هەواڵ

-

ئه‌ده‌بیاتی مام ‌

مام جەلال
12/23/2014 7:23:34 PM 545 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

له‌م گۆشه‌یه‌دا پوخته‌ی نووسراو یان وتارێكی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ڕێنوێنه‌ بۆ هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی و تێكۆشه‌رانی كوردایه‌تی و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و شۆڕشی نوێیه‌ به‌گوێره‌ی قۆناغه‌كانی خه‌بات و پێداویستییه‌كانی ئه‌مڕۆ.

شێوەیەکی نوێی رێکخستنەوەی کوردایەتی
دامه‌زراندنی ی.ن.ك به‌دیهێنانی ئه‌ركی مێژوویی رێكخستنه‌وه‌ی كوردایه‌تی و هێزه‌كانی شۆڕشی رزگاری و دیموكراسی خه‌ڵكی كوردستان بوو له‌چوارچێوه‌ی یه‌كگرتنێكی نیشتمانی و دیموكراتی شۆڕشگێرانه‌ی ئه‌وتۆدا كه‌ زه‌مینه‌ خۆش بكات و ساز بدات بۆ پێكه‌وه‌ ژیان و هاوخه‌باتیی باڵه‌ پێشكه‌وتنخوازو شۆڕشگێڕه‌كانیان و پێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌بردنیان له‌ خه‌باتی جه‌ماهیری شۆڕشگێڕانه‌دا بۆ به‌دیهێنانی پێشڕه‌وی كوردستانی راسته‌قینه‌ش كه‌ ده‌توانێ سه‌ركه‌وتووانه‌ رابه‌ری خه‌بات و شۆڕشی خه‌ڵكی كوردستان بكات به‌ره‌و به‌دیهێنانی هه‌موو ئامانجه‌ نیشتمانی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش-به‌هه‌موو گرنگی و ئه‌هه‌میه‌تی مه‌زنی خۆمانه‌وه‌، ی.ن.ك. شێوه‌یه‌كی نوێی رێكخستنه‌وه‌ی كوردایه‌تی و شۆڕش بوو، شێوه‌یه‌كی داهێنه‌رانه‌ی گونجاو بوو له‌گه‌ڵ ته‌بیعه‌تی هه‌ردووكیان و پێویستیه‌كانی سه‌ركه‌وتنی هه‌ردووكیان. هه‌ربۆیه‌ش دوای دامه‌زراندنی ی.ن.ك و كه‌وتنه‌گه‌ڕی تێكۆشه‌ره‌كانی و پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگوباس و په‌ره‌سه‌ندنی چالاكی خه‌باتگێڕه‌كانی هیوا و ئومێدێك له‌ دڵی دڵسۆزانی كورد و كوردستان گه‌ڕاو په‌یدا بۆوه‌. وه‌ سه‌باره‌ت به‌و راستیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ و به‌ڕاستی و دروستی و ره‌وایی دروشم و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌كانی ی.ن.ك و سه‌باره‌ت به‌داڕشتنی ستراتیژێكی راست بۆ كوردایه‌تی و شۆڕش كه‌ تێیدا زۆر به‌ چاكی و به‌ڕوونی و به‌ڕاستی، دوژمن و دۆست، هێزه‌كانی سه‌ره‌كی و پێشڕه‌و و ناحه‌ز، ئامانجی سه‌ره‌كی و لاوه‌كی ناكۆكیه‌كانی دوژمنان و ناو ریزه‌كانی گه‌ل، جۆری ریزكردن و رێكخستن و رابه‌ریكردنی چینه‌كان و توێژه‌كانی نیشتمانی كۆمه‌ڵی كوردستان دیاری و ده‌ستنیشان كرابوون، وه‌ سه‌باره‌ت به‌ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ی تایبه‌تی گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵایه‌تی و دۆزینه‌وه‌ی ژیرانه‌ی رێبازی گه‌شه‌كردنی كوردایه‌تی و هه‌لومه‌رجه‌ تایبه‌تیه‌كانی كوردستان و خاسیه‌ته‌ تایبه‌تیه‌كانی شۆڕش له‌كوردستانداو زانینی رێبازی راستی شۆڕشه‌كه‌، وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ژیرانه‌ و وه‌ستایانه‌، پێكه‌وه‌ گرێدانی خه‌باتی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له‌ شار و لادێ كه‌ چالاكی پێشمه‌رگانه‌ و تێكۆشانی ناو شار خزمه‌تی یه‌كتریان ده‌كرد و یارمه‌تی یه‌كتریان ده‌داو رای یه‌كتریان ته‌واو ده‌كرد. به‌ڵێ سه‌باره‌ت به‌و راستیانه‌ش، خێرا و هه‌ر زوو ی.ن.ك توانی شۆڕش هه‌ڵگیرسێنێته‌وه‌ و كوردایه‌تی جۆش بداته‌وه‌. ئینجا وره‌و فیداكاری و خۆبه‌خت كردنی سه‌ركرده‌ و كادر و ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌كانی به‌هاوكاریی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و به‌درێژه‌دان به‌ خه‌باتی جه‌ماهیری و شۆڕشگێڕانه‌، توانی شۆڕشه‌كه‌مان به‌م رۆژه‌ی ئێسته‌ی بگه‌یه‌نێت و ئه‌و هه‌موو ده‌ستكه‌وتانه‌و ئه‌و هه‌موو سه‌روه‌رییانه‌ی بۆ جه‌ماوه‌ر و گه‌ل و نیشتمان به‌ده‌ست بهێنێت: له‌و هه‌موو سه‌روه‌رییانه‌شدا پێش هه‌مووان ده‌بێ ده‌ورو ته‌ئسیری ئه‌و شه‌هیده‌ نه‌مرانه‌ له‌ بیر نه‌كه‌ین كه‌ به‌ به‌خشینی گیان و ژیانی خۆیان به‌ شۆڕش و به‌ ی.ن.ك كه‌ به‌فیداكاریی بێ وێنه‌ی خۆیان توانیان بڵێسه‌ی شۆڕشه‌كه‌مان بگه‌ێننه‌وه‌ سه‌ر لوتكه‌ سه‌ربه‌رزه‌كانی شاخ و چیاكانی كوردستانی خوێناوی.


(مام جەلال ئەرکەکانی خەبات لەهەلومەرجێکی دژواردا - 1987)
لەبڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای هۆشیاری‌و پێگەیاندنی 
کادیران ساڵی 2011 لاپەڕەکانی 12 - 15

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure