هەواڵ

-

گرفتەکانی‌ په‌روه‌رده‌ ‌

د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان عومه‌ر‌
9/3/2014 3:36:07 AM 533 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

جینۆسایدی ئێزیدییەكان لەمێژوودا
ئێزیدییەكان بەشێكی دانەبڕاو و دانەپچڕاون لەنەتەوەی كورد، مێژووی ئەوان مێژووی كوردەو ئایینی ئەوان ئایینی كۆنی كوردەو سەرباری ئەو فشارە زۆرەی بەدرێژایی مێژوو لەسەریان بووە دەستبەرداری نەبوون. ئەوان بەدرێژایی مێژوو لەلایەن داگیركەرانەوە رووبەڕووی زوڵم و زۆر‌و چەوسانەوە بوونەتەوە، خاكیان داگیر كراوەو راوەدوونراون‌و قەتل‌و عام كراون، هەر لەسەردەمی پێش هاتنی ئاینی ئیسلامەوە تا دەگات بە لەشكری عەرەبی ئیسلامی‌و سوڵتان‌و خەلیفەكانی عوسمانی‌و ئێرانی‌و تا لەسەردەمی هاوچەرخیشدا لەلایەن دەوڵەت و رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عیراقی‌و سوری‌و توركی‌و ئێرانییەوە درێغی نەكراوە لەدەربەدەركردنیان. چ جای هەندێك جار لەلایەن هەندێك میری كوردیشەوە بەناوی ئاینەوە هێرشكراوەتە سەریان‌و پەلامار دراون. هەرچەند ساڵ جارێك ئەم مێژووەیان دووبارەبۆتەوە، تائێستا حەفتاو سێ‌ فەرمانی لەنێوبردنیان دەرچووە، بەڵام ئێزدیانی سەركەش خۆیان راگرتووە، سەرباری كۆمەڵكوژییان‌و خەمساردی سەركردایەتی كورد لەئاستی پرسەكەیان ئەوان هەروەك چۆن كورد بوون هەروا بەكوردی ماونەتەوە.
ئەم پڕۆسەیەش كە لەم دواییانە لەشنگال ئەنجامدرا، تا بڵێی كارێكی نامرۆڤانە بوو، وێنەی لەمێژوودا كەمە، دوور لەهەر پێوەرێك پڕۆسەیەك بوو بۆ سەر خەڵكی مەدەنی‌و بەسەدان هەزار ژن‌و منداڵ ئاوارە بوون. پیاوەكان كوژران، ژنان بەتاڵان بران، مناڵ‌و پیر لەبرسان‌و لەڕێگەكاندا مردن، ئەوەتا شایەتحاڵێكی دەربازبووی ئێزدییەكان ئاماژە بەوە دەكات و دەڵێت: «ئێمە 200 كەس بووین زیاتر لە 20 كەسمان لێمردن‌و سەگ تەرمەكانی دەخوارد». دەربازبوویەكی تری شنگال دەڵێت: «سێ كچی ئێزدی دەستدرێژییان كرابۆسەر، خەریك بوو شێت ببن، داوایان دەكرد بیانكوژین، بەڵام نەمانكوشتن، بۆیە خۆیان لەسەر چیاكەوە فڕێدایە خوارەوە».
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی كاروباری ئێزدییان لەوەزارەتی ئەوقاف زیاتر لە 2000 كچ و ژنی ئێزدی لەلایەن داعشەوە براون‌و زیندانی كراون‌و فرۆشراون. ژمارەیەكی زۆری ژن‌و منداڵ لەئێزدییەكانی شنگالدا دیار نین‌و بێسەرو شوێنن. لەشنگالدا ماڵ‌و حاڵیان وێرانكرا‌و سامانیان بەتاڵان برا، خشڵ‌و ئاڵتونی دەست و پەنجەی ژنەكان بەزۆر لێكرانەوەو تاڵانكران.
ئەركی پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێم و سەرجەم دامودەزگا فەرمی‌و پەیوەندیدارەكان‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی‌و ئەركی سەرشانی هەموو تاكێكی كوردییە كە بەدەنگیانەوە بچێت و كار لەسەر ئەو كەیسە بكرێت و هاوكاری‌و یارمەتی پێشكەش بەئاوارەكان بكرێت و فریای خەڵكی زوڵملێكراویی شنگال بكەون.
راستە زۆربەی شارو شارۆچكەو گوندەكانی كوردستان بەر شاڵاوی دڕندانەی رژێمە یەك لەدوای یەكەكان كەوتوون، بەڵام هیچ شار‌و دەڤەرێك، هێندەی شنگال نەڕەتێنراوەو هێندەی شنگالیان هیلاك نەكراوە، هێندەی ئێزدییەكان مەترسیان لەسەر نەبووە. هیچ شوێنێكی ئەم كوردستانە بەقەد شنگال خەڵكەكەی هەژار نەدار‌و قوڕبەسەر نەبوون. بەڵام سەرباری ئەو بارودۆخە سەختەی ژیانیشیان، كە ناوچەكانیان كەمترین مەرجی ژیانی تێدا بووە، ئینجا لەگەڵ ئەوەشدا رازی بوون بە بەشی خۆیان، بەو مەرجەی تەنها بەكوردی بمێننەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، نە داگیركەران‌و تیرۆریستان وازیان لێهێناون‌و نە دەسەڵاتە كوردییەكەی خۆشمان وەك پێویست بەدەنگیانەوە چوون. خۆ ئەوان داوای هیچیان نەكردبوو، تەنیا خوازیاری پارێزگاری بوون. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناوچەكەیان كەوتە دەست لەشكری تیرۆریستانی داعش كە هیچ مەرجێكی مرۆڤایەتیان تێدا بەدی ناكرێت، لەئەنجامدا ژنەكانیان بەتاڵان برد‌و پیاوەكانیان گوللە باران كرد‌و مەزار‌و شوێنە پیرۆزەكانیان تەقاندەوەو خاپوركرد، ژیانی سەدان هەزار كوردی ئێزدییان دایە دەست قەدەرێكی نادیارەوە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا یەكەم شت كە بیری لێبكرێتەوە یەكڕیزی كوردە، فرمێسك و هەناسەی تاساو و شەكەتی‌و برسێتی‌و دەربەدەری‌و ماڵوێرانی‌و ئەتك و ئازاری خوشك و برایانی ئێزدییمان داوامان لێ دەكات، كە یەكڕیزبین، یەك گوتاربین، یەك هەڵوێست بین، هەموومان لەدەوری ئاڵای كوردستاندا كۆبینەوە لەپێناوی رزگاری ناوچە داگیركراوەكان‌و خۆشگوزەرانیی دانیشتوانەكەی.
لەكۆتاییدا ئەوەی پێویستە بكرێت، ئەو هەموو ئازارو ئەشكەنجەو كۆمەڵكوژییەی بەسەر خوشك و برا ئێزدییەكانماندا هاتووە لەمێژوودا، بخرێتە پڕۆگرامەكانی خوێندنەوەو وەك بابەتێكی بەجینۆسایدناساندن تا هەتا هەتایە منداڵانمان ئاشنای مێژووی ئەو كوردە مەرد‌و سەر بڵندانەبن كە لەپێناوی مانەوەیان بەكوردێتی سەریان بۆ هیچ داگیركەر‌و دەستەو تاقمێك دانەنواندووە.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure