هەواڵ

-

داعش ئاكامه‌ ‌

ستران عه‌بدوڵلا‌ ‌
8/7/2014 3:17:57 AM 474 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئه‌مریكا ده‌ستی له‌ كاروباری عیراق وه‌رداو رژێمه‌كه‌ی سه‌ددام حسێنی گۆڕی. له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌ ئه‌زموونی وه‌رگرت و چه‌ندیان داوا لێكرد ده‌ستی له‌ ره‌وشی سوریا نه‌دا. كه‌چی یه‌ك شتی چنییه‌وه‌: دیارده‌ی داعش بۆته‌ به‌ڵایه‌كی هاوبه‌ش له‌ هه‌ردووكیاندا.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه‌ كورته‌ی بۆچوونی كریستۆفه‌ر هێڵ باڵیۆزی پاڵپشتكراوی ئۆباما له‌ عیراق بوو. له‌ یه‌كه‌م دیتندا ئه‌م قسه‌یه‌ كیتابی و حیسابییه‌، ئه‌مریكا كه‌ سه‌ددامی رووخاند رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی نه‌یاران و هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستان بۆوه‌، جگه‌ له‌ كوردیش كه‌س پێیانی نه‌گوت ماڵتان ئاوابێت. ئۆباما هات، نه‌یویست ته‌جره‌به‌ی تاڵی بوش دووباره‌ بكاته‌وه‌، سوریای بۆ ئه‌سه‌د و ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی به‌جێهێشت. دیسان رووبه‌رووی ره‌خنه‌ی نه‌یاران و هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریسان بۆوه‌. ئه‌نجامی ده‌ستوه‌ردان و ده‌ستوه‌رنه‌دان هه‌ریه‌كه‌: داعش سوریا و عیراق پێكه‌وه‌ گرێده‌دا و دۆزه‌خێكی بۆ هه‌ردوو وڵات داخستووه‌، به‌ڵام ئه‌م شرۆڤه‌ قه‌ده‌رییه‌ی باڵیۆزه‌كه‌ی ئه‌مریكا نیوه‌ی چیرۆكه‌كه‌یه‌، نه‌ك هه‌مووی.
بۆ نموونه‌ هۆی ده‌ركه‌وتنی داعش له‌ هه‌ردووكیاندا خۆرسك و خودایی نییه‌. له‌ عیراق ئه‌مریكا كاره‌كه‌ی به‌ باشی رانه‌په‌ڕاندو ئه‌ركه‌كه‌ی ته‌واو نه‌كرد كه‌ جێیهێشت. كه‌چی ئاكامی درامای عیراقی وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی مه‌حه‌كه‌م به‌ ره‌وشی سوریا فرۆشته‌وه‌: ناچمه‌ دیمه‌شق بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی ئه‌وه‌ نه‌بمه‌وه‌ كه‌ له‌ چوونی به‌غدا تووشم هات. راستێكه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا تووشی هات ئاكامی چوونی نه‌بوو، به‌ڵكو ئاكامی ده‌رچوونی بوو له‌ به‌غدا، له‌ كاتێكدا ئه‌زموونه‌كه‌ له‌ عیراق ده‌ڵه‌مه‌بوو، دیموكراسییه‌كه‌ی باڵای نه‌كردبوو له‌ ناو قه‌ددا بڕیانه‌وه‌.
داعش ئاكامی فیعلێكی به‌شه‌رییه‌ نه‌ك قه‌ده‌رێكی خودایی كه‌ هه‌رده‌بێ خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ تاقی بكه‌نه‌وه‌.
داعش دێته‌ كایه‌وه‌و سنووری دوو وڵات ده‌به‌زێنێ، چونكه‌ ئه‌مریكاو ئۆپۆزسیۆنه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ عیراقی جاران و سوریای ئێستادا سنووریان له‌ نێوان شۆرش و تیرۆردا نه‌كێشاوه‌. داعش دێت و سنوور تێكده‌شكێنێ چونكه‌ كاره‌كته‌ره‌ سیاسییه‌كانی له‌ عیراق و سوریا بوونه‌ سه‌ركار سنووری بیركردنه‌وه‌یان ته‌سك و ته‌ماوییه‌.
داعش ئاكامه‌، ئاكامی ئه‌وه‌ی له‌ عیراق ئه‌ركه‌كه‌ درایه‌ ده‌ست رێككه‌وت و له‌ سوریاش هه‌ر له‌ رێوه‌ په‌كی كه‌وت.
چه‌ند ساڵه‌، له‌ عیراقی دوای سه‌دامدا، نه‌وت و سنووری جوگرافی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆته‌ كێشه‌ی خه‌پێنراو، بۆیه‌ له‌ ناكاو داعش دێت سنوور ناهێڵێ و نه‌وت كۆنترۆڵ ده‌كات، چه‌ند ساڵه‌ كه‌مینه‌كان سه‌رده‌بڕدرێن و له‌سه‌ر ناسنامه‌ ده‌كوژرێن كه‌چی ئه‌مریكا سه‌رسامی ئه‌م به‌هاره‌ دیموكراسییه‌ی هاوپه‌یمانه‌ نادیموكراتییه‌كانی خۆیه‌تی، ئێ خۆ دیاره‌ داعش دێت و وه‌ختێكیش دێت فه‌زای سیاسیی و كه‌لتووری بۆ سه‌ربڕین و كوشتاری داعشی له‌باره‌.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure