هەواڵ

-

یه‌كێتی دایكه‌ راسته‌كه‌یه‌...!!

عه‌بدولواحید محه‌مه‌د
6/24/2017 6:28:14 PM 371 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ده‌گێڕنه‌وه‌ ده‌ڵێن دوو ژن له‌سه‌ر كۆرپه‌یه‌كی ساوا ده‌بێت به‌ شه‌ڕیان، یه‌كێكیان له‌و دووانه‌  دایكه‌ راسته‌قینه‌كه‌یه‌ ئه‌وه‌یتریان به‌ زۆر ده‌یه‌وێت بیكاته‌ هی خۆی، سه‌ره‌نجام هه‌ردووكیان په‌نا بۆ دادگا ده‌به‌ن، دادوه‌ریش بانگی هه‌ردووكیان ده‌كات و داوای پێشكه‌شكردنی به‌ڵگه‌ی خاوه‌نداریه‌تیان لێده‌كات، دایكه‌ راسته‌كه‌ به‌ نه‌رمونیان و به‌ده‌م هه‌نسكی گریانه‌وه‌ ده‌ڵێت سوێند ده‌خۆم ئه‌و منداڵه‌ له‌دامێنی من بووه‌ هی خۆمه‌، دایكه‌ ناڕاسته‌كه‌ش به‌ جۆرێك له‌ داد و فیغانه‌وه‌  داوای خاوه‌نداری منداڵه‌كه‌ ده‌كات، دادوه‌ر زۆر هه‌وڵده‌دات به‌ ئامۆژگاری و به‌ هێنانه‌وه‌ی چه‌ندین به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی منداڵی كه‌س نابێته‌ هی كه‌س و دواجار  هه‌ر ئاشكرا ده‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ر  ئێستا خۆتان ساغ بكه‌نه‌وه‌، خێریشتان ده‌گاتێ چیتر ئه‌و منداڵه‌ دووجاری ئێش و ئازاری جه‌سته‌یی و ده‌رونی مه‌كه‌نه‌وه‌، كه‌چی هه‌ر دوولا نه‌گه‌یشتنه‌ چاره‌سه‌ر، دادوه‌ر وتی كه‌ ئێوه‌ ناگه‌نه‌ چاره‌سه‌ر، من ده‌بێت بۆتانی یه‌كلابكه‌مه‌وه‌، هه‌ردوو ژنه‌كه‌ وتیان باشه‌ رازین، ئیتر ئه‌ویش داوای شمشێرێكی كرد و وتی ئێستا له‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ده‌یكه‌م به‌ دوو به‌ش،  هه‌ریه‌كه‌ و به‌شێكیتان پێده‌ده‌م، راسته‌وخۆ دایكه‌ ناراسته‌كه‌ وتی چاره‌سه‌رێكی باشه‌ جه‌نابی دادوه‌ر بیكه‌، له‌ هه‌مان كاتدا دایكه‌ راسته‌كه‌ هاوار كرد و  به‌ ده‌م گریانه‌وه‌ وتی قوربان ده‌ستم دامێنت ئه‌م كاره‌ مه‌كه‌ و منداڵه‌كه‌م به‌ساغی بهێڵه‌وه‌ و بیده‌ به‌م ژنه‌، له‌وه‌دا دادوه‌ر بۆی رون بۆوه‌ ئه‌وه‌ی رازی بوو  به‌ دووبه‌شكردنی، دایكه‌ ناڕاسته‌كه‌یه‌، ئه‌وه‌یتر دایكه‌ راسته‌كه‌یه‌، بۆیه‌ بڕیاری دا منداڵه‌كه‌ بدرێته‌وه‌ دایكی راسته‌قینه‌ی خۆی، ئه‌وه‌یتریش سزا بدات، من ئه‌م به‌سه‌رهاته‌م بۆ ئه‌وه‌بوو بڵێم حاڵی هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ دووساڵ ده‌بێت ده‌قاوده‌ق به‌مشێوه‌یه‌، كه‌وتۆته‌ نێوان دوو به‌ره‌، به‌ره‌یه‌كیان بۆ یاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و به‌ هێنانه‌وه‌ی چه‌ندین بڕوبیانو كه‌وتونه‌ته‌ ململانێ، هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانیش پێیانه‌وه‌ گیرۆده‌ بووه‌، دواجار سه‌ری كێشا بۆ په‌كخستنی په‌رله‌مان و نیوه‌ ئیفلیج كردنی حكومه‌ت، كۆمه‌ڵێك  لێكه‌وته‌ی زۆر خراپیشی له‌ چه‌ندین روێكه‌وه‌ لێكه‌وته‌وه‌، له‌ هه‌مویان گرنگتر ناله‌باری  ژیان و گوزه‌ران و حاڵه‌تی ده‌رونی ناجێگیری زۆربه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌مانه‌ رێك وه‌كو  ئه‌و دایكه‌ ناراسته‌بوون كه‌ له‌ پێشه‌وه‌ ئاماژه‌مان پێدا،  گوێیان نه‌داوه‌ته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م گه‌له‌ به‌شمه‌ینه‌ته‌ له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ باجی ئه‌و شێوه‌ ململانێیه‌ ده‌دات، ناكرێت هه‌تا سه‌ریش  به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، به‌ره‌ی دووه‌م  یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان نمایشی ده‌كات و بۆته‌ دایكه‌ راسته‌كه‌، به‌ درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ هه‌وڵیداوه‌ تاوه‌كو ئه‌و دۆخه‌ چاره‌سه‌ربكات و ماڵی كورده‌واری  یه‌كبخاته‌وه‌، وه‌ك خۆ به‌رهڤكردن بۆ  دوا هه‌نگاوی سه‌ركه‌وتن ، له‌مباره‌یه‌وه‌ چه‌ندین پڕۆژه‌ و پێشنیاری خستۆته‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌كان بۆ  ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری رێك بكه‌ون، به‌ هێنانه‌وه‌ی چه‌ندین بڕوبیانو له‌ لایه‌ن لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ و له‌ گرێژنه‌ براوه‌ ،   یه‌كێتی به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ ئه‌مجاره‌یان  له‌ چوارچێوه‌ی نه‌خشه‌ رێگایه‌كی تێروپڕ پێشنیاری تازه‌ی خسته‌ڕو بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و دۆخه‌ چه‌قبه‌ستوه‌، پێده‌چێت ئه‌وه‌ش به‌ ئاسانی و وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ده‌یانه‌وێت سه‌رنه‌گرێت، مخابن به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان  كه‌ هه‌موی له‌ پێناو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه‌، لێره‌و له‌وێ  هه‌ندێك لێكدانه‌وه‌ی خراپ بۆ هه‌وڵه‌كان ده‌كرێت و هه‌ندێ خه‌ڵكی خۆییش بێ ئه‌وه‌ی بزانن به‌ خستنه‌ روی بۆچونی تایبه‌ت زیان به‌ خودی یه‌كێتی ده‌گه‌ێینن، ئێستا پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك بزانن یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ روانگه‌ی ئه‌وه‌ی روبارێك خوێنی به‌ خشیوه‌ به‌ كوردستان ، مامیش له‌ چه‌ندین بۆنه‌دا وتویه‌تی یه‌كێتی بۆ كوردستان خه‌بات ده‌كات  نه‌ك بۆ حزبایه‌تی، كه‌وایه‌ یه‌كێتی دایكه‌ راسته‌قینه‌كه‌یه‌ نایه‌وێت خه‌بات و ماندووبوونی ئه‌م گه‌له‌ به‌ فیڕۆ بڕوات بۆیه‌ ئه‌و هه‌موو تیروتوانجه‌ خۆیی و ده‌ره‌كیه‌ قبوڵ ده‌كات، ده‌نا ئه‌ویش ده‌توانێت وه‌ك ئه‌وانه‌ی حیزبایه‌تی ده‌كه‌ن، ببیته‌ لایه‌نێك و چی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتیه‌ بیكات.

PUKmedia : M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure