هەواڵ

-

نامه‌یه‌كی كراوه‌ بۆ سه‌رۆك و جێگری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران

عه‌بدولواحد محه‌مه‌د حاجی
8/19/2017 6:35:31 PM 404 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

عه‌بدولواحد محه‌مه‌د حاجی شاره‌زا له‌ په‌روه‌رده‌و كاری رێكخراوه‌یی و پیشه‌یی، نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی سه‌رۆك و جێگری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كات و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، په‌روه‌رده‌ی ته‌ندروست تاكه‌ بنه‌مای كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروسته‌ و په‌روه‌رده‌ و فێركردن ئه‌گه‌ر بۆ هه‌موو وڵاتان و گه‌لان پێویستیه‌كی ژیاری بێت، بۆ كوردستان بنه‌مایه‌كی بونیادی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروسته‌.

ده‌قی نامه‌كه‌...
نامه‌یه‌كی كراوه‌ بۆ سه‌رۆك و جێگری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران
به‌ڕێز جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن
سڵاوی په‌روه‌رده‌ و زانست...
به‌ڕێزان سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌تان پێ رابگه‌یێنم كه‌ دڵنیاشم خۆتان ئاگاداری ئه‌وه‌ن وڵاتانی جیهان به‌ پێشكه‌وتوو تازه‌ پێڕۆ و دواكه‌وتوه‌وه‌ هه‌ڵپه‌ی ئه‌وه‌یانه‌ باشترین سیسته‌می په‌روه‌رده‌ پیاده‌ بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌یان لاساغبۆته‌وه‌ هه‌موو گۆڕانكاریه‌كی باش له‌ ناو هۆڵه‌كانی خوێندن و له‌سه‌ر ده‌ستی په‌روه‌ده‌كارانه‌وه‌ ده‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ ئێستا بۆته‌ دروشمێكی جیهانی، هه‌ر بۆیه‌ش رێكخراوه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و نه‌ته‌وه‌ به‌كگرتوه‌كانیش دروشمی ((فێربوونی باش بۆ هه‌موان)) نیان به‌رزكردۆته‌وه‌، له‌ ژێر رۆشنایی ئه‌و راستیه‌، وڵاتان بۆ پێشكه‌وتنی زیاتر له‌ بواره‌ جۆراو جۆره‌كانی ژیاندا به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵدان به‌ ئاراسته‌ی هێشتا باشتر كردنی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌.


به‌ڕێزان : 
ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌، له‌لایه‌ك جێگه‌ی هه‌ڵوێسته‌كردنه‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن ئه‌گه‌ر بۆ هه‌موو وڵاتان و گه‌لان پێویستیه‌كی ژیاری بێت، بۆ كوردستان بنه‌مایه‌كی بونیادی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروسته‌، چونكه‌ خۆتان ده‌زانن ئه‌م گه‌له‌ چه‌ند ئازاری چه‌شتوه‌ به‌ده‌ست داگیركه‌ران كه‌ هه‌میشه‌ و به‌رده‌وام په‌روه‌رده‌یان وه‌كو چه‌كێكی كاریگه‌ر به‌كارهێناوه‌ بۆ ده‌سته‌مۆكردنی، له‌لایه‌كیتر جێگه‌ی داخ و تێڕامانه‌ وێڕای ئه‌و راستیانه‌ بایه‌خی ته‌واوی پێنه‌دراوه‌ من ناچمه‌وه‌ سه‌ر دوای راپه‌ڕین و تا روخانی رژێمی دكتاتۆری كه‌ زه‌مه‌نێكی باش بوو بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاریه‌كان بكرێت، به‌هه‌رحاڵ نه‌كرا، ئیتر هۆكاره‌كان زۆرن خوردكردنه‌وه‌ی كاتی ده‌وێت، به‌ڵام دوای روخانی رژێم به‌ڕاستی پاساوه‌كان زۆر كه‌مبۆوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كێ به‌ركێ له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ن بكرێت و باشتر زه‌مینه‌سازی بۆ په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروست بكرێت، راسته‌ هه‌وڵێك هه‌بوو به‌ڵام ئه‌ویش له‌جێدا نیوه‌سڕ كرا كه‌ نه‌ده‌بوو به‌و شێوه‌یه‌ با، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردن بنه‌مایه‌كه‌ نابێت حه‌زی سیاسی و حه‌زی كه‌س و كاریگه‌ری ئه‌ملا و ئه‌ولای له‌سه‌ر بێت، به‌پێچه‌وانه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر رێگای راستی خۆی بێت و به‌رده‌وام په‌ره‌ی پێبدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ركێفی پێشكه‌وتنی زانستی و شارستانیه‌تی سه‌رده‌مه‌وه‌ دوانه‌كه‌وێت، چونكه‌ كه‌ دوا كه‌وت قه‌ره‌بووی زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێت، له‌شه‌ڕی جیهانی دووه‌م ئاگاداری سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا ونستۆن چه‌رچڵیان كردووه‌ له‌وه‌ی له‌نده‌ن بۆمباران ده‌كرێـت و خه‌ریكه‌ وێران ده‌بێت وتی ( په‌روه‌رده‌ به‌رده‌وامه‌ وتیان به‌ڵێ وتی كه‌وایه‌ به‌ریتانیا به‌خێره‌و سه‌رده‌كه‌وێت ).
به‌ڕێزان : 
راسته‌ هه‌رێمه‌كه‌مان له‌به‌رده‌بازێكی زۆر هه‌ستیار دایه‌، به‌ڵام هه‌رگیز نابێت ئه‌وه‌ پاساو بێت، بۆ كه‌م بایه‌خكردنی په‌روه‌رده‌ یان له‌ریزبه‌ندی گرنگیدا بكرێته‌ نمره‌ دوو و سێ، راسته‌ شه‌ڕی داعش وایكردووه‌ تیشكه‌ رۆشنا له‌سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و به‌ره‌ڤانیكه‌ران بێت، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ شه‌ڕی فیكر و به‌رجه‌سته‌كردنی زهنیه‌تی ئاشتی له‌ناو ناوه‌نده‌كانی خوێندن و له‌ چوارچێوه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا ده‌بێت،دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ به‌م په‌روه‌رده‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت ئه‌م شه‌ڕه‌ بونیادیه‌ ناكرێت، بشكرێت به‌نیوه‌چڵی ده‌كرێت و زه‌مه‌نێكی زۆری ده‌وێت ئه‌كیدیشم له‌گه‌ڵ ئه‌و زه‌مه‌نه‌ زۆره‌ ده‌رهاویشته‌ و لێكه‌وته‌ی تر له‌گه‌ڵ خۆی دێنێت كه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ ده‌ره‌قه‌تی بێن. 
به‌ڕێزان:
به‌ ره‌هاییه‌ته‌وه‌ پێتان ده‌ڵێم په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا كێشه‌ی قوڵیان هه‌یه‌، به‌مشێوه‌یه‌ بڕوات قوڵتریش ده‌بێته‌وه‌ خۆشتان ده‌زانن په‌روه‌رده‌ كه‌ دیوێكی پێشكه‌وتنه‌ به‌ڵام دیوه‌كه‌یتری داڕمانه‌، تكام وایه‌ به‌ڕێزان له‌بیناو باڵه‌خانه‌ی منداڵه‌كانتان سه‌یری ناوه‌نده‌كانی خوێندن مه‌كه‌ن، له‌په‌روه‌رده‌ و فێربوونی كچ و كوڕه‌كه‌ به‌نازه‌كانتان پێوانه‌ی په‌روه‌رده‌ مه‌كه‌ن، له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی و پۆشته‌ و په‌رداخی مامۆستا تایبه‌ته‌كان و له‌ فه‌زای مه‌عریفه‌ت و فه‌راهه‌می ته‌كنه‌لۆژیا و ژیانی پڕ له‌ رفاهیه‌ت مه‌ڕواننه‌ قوتابی و خوێندكارانی خانوه‌ قوڕه‌كان كه‌سوتوی شۆڕش و رۆژانی سه‌ختی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی بوون، به‌ڕێزان نه‌ختێك لوتف بكه‌ن و سه‌ردانی ناوه‌نده‌كانی خوێندن بكه‌ن ئینجا ده‌بینن مامۆستایان له‌كوێی پێویسته‌كانی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ن و چه‌نده‌ به‌ئازار و ئه‌زیه‌تن به‌ده‌ست پێویستیه‌كانی ژیان، سه‌یری پۆل و هۆڵ و باڵه‌خانه‌كانی خوێندن بكه‌ن  به‌شێكی زۆریان ده‌قاو ده‌ق به‌ شه‌سته‌كان و حه‌فتاكان ده‌چن كه‌ ئێمه‌ ئێستا له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك و له‌ سه‌رده‌می جیهان بینی و ته‌كنه‌لۆژیا تازه‌ بابه‌تین، سه‌یری قوتابی و خوێندكاره‌ روته‌ڵه‌كان بكه‌ن ئینجا ده‌زانن له‌ كوێی زه‌مه‌ندان، سه‌رباری ئه‌وانه‌ش كۆمه‌ڵێك داهێنانی زۆر تازه‌ هاتۆته‌ ناو پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا له‌بری به‌ره‌و پێشبردنی به‌ره‌و دواوه‌ی ده‌كشێنێته‌وه‌ دڵنیام ئه‌گه‌ر له‌ زۆربه‌ی ئاگادار نه‌بن له‌به‌شێكی ئاگادارن ئێستا ساڵی خوێندن بۆته‌ ده‌وروبه‌ری (100) رۆژ له‌هه‌ندێك له‌ زانكۆكانیش (60) رۆژ ، مۆدێلی (3)رۆژ ده‌وام و چوار رۆژ ده‌وامیش هه‌یه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌و راستیه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌و په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵایه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت ته‌نها و ته‌نها پڕكردنه‌وه‌ی مێشكه‌ وه‌ك پڕكردنی گه‌ده‌ له‌خواردنی بێسود و هیچیتر، ره‌نگه‌ هه‌ندێك به‌رپرس و خه‌ڵك بڵێن ئه‌وه‌ زه‌رفێكی كاتیه‌ و تێده‌په‌ڕێت، به‌راستی ئه‌وه‌ خۆ دزینه‌وه‌یه‌ له‌به‌رپرسیارته‌كه‌ ده‌نا هه‌رگیز  په‌روه‌رده‌ پرۆسه‌یه‌ك نیه‌ گاڵته‌ی پێبكرێت به‌پێی حه‌ز و ئاره‌زو ده‌سكاری بكرێت .
به‌ڕێزان:  
تكاتان لێده‌كه‌م هه‌تا ئێره‌ زۆرترین داهێنانی خراپ به‌به‌رچاوانه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا كراوه‌و درێژه‌شی هه‌یه‌ كه‌دواجار ده‌كاته‌ هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ بۆ چوار گۆشه‌ی یه‌كه‌م و بارگاوی كردنی نه‌وه‌كان كه‌ كاردانه‌وه‌ نه‌گه‌تیفه‌كانی له‌ئاینده‌ به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌تا ساڵی خوێندنی تازه‌ له‌سه‌ر و به‌ندی كردنه‌وه‌دایه‌، ده‌كرێ و ده‌توانرێ رێ له‌و پاشا گه‌ردانیه‌ بگیرێت و په‌روه‌رده‌ واته‌ كۆمه‌ڵگه‌ له‌لێواری داڕمان بپارێزرێت، بڕواشم وایه‌ له‌ ئێستادا چوار فاكته‌ر هه‌یه‌ واده‌كات ئه‌و پرۆسه‌ گرنگ و بونیادیه‌ سه‌رله‌نوێ له‌گرنگیه‌كه‌ی بخرێته‌وه‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌م:- 
1- بایه‌خی ته‌واو به‌ ژیان و گوزه‌رانی مامۆستایان بدرێت و چیتر ئه‌و پاشه‌كه‌وته‌ تاقه‌ت بروكێنه‌ سنوری تواناكانیان سیخناخ نه‌كات، ئه‌و پاشه‌كه‌وتكردنه‌ی كراشه‌ هه‌ژماری بۆ دابنرێت. 
2- ئیمكانیاتی دارایی بۆ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا فه‌راهه‌م بكرێت و بۆ ئه‌وه‌ی جومگه‌كانی په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروست، به‌باشی به‌ڕێوه‌بچێت .
3- سه‌نته‌رێكی توێژینه‌وه‌ی باڵا پێكبهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام پێداچونه‌وه‌ به‌ پرۆگرامه‌كان، ته‌كنه‌لۆژیای پێویست، راهێنان و گه‌شه‌پێدانی مامۆستا بكرێت، زۆر گرنگیشه‌ یه‌كێـتی مامۆستایان پشكداری راسته‌و راست له‌و سه‌نته‌ره‌ بێت .      
4- بایه‌خی ته‌واو به‌خوێندنی پیشه‌یی بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كادری مام ناوه‌ند و به‌پێی پێویستیه‌كانی بازاڕ و كار ئاماده‌ بكرێت تاوه‌كو چیتر چه‌مكی ((مهنه‌ التعلیم)) واته‌ به‌پیشه‌كردنی فێربوون نه‌بێته‌ ئامانج به‌لكو فێربوونی پیشه‌ به‌رجه‌سته‌ بكرێت.
  له‌كۆتاییدا ئاماده‌ین بۆ هه‌ر گفتوگۆ و پرۆسه‌یه‌ك كه‌ خزمه‌تی پێكهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست و دوا رۆژێكی گه‌شاوه‌تر بكات .

له‌گه‌ڵ رێزدا....       

عه‌بدولواحد محه‌مه‌د حاجی 
شاره‌زا له‌ په‌روه‌رده‌و كاری رێكخراوه‌یی و پیشه‌یی

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure