هەواڵ

-

یەپەگەو هەڵوێستێكی نەتەوەیی ‌

بەرهەم جەبار‌
8/7/2014 3:20:23 AM 465 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

دوو چەمك هەن لەفەرهەنگی سیاسی‌و یاساییدا، ئەوانیش گەل‌و نەتەوەن، كە دانیشتووی وڵاتیكن كە جیاوازن لەڕووی (نەژاد، ئایین، زمان، كەلتوور)ەوە، بەڵام ئەوەی بەیەكەوەی بەستوونەتەوە، بریتییە لەڕەگەزنامەی ئەو وڵاتە كەچی نەتەوە بەپێچەوانەوەیە، هەموو هاوبەشییەك هەیە لەنێوانیاندا، بەڵام دابەشی چەند وڵاتیك بوون‌و وەكو ئێمەی كورد كە ئێمە یەك نەتەوەین‌و دابەشی چەند وڵاتێك بووەو لەبەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزەكاندا پارچە پارچە بووین. بۆیە پێویستە لەقۆناغی ئێستادا زیاتر بیرە ناسیۆنالیستییەكانمان چڕتر بكەینەوەو تا رادەیەك كە هەوڵبدەین هەموو نەتەوەی كورد یەك بخەین.
پێویستە لەدیدی ئێمەی كوردەوە هەمیشە نەخشەی كوردستانی گەورە لەبیرو خەیاڵماندا بێت‌و بچێت، ئەو نەخشەیەی كە زلهێزەكان كێشایان بۆ هێنانەدیی بەرژەوەندییەكانی خۆیان‌و سەرەنجام كوردستانیان پێ لەت لەت كردو هەر بەشێكیان لكاند بەخاك‌و نەتەوەیەكی دیكەوە، بۆیە پێوستە تەنانەت ئەگەر تێبینی‌و رەخنەو پیشنیازیشمان هەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەرامبەر دوژمنان‌و ناحەزان‌و پرسە چارەنووسسازەكانمان كۆدەنگ‌و هاوڕاو هاوبیربین‌و یەك دەست‌و یەك هەڵوێست بین‌و كورد لەهەر شوێنێك پێویستی بەیەكتریی بێت پشتگیریی یەكتریی بكەن، بەتایبەتی لەم پارچەیەی ئێمە كە ئەمڕۆ ئازادییەك‌و سەربەخۆییەكی بڕیاری سیاسیمان هەیە‌و دەبێت بڕوامان وابێت كە هیچ جیاوازیی نییە لەكۆبانی بێت یان كەركوك‌و هەر بستێكی ئەم كوردستانەمان بەخاكی خۆمان بزانین‌و لەهیچ رووداوێكدا وەك تەماشاكارێك سەیری رووداوەكان نەكەین‌و بێ هەڵویست نەبین لەئاست هەر غەدرو ستەمێك كە لەنەتەوەكەمان دەكرێت، بۆیە پێویستە بەهەموو شێوەیەك یارمەتی‌و كۆمەكی برایانمان بكەین لەروژئاوا كە ئەوانیش وەكو ئێمە گیرودەی دەستی غەدری تیروربوون‌و پێویستیان بەهاوكاریی هەموو كورد هەیە. نەوەك تەنیا لێرە بەڵكو لەهەموو كوردیك كە بڕوای بەكوردستانی گەورەو بەنەتەوەیەكی گەورەی زیاتر لە35 ملیۆنیی دابەشكراو هەیەو خەونی یەكگرتنەوەی ئەم نەتەوەیەی هەیەو بڕوای بەو نەخشەیە نییە كە زلهێزەكان دایانڕشتووەو داگیركەرانی كوردستانیش پابەندن پێوەی‌و دەستێوەدان‌و بڕوانەبوون پێی بەكوفر دەزانن‌و ئەوەی باسیشی بكات تەكفیری دەكەن.
هەستی ناسیۆنالیستی دوور لەشۆڤێنیزم، هەستێكی رەوایەو زۆر جیاوازە لەگەڵ هەستی رەگەزپەرستی، چونكە هەموو نەتەوەیەك پێویستە وەكو خۆی دەربكەوێت‌و ئەركی سەرشانێتی كە بەرگریی لەتایبەتمەندییەكانی خۆی بكات بەرامبەر هەر هێرشیك كە بیەوێت تایبەتمەندییەكانی بسڕێتەوە و بیتوێنێتەوە لەنێو تایبەتمەندییەكانی نەتەوەیەكی سەردەستدا.
لێرەدا قسەمان لەسەر گەلان‌و نەتەوەكانی دراوسێ نییە، بەڵكو قسەمان لەسەر رژێمە حوكمڕانەكانی دراوسێیە كە بەدرێژایی نزیكەی سەدەیەكی رابردوو ویستوویانە بمانسڕنەوەو ئێمەش ویستوومانە بەرگریی لەخۆمان بكەین، ئەگەرچی لەوانەیە پیادەكردن‌و زەق دەركەوتنی بیری ناسیۆنالیستی لەوڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكەیان جیاوازیی هەبووبێت، بەڵام ئامانج لەو سیاسەتە یەك ئامانج بووە كە نكوڵیكردن بووە لە بوونمان وەك نەتەوەو قەوارەو كەلتوورێكی جیاواز یان بوونی هەموو ئەوانەش بەڵام بەدەستەمۆیی‌و بێ ئیرادەیی.
بۆیە بۆ ئێمەی كورد دەستگرتن بە نەتەوەیی بوونمانەوە زۆر پێویستە، چونكە دەسەڵاتدارانی هاوسێم هەموویان لەڕێگەی زاڵكردنی كەلتووری خۆیانەوە هەوڵی سڕینەوەمان دەدەن‌و پێویستە ئیمەش تا ئەو جێگەیەی كە دەبینە خاوەن قەوارەیەكی سەربەخۆ، ئیش لەسەر ئەم بیروكەیە بكەین‌و هەوڵبدەین بیری نەتەوەیی شارستانییانە لەبیری نەوەی نوێدا بڕوینین‌و تێیان بگەیەنینین كە بوونی ئێمە بەبوونی تایبەتمەندیەكانمانەوە بوونێكی راستەقینەیەو نابێت لەژێر سێبەری هیچ نەتەوەیەكی تردا وەك نەتەوەی سەردەست هەناسە بدەین‌و چیتریش نابێت شەرمنانە رەفتار بكەین‌و هەوڵی دەرخستنی تایبەتمەندییەكانی خۆمان بدەین، وەكو گەلێكی زیندووی ناوچەكە، جگە لەوەی كە نمایشكردنی كەلتور بەشێكە لەزەقكردنەوەی بیری ناسیۆنالیستی، ئەمە لەحاڵەتی ئاشتیدا، بەڵام لەحاڵەتی شەڕو جەنگیشدا بیریتییە لەپشتگوێخستنی ئەو نەخشەیەی كە زلهیزەكان كوردستانی گەورەیان پێ دابەشكرد، بەڵكو هەمیشە پێویستە كار لەسەر یەك پارچەیی نەخشەی كوردستانی گەورەی بكەین‌و لەهەر شوێنێك كورد پێویستی بەبرا كوردەكانی خۆی هەبێت، بەهانایەوە بچن وەكو ئەو هەڵوێستە جوانەی كە لەشەڕڤانانی (یەپەگە) بینیمان.
بۆیە ئەم هەڵوێستە جوانەی یەپەگە كە بەهانای خەڵكی شەنگال‌و هێزی پێشمەرگەوە هاتن بەهەستێكی بەرزی نەتەوەیی كوردانەو مرۆڤانەوە هەڵوێستیان نواندو جێگای دەستخوشی لێكردنن‌و هەڵوێستەكەیان پڕاوپڕبوو لەهەستی بەرزی نەتەوەیی ئیلهام بەخش.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure