هەواڵ

-

هاوارنامەیەکی تر

سالار مەحمود
5/31/2017 8:39:16 PM 398 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

دزینی سامانی نەوەکانی داهاتوو  لەسایەی شکستەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە

هەرێمی کوردستان سامانێکی سروشتی زۆری هەیە، تەنیا لە رێگەی یاسای نەوت و غازی کوردستانەوە ژمارە(۲۲)ی ساڵی ۲٠٠۷ پێویستە وەبەرهێنانی تێدا بکرێت، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی سەر بە حزب و کەسانی مشەخۆر بەنایاسایی سودمەند نەبن و پارەی مۆڵیان دەست بکەوێت، حکومەت بەگشتی و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەرفەتی داوە مۆڵەتی پرۆژە بەپێی یاسای وەبەرهێنان بدرێ! ئەمەش لە پێناو بەخشینی کۆمپانیاکان لە باج و رسومات کە بەملیار دۆلار پارەی گشتی لەو رێگەوە بەخشراوە. تەنیا بەپێی ئەم کارەو بەدەقی یاسایی دەیسەلمێنم کە ئەگەر یاساو دادگا و داواکاری گشتی و پەرلەمان رۆڵی هەبێ ژیانی خەڵک بەو بەهەدەردانانە باش دەبێ و وەزیری سامانە سروشتیەکانیش چەندین ساڵ حوکمی سزادان دەدرێت. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەم بڕواننە ئەم پێشێلکاریە یاساییانەی کە بۆ ئامانجی گەندەڵکاری کراوە.

بەپێی یاسای نه‌وت و گازی كوردستان ژماره‌ 22ی ساڵی 2007 كه‌ به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌كانی نه‌وتی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان بەتەنیا. بەڵام وەبەرهێنان لەم کەیسەدا کراوەو پرۆژە جێبەجێکراوە لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنان و بەپەنابردن بۆ یاسای وەبەرهێنان!!!! ئەمە لە کاتێکدا بەدەق
یەکەم:_ له‌ بڕگه‌ی دووه‌م له‌ ماده‌ی 59ی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌: حوكمه‌كانی یاسای وه‌به‌رهێنان به‌سه‌ر پرۆسه‌كانی نه‌وتیدا جێبه‌جێ ناكرێن.

دووه‌م:_ له‌ بڕگه‌ی 18ی ماده‌ی یه‌كه‌می یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان، كه‌رتی پاڵاوتن به‌ پرۆسه‌ی نه‌وتی دانراوه‌. كه‌واته‌ پاڵاوتگه‌ و پاڵاوتن، پرۆسه‌ی نه‌وتییه‌ كه‌ نابێت حوكمه‌كانی یاسای وه‌به‌رهێنان بیگرێته‌وه‌.

سێیه‌م: له‌ ماده‌ی دووه‌می یاسای نه‌وت و گازدا، جارێكی تر دووپات له‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌، به‌سه‌ر پرۆسه‌كانی نه‌وتیدا جێبه‌جێ ده‌كرێن. پرۆسه‌كانی نه‌وتیش به‌پێی ناوه‌ڕۆكی یاسای نه‌وت و گازی كوردستان، هه‌موو چالاكییه‌كانی نه‌وتی ده‌گرێته‌وه‌ به‌ گواستنه‌وه‌شه‌وه‌.

پرسیارە جەوهەریەکە لێرەدا ئەمەیە ئایا چۆن؟ مۆڵەت دراوە بە پاڵاوگەیەک بەناوی کەڵەک

له‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ كانوونی یه‌كه‌می 2015. لەکاتێکدا ئەم بڕیارو مۆڵەتە پاش ئه‌وه‌ دێت كه‌ له‌ 19ی ئه‌یلوولی هه‌مان ساڵدا، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ته‌نده‌رێكی بۆ دروستكردنی سێ پاڵاوگەی ستانداردی نه‌وت له‌ كوردستان راگه‌یاندووه‌ و له‌ راگه‌یه‌نراوی ته‌نده‌ره‌كه‌دا هاتووه‌: (حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نده‌رێك بۆ دروستكردن و خاوه‌ندارێتی كردن و كارپێكردنی سێ پاڵاوتگه‌ راده‌گه‌یه‌نێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆمپانیا ئاره‌زوومه‌نده‌كان بانگهێشت ده‌كات بۆ پێشكه‌ش كردنی داواكارییه‌كانیان). هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و راگه‌یه‌نراوه‌شدا، له‌ فۆرمێكی تایبه‌تدا مه‌رج و رێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌و سێ پاڵاوتگه‌یه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. ئه‌و راگه‌یاندنه‌ی تایبه‌ت به‌ دروستكردنی پاڵاوتگه‌ی نه‌وت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌یه‌ كه‌ مۆڵه‌تی پاڵاوتگه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانه‌ و پاڵپشت به‌ یاسای نه‌وت و گازی كوردستان ده‌درێت. جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ كه‌ چۆن ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان پاش سێ مانگ له‌و راگه‌یه‌نراوه‌ی وه‌زاره‌ت له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ مۆڵه‌تی ئه‌و پاڵاوگەی به‌ كۆمپانیای كارگرووپ داوه‌؟!!!.

مەبەست لە ئەم بابەتە هیچ پەیوەندی بە زۆن و لایەن و شوێن و ئاراستەی سیاسیەوە نییە لەم هاوارنامەیەدا.

پرسیارێکی جەوهەری تر ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ئەگەر بیەوێ مۆڵه‌تی پرۆژه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ پرۆسه‌كانی نه‌وتی بدات، پێویستی به‌ ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان نیە؟ بێگومان بەڵێ چونكه‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان بۆ خۆی لایه‌نی تایبه‌تمه‌ند نییه‌ له‌و بواره‌دا. باشە بۆ پرۆژه‌كه‌ لە رێگەی ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان مۆڵه‌ت وه‌رنه‌گرێت، بۆچی هه‌ر راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ مۆڵه‌تی پێ نادرێت و بۆچی ده‌خرێته‌ ژێر فلته‌ری ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌؟

ئەگەر تەنیا بابەتەکە پەیوەست نییە بە بەخشین لە باج و رسوماتی گومرگی کە بەپشتبەستن بە مۆڵه‌ته‌كه‌ی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان بۆ پاڵاوتگه‌ی كه‌ڵه‌ك کراوە، كۆمپانیای كارگرووپ تا 10 ساڵی تر له‌ پێدانی هه‌ر باجێك ده‌به‌خشرێت و تا پێنج ساڵیش له‌ پێدانی هه‌ر رسوماتێكی گومرگی ده‌به‌خشرێت بۆ ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی به‌ناو ئه‌و پاڵاوتگه‌یه‌وه‌ هاورده‌ی كوردستانی ده‌كات. ئه‌وه‌ش له‌كاتێدایه‌ كه‌ فشارێكی گه‌وره‌ ده‌ستی پێكردووه‌ بۆ سه‌پاندنی باج به‌سه‌ر كۆمپانیاكان به‌گشتی و كۆمپانیاكانی نه‌وت به‌تایبه‌ت. به‌ڵام مۆڵه‌ته‌كه‌ی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان بۆ كۆمپانیای كارگرووپ، ئه‌و كۆمپانیایه‌ له‌ پێدانی باج و رسومات به‌ده‌ر ده‌كات.

ئەم بەخشینە پشت بەستوە! بە مادەی پێنجەم بڕگە یەک و دوو سێ لە یاسای ژمارە (٤) ی ساڵی ۲٠٠٦ی یاسای وەبەرهێنان.

لەکاتێکدا بەدەق هاتووە بوارەکانی وەبەرهێنان کامانەن بەپێی یاسای وەبەرهێنان مۆڵەتیان دەدرێتێ بەکوردی و بەکورتی دیاریکراوە، بەڵام لە هیچ بڕگەیەکدا نەهاتووە مۆڵەت بدرێ بە پرۆسەکانی نەوت و غازیی!

ئایا تەنیا مۆڵەت بۆ ئەم پرۆژەیە دراوە؟ یان هی تریش هەیە، ئایا تەنیا لە هەلێر ئەم کارە نایاساییانە کراوە یان لە شوێنی تریش؟.

پەکخستنی پەرلەمان و شەلەل پێهێنانی جیهازی چاودێری و دادگاکان بۆ رێگەگرتن بووە لە لێپێچینەوە لەم رەفتارە خوێنساردیەی وەزارەتی سامانەسروشتیەکان لەسەر حیسابی خەڵک و یاساو ئەزموونی دیموکراسی و خوێنی شەهیدان و قارەمانێتی پێشمەرگە ئەنجام دەدرێ

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure