هەواڵ

-

سیاسه‌تیش وه‌رزییه‌ ‌

د.شیركۆ عبدالله‌‌
6/16/2016 8:22:30 PM 583 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

+ به‌ خوا قۆخێكی‌ خۆش بوو به‌گم.. دوو ساڵیش ئه‌بێ‌ میوه‌ی‌ وا به‌تامم نه‌خواردووه‌.
- هه‌ر ئه‌بێ‌ خۆش و به‌تام بێ‌ رۆڵه‌. میوه‌ی‌ وڵاتی‌ خۆمانه‌.
+ قوربانی‌ وڵاتی‌ خۆمان بم. به‌ڕاستی‌ خاكێكی‌ عه‌زیمی‌ هه‌یه‌.
- بڵێ‌ ماشه‌ڵڵا كوڕم. من له‌ هیچ ناترسم له‌ چاوو نفوس نه‌بێ‌.
+ جا تۆ بڵێی‌ ئه‌وه‌نده‌ قوڕمساغ بم خاكه‌كه‌ی‌ خۆمان بكه‌م به‌چاوه‌وه‌؟.
- نا دوور له‌تۆ كه‌لـله‌پوت. جاری‌ وا هه‌یه‌ ئینسان بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ مه‌به‌ستی‌ بێت زه‌ره‌ر ئه‌دات.
+ ئیشه‌ڵڵا من له‌و نه‌وعانه‌ نیم، بیل ئه‌خه‌س بۆ ئه‌م خاكه‌ جوان و به‌پیته‌. پێشینان ناهه‌قیان نه‌بووه‌ ئه‌و هه‌موو په‌ندو قسه‌ نه‌سته‌قه‌یان پیادا هه‌ڵداوه. ره‌بیی‌ به‌ساقه‌ی‌ بستێكی‌ بم. خوا بمگێڕێ‌ له‌ ده‌وری‌ نیو دۆنمی‌.. ئیشه‌ڵڵا... ئیشه‌ڵڵا.
- به‌سه‌ به‌س مه‌یكه‌ به‌هه‌را.. خاكه‌كه‌مان یه‌كجار وا نییه‌ كوڕی‌ باوكم. هه‌ر بۆ زه‌رعات باشه‌، بۆ شته‌كانی‌ تر وا نییه‌.
+ شته‌كانی‌ تر وه‌كو چی‌؟
- وه‌كو سیاسه‌ت و فكرو حوكمداریی‌ و ئه‌مانه‌.
+ بۆچی‌ قوربان سیاسه‌تیش له‌به‌رهه‌می‌ كشتوكاڵییه‌ وا عیلاقه‌ی‌ به‌خاكه‌وه‌ هه‌یه‌؟
- تا حه‌دێك به‌ڵێ‌ چونكه‌ ئه‌زانی‌ بۆ؟ سیاسه‌تی‌ ئێمه‌ش عه‌ینه‌ن حاسڵاتی‌ باخ‌و بێستان وه‌رزییه‌.
+ چۆن وه‌رزییه‌ تێناگه‌م؟
- بۆچی‌ تێناگه‌ی‌ كوڕم؟ ئه‌وه‌ نییه‌ سێ‌ مانگ داوای‌ فیدراڵی‌ ئه‌كه‌ین و ئینجا سێ‌ مانگ دوای‌ ئه‌وه‌ داوای‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ و دوای‌ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ر بای‌ به‌ڕه‌كۆنه‌كه‌ی‌ حوكمی‌ زاتی‌؟

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure