هەواڵ

-

بودجه‌ی 2015 ‌

د.شیركۆ عبدالله‌‌
12/25/2014 11:07:27 AM 558 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

دكتۆری سۆنه‌ر ئه‌ڵێ به‌ته‌مای ده‌وڵه‌تی كوردی مه‌بن به‌مزووانه‌ بڵێ ئنگا. كه‌واته‌ چی‌ بكه‌ین باشه‌؟ ئافه‌رم جل‌وبه‌رگه‌ عیراقچییه‌كه‌ی جاری جاران له‌كانتۆره‌كه‌ ده‌ربهێنین‌و له‌م راگوزه‌ره‌ دیموكراسییه‌ بێچه‌رداخه‌دا قسه‌ی خێر بۆ خاڵه‌ عه‌بادی بكه‌ین. موهیمترین قسه‌ی‌ خێریش چییه‌؟ ئه‌وه‌یه‌ فێری‌ بكه‌یت بودجه‌ی (2015) خه‌سار نه‌كات‌و ته‌رخانی بكات بۆ شته‌ زه‌روره‌كانی خاك‌ونه‌ته‌وه‌. بۆنموونه‌ كڕین‌و هاورده‌كردنی:
1. فاست: بۆ پاككردنه‌وه‌ی فایل‌و پاشه‌ڵی براده‌رانی فایلدار.
2. ئه‌نتی فرێز: بۆئه‌وه‌ی كه‌ به‌دیار خوتبه‌و ته‌حلیلی مه‌سئوله‌كانه‌وه‌ دانیشتین، مێشكمان نه‌یبه‌ستێ.
3. سلیكۆن: بۆ جوانكردنی وه‌زعه‌كه‌و پڕكردنه‌وه‌ی چرچ‌ولۆچی‌ ده‌م‌وچاوی هه‌ندێك كه‌سایه‌تی.
4. سه‌داده‌: ئه‌مه‌ زۆر پێویسته‌ بۆ قه‌پاتكردنی كونه‌ درۆكان. به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌موناسه‌باته‌كاندا ئیستۆپی چه‌ناگه‌یان ئه‌پچڕێت.
5. دۆمینه‌و كاغه‌زی قومار: له‌پێناوی سه‌رقاڵكردنی برایان‌و هه‌ڤاڵان‌و هاوڕێیانی سه‌ره‌وه‌.
6. چه‌سپی‌ دووقلو: له‌پێناوی پێكه‌وه‌ لكاندنی ته‌كه‌توله‌ جۆراوجۆره‌كان.
7. عه‌ترو بۆنبڕه‌: بۆئه‌وه‌ی براده‌رانی خواره‌وه‌ ته‌حه‌مولی ئه‌م وه‌زعه‌ بۆگه‌نه‌ بكه‌ن.
8. كه‌پر: بۆ دروستكردنی سێبه‌ر، چونكه‌ رێژه‌ی‌ حازرخۆره‌كان رۆژبه‌ڕۆژ زیاتر ئه‌بێ.
9. ڤیاگرا: بۆ هه‌ستاندنه‌وه‌ی مه‌عنه‌وییاتی شۆڕشگێڕییمان.
10. میحوه‌ر: نازانم له‌كوێ ئه‌یفرۆشن، به‌ڵام له‌بازاڕی‌ ره‌شیش بێ موشكیله‌ نییه‌، چونكه‌ حالییه‌ن مه‌سئولمان هه‌یه‌ بێ‌ میحوه‌رن.
11. ئایزوگام: بۆ رێگرتن له‌دزه‌كردنی زانیاری ناو كۆبوونه‌وه‌كان.
12. شه‌ن: چونكه‌ (كا)یه‌كی زۆر هه‌یه‌ پێویسته‌ به‌بای بكه‌ین.
13. ده‌نكه‌ كوله‌كه‌: بۆ ئه‌وانه‌ی كرمیان هه‌یه‌.
14. ترێله‌و دووته‌نی: بۆگواستنه‌وه‌ی سه‌نگه‌ر كه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆر ئه‌بێت له‌وانه‌یه‌ ئوتومبیله‌ بارهه‌ڵگره‌كانی خۆمان فریا نه‌كه‌ون.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure