هەواڵ

-

رێگەی دژواری عەبادی لەعیراقی داهاتوودا ‌ ‌

نادر ئینتیسار
8/19/2014 3:55:04 AM 588 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

لەم رۆژانەی دواییدا د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق، د. حەیدەر عەبادی وەك نوێنەری گەورەترین ئیتیلاف‌و فراكسیۆنی پارلەمانی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، وازهێنانی نوری مالكی لەبەدواداچوون بۆ ئیدیعاكانی خۆی، پێدەچێت ببێتە هۆی ئەوەی كەحكومەتی عیراق بەزوویی پێكبێت، هەروەك قسەی هەندێك لە سەرۆك عەشیرەتەكانی سوننە بۆ ئەگەری هاوكاریكردن لەگەڵ حكومەتی نوێی عیراق دەتوانێ بەهەواڵێكی خۆش بۆ عیراق ئەژمار بكرێت، بەڵام ئایا دەوڵەتی نوێی عیراقیش دەتوانێ ئەو قەیرانە نوێیەی كە بەهۆی داعشەوە هاتۆتە گۆڕێ كۆنترۆڵ بكات.
هەروەك هەموومان دەزانین لە ئێستادا بەشێكی زۆر لە شار‌و پارێزگاكانی عیراق كەوتۆتە دەست داعش‌و ئەو كەسانەی كە ئیدیعای خەلافەتی نوێی ژێر دەسەڵاتی ئەبوبەكر بەغدادی دایە‌و چەكدارانی داعش لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا توانیان بەشێكی كوردستانیش كۆنترۆڵ بكەن . هەر بۆیە هەم لەباكوور‌و هەم لەباشووری عیراق دەبینین كە شەڕ‌و پێكدادانان لەنێوان داعش‌و هێزەكانی دیكەدا لەئارادایە. هاتنە ناوەی ئەمریكا‌و وڵاتانی رۆژئاوا چارەنووسی ئەو شەڕ‌و پێكدادانانەی ئاڵۆزتر كردووە.
هەربۆیە لەم هەلومەرجەدا بە ڕای من چارەنووسی عیراق تا ماوەیەك نەگۆڕ‌و ناسەقامگیر‌و قەیراناوی دەبێت. عیراقی ئەمڕۆ هەر وەك سەندوقێكی بارووت وایە ئەگەر بەباشی هەڵسوكەوتی لەگەڵدا نەكرێت ، ئەو بارووتە دەتەقێتەوە، نەك تەنها هەر ئایندەی عیراق بەڵكو هەموو وڵاتانی دراوسێ تووشی گۆڕانكاری‌ومەترسی دەكات. دەوڵەتی حەیدەر عەبادی دەتوانێ رۆڵی هێوركەرەوەیەك لەقەیرانەكانی ئەمدوایانەی عیراق بگێڕێت، بەمەرجێك هەموو لایەن‌و نەتەوە‌و مەزهەبە جیاجیاكانی عیراق لەسەر بەرنامەیەكی ئاشتخوازیانەی نیشتمانی هاوبڕوا بن. ئەگەر ئەمە ڕوونەدات عیراق تووشی چارەنووسێكی هاوشێوەی سوریا دەبێت‌و سوریایەكی دیكە دروستدەبێت. هەربۆیە دووبارەی دەكەمەوە‌و پێداگریشی لەسەر دەكەم كەدەوڵەت لەكاتێكدا سەركەوتوو دەبێت كە هەم بەشێوەیەكی رێژەیی بتوانێت كابینەیەكی یەكگرتووی نیشتمانی دروستبكات كە هەموو گروپ و لایەنەكان بەتایبەتی لایەنی سوننەی ناڕازی بێنێتە ناو بازنەی دەسەڵاتەوە‌و هەم ئەوانیش ڕازی بكات. بە واتایەكی دیكە حەیدەر عەبادی نابێت هەڵەكانی حزب‌و شیعە میحوەرانەی نوری مالكی دووبارە بكاتەوە.
میكانیزمی دەربازبوون لە قەیران
بەڵام مەسەلەیەكی دیكە هەیە كە پێویست دەكات لێرەدا ئاماژەی پێبكەم ئەویش باسی میكانیزمە كاریگەرییەكانە بۆ دەربازبوون لەقەیران. ئەوەی كەلەعیراق دەوترێت بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان‌و پێكهێنانی دەوڵەتی نوێ‌و هاتنە سەركاری كەسێكی وەك حەیدەر عەبادی دەتوانێت میكانیزمێكی ئومێدبەخش‌و هیوابەخش بێت بۆ دەربازبوون لەقەیرانی ئێستاكەی عیراق، لێرەدا من نامەوێت ئەو میكانیزمە هیوابەخشە ڕەت بكەمەوە، بەڵام پێویستە كە بە نیگایەكی واقیع بینانە سەیری ڕووداوەكانی عیراق بكەین ، بەو واتایە كە هەڵبژاردن خۆی بە تەنهایی ناتوانێ گرێكوێرەی سیاسی لەهیچ وڵاتێك بەتایبەتی وڵاتێكی وەك عیراق كە چەندین بەرەو تیرەی تێدایە بكاتەوە. ئەگەر هاوبۆچوونی لە چوارچێوەی شوناسی سیستەمێكی سیاسیدا بوونی نەبێت تەنانەت هەڵبژاردنی ئازادیش ناتوانێ كێشەكانی ئەو وڵاتە چارەسەر بكات. ئێمە ئێستاش نازانین كە لایەنە جیاوازەكانی عیراق حەزیان لەدروستكردنی چ وڵاتێكە‌و چ میكانیزمێكیان بۆ هاوكاریكردن لەگەڵ یەكتر بۆ پێكهێنانی سیستمێكی گونجاو بۆ وڵاتەكەیان دەوێت. ناوەندگەرایی‌و فیدراڵیزم‌و كۆنفیدراڵیزم كەرەستەیەكن بۆ بەڕێوەبردن وڵات، بەڵام هیچ یەك لەو كەرەستانە بەبێ دروستكردنی یەكڕیزی سیاسی كاریگەر نابێت. هەربۆیە لایەنە عیراقییەكان پێویستە سەرەتا بەرنامەیەكی گشتگیر‌و تەواو بۆ دروستكردنەوەی ئایندەی وڵاتی خۆیان دانبێن‌و بڕیاری لەسەر بدەن‌و پاشان سەبارەت بەچۆنێتی بەڕێوەبردنی وڵات كار بكەن. دەستووری ئێستای عیراقیش بەشێوەیەك دارێژراوە كەمیكانیزمی هاوبیریی‌و هاوكاری لە نێوان گروپ‌و لایەنە جیاجیاكانی عیراق بە باشی ناخاتەڕوو.

مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان
لەزانكۆی ئالابامای باشووری ئەمریكا

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure