هەواڵ

-

لەدەرەوەى هۆڵی پەرلەمان

سۆزان خاڵە شیهاب
7/29/2013 5:23:58 AM 554 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

هه‌ڵبه‌ته‌ ستوون نوسین کارێکی ئاسان نییه‌ و به‌تایبه‌تیش بۆ من، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو سه‌رقاڵییه‌ی کاری په‌رله‌مان و ژیانی رۆژانه‌ و ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ی که‌ له‌سه‌ر شانم بوو، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم ئه‌مڕۆ که‌ دوا ستوونم وه‌ک ئه‌ندام په‌رله‌مان ده‌نووسم و له‌ ژێر ئه‌م ناونیشانه‌( له‌ ده‌ره‌وه‌ی هۆڵی په‌رله‌مانه‌وه‌) سه‌ربه‌رزم به‌وه‌ی که‌ کوردستانی نوێ بووه‌ یه‌که‌م مه‌نزڵی ئه‌م ته‌جروبه‌یه‌م، بابه‌ته‌کانی نووسینه‌کانم جۆراوجۆر بوون، هه‌ندێکیان ره‌خنه‌ بوون و هه‌ندێکیان بابه‌تی ئه‌و رۆژه‌ بوون و هه‌ندێکیشیان له‌سه‌ر بابه‌ته‌کانی په‌رله‌مان و ده‌رخستنی هه‌ندێ له‌ راستیه‌کانی ناو هۆڵی په‌رله‌مان بوون، خۆشحاڵم که‌ به‌شێک له‌نووسینه‌کانم هه‌رچه‌نده‌ ئیزنیشم لێوه‌رنه‌ده‌گیرا له‌ هه‌ندێ سایتدا بڵاو ده‌کرانه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ندێ له‌ رۆژنامه‌کانیش داوای نووسینیان لێده‌کردم، ئه‌مانه‌ هه‌مووی بۆ من شانازییه‌کی گه‌وره‌ن، زۆر جاریش ره‌خنه‌ یان هه‌ندێک که‌س تووڕه‌ ده‌بوون له‌ هه‌ندێ له‌ نووسینه‌کانم، به‌ڵام ئه‌وانه‌ش ئاسایین و بگره‌ هه‌ندێ له‌و ره‌خنانه‌ش زۆر به‌سوود بوون بۆ من و ستوونه‌که‌میان ده‌وڵه‌مه‌نتر ده‌کرد، ئێستاش له‌به‌ر ته‌واوبوونی خولی سێیه‌می په‌رله‌مان و ته‌واوبوونی رۆڵه‌که‌م وه‌ک ئه‌ندام په‌رله‌مانێک، بۆیه‌ ئه‌م گۆشه‌یه‌ دوا گۆشه‌ ده‌بێت له‌ ژێر ئه‌م ناونیشانه‌، چونکه‌ من هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بم له‌ نووسین و کوردستانی نوێ هه‌ر ماڵی منه‌ و له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ جوانه‌کانی ئه‌م رۆژنامه‌ دێرینه‌ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بم له‌ نووسین، به‌ڵام ناونیشانی ستوونه‌که‌م ده‌گۆڕم و له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا ناونیشانێکی تر هه‌ڵده‌بژێرم، بۆیه‌ من ئێستا ده‌توانم وه‌ک ئامۆژگاریه‌کیش بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ تازه‌ ده‌ست به‌نووسین ده‌که‌ن یان ده‌یانه‌وێت بنووسن بڵێم (مه‌ترسن، نووسین باشترین رێگه‌یه‌ بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌کانتان) کوردستانی نوێش باشترین رۆژنامه‌یه‌ بۆ پاڵپشتیتان، و ستافی کوردستانی نوێ که‌سانێکن که‌ پشتگیریتان ده‌که‌ن، بۆیه‌ مه‌ترسن و بنووسن، ئه‌م داوایه‌شم بۆ هه‌ڤاڵه‌ ژنه‌کانه‌ که‌ ده‌زانم که‌سانی به‌توانا و خاوه‌ن قه‌ڵه‌می ئازایان تێدایه‌، تکایه‌ بنووسن و له‌ هیچ مه‌ترسن، له‌سه‌ر هه‌موو بابه‌ته‌کان بنووسن، هیچ شتێک تابوو نیه‌ و هیچ شتێک نییه‌ تۆی ژن بترسیت له‌سه‌ری بنووسیت، باسی خه‌می ژنان بکه‌ن، ره‌خنه‌ بگرن و ناره‌زایه‌تیه‌کانت به‌ نووسین ده‌رببڕه‌، نووسین ده‌روازه‌یه‌که‌ بۆ هه‌ناسه‌دان، من له‌ ئێستاوه‌ هه‌تا هه‌ڵبژاردنی ناوێکی تر و ده‌ستپێکێکی نوێ بۆ ستوونه‌که‌م بیرتان ده‌که‌م، چاوه‌ڕوانم بن.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure