هەواڵ

-

به‌رشه‌كه‌ی ئێمه‌ ‌

د.شیركۆ عبدالله‌‌
11/4/2014 2:49:05 AM 490 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

وابزانم ئێمه‌ له‌و وه‌خته‌وه‌ سه‌روساختیمان له‌گه‌ڵ فتبۆڵێندا په‌یدا كردووه‌ كه‌ مێجه‌رسۆن كه‌وته‌ پاشقولگرتن له‌شێخ مه‌حمودو ده‌سته‌ودایه‌ره‌كه‌ی. دیاره‌ ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر به‌ته‌زبیح حسابی بكه‌یت ماوه‌یه‌كی زۆره‌، كه‌چی‌ تا ئێستا تیپێكی وامان نییه‌ پیاو تاقه‌تی هه‌بێ به‌ده‌م گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ خواردنه‌وه‌ ته‌ماشای یارییه‌كانی بكات‌و لۆگۆكه‌ی هه‌ڵبواسێ‌ به‌كلكی جامانه‌كه‌یدا.
ته‌بیعی ئه‌م جۆره‌ نه‌بوونییه‌ش، كه‌موكوڕییه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ هه‌ق نییه‌ به‌خه‌یاڵی‌ هیچ شوێنێكماندابێت، چونكێكم له‌جیاتی ئه‌وه‌ شوكور ئه‌نواع‌و ئه‌شكاڵ یاریزانی سیاسی‌‌و راهێنه‌ری ستراتیجبازمان هه‌یه‌. ده‌مم لێ‌ دامه‌چه‌قێنه‌ به‌قوربان زۆرمان هه‌یه‌و ئه‌توانین یانه‌یه‌كیان لێ‌ دروست بكه‌ین به‌قه‌د ئه‌وه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ موهیم بێ. به‌ڵام:
1. گۆڵچییه‌كه‌ جاربه‌جار له‌خۆیه‌وه‌ خیش ئه‌كات‌و گۆڵه‌كه‌ به‌جێ ئه‌هێڵێ‌و ئه‌چێ له‌ولاوه‌ ده‌ست ئه‌كات به‌جگه‌ره‌ خواردن.
2. ئه‌وه‌ی به‌حساب شازی به‌رگرییه‌و ناهێڵێ قوش تۆپ بگه‌یه‌نێته‌ ناوچه‌ی په‌نارتی، له‌پڕ سه‌نگه‌ر ئه‌گوێزێته‌وه‌و فڵق له‌ده‌ققه‌ی هه‌شتاو حه‌وتدا گۆڵ له‌خۆمان ئه‌كات.
3. كابرا ئه‌هێنیت ئه‌ڵێی‌ به‌قوربان تۆ كه‌سێكی میانه‌ڕه‌ویت‌و چه‌پ‌و راست‌و خوارو ژوورت پێ‌ موهیم نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ فه‌رموو له‌ (وه‌سه‌ط)دا یاری بكه‌. كه‌چی‌ كاتێ به‌خۆت ئه‌زانی چۆته‌ ئۆفسایده‌وه‌.
4. له‌سه‌ر سیقه‌و مه‌علوماتی ده‌زگاكان فڵان ئه‌هێنی ئه‌یكه‌ی به‌هجومی لای راست، كه‌چی‌ له‌یه‌كه‌م هجوما بۆمان ده‌رئه‌كه‌وێ جه‌نابی ناموباره‌كی چه‌پله‌ره‌و به‌كه‌ڵكی ئه‌و شوێنه‌ نایه‌ت.
5. راهێنه‌ریش به‌حساب زەلامێكی پڕۆفیشناڵه‌و نه‌خشه‌ی وای‌ لایه‌ باوكی (مۆرینۆ)ش ئه‌قڵی پێی‌ نه‌شكاوه‌، كه‌چی‌ له‌ژێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ راهێنه‌ره‌كه‌ی ئه‌ولادا رێك ئه‌كه‌وێ ئه‌ڵێ به‌ته‌عادولیش رازیم.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure