هەواڵ

-

دژایه‌تیكردنی‌ كوردی‌ رۆژئاوا به‌وه‌كاله‌ت ‌

مه‌ریوان عه‌لی‌ محه‌مه‌د‌
8/7/2013 6:58:26 AM 592 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

 ‌نیشته‌جێبووانی‌ سوریا به‌گشت نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌به‌ جیاكانییه‌وه‌، له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵی‌ ته‌مه‌نی‌ خۆپیشاندان‌و رووداوه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌یاندا پشكی‌ خۆیان له‌ماڵوێرانی‌و ده‌ربه‌ده‌ریی‌‌و كوشتن‌و بڕین‌و ڕه‌وكردنی‌ به‌كۆمه‌ڵ به‌ده‌ستی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د به‌ركه‌وتووه‌، دابه‌شكردنی‌ پشكی‌ ماڵوێرانی‌‌و له‌ده‌ستدانی سه‌روماڵییه‌كه‌ش، له‌لایه‌ن سوپای‌ سوریاوه‌ به‌سه‌ر دوو ستراتیژی‌ سه‌ربازیی له‌یه‌كچوودا پۆڵێنكراون، یه‌كه‌میان ئه‌و ناوچانه‌یه‌ كه‌ زۆرینه‌یان سوننه‌ مه‌زهه‌بن، دووه‌میشیان ناوچه‌ كوردنشینه‌كانن، ئه‌گه‌ر سه‌رنجێكی‌ ورد له‌و ناوچانه‌ بدرێته‌وه‌ كه‌پشكی‌ كه‌متری‌ به‌ركه‌وتووه‌ له‌خاپوربوون‌و وێرانكاریی، ئه‌و ناوچانه‌ن كه‌ كورد تێدا زۆرینه‌ن، هۆكاری‌ كه‌متر وێرانبوونی‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كانیش له‌به‌ر جوانیی چاوی‌ كوردان نه‌بووه‌، یاخود له‌به‌ر هاوسۆزیی كوردنه‌بووه‌ بۆ رژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د، به‌ڵكو دووریی ناوچه‌كانیانه‌ له‌چه‌قی‌ ناوه‌ندی‌ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ كه‌ له‌ئێستادا سوپای‌ ئه‌سه‌د مه‌به‌سه‌تێتی‌ به‌رگریی‌ لێبكات كه‌ بێگومان گرتنه‌به‌ری‌ پلانی‌ به‌رگریكردنی‌ ئه‌و ناوچه‌ مه‌به‌ستدارانه‌ش، ده‌كه‌ونه‌ نزیك سنووره‌كانی‌ لوبنانه‌وه‌، ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د نه‌یتوانی‌ به‌رگریی‌ له‌ته‌خت‌و تاراجی‌ بكات‌و پایته‌خت جێبهێڵێت، ناوچه‌ به‌رگریی‌ لێكراوه‌كه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ تایه‌فی‌‌و مه‌زهه‌بیی دیاریكراوه‌، بكاته‌ ناوه‌ندی حكومه‌ته‌كه‌ی‌، به‌ڵام هێشتا ئه‌و دۆخه‌ دروست نه‌بووه‌و لایه‌نه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن نه‌یانتوانیووه‌ پاشه‌كشه‌ به‌هێزه‌كانی‌ سوپای‌ سوریا بكه‌ن بۆ ئه‌و ناوچانه‌ كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌ی‌ ئه‌سه‌ده‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌ كه‌ عه‌له‌وی‌ نشینن، كه‌ڵبه‌ی‌ ئه‌گه‌ر نه‌ڵێن هه‌موو لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانی‌ ئیئتلافی‌ نیشتمانی‌ سوریا، ئه‌وا زۆربه‌یان له‌كورد ده‌ردێنن‌و دژایه‌تی‌‌و دوژمنایه‌تیی‌ خۆیان به‌ئاشكرا بۆ خواسته‌كانی‌ كورد راگه‌یاندووه‌، به‌ڵام گه‌زینی‌ قاچی‌ كورد له‌ئێستادا به‌وه‌كاله‌ت له‌لایه‌ن گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كانی‌ له‌جۆری به‌ره‌ی نوسره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ دواترو له‌پاش لێبوونه‌وه‌ له‌كێشه‌ی‌ حكومه‌تی‌ ئێستای‌ سوریا، به‌كۆمه‌ڵ بكه‌ونه‌ وێزه‌ی‌ كوردو به‌هیچی‌ نه‌بوو رازیان بكه‌ن له‌خاكی‌ سوریا بژین.

ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ نیگه‌رانیی‌و تێڕامانه‌ ئه‌وه‌یه‌، له‌ئێستادا چه‌كداره‌كانی‌ به‌ره‌ی نوسره‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ به‌وه‌كاله‌تی‌ ئیئتلافی‌ نیشتمانی‌، دژایه‌تیی‌ كوردستانیانی سوریا ده‌كات، له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌وه‌ی‌ له‌ئێستادا سوپای‌ سوریا بۆی ناكرێت له‌خاپوورو كردن‌و ره‌وپێكردنی كورد، به‌ره‌ی نوسره‌ بۆی ده‌كات، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ئه‌وه‌مان بیرده‌خاته‌ كه‌ لای خۆشمان له‌كوردستانی‌ باشووردا له‌و پرسانه‌ی‌ كه‌تایبه‌تن به‌دۆزی‌ كورد، هه‌موو لایه‌نه‌كانی‌ غه‌یره‌ كورد كێشه‌كانی‌ خۆیان وه‌لاده‌نێن‌و ده‌بنه‌ براو پێكه‌وه‌ قۆڵی دژیه‌تیكردنی‌ خواسته‌كانی‌ كوردی‌ لێ هه‌ڵده‌كه‌ن، دوای‌ خه‌فه‌كردن یان هه‌ڵپه‌ساردنی‌ ئه‌و داوایانه‌ش، جارێكی‌ تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ یه‌كتر له‌نێوان خۆیاندا. بۆیه‌ خه‌ریكه‌ سینارێوكه‌ی‌ كوردستانی‌ باشوور له‌كوردستانی‌ رۆژئاواش دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام به‌شێوازێكی‌ جیاواز.
ئه‌وه‌ی‌ ئێستا به‌رۆكی‌ كوردستانی‌ رۆژئاوی‌ گرتووه‌، له‌كوردستانی‌ باشووردا بۆیان نالوێت ئه‌و كاره‌ بكه‌ن، له‌باشووردا حكومه‌تێكی‌ كامڵ به‌هه‌موو پێوه‌ره‌ یاسایی‌و ده‌ستورییه‌كان هه‌یه‌و خاوه‌نی‌ پێگه‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌و سه‌ربازیی‌و ئابووریی‌ تۆكمه‌ی‌ خۆیه‌تی‌‌و ئه‌كته‌ره‌كانی‌ نێو سینارێۆكه‌ ناتوانن رۆڵی‌ پاڵه‌وان ببینن بۆ له‌ناوبردنی‌ ویست‌و داوا ره‌واكانی‌ كورد، به‌ڵكو جاروبار له‌دیمه‌نێكی كورتدا قسه‌یه‌كی‌ ره‌ق‌و ناقۆڵا ده‌كه‌ن، به‌ڵام پێگه‌ی‌ كورد له‌كوردستانی‌ رۆژئاوادا له‌ئێستادا ده‌ڵه‌مه‌یه‌و پێویستی‌ به‌یه‌كڕزیی نێوخۆیی‌و هاوكاریی كوردانی‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، پته‌وبوون‌و به‌خاوه‌نبوونی‌ كورد له‌خاكی‌ كوردستانی‌ رۆژئاوا، هێنده‌ی‌ سوودی‌ بۆ كوردستانیانی‌ ئه‌و سنووره‌ هه‌یه‌، هێنده‌ی‌ ئه‌وه‌ش پاڵشته‌ بۆ پته‌وتربوونی‌ سه‌نگ‌و پێگه‌ی‌ كورد له‌نێو سنووری‌ كوردستانی‌ باشوور، بۆیه‌ پێویسته‌ گه‌رماوگه‌رم داواكارییه‌كانی‌ كوردستانی‌ رۆژئاوا به‌موباره‌كبایی كوردستانی‌ باشوور بخرێنه‌ڕوو نه‌ك له‌كاتی‌ ئاساییبوونه‌وه‌‌و كۆتایی هاتنی‌ كێشه‌ی‌ ئێستای‌ سوریا، چونكه‌ كه‌س نازانێت كه‌شی‌ ئاینده‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ چۆن ده‌بێت.

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure