هەواڵ

-

ستراتیجیی ‌

د.شیركۆ عبدالله‌‌
10/21/2014 3:41:00 AM 449 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

سیاسییه‌كانمان، خوا ده‌ست به‌باڵه‌كانیانه‌وه‌ بگرێ، وه‌ك چۆن هه‌موو شتێكیان له‌به‌رچاو خستین، ئاواش هاتن‌و ئه‌وه‌نده‌ به‌هه‌ق‌و به‌ناهه‌ق وشه‌ی ستراتیجیان تیكرار كرده‌وه‌ هه‌تا بۆیان سوك‌و چروك كردین. گیرفانی هه‌ر په‌رله‌مانتارێك بگه‌ڕێی‌، ئیفادێك‌و شه‌ش خاڵی‌ ستراتیجیی تیایه‌. وه‌زیرمان نییه‌ حه‌فته‌ی جارێك قردێله‌ی پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیجیی نه‌بڕێت. پاقله‌فرۆش گله‌یی ئه‌وه‌ له‌كابرای شاره‌وانی ئه‌كات ناهێڵێ عه‌ره‌بانه‌كه‌ی له‌شوێنێكی ستراتیجییا دابنێ. دایك عه‌سر ته‌له‌فون بۆ ماڵی‌ زاواكه‌ی ئه‌كا ئه‌ڵێ ئێواره‌ وه‌رن بۆ ماڵی‌ خۆمان فاسۆلیایه‌یكی ستراتیجیم لێ‌ ناوه‌. ئه‌گه‌ر سێ‌ رۆژ له‌وه‌وپێش ته‌نسیقت له‌گه‌ڵ شاگرده‌كه‌دا نه‌كردبێ، موسته‌حیله‌ مێزه‌ ستراتیجیه‌كه‌ی فڵانه‌ نادیتان ده‌ستبكه‌وێ. له‌ده‌عوه‌تدا شه‌ڕی گه‌وره‌ له‌سه‌ر سنگی كه‌ڵه‌شێره‌ داماوه‌كه‌یه‌، ئه‌ڵێن ئه‌وه‌ شوێنه‌ ستراتیجییه‌كه‌یه‌تی. ژن كه‌ بیه‌وێ عه‌زێتی مێرده‌كه‌ی بدات ئه‌چێ هه‌وێی ته‌قاویتی‌و حه‌بی (ڤیاگرا)كه‌ی لێ‌ ئه‌شارێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی زه‌برێكی ستراتیجیی لێ‌ بوه‌شێنێت. ئه‌و ئه‌ردۆغانه‌ ته‌كتیكبازه‌ش، كه‌ ئێمه‌ به‌دۆستێكی ستراتیجیمان ئه‌زانی، ئه‌لعان خه‌ریكه‌ كوردستانی خۆرئاوا به‌ئابڵوقه‌ی سه‌ربازی ئه‌كوژێ. له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ر زوو له‌پلانێكی ستراتیجیدا كۆمه‌كمان بۆ ئاماده‌ كردن‌و كۆمه‌كه‌كه‌ش ستراتیجییه‌و ئه‌ڵێن عیباره‌ته‌ له‌حه‌ڤده‌ ترێله‌ چیپس‌و بنێشتی بۆبی.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure