هەواڵ

-

لۆریل‌و هاردی ‌

د. شێرکۆ عەبدوڵا
9/22/2014 3:07:45 AM 509 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

گاپه‌رست‌و ره‌ش‌و رووتین عه‌ینه‌ن هیندی
كه‌چی‌ مه‌سئولێكمان نه‌دی وه‌ك غاندی بێ
حوكمه‌ ئه‌بێ بچیت به‌ته‌نكه‌ر ئاو بكڕیت
با ماڵیشت له‌ئۆقیانووسی‌ هادی بێ
چاكسازییمان دروشمێكه‌ بۆ چاووڕاو
هه‌تا علوج له‌جێی‌ پیاوی بیلادیی بێ
له‌م هه‌رێمه‌ كێشه‌ی مووچه‌ هه‌ر ئه‌مێنێ
صه‌دری ئه‌عزه‌م نوری یاخود عه‌بادی بێ
زه‌بری شمشێر قه‌ت شه‌ریعه‌ت ناپارێزێ
جه‌نابیشی‌ له‌مه‌لهاو باڕو نادی بێ
ئه‌م كاروانه‌ چۆن ئه‌گاته‌ هیواو مه‌به‌ست
سه‌رقافڵه‌چی‌ شێتی ده‌ستكه‌وتی مادی بێ
ئه‌نفالی كورد هه‌ر ئه‌نفالی یه‌كه‌مجاره‌
ئه‌بوبه‌كر گه‌رچی‌ ئه‌مڕۆ به‌غدادی بێ
شه‌عبێك داوای ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ئه‌كات
هه‌ر تاكێكی بیسمارك‌و گاریباڵدی بێ
كۆمیدیایه‌كی زۆر خۆشه‌ سیاسه‌تمان
له‌وه‌ ئه‌چێ فیلمی لۆریل‌و هاردی بێ

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure