هەواڵ

-

شه‌هید سه‌ركه‌وت، ئه‌سپێكی هه‌رگیز نه‌گلاو

مه‌حمود سه‌نگاوی
7/21/2017 7:01:31 PM 427 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

مێژووی پڕ سه‌روه‌ری گه‌له‌كه‌مان و قوتابخانه‌ پیرۆزه‌كه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان پڕاوپڕن له‌ دیرۆكی خۆبه‌ختكردن و خۆنه‌زركردنی رۆڵه‌ چاونه‌ترس و گیانبازه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌پێناو رزگاری و ئازادی خاكی كوردستاندا، داستان و نه‌به‌ردییه‌كانی ئه‌و كه‌ڵه‌مێردو رێبوارانه‌ی ده‌یان ویست قه‌ڵه‌مڕه‌وێك بۆ ئازادی چێ بكه‌ن و له‌و پێناوه‌دا گیانیان به‌ كورد و كوردستان به‌خشی، فره‌ن و له‌ ژماردن نایه‌ن، بۆ قه‌ڵه‌می كول و كۆڵه‌واری ئێمه‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ش گه‌لێك سه‌خت و دژواره‌ باسی گه‌وره‌ی و خه‌بات و شۆڕشگێڕی هه‌موو ئه‌و گوڵه‌ ئه‌ستێره‌ و جوامێرانه‌ی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان بكات. ئه‌و شه‌هیده‌ نه‌مرو سه‌ربه‌رزانه‌ی مۆمی سه‌رفرازی دواڕۆژیان به‌ خوێنی خۆیان داگیرساند، خاوه‌نی  ده‌سكه‌وت و سه‌روه‌رییه‌كانی ئه‌مڕۆی گه‌له‌كه‌مانن، بۆ ئێمه‌یه‌ك كه‌ سه‌رده‌مانێك هاوته‌كیان پێشمه‌رگه‌ بووین و خه‌باتمان كردوه‌ یاده‌وه‌ری و یادگارییه‌كی فره‌یان بۆ جێهێشتووین، له‌م روانگه‌یه‌وه‌ جار جاره‌ ده‌ست ده‌ده‌مه‌ قه‌ڵه‌م و بۆ رۆحی نه‌مری ئه‌وان و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی قاره‌مانێتی و نه‌به‌ردییه‌كانیان  بۆ گه‌نج و لاوانی ئه‌مڕۆ ده‌نووسم.

شەهید عەلی محەمەد حەسەن ناسراو بە(شه‌هید سه‌ركه‌وت) پێشمه‌رگه‌یه‌كی گه‌ڕیده‌، ده‌موچاوێكی لێڵی پڕ له‌ دڵه‌ڕاوكێ‌، باڵا به‌رزێكی گورج و گۆڵ، ره‌شتاڵه‌یه‌كی به‌هیمه‌ت، كه‌شكۆڵێك له‌ خه‌م و هیوا و ئاوات بۆ ئازادی، كوانویه‌كی گه‌ش، پڕا و پڕ له‌ عیشقی كوردانه‌،  دیرۆكێكی پڕ له‌ سه‌روه‌ری و فه‌رمانده‌یه‌كی به‌ جۆش و خرۆشی گه‌نجانه‌ی ئاماده‌ی جه‌رگه‌ی مه‌یدان بوو.

 له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ كوردایه‌تی بڤه‌یه‌كی گه‌وره‌ بوو وه‌ گیان باجی ئازادی بوو،  (شه‌هید سه‌ركه‌وت) كه‌ له‌ به‌عس یاخیبوویه‌كی گه‌رمیانی بوو،  ئاشبه‌تاڵی شۆڕشی ئه‌یلول كۆڵی پێ نه‌دابوو، ئه‌خلاقی شۆڕشگێڕانه‌ی قبوڵی خۆبه‌ ده‌سته‌وه‌دان و چه‌ك له‌ شان داگرتنی نه‌ده‌كرد، هه‌ر بۆیه‌  بڕیاری مانه‌وه‌ی له‌ چیاو پێ ده‌شته‌ شه‌قار شه‌قاره‌كانی گه‌رمیاندا دابوو، (شه‌هید سه‌ركه‌وت) رێگه‌ی نه‌دا  ئاڵای شۆڕش و یاخیبوون له‌ سته‌م و زوڵم و زۆر بۆ ساتێكیش له‌سه‌ر دوند و كه‌ژه‌كانی گه‌رمیان دابگیرێ  و كوانووی تێكۆشان و خه‌بات خامۆش بێ. 

ئه‌و ده‌مه‌ی چه‌خماخه‌یه‌ك له‌ دڵی شامه‌وه‌ گه‌شت و مژده‌ی داگیرساندنی مه‌شخه‌ڵی شۆڕشێكی نوێی گه‌یاند و هیوایه‌كی سه‌وزی  به‌ هه‌موواندا و دووباره‌  تینێكی نوێی دایه‌وه‌ به‌ كاروانی خه‌بات و تێكۆشان، هێشتا شۆڕش له‌ گڕوگاڵدا بوو كه‌ (شه‌هید سه‌ركه‌وت) و كۆمه‌ڵێك گیانبازی هاوته‌كی به‌ چه‌ند تفه‌نگێكی ژه‌نگاویه‌وه‌ كه‌شكۆڵی پێشمه‌رگایه‌تیان كرده‌وه‌ شان و بوونه‌وه‌ هاوه‌ڵی كه‌ژ و كێو و چۆڵه‌وانییه‌كانی گه‌رمیان.

سۆرخای (شه‌هید سه‌ركه‌وت) له‌ هه‌ر دار و به‌رد و دوندو كه‌ژو كێوێكی گه‌رمیان بپرسی.. ده‌ڵین هه‌بوو، نه‌بوو عه‌یامێك به‌ر له‌ ئێستا پیاوێكی روخسار ره‌شی دڵپاك هه‌بوو، عاشقێكی یاخی و عه‌وداڵێكی ئازادی بوو، مژده‌ی سه‌وزی منداڵان و پیرو لاوانی گه‌رمیان و دامركێنه‌ره‌وه‌ی زامی سه‌ختی نسكۆی شۆڕش بوو ... سبه‌ینان پێش خۆر كه‌وتن له‌به‌ر گه‌رمای سووتێنه‌ری ئه‌م پێده‌شته‌ شه‌قارشه‌قاره‌دا تا چێشته‌نگاو دڵی ده‌دایه‌به‌ر شه‌تاوی ئاوه‌سپی و نیگاكانی پڕده‌كرد له‌ عه‌شقی نوێ و ده‌مانچه‌كه‌ی خاڵی خاڵی ده‌كرده‌وه‌ له‌ سنگی داگیركه‌راندا، هیچ سه‌ربازگه‌و مۆڵگه‌یه‌كی سه‌ربازه‌ دڵ ره‌شه‌كانی سوپای داگیركه‌ر نه‌ده‌ما، زه‌بری تفه‌نگه‌ ژه‌نگاوییه‌كه‌ی ئه‌وی به‌ر نه‌كه‌وێت و جار جاره‌ش له‌ نیوه‌ی شه‌ودا به‌ چالاكی قه‌راخ شار دڵی داگیركه‌رانی ده‌هێنایه‌ له‌رزه‌.

(شه‌هید سه‌ركه‌وت) كوڕی پیاوێكی هه‌ژار و جوتیاری گه‌رمیان بوو، بۆیه‌ هه‌میشه‌ هاوده‌می هه‌ژاران و نه‌داران بوو، به‌ سه‌خاوه‌تییه‌وه‌ باوه‌شی به‌ شۆڕش بۆ ئازادیدا كردبوو، ئه‌خلاقه‌ شۆڕشگێڕییه‌كه‌ی و په‌رۆشییه‌كه‌ی، هه‌میشه‌ وای لێده‌كرد له‌ شه‌وه‌زه‌نگه‌ تاریكه‌كانی گه‌رمیاندا به‌دوای تروسكاییه‌كی كزیشدا بێت بگه‌ڕێت، هه‌میشه‌ چاو پڕ له‌ ئاسۆی ژیانێكی شایسته‌ بۆ گه‌له‌كه‌ی بوو. كه‌م كه‌س هه‌یه‌ قه‌ندیلی هه‌ڵوێسته‌ به‌رز و كه‌م وێنه‌كانی (شه‌هید سه‌ركه‌وت) ی نه‌دیبـێ، هیچ ماڵ و گوندێكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ره‌شپۆشه‌م پێ شك نایه‌ پاش چالاكی و ده‌ست وه‌شاندن له‌ دوژمن (شه‌هید سه‌ركه‌وت)  نه‌بووبێته‌ میوانی دره‌نگ وه‌ختی. هیچ پێده‌شت و تاشه‌به‌ردێكی سه‌ختی ئاژداخم پێ شك نایه‌ (شه‌هید سه‌ركه‌وت) و كۆڵه‌ پشتی پڕ له‌ نانه‌ڕه‌ق و فیشه‌كی ئه‌و نه‌ناسێ و گوێبیستی بێ سیمی مه‌فره‌زه‌كه‌ی ئه‌و نه‌بووبێ.

ئێستاش نامه‌و په‌یامه‌ پڕ جۆش و خرۆشه‌كانتم له‌ یادناچێت، هاوڕێم كه‌ ئه‌و كات من رێكخستنی ناو شار بووم و بۆت ده‌ناردم، هه‌رگیز ساته‌وه‌ختی پاش چالاكی قه‌راخ شارۆچكه‌ی سه‌نگاوم له‌ یاد ناچێت كه‌ له‌گه‌ڵتدا به‌ره‌و چیا و كه‌ژه‌ سه‌ر سه‌خته‌كانی گه‌رمیان كه‌وتینه‌ رێ و له‌ قوتابخانه‌كه‌ی تۆوه‌ بووم به‌ پێشمه‌رگه‌. چالاكییه‌كانی بناری سه‌گرمه‌ و و ئاژداخ و قه‌ره‌داخ و پێده‌شته‌كانی پێواز و شارۆچكه‌كانی سه‌نگاو و باوه‌نوور، خه‌رمانی عومری كورتی شۆڕشگێڕی پڕ به‌رهه‌م و ده‌وڵه‌مه‌ندی تۆن هاوڕێم و باڵای له‌ خۆبردووی و چاونه‌ترسی تۆ ده‌سه‌لمێنن.

به‌ داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌ ئه‌م كه‌ڵه‌ فه‌رمانده‌یه‌ له‌ شه‌ڕێكی ده‌ست و یه‌خه‌ی دژواردا به‌ده‌ستی سه‌ربازانی دڵ ره‌شی سوپای به‌عس له‌ رۆژی  ٢٤/٦/١٩٧٩ شه‌هیدكرا. له‌و چالاكییه‌دا كه‌ مه‌فره‌زه‌كه‌ی ئێمه‌ واته‌ مه‌فره‌زه‌ی (شه‌هید سه‌ركه‌وت) رێكیخستبوو بۆ ده‌ستوه‌شاندن له‌ سوپای دوژمن و كۆمه‌ڵێك جاشی خۆفرۆش كه‌ بۆ چه‌پاوكردنی ده‌غڵودانی ناوچه‌ی (شاتری) هاتبوون، له‌ چالاكییه‌كه‌دا به‌نده‌ (مه‌حمود سه‌نگاوی) و (شه‌هید سه‌ركه‌وت) ده‌سته‌ی هێرش بووین و كاتژمێر ٥ی ئێواره‌ی رۆژی ٢٤/٦/١٩٧٩ ته‌قه‌ ده‌ستی پێكرد، من و (شه‌هید سه‌ركه‌وت) خۆمان گه‌یانده‌ لای ئۆتۆمبێله‌كان و ته‌قه‌یه‌كی چڕو پڕمان له‌سه‌ر بوو، سه‌ربازه‌كان دۆڵێكی قوڵیان لێگرتبووین به‌ سه‌نگه‌ر، (شه‌هید سه‌ركه‌وت) زۆر به‌ ئسپایی ئه‌هاته‌ رێوه‌و  ته‌قه‌ی گه‌رمی له‌سه‌ر بوو، له‌ شوێنێكه‌وه‌ زاڵبووین به‌ سه‌ریانداو هێرشمان كرده‌ سه‌ریان، ده‌ستمان گه‌یشته‌ یه‌كه‌م ئۆتۆمبێل و شۆفێره‌كه‌یمان به‌ سزای گه‌ل گه‌یاند، كۆمه‌ڵێك فیشه‌ك و كه‌لوپه‌لمان گرت و كڵاشینكۆفێكی مزه‌لی فازمان ده‌ستكه‌وت و هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك ئۆتۆمبێلمان سوتاندو بڕێك سه‌ربازی دیكه‌ش كوژران، (شه‌هید سه‌ركه‌وت) له‌پێشه‌وه‌و منیش به‌دوایدا به‌ دۆڵه‌كه‌دا چووینه‌ خواره‌وه‌، به‌ده‌م رێوه‌ خه‌ریكی مه‌خزه‌ن پڕكردن بووین و سه‌ربازه‌كان ته‌قه‌شیان لێ ده‌كردین، سه‌ربازێك به‌رامبه‌ر (شه‌هید سه‌ركه‌وت) سه‌ره‌ تاتكێی ئه‌كرد، (شه‌هید سه‌ركه‌وت)م ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ ئاگاداری خۆی بێت و وتی: هیچ نییه‌، دووجار تر ئاگادارم كرده‌وه‌و توڕه‌ بوو لێم. له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كه‌ له‌ ئاستی ئه‌ودا بوو، بوار نه‌بوو ته‌قه‌ی لێ بكه‌م، سه‌ربازه‌كه‌ ته‌قه‌ی لێ كردین و (شه‌هید سه‌ركه‌وت) پێكرا.. سه‌ربازه‌كه‌ له‌ ته‌قه‌كردن وه‌ستاو چاودێری منی ئه‌كرد بزانێ چی ئه‌كه‌م، كه‌ (شه‌هید سه‌ركه‌وت)م تێپه‌ڕاند مشتم لێ گرت و به‌ سزای گه‌لم گه‌یاند، به‌په‌له‌ گه‌ڕامه‌وه‌ لای (شه‌هید سه‌ركه‌وت) و ته‌نیا ته‌ماشایه‌كی كردم و هیچ ده‌نگی لێوه‌ نه‌هات و چاوه‌ نه‌رمه‌كانی تا هه‌تاهه‌تایه‌ لێك نا، گریانێك قوڕگی گرتم و فرمێسك له‌ چاوه‌كانمه‌وه‌ قه‌تاره‌ی به‌ست، له‌ دڵیشه‌وه‌ هێنده‌ی تر رق ئه‌ستوور تر بووم به‌رامبه‌ر دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان.

(شه‌هید سه‌ركه‌وت) شاخێك بوو بۆ خۆی، كێوێك بوو له‌ وره‌، سڵی له‌ مردن نه‌ده‌كرده‌وه‌، رێبازی دوژمنایه‌تی به‌عسی زلهێزی ئه‌وكاتی گرتبووه‌ به‌ر، ئاواتی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی رزگاری كوردو كوردستان بوو، به‌شه‌هید بوونی كۆڵێك خه‌م و په‌ژاره‌ دایگرتین، یه‌شتا برینی شه‌هید بوونی (شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی) و هاوڕێكانی ساڕێژ نه‌بوو بوو، برینێكی تر له‌ ناخمانا سه‌ری كرده‌وه‌، به‌ تایبه‌تی گیرانی ته‌رمه‌كه‌ی (شه‌هید سه‌ركه‌وت) له‌لایه‌ن دوژمنه‌وه‌ زۆر ئازاری داین، به‌ڵام  رێگای خه‌باتی، گه‌وره‌ی بیرو ئامانجه‌كانی، دڵسۆزی و پاكی كه‌سێتی ئه‌و هانی ئه‌داین له‌ سه‌ر رێگای تێكۆشان شێلگیرتربین.

چه‌ند سه‌خته‌ بۆ قه‌ڵه‌‌می كول و كۆڵه‌واری من باسی گه‌وره‌یی و سه‌خاوه‌ت و شۆڕشگێری كاكه‌ (سه‌ركه‌وت)بكات، زمان لاڵه‌ و گوزارشتی پێناكرێت.. ژیانی (شه‌هید سه‌ركه‌وت) پڕاوپڕه‌ له‌ شانازی گه‌وره‌ گه‌وره‌ .. من له‌ یه‌كه‌م دیداریه‌وه‌ هه‌ستم به‌ گه‌وره‌ی ئه‌و كردبوو، ئه‌و هه‌میشه‌ پێی ده‌وتین مرۆڤی گه‌وره‌ هیچكات بچووك نابێته‌وه‌ بۆ ژیان، به‌ڵكو بۆ ژیان ده‌مرێت... ژیانی ساده‌و ساكاری، هه‌ڵویسته‌ ده‌گمه‌نه‌كانی، راستگۆیی و جه‌سوورییه‌كه‌ی، ئه‌ویان كردبووه‌ پیاوێكی ده‌گمه‌ن.. بۆ ئێمه‌ سه‌روه‌ری زۆری جێهێشت و بۆ گه‌له‌كه‌شی درێغی نه‌كرد.

له‌ كۆتاییدا، هه‌زاران سڵاو له‌ مه‌زاری هه‌میشه‌ پیرۆز و رۆحی هه‌میشه‌ نه‌مرت كاكه‌ (سه‌ركه‌وت)، یادت هه‌میشه‌ زیندوو زیندووتر ده‌مێنێته‌وه‌.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure