هەواڵ

-

رۆژی جیهانیی لاوان ‌

هیوا حه‌مید عه‌بدوڵڵا‌
8/12/2014 3:29:15 AM 525 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

لەدوای ساڵی 1991ەوە، 12ی ئاب-ی هەموو ساڵێك وەك رۆژێكی تایبەت بۆ لاوانی جیهان دیاریكرا. ئەوەش وەك هەموو چین‌و ‏توێژێكی تری كۆمەڵ، كە هەرە زۆریان چ لەڕووی پیشەیی‌و چ لەڕووی جەماوەری، رۆژێكی تایبەت بەخۆیان هەیە.‏
چیرۆكی دیاریكردن‌و بوونە خاوەنی رۆژێك بۆ لاوان لەجیهاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1991 لەڤیەننای پایتەختی نەمسا بەشێك ‏لەلاوانی بەشدار بوو لەخولی یەكەمی یانەی لاوانی جیهان لەڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، راسپاردەیەكیان پێشكەشكردو ‏داوایانكرد رۆژێك دیاری بكرێت بۆ لاوان لەپێناو كۆكردنەوەو پشتیوانی داهاتەكان لەسندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان.‏
دوای چەندین كۆبوونەوە، ئەم رۆژە راگەیاندراو ناونرا رۆژی جیهانی لاوان، كە ئامانجی هاندانی بەرنامە حكومییەكانە ئەوانەی ‏لەپێناو فێربوون‌و دۆزینەوەی هەلی كارو نەهێشتنی هەژاری‌و برسێتی‌و كاركردن بۆ باشتركردنی ژینگەو كاركردن لەسەر ‏بنبڕكردن‌و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان‌و نەهێشتنی كاری توندوتیژییەكان. لە17ی دیسێمبەری ساڵی 1999 كۆمەڵەی گشتی ‏بەبڕیاری ژمارە (120/54) ئەو راسپاردەیەی پێشتر لەكۆنگرەی جیهانیی وەزیران‌و لێپرسراوانی لاوان لە (لشبۆنە) لەساڵی ‏‏1998 پێشكەشكرا بوو، داوایانكرد رۆژی 12/8ی هەموو ساڵێك ببێتە رۆژی جیهانیی لاوان‌و هەر لەو كۆنگرەیەدا ‏راسپاردەی جیا پێشكەشكرا بۆئەوەی چالاكی جۆراوجۆرو زانیاری گشتی بۆ پشتگیری لەم رۆژە بكرێت.‏
لەو ساڵەوە، ساڵانە بەشێوازی جیاواز ئەم رۆژە یاد دەكرێتەوە، فێستیڤاڵ‌و چالاكی‌و بەیاننامەو مەراسیم‌و كۆبوونەوەی جیاجیای ‏بۆ ئەنجامدەدرێت.‏
لاوانی كوردستان بێ ئاگا لەم رۆژە، تا ساڵی 2006 هیچ زانیارییەك یاخود چالاكییەك لەسەر چۆنیەتی دیاریكردن‌و بوونی ئەم ‏رۆژە نەبوو. بەندە وەك سكرتێری رێكخراوی ئازادیی لاوانی كوردستان لەگەڵ هەڤاڵانمان‌و لەئەنجامی كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی ‏لاوان، ئەوكات سەرەڕای بوونی تێبینی‌و رای جیامان لەگەڵ ئەو وەزارەتە، بۆ لاوانی كوردستان‌و ناساندنی ئەم رۆژە لەگەڵ ‏وەزارەت چالاكی هاوبەش‌و بانگهێشتكردنی رێكخراوەكانی تری لاوان كرا بۆ بەشداربوون لەیەكەمین فێستیڤاڵی ئەو رۆژە، كە ‏لەشاری هەولێر سازكرا.‏
لاوانی كوردستان لەئەنجامی سیاسەتە یەك لەدوایەكەكانی عیراق‌و دواتر راپەڕین‌و بەهۆی ململانێ‌و بەهەند وەرنەگرتن‌و گرنگی ‏نەدان بەبەشێكی هەرە زیندووی نێو كۆمەڵ، لاوان لەزۆرترین‌و پێویسترین بنەماكانی بەڕێوەچوونی ژیانی رۆژانە بێبەش بوون ‏یاخود لەئەنجامی سیاسەتی هەڵە تووشی گرفت‌و بێ شوناسی بوون، سەرەڕای بوونی چەندین رێكخراوی لاوان، كە بانگەشەی ‏خزمەت‌و گرنگیدان بەلاوان دەكەن لەگەڵ ئەوەی لاوان بەشێكی زۆری كۆمەڵ پێكدەهێنن، بەڵام بەردەوام خۆیان بەزوڵملێكراو ‏یاخود پەراوێزخراو دەبینن. بۆیە لەم سەردەمەدا لەگەڵ پێشكەوتنەكانی كۆمەڵ، پێویستە لاوان هەوڵی زیاتری بەدیهێنان‌و ‏بەدەستهێنانی مافەكانی خۆیان بدەن، ئەوەش خۆیان وەك گروپ یاخود خۆرێكخستن‌و پەیوەندیكردن بەڕێكخراوە ئەكتیڤەكان ‏لەپێناو گەیاندنی دەنگ‌و داواكارییەكانیان‌و جەختكردنەوە لەسەر پشتیوانیكردن‌و دانانی بەرنامەی گونجاو بۆ خزمەتی خۆیان‌و ‏نیشتمانەكەیان.‏
لەگەڵ ئەوەی رۆژی 12ی ئاب-ی ئەمساڵ دەكەوێتە كات‌و ساتێك كە میللەتەكەمان‌و لاوانی كوردستان بەقۆناغێكی هەستیاردا ‏تێدەپەڕن‌و رووبەڕووی تیرۆر دەبنەوەو خاك‌و نیشتمان دەپارێزن. لەگەڵ بوونی تێبینی‌و سەرنجی جیا لەلایەن لاوانی كوردستانەوە، ‏بەڵام گیانفدایی‌و خۆبەختكردن لەپێناو كوردستان‌و پاراستنی دەستكەوتەكان لەلایەن لاوانی كوردستانەوە پارێزراوەو لاوانی ‏پێشمەرگەو لاوانی خۆبەخش لەبەرەكانی جەنگ ئامادەیی‌و بەشداریی كاریگەریان هەیە.‏
لەڕۆژی جیهانیی لاواندا، پیرۆزباییەكی گەرم لەسەرجەم لاوان‌و لاوانی كوردستان‌و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەین‌و لەم رۆژەدا ‏لەجیاتی چالاكی‌و ئاهەنگ‌و گۆرانی، هەواڵی سەركەوتن‌و گیانفدایی ئێوە باشترین چالاكییە. هەر لەم رۆژەشدا سەربەرزی‌و نەمری ‏بۆ شەهیدان. بەهیوای حكومەتی هەرێم‌و وەزارەتی پەیوەندیدار بەرنامەی زیاترو خزمەتی زیاتر بخەنە ئەجێندای كاری كابینەی ‏هەشتەم‌و لاوانی كوردستانیش لەجیاتی خەم‌و دڵەڕاوكێ‌و چاوەڕوانی، ببنە خاوەن كیان‌و ناسنامەی خۆیان.‏

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure