هەواڵ

-

شارەزوور دەڤەرێک بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین لانکەیەک بۆ بیری نوێ خوازی

سیروان جەلال
5/13/2020 7:03:57 PM 108 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

دیرۆکی گەلان بەئاستی جیا جیا، شۆڕش و ڕاپەڕین و قوربانیدانی تێدایە،شەڕی کورت خایەن و درێژ خایەنیش بەدیدەکرێت، بەڵام ئەوەی لە مێژوی دوور و نزیکی کورد و کوردستاندا دەیبینین ئەوەیە، بەبەرزی باڵای دیرۆکمان ڕاپەڕین ، شۆڕش ، شەهید و قوربانیمان هەیە، لەئێستاشدا هەر لە قۆناغی شۆڕشی ڕزگاری نیشتمانیداین،گەرچی تاڕادەیەک حاڵی باشوری کوردستان باشترە و ئاسۆی ئومێدیش لەسەر کەلی خۆر ئاواش دەدرەوشێتەوە، باکور و خۆر هەڵاتیش بە ئاست و شێوازی جیاوازتر لەبەرخودان و شۆڕش بەردەوامن، لەسەردەمێکدا کە زۆربەی هەرەزۆری میللەتانی دوونیا بە تەواوی خواست و خولیاو ئامانجەکانیان شادبوون، پێم وابێت میللەتێک لەم سەر زەمینەدا نادۆزینەوە بە ئەندازەی کورد قوربانی دابێت لە پێناوی ئامانجە نەتەوەیی و ئینسانیەکانیدا، کەچی ڕۆژ بەڕۆژ لەگەڵ سستەم و دەوڵەت و شێوازێکی دیکەی دووژمنکاری ڕوبەڕو دەبینەوە، لەگەڵ ئەوەی ئێمە نەک گەلێکی داگیرکەر نەبوینەو هەرگیزیش تەماحمان لە بستێک خاکی گەلانیتردا نەبووە.

نوکە یادی ڕاپەڕینە جەماوەریەکەی شاری سەید سادق دەکەینەوە،ئەوڕاپەڕینەی کە بەڕێبەرایەتی ڕێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ،جەماوەری خۆڕاگری ئەمشارە ڕژانەسەرجادەوشەقامەکان و توڕەیی خۆیان بۆ دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری بەعس وەدەرخست، گەرچی بەداخەوە لەو ڕاپەڕینە جەماوەریەدا چەند شەهیدو بریندارهەبوون، حکومەتی بەعسی ڕەفتار فاشی وەک پیشەی هەمیشەییان بەلولەی تفەنگەکانیان وەڵامی داخوازی ڕەوای خەڵکی بەشەرەفی ڕاپەڕیویاندایەوە ،درود بۆ ڕۆحی بەرزە فڕی سەرجەم شەهیدان وسڵاو ڕێز و وەفا بۆ تەواوی بەشداربوانی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٨٧ ی سەید سادق و هەڵبەجە وهەورامان.
ئەم دەڤەرەوە وەک چۆن لە ڕابردوودا لانکەی شۆڕش و ڕاپەڕینەکان بووە و شەرەفی یەکەم مەفرەزەی سەرەتایی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بەڕێبەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکەم تەقەی هەڵگیرساندنەوەی ئەم شۆڕشە و یەکەم شەهیدی ئەم شۆڕشە بەشارەزوور بڕاوە،بەدڵنیایش لە شۆڕشی شێخی نەمر مەلیکی کوردستان شێخ مەحمودی حەفید ،دەستە چەکدارەکان و سوارچاکەکانی شارەزوور لە ڕیزی پیشەوەدابوون،مەعلومی هەموو لایەکیشە لە شۆڕشی ئەیلولدا شارەزووریەکیان ڕۆڵی بەرچاوو کاریگەریان هەبووە، لە شەڕی پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان لە تیرۆرستە مەرگ دۆستەکانی ( دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام(داعش)) هاوشانی خوشک و براکانیان، شارەزووریەکان لە ڕیزی پێشی پێشەوەی ئەم جەنگەدابوون و ژمارەیەکی زۆریش شەهید و بریندار وەک باقی ناوچەکانی دیکەی کوردستان بە نسیبی ئەم دەڤەرەبووە و لاپەڕەکانی مێژومان پرشنگدار تردەکەن، ئەڵبەتە لە بواری ڕوناكبیری و هونەری و بواری کللتوریدا لانکەی بیری نوێ خوازیبووە، بۆیە جێی خۆیەتی لەم قۆناغەشدا گەشەی زیاتر بەسەرجەم بوارەکان بدرێت.
ئەوەی بۆ کورد لەم دەمەدا گرنگە یەکخستنی خیتابی سیاسی خۆی و ڕێکخستنەوەی نێوماڵی خۆی و تەجاوزکردنی عەقڵیەتی پاوانکاری سیاسی و ئیداری و ئابوری و سەربازی لەم هەرێمەدا، دامەزراوەشەرعیەکانی هەرێم بخرێنەوە سەرشاڕیی فەرمی خۆیان و پلانی ورد وستراتیژی بۆ کۆی گۆڕانکاریەکان دابڕێژرێت،
ئەوەشی پێویستە لەم ساڵیادەدا بووترێت ئەوەیە ، حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامو دەزگاکانی بەجدیتر ئاوڕ لەدەڤەری شارەزوور بداتەوە، چ وەک ناوەندێکی گرنگی کشتوکاڵی، چ وەک نێوەندێکی بازرگانی و مەرزی لەگەڵ وڵاتی ئێراندا، کۆششی زیاتر بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی ئەم دەڤەرە لەلایان دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەوە، وەک میراتگری سستمی پێشوو، گرنگی بەژێرخان و سەرخان ناوچەکەبدرێت ،بەوردی خوێندنەوە بۆ دیمۆگرافیا و پێکهاتەی ناوچەکەبکرێت، لەلایەنی ڕوناکبیری و هونەریەوە کاری زۆر زیاتر بکرێت ،هەوڵی ئەوەبدرێت هاوشانی ئەو کۆلیژەی لەشارەکەداکراوەتەوە کۆلێژی هونەریش بکرێتەوە ، لەپێناوی کرانەوەی زیاتر و بایەخدان بەو وزە وتوانایانەی کەلەدەڤەرەکەداهەیە.
لە ساڵیادی ڕاپەڕینە جەماوەریەکەی شارەزوورو هەڵەبجە و هەوراماندا ،هیواخوازین دەستی خزمەت گوزاری و ئاوەدانکردنەوە ،باشتر بەدەڤەرەکەڕابگات، ئومێد دەكەین یادی ئەم ڕاپەڕینە لە ساڵانی ئایندەدا لە کەشێکی پڕئاشتی وخۆشگوزەرانی و ئاسایشدا بکەینەوە.

pukm9sharazzoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure