هەواڵ

-

ده‌رفه‌تی یه‌کسان ‌

ئاوات ئه‌حمه‌د سوڵتان‌
10/21/2014 3:25:15 AM 435 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ده‌رفه‌تی یه‌کسان بنه‌مایه‌کی زۆر گرنگی یه‌کسانییه‌و به‌هاکه‌ی له‌ بواری یه‌کسان زۆر زیاتره‌ (گۆشه‌ی رابردوو باسمان کرد). وه‌ک له‌ ده‌سته‌واژه‌که‌وه‌ دیاره‌، ده‌رفه‌تی یه‌کسان مانای ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو تاکه‌کان وه‌ک یه‌ک مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت‌و هیچ جۆره‌ رێگریی‌و قۆرت‌و ته‌گه‌ره‌یه‌ک نه‌خرێته‌ رێگایان بۆ سودوه‌رگرتن له‌و ده‌رفه‌تانه‌ی بۆیان ده‌ڕه‌خسێت تا لێیانه‌وه‌ خۆیان بسه‌لمێنن، واته‌ کێبڕکێ بکه‌ن بۆ وه‌ئه‌ستۆگرتنی ئه‌و ئه‌رک‌و پۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ خواست‌و تواناکانیاندا ده‌گونجێن، بی هیچ جۆره‌ جیاکارییه‌کی پاساونه‌دراو.
ئامانجی سه‌ره‌کییش لێره‌دا بریتییه‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌بێت پۆسته‌ گرنگه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا، ئه‌وانه‌ی کاریگه‌ریی راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و پێکه‌وه‌ژیانی تاکه‌کان هه‌یه‌، راده‌ستی که‌سانی شیاوی به‌توانا بکرێت، که‌ ده‌توانن به‌شاره‌زایی‌و پسپۆڕیی خۆیان به‌ڕێوه‌یان ببه‌ن؛ به‌واتایه‌کی تر، ره‌چاوی پاساوی لاوه‌کی‌و هۆی دوور نه‌کریت‌و جیاوازییه‌ ئاینی‌و ره‌گه‌زییه‌کان‌و په‌یوه‌ندییه‌کانی خزمایه‌تی‌و خوێن‌و هاوبه‌رژه‌وه‌ندیبوون، نه‌کرێنه‌ بیانووی ده‌ستنیشانکردنی کاندیدی ئه‌و پۆستانه‌.
پێویسته‌ ده‌رفه‌ته‌کانی پێشکه‌وتن‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ ئاوه‌ڵا بێت که‌ ئاره‌زووی ده‌که‌ن، واته‌ هه‌لی یه‌کسان‌و ئازادو دوور له‌هه‌موو فشارێکی ناپێویست بۆ کێبڕکێکردن بۆ هه‌مووان فه‌راهه‌م بکرێت، چونکه‌ ئازادی‌و یه‌کسانی گه‌رچی دوو چه‌مکی جیاوازن، به‌ڵام زۆر پشتیوانی یه‌کتریین، یه‌که‌میان ماهییه‌تی مرۆڤ ده‌ستنیشدان ده‌کات‌و دووهه‌میشیان مه‌رجه‌کانی بوونی له‌ناو چوارچێوه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابوری‌و که‌لتوری‌و سیاسییه‌کاندا فه‌راهه‌م ده‌کات. به‌گوزارشتێکی گشتی، یه‌کسانی له‌سه‌ر بناغه‌ی ئازادیی بیناده‌کرێت‌، چونکه‌ مرۆڤه‌ کۆیله‌کان ته‌نانه‌ت له‌کۆیله‌یه‌تیشدا یه‌کسان نین.
بۆیه‌ هه‌رکاتێک باس له‌ ده‌رفه‌تی یه‌کسان ده‌که‌ین، مه‌به‌ستمان له‌ بوونی دامه‌زراوه‌یه‌کی سیاسییه‌ که‌تێیدا تاکه‌که‌سه‌کان ئازادییه‌کی زامنکراویان هه‌یه‌و به‌کاریده‌هێنن له‌ سه‌رجه‌می کێبڕکێ‌و پێشبڕکێکانی خۆسه‌لماندن‌و خۆدروستکردندا. ئازادیی مرۆڤه‌کان پێویستییه‌کی ئه‌نتۆلۆژییه‌، به‌حوکمی ئه‌وه‌ی له‌ مرۆڤبووندا یه‌کسانن‌و ئه‌وه‌ش ده‌یانکاته‌ مافی هاوڵاتیبوون به‌یه‌کسانی.
دوای ئه‌وه‌ی خوازیارانی کارو پۆسته‌کان به‌ئازادی‌و یه‌کسانی دێنه‌ پێشه‌وه‌ بۆ کێبڕکێکردن، پێویسته‌ له‌سه‌ر خاوه‌نی کار (له‌که‌رتی گشتی یان تایبه‌تدا بێت) ئه‌وانه‌یان بۆ پۆسته‌که‌ هه‌ڵببژێرێت که‌ له‌هه‌موویان شایسته‌ترو لێوه‌شاوه‌ترن (له‌م به‌شه‌ی جیهاندا، پرۆسه‌یه‌کی رووکه‌شی بۆ نمایشکردنی ده‌رفه‌تی یه‌کسان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت‌و بوار ده‌درێت هه‌مووان له‌کێبڕکێدا به‌شدار ببن، به‌ڵام پێشوه‌خت کاندیدی پۆسته‌که‌ ده‌ستنیشانکراوه‌.. ئه‌م کاره‌ نه‌ک هه‌ر فه‌راهه‌منه‌کردنی ده‌رفه‌تی یه‌کسانه‌، به‌ڵکو سوکایه‌تیکردن‌و پێشێلکردنی یاساشه‌)؛ بۆ خۆبواردن له‌ڕوودانی ئه‌مه‌، ده‌بێت خاوه‌نی کار ناچاربێت دوو شت بکات: یه‌که‌میان، داوانه‌کردنی هیچ جۆره‌ خاسییه‌ت‌و به‌هره‌یه‌ک له‌ کێبڕکێکه‌ران که‌ په‌یوه‌ندیی به‌ جۆری کاره‌که‌وه‌ نیه‌و بۆ ڕاپه‌ڕاندنی پێویست نین‌؛ دووهه‌میشان، چه‌ند هۆیه‌کی ماقووڵ‌و په‌یوه‌ندیدار به‌ جۆری کاره‌که‌وه‌ بخاته‌ ڕوو تا بیسه‌لمێنێت هیچ جیاکارییه‌ک نه‌کراوه‌و پۆسته‌کان به‌که‌سانی شاره‌زاو پسپۆڕ پڕکراونه‌ته‌وه‌.
پاشانیش پێویسته‌ له‌شوێنی کاردا مامه‌ڵه‌ی یه‌کسان له‌گه‌ڵ هه‌مووان بکرێت، خاوه‌ن کار بۆی نه‌بێت جیاوازیی له‌نێوانیاندا بکات، به‌تایبه‌تی له‌ پرسه‌کانی بڕیاردان‌و دابه‌شکردنی ئه‌رکه‌کان‌و فه‌راهه‌مکردنی ده‌رفه‌ته‌کانی پێشکه‌وتن‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌کانیان، یاخود له‌کاتی ته‌واوبوون‌و کۆتاییهاتنی کاره‌که‌دا.
له‌سه‌رجه‌م ئه‌و وڵاتانه‌دا که‌ سیستمه‌کانیان سوسیال دیموکراته‌، جیاکارییکردن له‌هه‌ر قۆناغێک له‌م قۆناغانه‌دا به‌ تاوان داده‌نرێت‌و لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی به‌دوادا دێت.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure