هەواڵ

-

كاروانی 162

له‌ كوردستانی نوێ وه‌
4/17/2018 6:36:13 PM 169 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ده‌ستوور و ته‌وافوق و به‌هێزكردنه‌وه‌ی كوردستانه‌

كاروانی لیستی 162، لیستی تاق و ته‌نیای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌مڕۆوه‌ به‌ره‌و به‌غدای پایته‌خت به‌ڕێده‌كه‌وێت و به‌گوێره‌ی خشته‌ی ناساندنی كاندیده‌كانی یه‌كێتی له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا هه‌ڵمه‌تی دیموكراتی و نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌ست پێده‌كه‌ن.

كاروانی لیستی 162 هه‌ر كاروانه‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال و شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مانه‌ كه‌ ستراتیژی قۆناغی دابینكردنی مافی چاره‌نووسه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عیراقی دیموكرات و فیدرالدا به‌وجۆره‌ی له‌ ده‌ستووری تازه‌ی عیراقدا جێگیركراوه‌.

ئه‌مه‌ وێستگه‌یه‌كی دیكه‌ی خه‌باتی سیاسی یه‌كێتییه‌ له‌ڕێی خزمه‌تی كوردو كوردستان كه‌ وێستگه‌یه‌كی هه‌ستیاری ژیانی سیاسیی عیراق و كوردستانیشه‌. وێستگه‌ی مشتوماڵكردنی توانا و وزه‌ی سیاسی و پته‌وكردنی ریزه‌كانی كوردایه‌تییه‌، تا بتوانێت له‌ چوار ساڵی داهاتوودا به‌ تیمێكی به‌هێزو به‌ وره‌، به‌ژیری و پێداگر له‌سه‌ر دیموكراسی و ده‌ستوورو پره‌نسیپه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، داكۆكی له‌ ئیستحقاقه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد به‌پێی بنه‌ماكانی ته‌وافوق و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌و جێبه‌جێكردنی رۆح و ده‌قی ده‌ستوور، بكات.

ئه‌م وێستگه‌یه‌ بۆ به‌هێزكردنه‌وه‌ی كوردستانه‌ له‌ناو دیمه‌نی سیاسیی عیراق و تێپه‌ڕاندنی دژوارییه‌كانی ساڵی رابردووه‌، كه‌ هه‌وڵی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ ئیحتیواكردنی سیاسه‌تی كوردستانی و پاشه‌كشه‌پێكردنی دیموكراسی و شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق له‌ ئارادا بوو.

تیمی به‌هێزی یه‌كێتی بۆ به‌غدا، تیمی به‌هێزی كوردستانی له‌ناو په‌رله‌مانی داهاتووی عیراقدا هه‌مان ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كێتی به‌ نه‌فه‌سێكی نوێ جێبه‌جێی ده‌كات و هه‌مان ویست و داخوازیی كوردایه‌تیی هاوچه‌رخ هه‌ڵده‌گرێ، به‌ڕه‌چاوكردنی هه‌لومه‌رجی تازه‌و به‌دیاریكردنی ئه‌وله‌ویه‌تی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 بۆ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و به‌گه‌ڕخستنی ئه‌نجومه‌نی ئیتحادی و دادگای ده‌ستووری و یاسای نه‌وت و غازو هه‌موو ئه‌و ئیستحقاقاتانه‌ی له‌ده‌ستووردا هاتووه‌و تائێستا جێبه‌جێ نه‌كراون.

كاروانی 162 هه‌ر له‌مڕۆوه‌ به‌ڕێكه‌وتووه‌و له‌ ململانێی دیموكراسی و شارستانیدا كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان و ره‌وتی دیموكراسیی عیراق ده‌كات، تا وڵات بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر رێچكه‌ی ده‌ستووری و دیموكراسیی خۆی و رێگه‌ له‌پاشه‌كشه‌پێكردنی گرێبه‌ستی سیاسی (ده‌ستوور) ی دوای قۆناغی خستنی بتی دیكتاتۆری و تایفه‌گه‌ری و شۆڤێنیو به‌عه‌ره‌بكردن، بگرێت.

كاروانی 162 كاروانی ئاوه‌دانی و ئازادیی یه‌كێتییه‌ به‌ ئومێدی راستكردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی سیاسی له‌ كوردستان و عیراق به‌كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی پێشوو و چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكوڕییه‌كان كه‌ هیچ كاروانێكی گه‌وره‌ بێ كه‌موكوڕی نابێت و گرنگ راستكردنه‌وه‌ و نیه‌تی خزمه‌ت و خه‌باتی نوێیه‌.

كاروانی 162، كاروانی پێدانه‌وه‌ی چانسێكی نوێیه‌ به‌ كوردستانییانو به‌عیراقییه‌كانیش تا دوور له‌ پاوانكردنی خیتابی شۆڤێنی و تایفه‌گه‌ری، وڵاتێكی ده‌ستووری دروستبكرێت، كه‌ رێز له‌ ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان و رێز له‌ بنه‌ما هاوبه‌شه‌كانی فره‌ نه‌ته‌وه‌ییو فره‌یی وڵات بگرێت.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لیستی 162 به‌تینوتاوی رێبازی سه‌رۆك مام جه‌لال-ه‌وه‌ له‌كایه‌دایه‌و به‌ره‌و به‌هێزكردنه‌وه‌ی كوردستان هه‌نگاو ده‌نێت.

 

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure