هەواڵ

-

كۆچێكی ناواده‌بوو گه‌وره‌م...

هه‌ژار نامیق
10/6/2017 6:55:48 PM 320 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

مامه‌ گیان ئێمه‌ له‌چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی هیواو ئومێد بووین، ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی قسه‌ حه‌كیمانه‌كانی جه‌نابت بووین، ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بووین تۆ بێت و ئه‌و گێژاوه‌ی بۆمان گیراوه‌ته‌وه‌ تۆ ده‌ربازمان بكه‌یت، مامه‌ گیان ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی نوكته‌و قسه‌ خۆشه‌كانی تۆ بووین، مامه‌ گیان ئه‌ی نازانیت دوای تۆ چی ڕوویداوه‌؟! ئه‌ی نازانی دوای تۆ ئه‌وانه‌ی له‌ حزوری تۆ شه‌رمیان ده‌كرد سه‌ریان هه‌ڵبڕن ئێستا ده‌یانه‌وێت زگمان هه‌ڵدڕن؟! ئه‌ی مامه‌ گیان ئه‌وه‌ ده‌زانیت دوای وه‌فاتی تۆ سیاسه‌ت مانای نامێنێت؟! ئاخر مامه‌ گیان ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی تۆ بووین، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بووین ناو ماڵی كورد ڕێكبخه‌یته‌وه‌ ئاخر مامه‌ گیان نازانم ده‌زانیت یاخود نا ئێستا هه‌ڤاڵ و هاوڕێكانیش پێكه‌وه‌ ناسازێن، ئێمه‌ سه‌رگه‌ردان بووین چه‌تره‌كه‌ی تۆ نه‌یده‌هێشت ئێمه‌ ته‌ڕببین. نه‌یده‌هێشت تینی گه‌رمی خۆر بمانسوتێنێت به‌ڵام ئێستا سه‌رتاپای گیانمان سووتاوه‌و ته‌ڕبووه‌، بگه‌ڕێره‌وه‌ به‌ خۆت و گۆچانه‌كه‌ت هه‌ندێكیان پێویستیان به‌ ئامۆژگاریه‌و هه‌ندێكیان سزاو هه‌ندێكیشیان لێدان، تۆ بگه‌ڕێره‌وه‌ شته‌كان تێكچوون!؟ ئاخر ئێستا شیعه‌كانی دوێنێ كه‌ تۆ ئه‌تپاراستن ئێستا دژمان وه‌ستاون، له‌دوای تۆ قووت و مووچه‌ی هاوڵاتیان بڕاوه‌ له‌دوای تۆ ده‌یان ڕێكخراوی تیرۆریستی و قێزه‌ون دروستبووه‌ له‌دوای تۆ جۆگه‌له‌ی خوێن هه‌ستاوه‌، تخوا گه‌وره‌م بیرت ئه‌كه‌ین!؟ بگه‌ڕێره‌وه‌ شاخه‌كانی كوردستان، ده‌شت و دۆڵه‌كانی كوردستان، ئاسمان و زه‌وی، منداڵی ساواو گه‌وره‌و پیر هه‌مووان چاوه‌ڕوانتین، ده‌بگه‌ڕێره‌وه‌ گه‌وره‌م تخوا چیتر با ئێمه‌ش سزا نه‌چێژین و سزانه‌درێن، ئای گه‌وره‌م سكم پڕه‌ له‌قسه‌ وه‌ك مناڵێكی ساوا ئه‌مه‌وێت هه‌موو، ووشه‌كان ده‌رببڕم به‌ڵام ناتوانم نا نا، مامه‌ گیان بگه‌ڕێره‌وه‌ هه‌ڤاڵه‌كانت به‌ڵێنیان داوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵێنه‌ی كه‌ به‌ تۆیان دابوو به‌رده‌وامبن و به‌ڵێن دووپات بكه‌نه‌وه‌و چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی تۆ بگرنه‌وه‌ ده‌ست و به‌ڵێنی نه‌سره‌وتن تا سه‌ركه‌وتن بهۆننه‌وه‌، مامه‌گیان تۆ فێرت كردین بۆ ئازادی بجه‌نگین، بۆ سه‌ربه‌ستی خاك تێبكۆشین، مامه‌گیان تۆ ئێمه‌ فێركرد نابێت میله‌ت برسی بكه‌ین ئه‌بێت سواڵ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی میله‌ته‌كه‌مان تێربكه‌ین، مامه‌گیان ئایا ده‌زانیت دوای تۆ ده‌یان و سه‌دان ملیۆنێری سیاسی په‌یدابوون، ده‌زانیت مافیا سیاسیه‌كان په‌یدابوون ده‌زانیت دوای ڕۆشتنی تۆ نه‌زانه‌كان بوون به‌زانا، لێنه‌وه‌شاوه‌كان بون به‌شایسته‌ وه‌ لێهاتوو ده‌زانیت مامه‌ گیان دوای تۆ ده‌یان حیزبۆچكه‌و سیاسۆچكه‌ دروستبوون!؟ ئای مامه‌ گیان چی بڵێم باسی كامه‌ كه‌لێن بكه‌م دوای تۆ باسی كامه‌ نه‌هامه‌تی و ده‌رده‌سه‌ری و چه‌رمه‌سه‌ری كورد بكه‌م گه‌وره‌م هه‌ر ئێمه‌ی یه‌كێتی وّ كورد نا به‌ڵكو سیاسیه‌كانی عه‌ره‌ب و تورك و فارس بیرت ئه‌كه‌ن، هاوپه‌یمانه‌كانت له‌ ئه‌مریكاو ڕۆژئاوا بیرت ئه‌كه‌ن، دڵم پڕه‌ مامه‌ گیان چی بنوسم ئاخر قه‌ڵه‌مه‌كه‌ ج و كوله‌كه‌ی من چۆن ده‌توانێت وه‌سفی مه‌زنی و زانایی و لێهاتوویی و حه‌كیمی تۆ بكات ناتوانم مامه‌ گیان مامه‌ گیان تۆ سه‌ركرده‌ بوویت، تۆ ڕێبه‌ر بوویت تۆ ئازادیخواز بوویت تۆ مه‌زن بوویت مامه‌ گیان تۆ ڕێبه‌ری چه‌ند ده‌یه‌ی كورد بوویت تۆ لێزان و لێهاتوو ببویت، به‌س ئه‌توانم به‌ڵێن بده‌م تا یه‌ك كه‌س مابێت له‌سه‌ر ڕێبازه‌ جوانه‌كه‌ت به‌رده‌وام ده‌بم و ئێستا زیاتر سورم له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ وه‌ك خۆت هه‌میشه‌ ده‌توته‌وه‌؛ نه‌سره‌وتن تا سه‌ركه‌وتن.

 

M9sharzoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure