و باره‌یه‌وه‌ بگه‌نه‌ كۆده‌نگی له‌ نێوخۆی هه‌رێم. ئاوڕیان له‌ ڕای كۆمه‌ڵگای جیهانیش نه‌دایه‌وه‌. له‌ سه‌روبه‌ندی گشتپرسییه‌كه‌شدا هه‌ندێك ڕه‌خنه‌ی نێوخۆ به‌ شێوازی نادیموكراتییانه‌ سه‌ركوت كرا ته‌نانه‌ت ژماره‌یێك له‌ ڕاوێژكاره‌ بیانییه‌كان به‌ تایبه‌ت ئه‌مریكا تۆمه‌تی ئه‌وه‌یان خرایه‌ پاڵ كه‌ سه‌ری بێ‌ده‌لاك ده‌تاشن و به‌و شێوازه‌ش هه‌وڵیان دا ڕای گشتی بۆ به‌ڕێوه‌ بردنی ڕیفراندۆم ئاماده‌ بكه‌ن.

كوردپرێس: محه‌مه‌د هادیفه‌ر له‌ یادداشتێكی‌تردا دۆخی پێش ڕیفراندۆم و ئه‌و سه‌ركوت‌كرانه‌ی تاوتوێ كردبوو كه‌ له‌ نێوخۆی هه‌رێم ده‌كرا و بووبوووه‌ هۆی كه‌ڵه‌كه‌كرانی گرێ ده‌روونییه‌كان و ناڕه‌زاییی كۆمه‌ڵگا. هه‌ندێك له‌ حیزب و قه‌باره‌ سیاسییه‌كانی كوردستان دژایه‌تیی به‌ڕێوه‌ بردنی ڕیفراندۆمیان كرد ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ی توندی هه‌ندێك لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداری حكوومه‌تی لێكه‌وته‌وه‌ و به‌ ئه‌خلاقی ناسیاسی لۆمه‌یان كردن ئه‌وانیش ناچار له‌دوا ساته‌كانی پێش ڕیفراندۆم ملیان به‌وپڕۆسه‌یه‌ دا و ئاماده‌ نه‌بوون شه‌ره‌فی خه‌باتگێڕیی خۆیان له‌ كه‌شێكی ئاڵۆزی سیاسیدا به‌ ده‌م باوه‌ بده‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیاره‌ ئه‌و ڕه‌فتاره‌ سه‌رزه‌نشتكارانه‌ پاش دامركانی ته‌نووری لێكه‌وته‌كانی گشتپرسی ده‌بێته‌ هۆی كه‌لێنی قووڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان. یادداشته‌كه‌ له‌ ژێر ناوی "سزاریه‌نی ژیئۆپۆله‌تیك له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست" له‌ ڕۆژنامه‌ی شه‌رقدا بڵاو بووبوویه‌وه‌.

 ئه‌گه‌ر تێڕوانینێكی خه‌سارناسانه‌مان بۆ خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هه‌رێمی كوردستان ببێت به‌ ئاشكرا بنی ئه‌و نائارامییانه‌ ده‌رده‌كه‌وێت. دروشم و داوای خۆپیشانده‌ره‌كان له‌ شكانی ئیراده‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ پێش گشتپرسی ڕیشه‌ی كوتاوه‌. چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی دوو حیزبی سه‌ره‌كی له‌ حكوومه‌ت (گۆڕان و كۆمه‌ڵ) و پاش ئه‌وه‌ش كشانه‌وه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی به‌ كرداری ده‌وڵه‌تی هه‌رێمی تووشی كێشه‌یێكی جیدی ده‌كات.

كه‌شی سیاسیی ئێستاكه‌ی نێو یه‌كێتییش ده‌توانێت ببێته‌هۆی وازهێنانی ژماره‌یێك له‌ نوێنه‌رانی ئه‌و حیزبه‌ له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان. له‌و ئه‌گه‌ره‌شدا دیاره‌ چیتر ده‌وڵه‌ت ڕووخاوه‌ و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی قه‌یرانی هه‌رێمی كوردستان و هیچ چاره‌یێكی نییه‌ جگه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت. له‌و حاڵه‌ته‌شدا پێكهاته‌ی قه‌باره‌ سیاسییه‌كان كه‌ ده‌وڵه‌تیان پێكهێناوه‌ پێشبینی ناكرێت. هه‌ر حكوومه‌تی ئێستاش به‌ 59 كورسی له‌ كۆی 111 كورسیی په‌رله‌مان ده‌وڵه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و گه‌شتۆته‌ سنووری ڕووخان. ئه‌گه‌ر ڕێژه‌ی كه‌می به‌شداریی باشووری هه‌رێمی كوردستان "دوو پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌" (47.85) له‌ گشتپرسییه‌كه‌ی 25ی سێپتێمبێر وه‌كوو شێوازێك له‌ ناڕه‌زایی ده‌ربڕینی حیزب و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بزانین بێگومان ناڕه‌زایییه‌كانی ئێستاكه‌ش ئه‌و ڕه‌وته‌ی چه‌ندقات كردووه‌ته‌وه‌ و به‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌وه‌ گۆڕانێكی بنه‌ماكی به‌ سه‌ر پێكهاته‌ی ده‌وڵه‌تی داهاتووی هه‌رێمدا دێت. ئه‌گه‌رچی نێچیرڤان بارزانی سیمایێكی ئیعتیدالی و ڕیفۆرمخوازی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ و ده‌فرایه‌تیی تێپه‌ڕاندنی حیزبه‌ نه‌ریتییه‌كه‌ی خۆی هه‌یه‌ و ده‌كرێت بڵێین حه‌یاتی سیاسیی ئه‌و حیزبه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی دارایی و میدیاییی خۆیه‌وه‌ پشتی به‌ نێچیرڤان بارزانی به‌ستوووه‌ كه‌ زیاتر به‌ره‌و سلێمانی ده‌كشێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه‌شی سیاسیی ئێستاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌لی پێویستی بۆ سه‌رهه‌ڵدانی به‌ره‌یێكی نوێی سیاسی به‌ به‌شداریی گه‌نجه‌ سیاسه‌تمه‌داره‌كان ڕه‌خساندوووه‌ كه‌ پێشبینی ده‌كرێت له‌ داهاتوویێكی نزیكدا ئه‌و گۆڕانكارییه‌ بێته‌دی.
جۆری دروشمی خۆپیشانده‌ران له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ هه‌مان ڕه‌خنه‌ی پێش ڕیفراندۆم بوو كه‌ وێده‌چێت ئه‌و به‌ره‌ ناڕازییه‌ زیاتر هۆگری شوناسی هه‌رێمی كوردستان تا سه‌ركرده‌ی حیزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستان چوونكه‌ ته‌وه‌ری دروشمه‌كانیان له‌سه‌ر چاكسازیی پێكهاته‌ی حكوومه‌ت و چاره‌سه‌ری سته‌م و گه‌نده‌ڵی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هه‌رێمن ئه‌وه‌ش به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی ده‌وڵه‌ت و شوناسی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی ژماره‌یێك له‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ئه‌و هاواره‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ی دژ به‌ لێكه‌وته‌كانی گشتپرسی به‌ دژایه‌تیی شوناسی هه‌رێم وه‌سف ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ هیچ یه‌ك له‌و به‌ره‌ ناڕازییانه‌ی ئێستا دژ به‌ شوناسی هه‌رێم نه‌بوون و نیین به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت دژایه‌تی كردنه‌ له‌گه‌ڵ گشتپرسی و لێكه‌وته‌ خراپه‌كانی ئه‌و گشتپرسییه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕیفراندۆم خۆیان له‌و لێكه‌وتانه‌ به‌ ئه‌ستۆپاك ده‌زانن و له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆیان پێش ڕیفراندۆم ئه‌و گشتپرسییه‌ به‌ هانده‌ری به‌غدا و دیكه‌ی وڵاتان ده‌زانن. له‌م نێوانه‌دا پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ كه‌شێكی سه‌ربازی و پۆلیسیی له‌ ناوچه‌ی ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی په‌ره‌ پێداوه‌ زیاتر له‌ یه‌كێتی هێرشی ده‌كرێته‌ سه‌ر. به‌و مه‌به‌سته‌ش پارتی له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی خۆپیشاندانی سلێمانیدا هه‌وڵی زۆری دا نائارامییه‌كان له‌ هه‌مان ناوچه‌ی سلێمانیدا كۆتایی پێ بهێنێت. سیاسه‌توانه‌ عێراقییه‌كان باش تێده‌گه‌ن ئه‌گه‌ر شه‌پۆلی ناڕه‌زایی بگاته‌ هه‌ولێر بێگومان قورستر له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی سلێمانی ده‌بێت هه‌ر بۆیه‌ش هه‌وڵی زۆر دراوه‌ ئه‌و شه‌پۆله‌ نه‌گاته‌ هه‌ولێر. ته‌نانه‌ت ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی ژماره‌یێك له‌ سه‌ركرده‌ ناڕازییه‌كان له‌ سلێمانی ئه‌گه‌رچی به‌ ده‌ست یه‌كێتی ئه‌نجام بوو به‌ڵام بێگومان به‌ دڵی پارتی بوو. هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌ش میدیاكانی هه‌ولێر به‌ ئه‌نقه‌ست ڕووماڵی هه‌واڵی خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانییان بایكۆت كرد.

ئه‌گه‌ر ئاوڕ له‌ ڕابردووی ئاڵوگۆڕه‌كانی عێراق بده‌ینه‌وه‌ ده‌بینین به‌غدا زانیاریی پێویستی له‌ نێو ماڵی كورد و حیزبه‌ سیاسییه‌كان و ناكۆكیی نێوان ئه‌و حیزبانه‌ بۆ به‌ڕێوه‌ بردنی گشتپرسی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو. له‌سه‌ر ئه‌و زانیارییه‌ش له‌ كاتی گونجاودا بڕیاری دا بچێته‌ كه‌ركووك و ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركووكدا بوون. له‌و كاته‌شدا كه‌ له‌سه‌ر ناڕه‌زاییی گشتی و ڕه‌خنه‌ی نێوخۆ هیچ وره‌ و ئه‌نگێزه‌یێك بۆ به‌رگری كردن و خۆڕاگریی هێزی چه‌كداری حیزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌رانبه‌ر هێرشی سوپای عێراقدا نه‌مابوو ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ ته‌نانه‌ت تۆزقاڵێك له‌و وره‌یه‌ی پێشمه‌رگه‌بۆ شه‌ڕی داعش هه‌یبوو ئه‌گه‌ر له‌ هێرشی سوپای عێراقیشدا بیبوایه‌ بێگومان ده‌یتوانی پێش به‌ سه‌رهه‌ڵدانی دۆخه‌كه‌ی ئێستا بگرێت. درێژه‌پێدانی ئه‌م دۆخه‌ ناله‌باره‌ ئابوورییه‌ی هه‌رێم وای له‌ به‌غدا كرد بۆ پێشخستنی ئامانجه‌كانی خۆی ئیراده‌ی قایمتر بێت.

13 مه‌رجه‌كه‌ی عه‌بادی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی ده‌ست پێكردنی گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ستراوه‌ به‌ هه‌مان پڕۆسه‌ی سیاسییه‌وه‌. ئێستاش یه‌كسانیی زۆر له‌ نێوان لووتبه‌رزییه‌كه‌ی عه‌بادی پاش كۆنتڕۆڵ كردنی كه‌ركووك له‌گه‌ڵ ژماره‌یێك له‌ سه‌ركرده‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێش به‌ڕێوه‌ بردنی ڕیفراندۆمی 25ی سێپتێمبێر ده‌بینرێت. حه‌یده‌ر عه‌بادی به‌ بێ ئه‌وه‌ی ئاوڕ له‌ یارمه‌تیی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و قه‌باره‌ سیاسییه‌كانی نێوخۆی ئیتنیك و ئایینزاكان بداته‌وه‌ خۆی به‌ پاڵه‌وانی ڕه‌قه‌م یه‌كی ئازاد كردنه‌وه‌ی عێراق ده‌زانێت. ژماره‌یێك له‌ سه‌ركرده‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌ڵه‌دا چوون و ئێستا عه‌بادیش سه‌رقاڵی ئاماده‌ كردنی هه‌لومه‌رجی گونجاوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018ی عێراق و هیوای به‌ پاڵپشتیی چه‌ند ده‌وڵه‌تێك به‌ستوووه‌ و خۆی به‌ براوه‌ی داهاتووی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌زانێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌ پێكهاته‌ سیاسییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا پێشبینی ده‌كرێت عه‌ره‌بی سوننه‌ پێگه‌ی خۆی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا باشتر بكات و كۆی عه‌ره‌به‌كان ده‌ستێكی باڵاتریان له‌ ده‌سه‌ڵاتی داهاتووی عێراقدا هه‌بێت. به‌ڵام ده‌بێت عه‌ره‌به‌كان ئه‌وه‌ بزانن كورده‌كان به‌ هه‌ر پێكهاته‌یێكی سیاسییه‌وه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ببن هاوكێشه‌یێكی گرینگن بۆ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی داهاتوو هه‌ر بۆیه‌ش گوشاری ئابووریی زیاتر له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان وه‌كوو به‌شێك له‌ خه‌ڵكی عێراق قبووڵ ناكرێت و شایسته‌ نییه‌ پاكتاوی سیاسیی سه‌ركرده‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ گوشارهێنان بۆ خه‌ڵكی ئه‌و هه‌رێمه‌ قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌ بیر نه‌كرێت كه‌ هه‌مان ناڕه‌زایی ده‌ربڕینی هاووڵاتییان بوو به‌ستێنی بۆ هاتنی هێزی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی عێراق بۆ ناوچه‌ی كه‌ركووك ڕه‌خساند ئه‌وه‌ش به‌ بێ خوێن ڕشتن. بێگومان ئه‌و ورده‌كارییه‌ سیاسییه‌ نابێت له‌ چاوی ئێرانیش بشاردرێته‌وه‌ چوونكه‌ پێش ئه‌وه‌ی كورده‌كان هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی شیعه‌ بن هاوپه‌یمانی ستراتێژیكی ئێرانن چوونكه‌ هه‌بوونی هه‌رێمی كوردستانی پێبه‌ند به‌ ده‌ستوور له‌ وڵاتی فیدڕاڵی عێراق له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ و هه‌روه‌هاش له‌ ستراتێژیی ناوچه‌ییی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌ورێكی ستراتێژیك ده‌بینێت.

هه‌رێمی كوردستانی عێراق له‌ سه‌ر بنه‌مای گشتپرسی دامه‌زراوه‌ و هه‌ر چه‌شنه‌ گۆڕانكارییێكی ئه‌و سیسته‌مه‌ سیاسییه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌ پێویستی به‌ ئیراده‌یێكی نیشتمانی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و هه‌ڵبژاردنه هه‌یه‌. هه‌ر بۆیه‌ش مه‌سڵه‌حه‌تی حیزب و قه‌باره‌ سیاسییه‌كانی عێراق له‌وه‌دایه‌ بنه‌مای یه‌كڕیزیی نیشتمانی ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ن. به‌و مه‌به‌سته‌ش دیاره‌ بڕیاری به‌په‌له‌ چ له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ چ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زییه‌وه‌ به‌قازانجی عیراق نابێت

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure