هەواڵ

-

دواجار كاروانی به‌ره‌و كۆنگره‌ كه‌وته‌ رێ ..!

هیوا سه‌رهه‌نگ / هۆڵه‌ندا
12/9/2019 5:15:57 PM 245 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

دوا جار كاروانی به‌ره‌و كۆنگره‌ كه‌وته‌ رێ، له‌نێو ده‌نگه‌ ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كاندا و جارێكی تر پرۆسه‌ی نوێبوونه‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌نگاوی بۆنراو خۆشبه‌ختانه‌ هه‌نگاوه‌كان هه‌نگاوی سه‌ركه‌وتنه‌ و ئه‌و ده‌نگه‌ دلێره‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ وه‌ڵامێكی بوێرانه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی لێره‌و له‌وێ گره‌ویان له‌سه‌ر ئاڵۆزییه‌كان ده‌كرد و وه‌ك هه‌میشه‌ش وتوومانه‌ بیریان چوبۆوه‌ كه‌ یه‌كێتیی نێشتمانیی كوردستان،یه‌كێتییه‌كه‌ی ره‌وانشاد مام جه‌لال .. ئه‌و یه‌كێتییه‌ی مه‌شخه‌ڵی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مانی بۆ شه‌وه‌زه‌نگی نیشتمان داگیرساند و ئه‌و یه‌كێتییه‌ی به‌ فره‌ منبه‌ری دامه‌زراوه‌ و هه‌رگیز نابێت و ناكرێته‌ هزرێكی تاكڕه‌وی دۆگمایی و دانسقه‌یی و په‌سه‌ندی خۆی له‌ ده‌ست نادات، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پاش مامی مه‌زن جۆرێك له‌ ململانێ و دیالۆگی گه‌رمی تێكه‌وت وه‌لێ ئه‌م جۆره‌ پرۆسانه‌ لای یه‌كێتی هه‌روا بووه‌ و به‌و ململانێیانه‌شه‌وه‌ جوان بووه‌ و دواجاریش هه‌ر به‌ تۆكمه‌یی و یه‌كڕیزی ماوه‌ته‌وه‌ له‌ ژێر باڵ و هزری بیرمه‌ندی سیاسی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و رابه‌ری گه‌وره‌ی كورد ( مام جه‌لال )دا. شیاوه‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ هه‌ریه‌ك لای خودی خۆیه‌وه‌ پێداچوونه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵوێست و خوێندنه‌وه‌ ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كانی خۆیدا كردبێته‌وه‌ و گه‌یشتبێته‌ ده‌م پردی به‌یه‌ك گه‌یشتن له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ری جیاوازدا و له‌ ژێر ساباته‌ فراونه‌كه‌ی یه‌كێتیدا هه‌نگاو به‌ره‌و كۆنگره‌ی یه‌كێتی ده‌نێن .. چون هه‌موو چه‌قبه‌ستنێك تاك ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ خود له‌ گه‌شه‌كردن وه‌ستاوه‌ و له‌ بازنه‌یه‌كی دۆگمایی نابیناییدا ده‌خولێته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ گرنكه‌ هه‌مووان بزانین ئه‌م كۆنگره‌ حزبیه‌ بۆچیه‌ و حزب چ ئامراز و هۆكارێكه‌ و ئامانج له‌ چیدایه‌، مامی مه‌زن فه‌رمووی بۆچی یه‌كێتی؟ ئێستاش بۆچی كۆنگره‌ی یه‌كێتی؟ ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ پێویسته‌ هه‌موو ئه‌ندامان، به‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌وه‌ بچنه‌ كۆنگره‌وه‌ و  كۆكیش بن له‌سه‌ر یه‌كڕیزی و توند و تۆڵبوونه‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هه‌ر وه‌ك له‌ مه‌رج و راسپارده‌كانی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا هه‌یه‌ كه‌ حزب ئامرازه‌ و به‌پێێ سیسته‌می مۆدێرن و به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌وی خۆی كارده‌كات دوور له‌هه‌ر شێوازێكی كوێرانه‌ی (سه‌ربه‌) و باڵباڵێنی كوشنده‌. چون له‌ شێوازی باڵباڵێنی كوشنده‌دا ئه‌ندامان ئازادییه‌كانیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن و ده‌بنه‌ كۆیله‌یه‌كی گوێڕایه‌ڵی نه‌گه‌یوو و تێنه‌گه‌یشتوو، لێره‌شه‌وه‌ حزب ناسنامه‌ی مۆدێرن و شارستانی خۆی له‌ ده‌ست ده‌دات و له‌ ناوه‌وه‌یدا ده‌بێته‌ حزبێكی دیكتاتۆری و كلاسیكی دواكه‌وتوو، كه‌ هه‌رگیز ئه‌م شێوازه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی نیه‌ چونكه‌ به‌ گشتی ئه‌ندامه‌كانی له‌ زۆربه‌ی توێژه‌ رووناكبیره‌كانی كۆمه‌ڵن و په‌روه‌رده‌ی هزری سه‌ركرده‌ی مه‌زن ( مام جه‌لال )ن موتوربه‌ن به‌ ئایدیای سۆشیال دیموكرات كه‌ ئه‌مه‌ بۆخۆی شۆڕشێكی فیكری درێژ خایه‌نه‌ و تا ئێستا نموونه‌یه‌كی پێشكه‌وتووخوازه‌ له‌ كوردستان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپاشدا، مامی مه‌زنمان له‌ وه‌لامی ئه‌و پرسیاره‌ی یه‌كێتی دوای مام جه‌لال؟ زۆر به‌راشكاوانه‌ ئاماژه‌ به‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌كات ئه‌وانه‌ی دوای مام یان یه‌كێتی به‌ره‌و گه‌شه‌كردن و گۆڕانكاری مه‌زنتر ده‌به‌ن و هه‌موو ئه‌و        كه‌م وكوڕیانه‌ش كه‌ پێشتر نه‌توانراوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، چاره‌ ده‌كرێن یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و گه‌شه‌كردنه‌ چه‌ق پێده‌به‌ستن و دواجار ئه‌وه‌ی توانای رێبازی یه‌كێتی نیه‌ و ناتوانێت له‌ كاروانه‌كه‌دا بمێنێته‌وه‌ ده‌رده‌چیت. ئه‌مه‌ رێبازی یه‌كێتی و كاروانی یه‌كێتییه‌ و دواجار هه‌ڵگرانی بیروباوه‌ڕی یه‌كێتی و سۆشیال دیموكرات به‌پێی هه‌ل و مه‌رجه‌كانی گۆڕه‌پانی كوردستان و هه‌رێمایه‌تی سیاسه‌تی گونجاو ده‌كه‌ن و یه‌كێتی وه‌ك پارتێكی سۆشیال دیموكراتی مۆدێرنی ماوه‌ به‌سه‌رنه‌چوو له‌ مه‌زنیدا ده‌یهێڵنه‌وه‌، له‌ هه‌مان چاو پێكه‌وتندا ئاماژه‌ به‌ بنكه‌ی فراوان و به‌هێزی یه‌كێتی ده‌دات كه‌ هه‌میشه‌ دینه‌مۆی گۆڕانكاری و وزه‌ی یه‌كێتین، ئه‌ویش هێزی خانووه‌ قوڕه‌كانه‌، ئه‌و هێزه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی له‌ پێناودا دامه‌زراو پاش مامیش یه‌كێتی به‌ گه‌رانه‌وه‌ی بۆ هێزی خانووه‌ قوڕه‌كان و خزمه‌تگوزاری خانووه‌ قوڕه‌كان و بژێوی خانووه‌ قوڕه‌كان ده‌بێته‌وه‌ به‌و یه‌كێتییه‌ی پێشڕه‌وایه‌تی هه‌موو گۆڕانكارییه‌ك ده‌كات .. به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن.


هیوا سه‌رهه‌نگ / هۆڵه‌ندا


PUKmedia >pukm9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure