هەواڵ

-

گوڵێكت خۆش ویست ‌

د.شیركۆ عبدالله‌‌
12/31/2014 10:49:18 AM 461 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

- یه‌كه‌م پرسیارمان به‌وه‌ ده‌ست پێ‌ ئه‌كه‌ین چۆن عیلاجی ئه‌م پاشاگه‌ردانییه‌ بكه‌ین؟.
+ ئه‌ی‌ داڕزێی‌ باشه‌.. به‌شه‌ره‌فم له‌به‌رخاتری ئیحتیرامی بینه‌ران نه‌بوایه‌ ئه‌مكردیت به‌سینه‌مای ئه‌م ته‌له‌فزیۆنه‌.
- بۆچی‌ قوربان؟.
+ ئه‌ی‌ ئه‌مه‌ قسه‌یه‌ تۆ ئه‌یكه‌ی؟! پاشاگه‌لدانی پاشاگه‌لدانیت لێ‌ گرتووینه‌ته‌وه‌؟.
- یه‌عنی خراپه‌ بڵێم پاشاگه‌ردانی؟.
+ به‌ڵێ خراپه‌و سه‌رت دای له‌به‌رد. ئه‌وه‌ به‌ئه‌نقه‌ست وا ئه‌ڵێی‌ زۆڵ.. ئه‌ته‌وێ بڵێی‌ سیستمه‌كه‌مان پاشایه‌تییه‌.
- نه‌ به‌گۆڕی‌ باوكم مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نه‌بوو. مادام وایه‌ هه‌ر ئه‌یگۆڕم.. ئحم ئحم.. یه‌كه‌م پرسیارمان به‌وه‌ ده‌ست پێ‌ ئه‌كه‌ین چۆن ئه‌م بێ‌ سه‌روبه‌رییه‌ نه‌هێڵین؟.
+ بێ‌ سه‌روبه‌ریی؟!.
- به‌ڵێ.
+ ئاخ ئه‌گه‌ر به‌رده‌م كامێرا نه‌ئه‌بوو ئائێستا شیڕ بۆم دائه‌دوریت.. هه‌تیو سه‌ر له‌كوێ‌و به‌ر له‌كوێ؟.
- قوربان گیان ئه‌وه‌ زاراوه‌یه‌.
+ غه‌ڵه‌ته‌.. سه‌ر دایم له‌سه‌ره‌وه‌یه‌و (به‌ر)یش هینه‌. ئیتر چۆن ئه‌خرێنه‌ ته‌نیشت یه‌كه‌وه‌؟ به‌ڵام ئێوه‌ كوردیزان نین‌و به‌زۆر سواری‌ سه‌ری‌ ئیعلامه‌كه‌ بوون.
- به‌ڕێزگیان بێ‌ سه‌روبه‌ری مه‌به‌ستم له‌فه‌وزایه‌.. چۆن ئه‌م فه‌وزایه‌ نه‌هێڵین؟.
+جا تو شه‌ره‌فت، تو ویژدانت ئه‌م وه‌زعه‌ فه‌وزایه‌؟.
- ئه‌ی‌ چییه‌ به‌گم؟.
+ گوڵه‌ گوڵ.
- باشه‌ چۆن ئه‌م گوڵه‌ وا لێ‌ بكه‌ین رازاوه‌تر بێت؟.
+ بۆچی‌ رازاوه‌تر بێت؟.
-چونكه‌ زۆر زۆرمان خۆش ئه‌وێ.
+ درۆ ئه‌كه‌ی خۆشت ناوێ.. ئه‌گه‌ر خۆشت بویستایه‌ به‌قسه‌ی‌ شاعیرت ئه‌كرد كه‌ ئه‌ڵێ.
گوڵێكت خۆش ویست نه‌كه‌ی بۆنی كه‌ی.
هه‌ر له‌دووره‌وه‌ تێر تێر سه‌یری كه‌ی.
بۆن‌و ده‌ست لێدان گوڵ ئه‌ژاكێنێ.
وه‌ك ته‌رزه‌ی به‌هار لاسك ئه‌شكێنێ.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure