هەواڵ

-

ده‌رمانی ده‌رده‌كانمان ‌

مام جەلال
1/17/2015 7:51:04 PM 875 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

هه‌ڤاڵانی تێكۆشه‌ر
هه‌روه‌ك له‌پێشه‌وه‌ عه‌رزم كردن له‌باریی هه‌لومه‌رجه‌كانی خه‌باتمان‌و ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتن‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی وه‌ده‌ستمان هێناون‌و شپرزه‌یی دوژمن‌و شڵۆقی وه‌زعه‌كه‌ی نابێت به‌ری چاومان بگرێت‌و نه‌هێڵێت هه‌ڵه‌و كه‌م‌وكورتی‌و ناته‌واوییه‌كانی ی.ن.ك‌و ه.پ.ك ببینین، نابێ مه‌ستمان كات‌و ئه‌ركه‌كانمان‌و خه‌باتی سه‌خت‌و دژوار له‌پێناویاندا له‌بیرمان به‌رێته‌وه‌. بۆیه‌ ده‌بێ دڵ‌و مێشكمان بۆ ره‌خنه‌و ئامۆژگارییه‌كانی خه‌ڵك‌و دۆسته‌كانمان بكه‌ینه‌وه‌و كه‌ڵكیان لێوه‌رگرین بۆ چاكردنی كارو رێكخستن‌و ره‌فتارمان.
به‌لای منه‌وه‌ ده‌رمانی سه‌ره‌كی زۆربه‌ی ده‌ردو كه‌موكورتییه‌كانیشمان پترو چاكتر چوونه‌ناو خه‌ڵك‌و زۆرتر رێكخستنیانه‌: جه‌ماوه‌ر كانگه‌ی هه‌موو هێزو وزه‌یه‌كمانه‌: سه‌رچاوه‌ی هێزه‌كانی شۆڕش‌و ی.ن.ك‌و ه.پ.ك-یشه‌. ئێمه‌ خه‌ڵك زۆر پشتیوانمانه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌ یه‌كی ئه‌و هه‌موو سه‌دان هه‌زار لایه‌نگرو پشتیوانه‌ی خۆمانمان رێكنه‌خستووه‌ له‌ناو ی.ن.ك-دا، هه‌رچه‌نده‌ له‌چاو زروفی ئیرهاب‌و نهێنی‌و كوشت‌و كوشتاری فاشستییانه‌شدا رێكخستنی ی.ن.ك زۆر به‌هێزو بڵاوه‌و ده‌یان هه‌زار كه‌سی له‌ژێر ئاڵای خۆیدا له‌ده‌وری ئاڵای خۆیدا ئاڵاندووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ربێت‌و بتوانین هه‌موو پشتیوان‌و لایه‌نگرو دۆسته‌كانی خۆمان رێك بخه‌ین وه‌ یان په‌یوه‌ندی رێكوپێكیان له‌گه‌ڵ دروست بكه‌ین ئه‌وا پێویستییه‌كانی ماڵی‌و سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و زۆر ئیشی پێشمه‌رگایه‌تیش جێبه‌جێ ده‌بن‌و په‌كمان له‌سه‌ر هیچ ناكه‌وێت. بۆیه‌ زۆر پێویسته‌ نه‌خشه‌و پلانێكی راست دابنرێت بۆ په‌ره‌سه‌ندن‌و گه‌شه‌پێدانی رێكخستنمان: له‌پێشه‌وه‌ رێكخستنی ی.ن.ك‌و ئینجا رێكخستنی باڵه‌كانی ی.ن.ك. به‌لامه‌وه‌ هێشتا هه‌ر ده‌ستپێكی رێكخستنی ی.ن.ك‌و ه.پ.ك-ه‌، ئینجا باڵه‌كانیش، وه‌ ئه‌م قانونه‌ راسته‌ی وه‌زعی تایبه‌تی كوردستان هێشتا هه‌ر كاریگه‌ره‌، قانونی: گه‌شه‌كردنی ی.ن.ك ده‌بێته‌ مایه‌ی گه‌شه‌كردنی باڵه‌كانیشی، هه‌روه‌ك به‌هێزبوونی باڵه‌كانیشی ده‌بێته‌ هۆی گه‌شه‌پێدانی ی.ن.ك.
بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو باڵه‌كانی ی.ن.ك له‌پێشه‌وه‌ مشوری په‌ره‌پێدان‌و گه‌شه‌پێدانی ی.ن.ك بخۆن‌و ئه‌و هه‌موو جه‌ماوه‌ره‌ی پشتیوانی لێ ده‌كات بگرنه‌وه‌: ده‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌كرێ رێكیان خه‌ین... ئه‌وه‌ی رێك ناخرێت په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ دامه‌زرێنین... ئه‌وه‌ی دروست‌و لایه‌نگره‌ به‌سه‌ریان كه‌ینه‌وه‌. ئه‌بێ زۆر زۆرتر بڵاوكراوه‌ له‌ناو خه‌ڵكدا بڵاوبكه‌ینه‌وه‌و هه‌وڵ بده‌ین ده‌نگمان بگاته‌ زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ر، ئه‌بێ له‌ناو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا  ره‌گ‌و ریشه‌ چاكتر داكوتین، ئه‌بێ له‌هه‌موو كۆڕو گوزه‌رێكدا رێكخستنمان هه‌بێت، ئه‌بێ له‌ناو جه‌ماوه‌ربین: له‌شین‌و شاییاندا هاوبه‌شیان بین. پێویسته‌ نه‌ك هه‌ر رێبه‌ری خه‌باتی سیاسی جه‌ماوه‌ر بكه‌ین، به‌ڵكو رێبه‌ری خه‌باتی پیشه‌یی‌و دیموكراتی‌و خه‌باتی كرێكاران‌و جوتیاران‌و قوتابیانه‌شیان بكه‌ین: واته‌ هه‌وڵ ده‌ین خه‌باتی رۆژانه‌یان، خه‌بات له‌پێناوی باش كردنی ژیان‌و گوزه‌ران‌و ئامانجه‌ تایبه‌تی‌و پیشه‌ییه‌كانیشیان گرێ ده‌ین به‌خه‌باتی چینایه‌تی‌و نیشتمانییانه‌وه‌.
به‌چوونه‌ ناو خه‌ڵك، به‌ڕێكخستنی خه‌ڵك، به‌په‌ره‌سه‌ندن‌و گه‌شه‌كردنی رێكخستنمان ده‌توانین كادرو سه‌ركرده‌ی نوێش، پێشمه‌رگه‌و قاره‌مانی تازه‌ش بدۆزینه‌وه‌: كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك كانگای هه‌موو مه‌عده‌نێكی گرانبه‌هاو به‌كه‌ڵكن: باوه‌شی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ده‌رماناوی زۆربه‌ی نه‌خۆشییه‌كانیشمانه‌. ده‌با به‌گه‌رمی به‌ره‌و ناوجه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بڕۆین، ناو كرێكاران‌و جووتیاران‌و خوێنده‌واران‌و شارستانییه‌ كوردپه‌روه‌ره‌كان‌و هه‌موو ره‌نجده‌رانی بیرو بازو، ده‌با دروشمی پشت به‌خه‌ڵك به‌ستن به‌كرده‌وه‌ش به‌دیبێنین، ده‌با كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكمان پتر خۆش بووێت: با زۆرتر خزمه‌تیان بكه‌ین‌و چاكتر گوێڕایه‌ڵ‌و هاوده‌میان بین. با به‌كرده‌وه‌ چاكتر پێیان بسه‌لمێنین كه‌ ئێمه‌ هێزی ئه‌وانین، خزمه‌تكاری ئه‌وانین‌و پێشمه‌رگه‌و رۆڵه‌و دڵسۆزو به‌په‌رۆش‌و به‌وه‌فای ئه‌وانین.
پێویسته‌ رێكخراوه‌كان‌و كادرو ئه‌ندامه‌ هۆشیارو چالاك‌و به‌جه‌رگه‌كانی ی.ن.ك ئه‌م ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌ بخه‌نه‌وه‌ یاد، بیگرنه‌ ئه‌ستۆ، ئه‌نجامی بده‌ن، پێویسته‌ ته‌پوتۆزی ته‌مه‌ڵی، كه‌مته‌رخه‌می، سستی، له‌هه‌موو رێكخراوو ئه‌ندامه‌كانمان داته‌كێنین، پێویسته‌ هه‌موویان بێنینه‌ جۆشوخرۆش، بكه‌ونه‌ گه‌ڕو جوڵانه‌وه‌. ئه‌بێ نه‌ك هه‌ر چاوه‌نواڕی خه‌باتی عه‌فووی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك‌و توێژه‌ جیاجیاكانی كۆمه‌ڵ بن، به‌ڵكو ده‌ستپێشكه‌ری‌و چوونه‌ پێشیشیان هه‌بێت، نه‌خشه‌و پلانیان هه‌بێت، چالاكی‌و فیداكارییان هه‌بێت بۆ خرۆشاندنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی‌و جۆشدانیان‌و هێنانه‌ گه‌ڕیان له‌خه‌باتی رۆژانه‌، پیشه‌یی، چینایه‌تی‌و نیشتمانیدا، ئه‌بێ هه‌موو هه‌ل‌و ده‌رفه‌ت‌و موناسه‌به‌تێك بقۆزینه‌وه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌. ئه‌بێ هه‌موو رێكخراوو كادره‌كانی ی.ن.ك ئه‌م وه‌زعه‌ تازه‌یه‌ی هه‌ڵچوونی خه‌باتی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌دیبكه‌ن، ره‌چاوبكه‌ن‌و كه‌ڵكی پێویستییان لێ وه‌رگرن.


له‌نامیلكه‌ی جۆشدانی خه‌بات دژی ئیمپریالیزم‌و فاشیزم‌و نۆكه‌رانیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌و دیموكراسی‌و ئۆتۆنۆمی
له‌بڵاوكراوه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌
نه‌ورۆزی 1980

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure