هەواڵ

-

رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی ئەمریكاو كوردو عیراق

مایكل نایتس
9/23/2014 3:54:59 AM 546 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

یەكەمین هەنگاوی تێكشكاندنی دەوڵەتی ئیسلامی «داعش» لەدامەزراندنی بنكەیەكی ئۆپه‌راسیۆنی سەربازی لەكوردستانی عیراق دەست پێدەكات، كوردستان پێگەیەكی نموونەییە وەك خاڵی دەستپێكردنی هەوڵە هاوبەشەكان دژ بەجیهادیەكان.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بووەتە ئامانجی ئەو رێكخراوە، گوایە دوژمنێكی سەربازیی‌و بنكەیەكە بۆ شكستەكانی جیهادییەكان لەمانگی ئاب دا. ئەوەش وایكردووە لەناوبردن‌و تێكشكاندنی ئەو دەوڵەتە ئیسلامییە ئامانجی سەرەكی بێت.
ئەمریكا دەتوانێت رۆڵێكی یەكلاكەرەوە ببینێت لەڕێكخستنی رێككەوتنێك كە ببێتە هۆی پارێزگاری كردن لەو هاوپەیمانێتییەی كە لەعیراق دروستكراوە بۆ نەهێشتنی داعش‌و بەشداری چالاكانەی كورد لەوجەنگەدا، پێویستە واشنتۆن رێگە بگرێت لەگەڕانەوەی دانوستانەكانی نێوان بەغداو هەرێم كەتەنها بۆ باسكردنی هەڵەكانی یەكتر بێت .
رۆڵی كورد لەشكاندنی داعشدا
هەوڵی كۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ شكست پێهێنانی داعش لەهەرێمی كوردستانەوە دەستی پێكرد، كە بووە بنكەیەك بۆ دوو سەركەوتنی گەورە لەمانگی ئابی رابردوودا لەبەنداوی موسڵ‌و شارۆچكەی ئامرلی. هێزەكانی پێشمەرگە كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی 175 هەزار كەس بەخێرایی لەهێرشە لەناكاوەكەی داعش خۆی كۆكردەوە بۆ كارئاسانی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا‌و هێزەكانی عیراق.
هەوڵەكانی لەناوبردنی داعش پێویستی بەكاتی زیاترەو خەرجی زیاتر پێویست دەبێت ئه‌گەر هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی تێدا نەبێت، چونكە لەوێوە بەئاسانی دەتوانرێت راستەوخۆ بگەیتە هێڵی پێشەوەی رێكخراوەكە لەباكووری عیراق.
هەرێمی كوردستان فاكتەرێكی زیندووە بۆ بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا لەبەر چەندین هۆكار لەوانە دەتوانێت رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی بازارە جیهانییەكان بكات. كەواتە پاش ئەوەی داعش رێگەی گرت لەهەناردەكردنی نەوت لەباكووری عیراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت رۆژانە120 هەزار بەرمیل رەوانەی دەرەوە بكات، كە حكومەتی ئیتیحادی رێگەی هەناردەكردنی نییە، لەوەش گرنگتر پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا‌و حكومەتی هەرێمی كوردستانه‌ که‌ دەتوانێت ئەلتەرناتیڤێكی جێگرەوە پێشكەش بەئەمریكا بكات‌و سەرچاوەیەك بێت بۆ فشار خستنە سەر بەغدا ئه‌گەر سەرۆك وەزیرانی عیراق پابەند نەبێت بەجێبەجێكدرنی بەڵێنەكانییەوە.
پێشبینیەكانی كورد
لەبەر ئەوەی بودجەی ساڵی 2014 پەسەند نەكرا، دەوڵەت سیستمی 1/12 جێبەجێدەكات، واتە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و پارێزگاكان بری یەك لەسەر دوازدە بوودجەی 2013 وەرگرن لەهەر مانگێكدا، بەڵام بەهۆی كێشەكانی نێوان هەولێر‌و بەغدا لەسەر نەوت، هەولێر بودجەی كەمتر لەدوو مانگی وەرگرت، لەبەر ئەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت بری 8,5 ملیار دۆلار لەبەغدا وەرگرێته‌وه‌.
هاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگە
حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لەكۆمەڵی نێودەوڵەتی بەشێوەیەكی سەربەخۆ‌و جیا لەوەزارەتی بەرگری عیراق دەكات چەك بدەنە هێزەكانی پێشمەرگەو مەشق‌و راهێنان بەهێزەكانی پێشمەرگە بكەن.
بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان حكومەتی فیدرالی مافی ئەوەی هەیە ئەو بارە چەكانە بپشكنێت كە رەوانە هێزەكانی پێشمەرگە دەكرێن، ئەو وڵاتانەش داوا دەكەن بزانن كێ بەكاری دهێنێت. بەغدا سوورە لەسەر ئەوەی رێگە بگرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی چەكی پێشكەوتووی دژە تانك‌و دژە ئاسمانی، گوایە بەدەستهێنانی ئەو چەكانە بەكارهێنانە دژی حكومەتی ئیتیحادی نەك هێزەكانی داعش، كورد داوا دەكات حكومەتی ئیتیحادی بودجەی پێشمەرگە خەرج بكات‌و مەشق‌و راهێنانیان پێبكات. عەبادی پشتیوانی بیرۆكەی پرچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات وەك بەشێك لەهێزی پاسەوانی نیشتمانی.
سەبارەت بە نەوت حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا دەكات رێگەی پێبدرێت راستەوخۆ نەوت بفرۆشێت‌و ڕەوانەی بازاڕەكانی جیهانی بكات، لەچوارچێوەی رێككەوتن لەگەڵ بەغدادا، واتە راستەوخۆ زۆربەی داهاتەكانی نەوت رەوانەی هەولێر بكرێت، عەبادی رایگەیاند چوارچێوەی كۆتایی ئەو رێككەوتنە شەش مانگ دەخایه‌نێت ئەوەش دەبێتە مایەی دواكەوتنی پەسەند كردنی بودجەی 2015، ئەوەش وادەكات نەوتی كورد‌و نەوتی كەركوك ماوەیەكی زۆر دوور بێت لەبازاڕەوە. هەروەك كورد خوازیارە مادەی 140 لەماوەی دووساڵدا چارەسەر بكرێت، لەڕێگەی ناردنەوەی عەرەبە هاوردەكان‌و ئەنجامدانی سەرژمێری‌و پاشان راپرسی لەپێناو گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان.
پێویستە بوترێت عەبادی دانوستانكارێكی ئاسان نییە، بەڵام ئەوە شتێكی خراپ نییە، ئەو سووربوونەی یارمەتیدەری بوو حكومەت لەو رەوشە ئاڵۆزەدا پێكبهێنێت، ژمارەی ئەندامانی حكومەت كەمبكاتەوە بەرگەی فشارەكان بگرێت‌و بتوانێت كەسانی وەك حسێن شه‌هرستانی‌و هادی عامری لەوەزارەت سەرەكییەكانە دابمەزرێنێت، مانای وایە ئەو سووربوونە یارمەتی عەبادی دەدات لەگەڵ كوردا رێكبكەوێت‌و دەنگدەرە عەرەبەكانی قایل بكات‌و جێگەی رێزیان بێت، ئەوەش پێچەوانەی مالكییە كە بەڵێنی زۆری دەداو جێبەجێی نەدەكرد. لەگەڵ ئەوەشدا كارێكی باشی بەرامبەر كورد كرد وەك نیشانەی نیازپاكی خۆی كاتێك رۆژ نوری شاوه‌یسی وەك وەزیری دارایی دامەزراند‌و حسێن شه‌هرستانی گۆری بە عادل عەبدولمەهدی بۆ وەزیری نەوت كە كەسایەتییه‌كی نزیكە لەكوردەوە كە ئێستا بۆتە بەرپرسی یەكەمی كاروباری نەوت.
ئەو تیمە ئێستا پێویستی بەهاندان‌و پشتیوانی كوردە كەماوەی چەندین مانگە بێبەش كراون لەبودجە، هاوكات پێویستە ئەمریكا دەسەڵاتی خۆی بەكار بهێنێت بۆمامەڵەكردن لەتەك عەبادیدا بەمەبەستی هاندانی عەبادی بۆ پێشكەشكردنی پشتیوانی دارایی بە كورد، لەگەڵ چاودێری كردنی ئەو رێوشوێنانەی لەسەری رێككەوتون، هەروەك پێویستە واشنتۆن هانی عەبادی بدات بۆ بایەخدان بەپێداویستییە دیپلۆماسییەكان بۆ هاوپەیمانانی جەنگ، واتە پەیوەندی نێوان بەغداو هەولێر پێویستە سەركردەكانی كورد بۆ دەنگدەرانیان روونبكەنەوە كەمانەوەیان لەچوارچێوەی عیراقدا سوودی بەرجەستەی دەبێت، هاوكات پێویستە واشنتۆن لەچەند هەفتەی داهاتوودا داوا لەبەغدا بكات نەك بەتەنها بوودجەی مانگی ئەیلول رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵكو سلفەكانی دیكەی بەشە بودجەی كورد خەرج بكات كە ملیار دۆلارە، كە بەشە بوودجەی مانگەكانی رابردووە، پێویستە وەك دەستپێشخەری بێت بەبێ كۆت‌و بەند نەك وەك سلفەی بەشە داهاتی كورد كە لەئایندەدا كورد پێشكەش بە بەغدا بكات.
پێویستە سەركردایەتی ناوەندیی ئەمریكا لەنزیكترین ماوەدا پسپۆڕانی سەربازی‌و یارمەتی سەربازی پێشكەش بەهەرێمی كوردستان بكات، وەك چەكی سووكی دژه‌ تانك. لەكاتێكدا كە واشنتۆن فشار دەخاتە سەر وەزارەتی بەرگری عیراق بۆ پشتیوانی كردنی ئەو هەوڵانە. بەر لەكۆتایی ئەمساڵ پێویستە واشنتۆن هانی بەغدا بدات بۆ تەواوكردنی كۆمەڵێك دەستكەوتی گرنگ لەسەر ئاستی داهاتی نەوت‌و بودجەی پێشمەرگە، بەوەش بوودجەی 2015 دەبێتە چوارچێوەی سروشتی جێبەجێكردنی ئەو داواكاریانە. پێویستە ئەمریكا تا سەرەتای ساڵی نوێ بەرنامەیەكی بەرچاو دابنێت بۆ مەشقپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگەو ئامادەكردنیان. هەروەك پێویستە هاوكارییەكانی ئەمریكا لەڕێگەی وەزارەتی پێشمەرگەوە رەوانە بكرێن لەپێناو بەهێزكردنی ئەو دامەزراوەیەو سووككردنی هەژموونی حزبە سیاسیەكان بەسەر یەكە ئیداریەكانەوە.
لەساڵی 2015 ئەمریكا دەتوانێت بەچەندین رێگە پشتیوانی لەدەركردنی یاسای دابەشكردنی داهاتەكان بكات، بەوەش نەخشەی تایبەت بەحكومەتی هەرێمی كوردستان‌و پارێزگاكانی عیراق دیاری دەكرێن. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت ئەمریكا پەلە بكات پڕۆگرامەكەی بۆ فێركردنی سیاسیە عیراقیەكان لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی پڕۆسەی دابەشكردنی داهاتەكان بەشێوەی داهاتی هایدرۆكاربۆنی كە لەسەرتاسەری جیهاندا پەیرەو دەكرێت.
پەیمانگەی واشنتۆن بۆ سیاسەتەكانی خۆرهەڵاتی دوور

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure