هەواڵ

-

ياساكانى زمان

ســـــــــــــــتران عــــــــــەبدوڵا
7/26/2013 8:21:41 AM 499 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئه‌گه‌ر زمان بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک توخمێکی پێکهێنه‌ری نه‌ته‌وه‌و خۆ جیاکردنه‌وه‌ی بێت له‌وانی تر. ئه‌وا بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد توخمی هه‌ره‌ سه‌ره‌کی ناسینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌یقۆنی پاراستنی نه‌ته‌وه‌ی کورد بووه‌ له‌فه‌وتان و له‌ناوچوون.

کورد له‌ئاین و له‌ئه‌دگار له‌ده‌وروبه‌ره‌که‌ی جیا نییه‌، ئابووریش بیانوویه‌کی لاوازه‌ له‌کاتێکدا سه‌روماڵی نه‌ته‌وه‌ به‌ تاڵان چووبێت. زمان شه‌رحی حاڵی نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌کات. بۆیه‌ وێستگه‌ی یه‌که‌می خه‌باتیش بۆ ناساندنی زمانه‌که‌مان بووه‌.

زمانی کوردی له‌به‌شه‌کانی تری کوردستان دوای ده‌ورانێک نکۆڵی و قاودان، ئێستا وه‌ک دیفاکتۆ به‌شێوه‌ی جیا خۆی نمایان ده‌کات. ته‌نها له‌کوردستانی باشوور دانپیانێکی ره‌سمی هه‌یه‌و له‌ده‌ستووری په‌سه‌ندکراوی ساڵی 2005یشدا وه‌ک زمانی ره‌سمی هاوشانی زمانی عه‌ره‌بی بۆ سه‌رتاسه‌ری عیراق دانیپیانراوه‌.

به‌ڵام ئه‌و دانپیانانه‌ وه‌ک زیاتر له‌په‌نجا بڕگه‌ی دیکه‌ی ده‌ستوور گرێدراوی ده‌سته‌واژه‌ی (ئه‌وه‌ به‌یاسا رێکده‌خرێت) کراوه‌.

ئه‌و کاته‌ی ئه‌م دانپیانانه‌ له‌ده‌ستوور نووسرا، عیراق له‌به‌هاری دیموکراسیدا بوو، کوردیش نه‌ورۆزی ئه‌و به‌هاره‌ بوو، به‌ڵام ئێستا که‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر یاسای زمانه‌ ره‌سمییه‌کان ده‌کرێت شۆڤێنیزم و بیری ته‌سک چه‌مۆڵه‌ له‌ بژاره‌ی ده‌ستووری ده‌ده‌ن زمان و زمان له‌عیراقی دیموکرات و فیدراڵ ده‌ردێنن.

دۆخی ئێستا که‌هاوپه‌یمانێتییه‌کانی سه‌ره‌تای ئازادیی عیراق وه‌کو خۆیان نه‌ماون، باشترین دۆخه‌ بۆ ئه‌م شۆڤێنیانه‌ تا له‌به‌ڵێنه‌کانی جاران پاشگه‌ز ببنه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ به‌حیسابی بنه‌چه‌ بێت حوکمڕانه‌کانی ئه‌مڕۆ به‌ میراتی جه‌واهیرییه‌وه‌ ده‌نازن به‌ڵام له‌مه‌سه‌له‌ی زماندا بیرکرنه‌وه‌یان وه‌ک بیرکردنه‌وه‌کانی ساتیعو حوسه‌رییه‌، بۆیه‌ بیانوو له‌دژی زمانی کوردی داده‌تاشن. بۆ کورد ده‌ستوور مه‌رجه‌عه‌ که‌زمانی ره‌سمی وا ته‌فسیر کردووه‌ شان به‌شانی زمانی عه‌ره‌بی له‌هه‌موو نووسراو و ئاماژه‌ ره‌سمییه‌کانی ده‌وڵه‌تی عیراقدا زمانی کوردی هه‌بێت، وه‌گه‌رنا ته‌فسیره‌کانی تر له‌عیراقی پادشاییه‌وه‌ بۆ عیراقی سه‌دامی ئیشی پێکراوه‌و شتی نوێی تێدا نییه‌.

له‌م ئاسته‌دا ده‌بێ نوێنه‌رایه‌تی کورد له‌به‌غدا ته‌نها وه‌ک (ئه‌بێ و نابێی) رایه‌کی زمانه‌وانیی سه‌یری ئه‌م پرسه‌ نه‌کات. ئه‌مه‌ نه‌ زمانه‌وانی و نه‌ ته‌نها کایه‌یه‌کی رۆشنبیرییه‌، ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه‌ که‌ سه‌دان ساڵه‌ قه‌واره‌ی بوونی نه‌ته‌وه‌ییمانی پاراستووه‌. دانپیانانی ده‌ستووری و به‌رجه‌سته‌کردنی ئه‌مه‌ش له‌یاسادا دانپیانانه‌ به‌جیاوازی و سه‌ربه‌خۆیی و حه‌یسییه‌تی کورد.

پرسی زمانی کوردی هیچی له‌پرسی نه‌وت و غاز و که‌رکوک که‌متر نییه‌، بێ زمان نه‌ته‌وه‌ی کورد بوونی نابێت که‌ داوای نه‌وت و که‌رکوک بکات. بێ زمان مه‌گه‌ر به‌ زمانی ئه‌وان له‌مافه‌کانمان بدوێین.

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure