هەواڵ

-

به‌ بیانووی یادی كاك ئازاد هه‌ورامییه‌وه‌ ‌

ستران عه‌بدوڵلا‌ ‌
8/31/2014 4:05:26 AM 525 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

گه‌لی كوردستان شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ به‌كه‌مترین قوربانی له‌مه‌ودواوه‌ به‌هه‌موو مافه‌كانی بگات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر قه‌رار بێت ئه‌وه‌ی ماوه‌ هه‌ر به‌خوێن و فرمێسك به‌دی بێت، ئه‌وا كوردستانییان له‌م قه‌ده‌ره‌ راناكه‌ن.
جاران، له‌ ده‌ورانی شۆڕش و پێشمه‌رگایه‌تیدا، وابووه‌و ئێستاش، كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ سه‌نگه‌ردایه‌، هه‌ر وایه‌، بۆیه‌ ئاوێته‌بوونی بیره‌وه‌ری شه‌هیده‌كان له‌گه‌ڵ رۆژانه‌ی شاهیده‌كانی سه‌نگه‌رو خه‌باتی ئه‌مڕۆ ره‌وایه‌و راسته‌.
یادی شه‌هید بوونی كاك ئازاد هه‌ورامییه‌ كه‌ شه‌هیدی سه‌نگه‌رو ناوی دیاری ئه‌لبوومی شه‌هیده‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتییه‌.
شوێنی شه‌هاده‌تی قفڵدانه‌ له‌سه‌ر ره‌وتێكی كوردستانیی سه‌رتاسه‌ری، له‌ زێدی هه‌ورامانی سنوری باشووره‌وه‌ بۆ زینده‌گی له‌ كه‌ركوكی کرۆكی مه‌سه‌له‌ی كوردستان، تا سه‌رنانه‌وه‌ له‌ بادینان، له‌ته‌كه‌ی دیكه‌ی جه‌رگی باشوور. له‌و ره‌وته‌ چه‌ند وێستگه‌ییه‌دا تێكۆشانی سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی هه‌یه‌ كه‌ جگه‌ له‌خه‌باتی وشه‌و سیاسه‌ت و ره‌وشتبه‌رزی خه‌باتی له‌ فه‌رهه‌نگی سروودو گیتارو هۆنراوه‌ی مقاوه‌مه‌ت ده‌ستپێداهێنانێكی جوان و ره‌نگینه‌ به‌ تابلۆی شۆڕشه‌وه‌.
شۆڕشگێر زۆرن كه‌ دیواری سه‌روه‌ری شۆڕشی میللـه‌تانیان رازاندۆته‌وه‌، سروودبێژیش فره‌ن كه‌ به‌هه‌موو زمانه‌كان گۆرانی بۆ سه‌ركه‌وتن و بردنه‌وه‌ گوتووه‌. ئه‌وی ئازاد هه‌ورامی دیمه‌نه‌ ده‌گمه‌نه‌كه‌یه‌ كه‌ كڵاشینكۆف و گیتار دوانه‌ی خه‌باتی هاوژین بن.
ئه‌زموونی شۆڕشكردن هه‌یه‌ هه‌ر گۆرانی و به‌زم و ره‌زم بوو، بۆیه‌ نه‌گه‌یشته‌ جێ، ئه‌زموونی تریش هه‌یه‌ هه‌ر ته‌ق و تۆق و توندوتیژی بوو، بۆیه‌، ئه‌گه‌رچی گه‌یشت، به‌ڵام خوێن و سێداره‌یان بۆ خه‌ڵك هه‌ڵخست. چیرۆكی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی تابلۆیه‌كی ره‌نگینی شۆڕشی نوێیه‌ كه‌ ته‌لی گیتارو شریتی بیكه‌یسی له‌ناو قورقوشمی ئیراده‌دا تواندۆته‌وه‌، شتێكی نوێیه‌: نه‌ گیتاری ناسكی قابیلی شكان و نه‌ گوللـه‌ی وێڵی له‌ڕێ لادانه‌ كه‌ بۆ به‌رزی فیكر ملكه‌چ نه‌بێ و سه‌ر بۆ ئامانجی ئازادی و دیموكراسی و رزگاری نه‌وی نه‌كات. ئازاد هه‌ورامی له‌ نه‌سلی ئه‌م یه‌كێتییه‌یه‌، كاكێكی سه‌ركرده‌ی ئه‌م شۆڕشه‌یه‌ وا ئێستا بۆ كوردستان له‌ سه‌نگه‌ردایه‌، بۆ دونیا شه‌ڕی داعش و تاریكی و مه‌رگدۆستی ده‌كات.
به‌عس بۆیه‌ كه‌وت چونكه‌ ده‌ره‌قه‌تی فه‌رهه‌نگی ژیان دۆستی ئازاد هه‌ورامی نه‌هات، داعش بۆیه‌ ده‌كه‌وێت چونكه‌ نه‌وه‌كانی ئازاد هه‌ورامی و سه‌ركرده‌ شه‌هیده‌كانی تر ئه‌م ره‌وته‌ له‌ ژیان دۆستی، سروود دۆستی و شۆڕش ویستی ده‌پارێزن.
یانی یادی ئازاد هه‌ورامی ئیلهامه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌مجاره‌ش، مژده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رۆژێك ده‌بینین كورد هه‌موو مافه‌كانی هه‌یه‌، مافی دیكه‌شی ویست بێ شه‌هید و شۆڕش و سه‌نگه‌ر وه‌ریان ده‌گرێت. تا ئه‌و رۆژه‌ دێت كه‌ بۆ مافی ره‌وا سه‌نگه‌رمان نه‌وێت، سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگایه‌تی ئاودان و... یادی هه‌ورامی زیندووه‌ له‌ ئه‌ندێشه‌ و له‌ دڵاندا.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure