هەواڵ

-

كوردی عیراق‌و سوننەی عەرەب ‌

ئه‌كره‌می میهرداد‌
8/19/2014 3:54:00 AM 574 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

منیش وەكو زۆربەی نووسەران و خوێنەران دەزانم كەدەبێت لەجیاتی كورد و كوردستانی عیراق زاراوەی (باشووری كوردستان) بنووسم، بەڵام بۆ رۆشنكردنەوەی پەیوەندیی ناخۆش و ئاڵۆزی نێوان كورد و سوننەی عەرەب لەعیراق و وڵاتانی عەرەب، وام بەباشزانی ئەو ناونیشانەی سەرەوە بنووسم بۆ باشتر گەیاندنی مەبەستەكەم.
سوننە كەمینەن
ئەگەرچی سوننەی عەرەب لەعیراقی سەردەمی عوسمانی و پاشایەتی و كۆماری و ئێستاشدا كەمینەبوون و لەهەریەك لەشیعەو كورد كەمترن، بەڵام یان بەتوندوتیژی دەسەڵاتداربوون و تراژیدیاو كارەساتی وەكو بەعس و سەدامیان بەسەر عیراقدا زاڵكردووە، یان بەرهەمی دڕندەو ناشیرینی وەكو داعشیان هێناوەتەدی، یان پشتیوانیان كردوون. یادەوەرییە تاڵەكانی شیعەو كورد بەرامبەر عەرەبی سوننەی دەسەڵاتدار هێندە زۆرن كەهەموو نەوەكانی ئەم دوو پێكهاتەی عیراق بێبەش نەبوون لەكارەسات و تراجیدیا. شەهیدكردنی هەڵەبجە بەكیمیایی، ئەنفال، تەعریب و تەبعیس و تەهجیر و وێرانكردنی كوردستان و كوشتنی سەدان هەزاركەسی كورد هەموو لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی سوننەی عەرەب و پشتیوانی دەوڵەتانی سوننەی عەرەب بووە لەعیراق.
بەڵام مێژووی كوردو سیاسەت و ئەدەب و رووناكبیرییەكەشی پێچەوانەی هەموو ئەم دڕندەیی و توندوتیژییە بووە، كورد یەكلایەنە هاوسۆزو هاوبەش بووە بەرامبەر سوننەی عەرەب و پرسەكانی ئەو (برا عەرەبە چاو ڕەشانە!) لەراپرسی راپۆرتی چارەنووسی ویلایەتی موسڵ لەساڵی 1925 كورد دەنگی بەوەدا كەبەشێك بن لەعیراق، نەك لەتوركیا. لەساڵانی 1948 و1956 هەمیشە كورد بەشێك بوون لەسەنگەری عەرەبی و بەتایبەتی داكۆكیكردن لەگەلی فەلەستین بەشێكی زۆری تێكۆشەران و رووناكبیرانی كورد خەبات و مێژووی هاوبەشیان لەگەڵ پرسی فەلەستین و عەرەبە هەیە، بەرامبەر داگیركاری (ئیمپریالیزم) و (ئیسرائیل)و هەمیشە كورد بەشداربوون لەداكۆكی لە پرسەكانی عەرەب و تەنانەت داكۆكی كورد لەشۆڕشەكانی میسرو جەزائیر و وڵاتانی دیكەی عەرەبی هەمیشە شەپۆلی دەدا. ئەوكاتەی كەهەڵەبجە كیمیاباران كرا و لەئەنفالدا 182 هەزار لەناوبران و قەسابخانەیان بۆ بارزانی و فەیلیەكان هێنانەدی و 4500 گوندی كوردستانیان وێرانكرد، هەموو عەرەبەكانی عیراق بەبێ هەڵوێست بینەربوون و هیچكام لەدەوڵەتانی عەرەبی و هاووڵاتیان داكۆكیەكی سلبیشیان لەكورد نەكرد، بەڵام لەساڵی 1956 كەمیسر دوچاری پەلاماری سێ قۆڵی بەریتانیاو فەرەنسا و ئیسرائیل بوو، كوردانی هەولێرو سلێمانی و كەركوك و دهۆك و كۆیە رژانە ناو شەقامەكان بۆ پشتیوانی میسر و حكومەتی سوننەی پاشایەتی ئەوكاتە دەیان كەسی رەوانەی زیندانەكانی بەعقوبە و نوگرەسەلمان كردن. بەڵام وادیارە كورد دەرس لەهەڵەو ئەزمونەكانی جاران وەرناگرێت، و لەدوای ساڵی 2006 و لەدوای جەنگی ناوخۆیی نێوان سوننە و شیعە، كورد سنوورەكانی خۆی بۆ برا سوننەكان كردەوەو ئەوكاتە 200 هەزار كەس ئاوارەی كوردستان بوون و لەدوای پشێوی و نائارامیەكانی ئەنباریش لەسەرەتی 2014 ئەم ژمارەیە زیاتر دەبێ ‌و لەدوای داگیركردنی پارێزگاو شارو ناوچەكانی سوننە لەلایەن داعش لەدوای 10/6/2014 ژمارەی ئاوارە سوننەكان لەكوردستان هەر لەزیاد بوندایە.
داگیركردنی شەنگال
لەدوای داگیركردنی داعش بۆ شنگال و زومارو دیسان جارێكی دیكە كورد تاڵی و ناخۆشییەكانی سوننەی عەرەبیان چێشتەوە. لەو ناوچانەو لەناوچەكانی جەلەولا و سەعدیە و مەخمور و گوێرو باشوور و رۆژئاوای كەركوك عەرەبی سوننە خەنجەری خیانەتیان بەبێ شەرم ووەفا دیسان لەكورد وەشاندەوە. ئەو عەرەبە سوننانە كەدراوسێی باشوورن بۆ كورد عیراق و لەزۆر ناوچەو شاریشدا سەدان ساڵە پێكەوە دەژین، دەستیان خستە ناو دەستی داعش و لەگەڵ ئەوان بەشداربوون لەكوشتارو تاڵان و پەلاماری ماڵ و ناموسی كورد. هەواڵ و میدیای ناوخۆ و وڵاتان باسی ژمارەی زۆر گەورەی كوشتارو تاڵانی و دەستدرێژی داعش و سوننەكانی عەرەب بەرامبەر ئێزیدی و شەبەك و مەسیحی و شیعە و توركمان و كوردە سوننەكان بەرابەرایەتی دوایین بەرهەمی دڕەندەو توندوتیژی نامرۆیی عەرەبی سوننە دەكەن، كەدەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامیە لەموسڵ و ناوچە سوننەكانی عیراق و سوریا. هەر چەندە بەشێك لەسەران و چەكدارەكانی داعش لەوڵاتانی دیكەوە هاتوون بۆ عیراق، بەڵام روداوەكانی موسڵ و شنگال و باشووری كەركوك و خانەقین سەلماندی كەژینگەو پێگەی كۆمەڵایەتی ئەوان لەناو سوننەی عەرەبدایە و بەپشتیوانی ئەوان نەبوایە ئەو هەموو شارو ناوچانەیان بۆ داگیرنەدەكرا، لەپەیوەند بەم كارەساتانەوە هاووڵاتیان ومیدیاكان دیمەن و رەوشی زۆر ناخۆش دەگێڕنەوە، وەكو: كاتێك ژمارەیەك چەكداری داعش روودەكەنە یەكێك لەو ناوچانەی كە دەیانەوێت داگیری بكەن هەر ئەوەندەی دەگەنە شوێنی مەبەست چەندین هێندەی ژمارەی خۆیان چەكداری سوننەی عەرەبیان لەگەڵ دەكەوێت و پەلاماری شوێنەكانی دیكە دەدەن. یان شنگالیەكان گێڕایانەوە، كاتێك چەكدارەكانی داعش بەهەمەر و ئوتۆمبیلەكانیانەوە چوونە ناو شنگال، بەڵام هێندەی نەخایاند چل هەزار كەس لەعەرەبی سوننە كەوتنە تاڵانی لەناوچە كوردییەكان، یان بوونە چەكداری داعش و تەنانەت بەشێك لەسەرۆك خێڵەكانیشیان درێخیان نەكردوە لەتاڵانی و كڕینی مناڵ و كچانی ئێزیدی. لەوانەش ناخۆشتر و سەرسامتر ئەوەیە كەبەشێك لەخێزان و منداڵی چەكدارانی داعش و سوننە چەكدارەكانیان هێشتا لەكوردستان دەژین و خۆشیان لەدژی كورد لەجەنگدان. ئەم دیمەن و رەوشە ناخۆش و كارەساتانە پەیوەندی راستەقینەی نێوان كورد و مەسیحی و شەبەك و ئێزیدی و توركمان لەلایەك و عەرەبی سوننە لەلایەكی دیكە دەبێتە ئەو برایەتی و هاوسۆزی و هاوپەیمانیەی كەزۆر دەمێكە لەكوردستان و عیراق وەكو كڵاوێكی دزێو دەخرێتە سەری كورد و خەڵكی كوردستانی پێ تەفرە دەدرێت.
هەرێم‌و پەنابەرانی سوننە
پێویستە لەسەر حكومەتی كوردستان كە هەڵوێستی بگۆڕێت بەرامبەر پەنابەرانی سوننە و حزب و رێكخراوەكانیان، بەڵكو بەرامبەر هەموو پێكهاتەی سوننەی عەرەبی و رایبگەیەنێت كەعەرەبی سوننە و حزب و پەنابەرانیان دەبێت هەڵوێستی دژی داعش بەكردەوە بنوێنن. تەنها ئەوەندە بەس نییە كەرێكخراوە چەكدارە سوننەكان بە بەیاننامەكانیان لەدژی داعش بن، بەڵكو دەبێت رووی چەكەكانیان بكەن دژی داعش و لەگەڵ كوردو شیعەدا هاوكاربن بۆ لەناوبردنی داعش. ئەگەر ئەم هەڵوێستەیان نەبێت، چاكتروایە بڕۆنەوە ناوچەكانی خۆیان و باشتر تێكەڵ ببنەوە لەگەڵ داعش. دەبێت حكومەتی كوردستان و دەوڵەتی عیراق و ئەو نیگەرانی و دردۆنگیەی خەڵكی كوردو ناوچە شیعەكان كۆتایی بهێنێ و ئەگینا لەوانەیە لەئایندەدا كارەسات لەدژی پەنابەرانی سوننە لەناوچەكانی كورد و شیعەدا بقەومێ.
دەبێت كورد لەعیراق و سوریا و توركیا بەرامبەر بەسوننەی عەرەب و سوننەی تورك پێداچوونەوەیەك بەهەڵوێست و روانینی جارانی بكات و ئەم كارەساتەی ئێستای كە داعش بەسەر كوردو پێكهاتەكانی دیكەی كوردستاندا هێنای بكرێتە روانگەی هەڵوێستی ئایندەو بەشدار نەبێت لەهاوپەیمانیان. دەركەوت كەهەڵوێستی پارتی یەكێتی دیموكراتی و یەكینەكانی پاراستنی گەل لەهەموو هەڵوێستەكانی دیكە دروست ترە كە دووربوون لەهاوپەیمانی سوننەی عەرەب لەسوریا و پەیوندییەكانیان لەگەڵ عەلەوییەكانی سوریا تێكنەدا. چاكتروایە كورد لەگەڵ شیعەی عیراق و عەلەوییەكانی توركیاو سوریاو لەگەڵ مەسیحییەكان وتوركمانە شیعەكان و فەیلییەكان بەرەیەكی نەیار بەرامبەر سوننەی عەرەب لەعیراق و سوریا دروست بكات. ئەو كەس و لایەنانەی كە دەیانوت پشتیوانی و هاوپەیمانی لەگەڵ سوننەی عیراق و عەرەب باشترە لەهاوپەیمای كوردو شیعە خوێندنەوەیەكی راستیانە بۆ مێژووی پەیوەندی كوردو عەرەبی سوننە نەكردووە لەعیراق و ناوچەكە. ئەوەی كەهەمیشە كوردی جینۆساید كردووەو مافەكانی پێشێل كردووەو بەموبارەكە و یارمەتی دەوڵەتانی عەرەبی سوننە نكۆڵی لەكوردو شیعەی عیراقی كردووە، تەنها سوننەی عەرەب بووە مێژووی كورد و شیعە یان مەزڵومیەتی هاوبەشی هەردوولا بوەو یان خەباتی هاوبەش بووە بەرامبەر دڕندەیی و توندوتیژی سوننەی عەرەب. ئەگەرچی هەندێك كەس بڕوایان وایە كەدەبێت جیاوازی بكرێت لەنێوان داعش و سوننەی عەرەب، هەروەكو چۆن لەنێوان بەعس و سوننەی عەرەبدا جیاوازیمان دەكرد، بەڵام وێستگە سیاسییەكانی سوننەی عەرەب لەعیراقدا هەمیشە ئەوەیان نیشانداوە كەئەگەر ئەوان لەگەڵ ئەو دڕندە و دیكتاتۆر و وەحشیانەی وەكو حەرەس قەومی، بەعس، و شەواف و قاعیدەو داعشدا نەبونایە، بێگومان ئەم دڕندانە هێندە بەهێز وكۆمەڵایەتی و جەماوەری نەدەبوون و بەو شێوەیە كارەسات و ناخۆشیان بەسەر عیراق و كوردستاندا نەدەهێنا. سوننەی عەرەب بەئیمیتاز سەلماندوویانە كەئەوان ژینگە و زێدی سەرهەڵدان و بەهێزبوونی دڕندەیی و توندوتیژی سیاسی و ئاینی و نەژادین.
هاوڕان لەگەڵ داعش
بۆ سەلماندنی ئەم بڕوایە زۆر بەڵگە و رووداوی وا لەبەردەستدان كەسوننەی عیراق و عەرەب هاوران لەگەڵ داعش، هەروەكو چۆن هاوراو هاوسەنگەربوون لەگەڵ قاعیدە و بەعس. كەداعش شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری داگیركرد و ئەو كارەساتەیان بەسەر خەڵكدا هێنا، یان كەپەلاماری ناوچەكانی دەشتی موسڵیاندا، كەناڵە ئاسمانیەكانی سوننەی عەرەب وەكو كەناڵی (العز)، (العراق الان)، (التغیر) و (البابلیە) باسی هیچكام لە دڕندەیی و توندوتیژیەكانی داعشیان كرد بەرامبەر ئێزیدی وشەبەك و مەسیحی و توركمان، وتەنانەت بەئاشكرا رایانگەیاند كەئەو ناوچانە لەلایەن شۆڕشی چەكدارانی عەشایر رزگاركراون، لەبەرامبەرشیدا هەڵوێستی راگەیاندنی كەناڵەكانی شیعەی عیراق وەكو كەناڵی (افاق)، (الفرات)،(المسار)، (بلادی) ، (العهد)... هتد پشتیوانیان لەگەلی كورد دەكرد لەدژی داعش.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش زۆربەی وڵاتانی ئەمریكاو ئەوروپا لەدژی داعش پشتیوانیان لەكوردو عیراق كردووەو تائێستاش بەردەوامن لەو پشتیوانیە و تەنانەت توركیای هاوپشت و هاوسۆزی سوننەی عەرەبی و ئیسلامی لەدژی داعش (تەنها بەدەربڕین) پشتیوانیان لەكوردستان كردوە، بەڵام هیچكام لەوڵاتانی سوننەی عەرەب نەك هاوكاری و یارمەتیان بۆ پەنابەرانی عیراق و كوردستان نەناردووە، بەڵكو لەدژی داعشیش هەڵوێستیان نەنواند ئەگەر چی (كۆمكاری عەرەبی) بۆ ئەوەی لەئیحراجی خۆیان بپارێزن بەتەنها بەیاننامەیەك ئیدانەی داعشیان كرد.
دەسەڵاتی خوێنڕێژی مەزهەبی‌و نەژادی
سەرئەنجام كورد دەبێت بە عیراق و جیهانی عەرەبی رابگەیەنێ كەئەم بەشەی عەرەب و سوننە لەعیراقدا، جگە لەدەسەڵاتی خوێنڕێژی مەزهەبی و نەژادی، بێجگە لە شەڕو ماڵوێرانی و ئەنفال و كوشتارو دەستدرێژی هیچی دیكەمان لێ نەبینوون و تۆماری مێژووی ئەوان بەرامبەر بەشیعەو كورد تەنها بەرهەمی وەكو بەعس و قاعیدەو داعشیان لێ پەیدا دەبێت!كورد دەبێت لەهەڵەبجەو ئەنفال و شنگالەوە تەماشای تەواوی عەرەبی سوننەی عیراق و دەوڵەتانی عەرەبی بكات و دەبێت وەكو شیعە چۆن كەربەلایان كردە ناسنامە و جولەكە چۆن هوڵوكۆستی لەیاد نەكرد، بەو شێوەیە هەمیشە هەڵەبجە و ئەنفال و شنگال و كۆبانی و دێرسیم و رۆبۆسكی لەیادنەكەن!

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure