هەواڵ

-

بۆچی سەریان کردۆتە یەکێتى؟

هاوکار محەمەد
7/27/2013 8:03:00 PM 921 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

لەفەرهەنگی نەیارانى ناوخۆیی و دەرەکیی میللەتەکەماندا، هەمیشە جووت وشەى ( هێزی مەترسیدار)، بەو هێزانە وتراوە، کەقەڵغانى پاراستنى میللەتى کوردو پوچەڵکەرەوەى خەونى نەیارانى کوردن، بەوهێزانە وتراوە، کەڕێگری یەکەم و کۆتایین لەبەردەم پەلاماری پەلاماردەر و شەرەنگێزەکاندا، هەربۆیە نەیارانى کورد لەدیرۆکی شۆڕشی نوێدا، هەمووکات یەکێتى نیشتمانی کوردستانیان بەوهێزە مەترسیدارە شوبهاندووە کە ناکرێت و لۆژیکی نییە بەبێ لەناوبردنى یەکێتى بتوانن ئامانجە گڵاوەکانیان وەدیبهێنن!
ئەگەرچی نەیارانى کورد لە بۆچوونەکەیاندا راست و راستگۆ بوون، بەڵام بێومێدیشن لەوەى بۆچونەکانیان کتومت راست و لۆژیکیی بووە، چونکە هیچ کاتێک نەیانتوانیوە لەحزوری یەکێتیدا پیلانەکانیان بگێڕن و ئەزموونى چەندین ساڵە میللەتەکەمان لەناوبەرن. باش بیرم دێت، شەوی 4ى تشرینى یەکەمى ساڵى 2001، کاتێک تاقی تیرۆریستى جندالایسلام لەچیاى شنروێ-ی هەلەبجە لەسەردەستى پێشمەرگەکانى یەکێتى وەدەرنران، لەیەکێک لەبەڵگەنامە دەستبەسەرا گیراوەکاندا، سەرانى رێکخراویی القاعیدە هۆشداریی دەدەنە چەکدارەکانیان، بۆ ئەوەى پێگەیەکى بەهێزى سەربازیی لەهەرێمى کوردستان دروست بکەن، پێویستە بەرلە هەر هەنگاوێک، هەنگاو بۆ لەناوبردنى (ی ن ک) بنێن، بەڵگەنامەکان زانیاری زیاتریان نەخستۆتەروو، بەڵام بەیاننامەى دامەزراندنى جندالایسلام بەئاشکرا و لەیەکێک لەخاڵەکانى هۆکاری دروستبوونەکەیان و ئامانجی دامەزراندنەکەیاندا کە لە 1ى ئەیلولی هەمان ساڵ بلاویان کردەوە، تەئکید لەپێویستیی لەناوبردنى یەکێتى نیشتمانى کوردستان دەکاتەوە، تیرۆریستانى جندالایسلام یەکێتی نیشتمانى کوردستانیان لەلوتکەى ریزبەندی هێزە مەترسیدارەکاندا پۆڵێن کردبوو، هەربۆیە وەک خۆیشیان رایانگەیاندبوو بۆ ئەوەى ئەمارەتێکى ئیسلامیی لەناوچەکە دابمەزرێنن پێویستە یەکێتى و حکومەتەکەى رابماڵن!
دیرۆکی خەباتى میللەتەکەشمان بەروونى پێمان دەڵێت کەلەهەموو قۆناغەکانى شۆڕی چەکداریی و دەوڵەتداریدا، نەیاران ناوخۆیی و دەرەکیی، ئەوەندەى چاوی چاودێریان لەسەر یەکێتى نیشتمانى کوردستان بووە، نیوهێندە تەرکیزیان لەسەر پارتە هاوخەباتەکانی یەکێتى نەبووە،چونکە (ی ن ک) وەک هێزێکى دیموکرات و ئاشتیخواز بەشداریی کاریگەری هەبووە لەبەرهەمهێنانى جۆرێک لەژیانى مەدەنیانە بۆ خەڵکى کوردستان، هەروەک بەشداری سەرەکیش بووە لەبەرپەچدانەوەى پیلانى پیلانگێڕان، هەربۆیە یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەچاوی نەیار و ناحەزانیدا زیاتر رووبەرووى پەرچەکداریی سیاسی و سەربازی و ئیعلامی بۆتەوە، لەم رووشەوە چاوەڕوانکراو و پێشبینی کراوە ، نەیاران فشاری زیاتری سیاسی و زمانى زبری ناسیاسی و تۆمەتی تری نائەخلاقی و گوشاری زیاتری سایکۆلۆژی بخەنە سەریەکێتى و سەرکردەکانى! چونکە ئەوان باش تیگەیشتوون ئەگەر یەکێتى لەژمارەشدا کەمبوبویت، کەهیچ کاتێک کەم نەبووە، بەڵام لەکردەوەدا کاریگەرترە لەکاریگەر
نمونەکانى جیاوازی یەکێتى لەچاوى نەیارانى کوردەوە ئەوەندە زۆرن لەژمارە نایەن، بەڵام بۆ هەڵنەدانەوەى گۆڕە کۆنەکان، کەمەبەستى ئەم نوسینەم نییە، نامەوێت لاپەڕەى زیاتری جیاوازییەکان و هۆکارەکانى کاریگەریی یەکێتى هەڵبدەمەوە، تەنیا ئاماژە بەبەڵگەیەکى دیکەى نوسینەکەم دەدەم، کەئەویش بریتییە لەدووبارەکردنەوەى سیناریۆکانى ناحەزانى میللەتەکەمان، لەلایەن یەکێک لەسەرکردەکانى دوێنیی یەکێتییەوە کەئەویش کاک نەوشیروان مستەفایە!
کاک نەوشیروان بۆ تێکدانى ئەزموونەکە و دژایەتیکردنى یەکێتى و بەدیهێنانى خەونەکەى کەبریتییە لەهەڵتەکاندنى یەکێتى، هەنگاوى هەڵەو دژ بەیەک دەنێت، لەلایەکەوە بۆ دروستکردنى گوشاری سایکۆلۆژى بۆ سەر بنکە جەماوەرییەکەى یەکێتى، ئەوەمان پێدەڵێت کە یەکێتى لەگۆڕەپانەکەدا هیچی پێناکرێت و بۆتە پاشکۆی پارتى دیموکراتى هاوپەیمان، لەلایەکیشەوە هەمان رێگاى نەیارانى کوردی گرتۆتەبەر و پێش ئەوەى پەلاماری هەر هێزێکى تر بدات، هەموو توانایەکى ئیعلامی و سیاسی و ناسیاسی خۆی گرتۆتەبەر بۆ دژایەتیکردنى یەکێتى!
لێرەدا جێگەى خۆیەتى لە نەوشیروان مستەفا و هاوکارەکانى سەرهێڵی پیلانگیڕی بپرسین، ئەگەر قەرارە یەکێتى هیچ رۆڵێکى لەهاوکێشە سیاسییەکاندا نەمابێت و بەتەواوەتى بوبێت بەپاشکۆی پارتى، خێرە ئێوە بەردەوام خەریکی پیلانگیڕی و چەواشەکارین لەدژى یەکێتى و سەرکردەکانى یەکێتى؟ یاخود نەخێر، ئێوەش وەک زۆرێک لەنەیارانى تری کورد و یەکێتى باش تێگەیشتوون و باش دەزانن یەکێتى هێزە کاریگەرەکەیە و پێش لەناوبردنى یەکێتى مەحاڵە بەئاواتەکانتان بگەن، هەر لەبەر ئەمەش دەزگاکانى راگەیاندنى حزبەکەتان و هاوپەیمانەکانتان هاوشێوەى ماتادۆرەکانى ئیسپانیا( گاى شێت) بەراست و چەپدا پەلاماری یەکێتى و رەمزەکانى دەدەن!
پێشموایە باشترین رێگە بۆ کاک نەوشیروان و هاورێکانى بۆ ئەوەى لەرووى سیاسییەوە جێگەی خۆیان بکەنەوەو شوێن بە هێزەکانى دیکە لەق بکەن، بریتییە لە یەکخستنى نێو ماڵی بزوتنەوەکەتان و کۆتایی هێنان بەو دەیان گرفتە جۆربەجۆرەى کە ماوەى2 ساڵە هەناسەى لەگەرووى بزوتنەوەکەتان بریِوە.

 

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure