هەواڵ

-

كه‌ركوك له‌نێو به‌رداشی جه‌مسه‌ره‌كاندا

د.سامان جه‌لال
10/14/2017 5:48:23 PM 1321 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

فۆكه‌سی شه‌ڕی جه‌مسه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكاو ئیران و ناوخۆ، ئێستا له‌ كه‌ركوكه‌، ئه‌مه‌ریكا له‌رێگه‌ی خۆی و، ئێران له‌رێگه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، ده‌یانه‌وێت كه‌ركوك به‌لایه‌كدا بخه‌ن. ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت، به‌ناراسته‌وخۆیی ناوه‌ندی به‌غدا لاواز بكات و له‌ كوێخایه‌تی شیعه‌ كه‌م بكاته‌وه‌. ئیران له‌رێگه‌ی عیراقی ئێستاوه‌، ده‌یانه‌وێت له‌رێگه‌ی زاڵ بوون به‌سه‌ر هێزی كه‌ركوك و سه‌رمایه‌و خاڵه‌ ستراتیژییه‌كانی كه‌ركوك، ناوه‌ندی به‌غدا به‌هێز بكه‌ن و هه‌یمه‌نه‌ی شیعی ده‌سه‌ڵاتدار به‌سه‌ر كۆی عێراقدا به‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ فه‌رز بكه‌ن.

شه‌ڕی جه‌مسه‌ره‌كان، نه‌په‌یوه‌ندی به‌داعش و نه‌په‌یوه‌ندی به‌ریفراندۆم و نه‌په‌یوه‌ندی به‌هیچ پرسێكی ناوخۆی كورده‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو ئه‌جێندایه‌كی دوورمه‌وداو خاوه‌ن باگكراوندێكی له‌مێژینه‌ی جه‌مسه‌ره‌كانه‌، بۆیه‌ كورد له‌نێو شه‌ڕی جه‌مسه‌ره‌كاندا، ئه‌گه‌ر ئه‌قل و ژیری به‌كارنه‌هێنێت، ئه‌وا هێزه‌ كوردییه‌كان تاراده‌یه‌ك په‌رش ده‌كات و له‌ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك، ئاراسته‌و دیدگای جیاواز ده‌خوڵقێنێدرێت.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ هه‌مووان گرنگه‌، كه‌ خاڵی تێگه‌یشتن بێت، خه‌ڵكی كه‌ركوك ده‌یه‌وێت، به‌و شێوه‌ی ئێستا بمێنێته‌وه‌و مانه‌وه‌ی دوور له‌هه‌ر جۆره‌ داگیركارییه‌ك، بۆته‌ به‌شێك له‌سروشتی ئه‌و شاره‌، بۆیه‌ پێویسته‌ بزانین، كه‌ كه‌ركوك له‌گه‌ڵ هیچ كائینێكی غه‌ریب هه‌ڵناكات.

كه‌ركوك له‌ماوه‌ی زیاتر له‌چوارده‌ ساڵی ئازادیدا، ناتوانێ ئازاد نه‌ژی، كه‌ركوك ناتوانێ ئاوێزانی هێچ جۆره‌ هێزێكی نامۆ بێت. وه‌لێ ئه‌گه‌رچی هه‌وڵه‌كان هێنده‌ی بۆ نه‌وته‌، هێنده‌ی بۆ قه‌لاو ره‌حیماوه‌ نیه‌. هێنده‌ی بۆ ته‌سیفه‌ حساباتی نێوان جه‌مسه‌ره‌كانه‌، هێنده‌ بۆ ئازادكردنی توركمانێكی زه‌لیل و دوو عه‌ره‌بی لاواز نیه‌!
ئه‌گه‌رچی هێزو سه‌ركرده‌و به‌رپرسه‌ كورده‌كان، له‌كه‌ركوك هه‌ریه‌كه‌و هه‌وڵی فه‌رزكردنی هه‌یمه‌نه‌ی خۆی ده‌دات، به‌ڵام دیسان ده‌خوازین كوردان له‌رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، به‌سۆشیاڵ میدیاوه‌، نه‌بن به‌تابوری پێنچ و سه‌رچاوه‌ی واته‌ وات، هه‌روه‌ها هێزه‌ كوردییه‌كان، ستراتیژو تاكتیك و ته‌كنیكییان فه‌قه‌د بۆ كه‌ركوك بێت، هه‌رگیز نه‌بنه‌ دارده‌ستی جێ به‌جێكردنی مه‌رام و هیچ كارنامه‌یه‌كی ئیستیراتكراو، تاوه‌كو كه‌ركوك، بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌نێو كێشمه‌كێشمدا نه‌مێنێته‌وه‌و پشوویه‌ك تا ئه‌به‌د بدات. 

 

M9sharazoor : PUKmedia

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure