هەواڵ

-

له‌ پێشخاپوور رێگه‌یان نه‌دا بچمه‌ رۆژئاوا

سالار مه‌حمود
2/12/2018 6:57:02 PM 129 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئه‌مڕۆ وه‌ك وه‌فدی په‌رله‌مانی كوردستان دوای گه‌یشتنمان بۆ ده‌روازه‌ی پیشخاپور ، به‌ڕێوبه‌ری مه‌رزه‌كه‌ رایگه‌یاند سالار مه‌حمود ناتوانێ بپه‌ڕێته‌وه‌! سه‌ره‌تا بیانویان ئه‌وه‌ بوو كه‌ ناوم نه‌هاتوه‌ته‌ به‌رده‌ستیان. پاشان سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانمان ئاگادار كرده‌وه‌ كاك جه‌عفه‌ر ئیمینكی قسه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌ره‌كه‌ كردو داوای كرد رێگا بدات و وتی نابێ و ناكرێ رێگا له‌ په‌رله‌مانتار بگرن، وڵامی دایه‌وه‌ كه‌ ئه‌مری پێكراوه‌ ! پاش هه‌وڵی جیاجیای په‌رله‌مانتاره‌كانی هاوڕێم له‌ناو پارتی و ده‌ره‌وه‌یشی هه‌وڵدرا هه‌ر بێ هوده‌ بوو. دواتر هاوكاره‌كانم وتیان به‌بێ تۆ ئێمه‌ش ناڕۆین و ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌. داوام لێكردن له‌به‌ر گه‌وره‌یی رۆژئاواو عه‌فرین ئه‌وان بڕۆن، چونكه‌ له‌و به‌ره‌وه‌ هه‌ڤاڵانی رۆژئاوا چاوه‌ڕێیان ده‌كردو ئێمه‌ ده‌رمانیشمان پێ بوو. دواتر به‌مودیری مه‌رزه‌كه‌و جێگره‌كه‌یمان راگه‌یاند ئه‌گه‌ر گرفته‌كه‌ نوسراوه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین نوسراو له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ بكرێ و به‌ ئینته‌رنێت بۆتان ده‌نێرین.. له‌ وڵامدا وتیان ته‌نیا ده‌بێ حه‌مید ده‌ربه‌ندی كه‌ گوایه‌ له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌ پێمان بڵێ ئینجا ده‌توانی بڕۆی. پاشتر كاك فوئاد حسێن په‌یوه‌ندی پێوه‌كراو ئاگادار كرایه‌وه‌ ئه‌ویش دیاره‌ ئه‌مری به‌ده‌ست نه‌بوو. وتم من ده‌چمه‌وه‌ دهۆك و سبه‌ینێ نوسراوی په‌رله‌مانتان بۆ ده‌كه‌ین وتیان بڕوا ناكه‌ین ئه‌نجامی هه‌بێ! چونكه‌ حه‌مید ده‌ربه‌ندی له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستانه‌و ده‌ستناكه‌وێ به‌ئاسانی. 

خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ی كوردستان دیاره‌ ئه‌و سنوره‌ به‌ده‌ستی ته‌نیا گروپێكه‌وه‌ بێ نه‌ك پارتیش! ئه‌گینا زۆر كه‌س له‌ناو پارتیش به‌جدی و تێگه‌یشتن له‌و بڕیاره‌ نا یاسایی و بێباك و خوێنسارده‌ هه‌وڵیانداو ئاكامی نه‌بوو.

هاوڕێ په‌رله‌مانتاره‌كانم جوهدی زۆریان كرد و دوایش وتیان به‌بێ تۆ هه‌ر ناڕۆین به‌ڵام له‌به‌ر رۆژئاواو دۆخه‌كه‌ی عه‌فرین گوتم ئێوه‌ دڵنییام ده‌توانن په‌یامه‌كه‌ی باشور بگه‌یه‌نن و هیوادارم به‌سه‌لامه‌تی بێنه‌وه‌ .

به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ راستیه‌ كه‌ سنور نه‌كراوه‌ته‌وه‌ من بۆ خۆم سه‌رۆكایه‌تی یه‌كه‌م وه‌فدم كرد كه‌ چووه‌ كۆبانێ له‌ 2015 شانازی ده‌كه‌م پرۆژه‌ بڕیاری ناساندنی كانتۆنه‌كانی رۆژئاوا له‌ بیرۆكه‌ی ئێمه‌ بووه‌. پێشه‌نگایه‌تی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییمان كردوه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم دژی داگیركاری توركیاو بابه‌تی خه‌نده‌ق و پشتیوانی بۆ پارچه‌كانی كوردستان. ده‌شێ هۆكار چی بێ؟!؟

نازانم دڵخۆشبووم كه‌ 10 رۆژ پێش ئێستا له‌گه‌ڵ هاوكاره‌كانم هه‌ڵوێستی په‌رله‌مانی كوردستانمان نوسیه‌وه‌ له‌یه‌كێك له‌ خاڵه‌كاندا هاتووه‌ پێویسته‌ سنوری نێوان باشورو رۆژئاوا كراوه‌ بێ. به‌ڵام به‌داخه‌و بۆ ئه‌و عه‌قڵه‌ نه‌گۆڕه‌ی دوای ئه‌و شكسته‌ ناوخۆییه‌و ئه‌و هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌ی توركیاو ئێران و عیراق له‌سه‌رمان ئاوا ته‌لبه‌ندی نێوان دوو هه‌رێمی نیشتمانێك نه‌كرێته‌وه‌.

سبه‌ینێ به‌ نوسراوێك په‌رله‌مان و هه‌موو لایه‌ك له‌ ورده‌كاریی ئه‌و رووداوه‌ ئاگادار ده‌كه‌مه‌وه‌.

ئه‌م رونكردنه‌وه‌یه‌م له‌ ئێستادا به‌پێویست زانی.

سه‌ركه‌وتوبێ ئیراده‌ی گه‌لی رۆژئاوا، پێویسته‌ ده‌روازه‌كان له‌ده‌ستی كه‌س و گروپ بسه‌نرێته‌وه‌. نه‌فره‌ت له‌ داگیركه‌رانی كوردستان. سه‌ركه‌وتوبێ هه‌وڵه‌كانی كۆتایی هاتن به‌م مۆدێله‌ شكستخواردوه‌ی حزبایه‌تی موزه‌یه‌ف و سازشكار بۆ ئیراده‌ی داگیركه‌ران و حوكمڕانی كه‌س و میزاجی نا نیشتیمانی له‌ هه‌رێمی كوردستان.

سالار مه‌حمود 

ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان

 

۱٠/۲/۲٠۱۸ دهۆك

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure