هەواڵ

-

ئاب

د.شیركۆ عبدالله‌‌
8/31/2016 7:05:19 PM 843 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئه‌خیر رۆژی‌ مانگی‌ ئاب كه‌ به‌عزه‌ حیزبێك گوێی‌ خۆی‌ لێ‌ كه‌ڕ ئه‌كات‌و به‌عزێكی‌ تر ئه‌وه‌نده‌ عه‌كسه‌ به‌ رۆژه‌ شكۆداره‌كه‌ ئه‌یخاته‌ فه‌یسبووكه‌وانێ‌، رۆژێكه‌ ته‌قویمی‌ خه‌جاڵه‌ت كردووه‌و ده‌می‌ هه‌موو ساڵێكی‌ كه‌بیسه‌ی‌ داچه‌قاندووه‌ چونكێكم:
1-  له‌ 31ی‌ ئابدا بوو كاتی‌ خۆی‌، كه‌ به‌ فه‌رمانی‌ سه‌رۆكی‌ فه‌رمانده‌، ئیدواردی‌ یه‌كه‌م، جوله‌كه‌ قوڕبه‌سه‌ره‌كانی‌ بریتانیا ئاواره‌ كران‌و ماڵ‌و حاڵیان خرایه‌ پیكابی‌، ببوورن عه‌ره‌بانه‌ی‌ چه‌كداره‌كانی‌ لقی‌ گاردی‌ پاشایه‌تییه‌وه‌.
2-  هه‌ر له‌م رۆژه‌ ناموباره‌كه‌دا بوو كه‌ هه‌ڤاڵی‌ تێكۆشه‌رو هێژا، عه‌بدولحه‌میدی‌ كوڕی‌ عه‌بدولمه‌جید تۆمه‌تی‌ بۆ سوڵتان مورادی‌ پێنجه‌م هه‌ڵبه‌ست‌و خۆی‌ چووه‌ شوێنه‌كه‌ی‌. مێژوونووسه‌كان ئه‌ڵێن والییه‌كه‌ی‌ به‌غا ده‌ستی‌ له‌م جامبازییه‌دا هه‌بووه‌.
3-  رۆژی‌ 31 ی‌ ئاب له‌ هێرشێكی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوداو له‌ئاكامی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ رق‌و كینه‌ی‌ رووباری‌ (یانگری‌ جیانگ) له‌چین، لافاوێكی‌ چه‌په‌ڵ هه‌ستاو نزیكه‌ی‌ (250) هه‌زار كه‌سی‌ سڤیلی‌ كوشت كه‌ زوربه‌یان له‌ڕێی‌ كه‌سنه‌زانه‌وه‌، عه‌فوه‌ن له‌ڕێی‌ (سین جۆن وا) وه‌ ده‌یانویست ده‌ربازببن.
4-  هه‌ر له‌م رۆژه‌دابوو هێڵی‌ سووری‌ په‌یوه‌ندیی‌ نێوان دوو هێزه‌ دڕنده‌كه‌ی‌ جیهان، واتا نێوان حیزبی‌ به‌عس‌و... ببوورن واته‌ نێوان یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت‌و ئه‌مریكا كه‌وته‌ ئیش.
5- 31 ئاب بوو ئه‌و رۆژه‌ی‌ كه‌ چه‌وساوه‌كان‌و به‌شمه‌ینه‌ته‌كانی‌ كوردستان‌و عیراق‌و ناوچه‌كه‌ به‌ هه‌واڵێكی‌ جه‌رگبڕو كاره‌ساتبار كۆستیان كه‌وت. هه‌واڵی‌ دیار نه‌مانی‌ ئیمام موسای‌ صه‌در له‌ لیبیا.
6-  رۆژی‌ 31 ی‌ ئاب، رادیۆی‌ بی‌ بی‌ سی‌ له‌ هه‌واڵێكی‌ به‌په‌له‌دا خه‌به‌ری‌ مردنی‌ شازاده‌ دیانای‌ بڵاوكرده‌وه‌.
7-  هه‌ر له‌م رۆژه‌ قۆڕه‌دا بوو كه‌ دیكتاتۆره‌ گرگنه‌كه‌، قوڕمساغه‌ كه‌لـله‌ڕه‌قه‌كه‌، كالیگۆلای‌ ئیمپراتۆری‌ رۆمانیا به‌ناخێری‌ گیانی‌ هاته‌دنیاوه‌و گه‌وره‌ترین ئیش كه‌ كردی‌ سوتاندنی‌ په‌ڕله‌مانی‌، عه‌فووه‌ن، سوتاندنی‌ شاری‌ رۆما بوو.
8-  بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌رو له‌ 31ی‌ ئابی‌ ساڵی‌ 1996 دا، هه‌رێمی‌ كوردستانیش...........ببوورن سۆفته‌كه‌ حیبری‌ تیا نه‌ما.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure