هەواڵ

-

سه‌رخستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ‏ئه‌ركێكی نیشتمانی‌و مێژووییه‌‎ ‎ ‌

عادل موراد‌
8/7/2013 7:03:33 AM 857 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

‎ ‎ 

له‌هه‌ولێری پایته‌خته‌وه‌ ئه‌وه‌ راگه‌یه‌ندرا كه‌ زیاتر له‌30 پارتی كوردستانی، به‌ته‌مای پێكهێنانی سه‌ركردایه‌تییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش ‏كۆبوونه‌ته‌وه‌. له‌كاتێكدا هه‌موو هه‌وڵێك به‌رز ده‌نرخێنین بۆ یه‌كگرتنی وتاری كوردی‌و یه‌كخستنی ریزه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و ‏گۆڕانكارییانه‌ی‌ له‌ناوچه‌كه‌دا رووده‌ده‌ن، هه‌ندێ تێبینیشمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردنی كۆنگره‌كه‌. به‌ڵام به‌ر له‌تێبینییه‌كان، ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ ‏وه‌بیری برایان بێنمه‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی‌ پارته‌ كوردستانییه‌كان، له‌تشرینی دووه‌می 1977دا بوو له‌باره‌گای نووسینگه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ‏یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌به‌یروت (كه‌ من شانازیی به‌رپرسیارێتی ئه‌و نووسینگه‌یه‌م هه‌بوو). ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ش له‌مام جه‌لال-ه‌وه‌ بوو ‏پێش ئه‌وه‌ی‌ به‌ته‌واوی‌ به‌یروت به‌جێبهێڵێت‌و رۆژی 15/7/1977 به‌ره‌و كوردستان به‌هاوكاریی هاوڕێیان له‌ڕێكخراوی حزبی توده‌ی دژ به‌ڕژێمی ‏شا.‏
هۆكاره‌كانی شكست
ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ به‌یه‌كه‌م هاوكاریی ئه‌ژمار ده‌كرێ بۆ كارێكی نه‌ته‌وه‌یی كوردستانی یه‌كگرتوو. وه‌ك له‌بیرم بێت ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ‏بریتیبوون له‌به‌ڕێزان:‏
‏1-ئه‌میری قازی- وه‌ك نوێنه‌ری ئه‌وسای حزبی دیموكراتی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان. ‏
‏2-حه‌مید ده‌روێش-سكرتێری پارتی دیموكراتی كورد له‌ڕۆژئاوای كوردستان. ‏
‏3-خوالێخۆشبوو شێخ محه‌مه‌د باقی-سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردی رۆژئاوا. ‏
‏4-خوالێخۆشبوو عیسمه‌ت فه‌تحوڵڵا-سكرتێری پارتی كوردی چه‌پ له‌ڕۆژئاوا.‏
‏5-نێردراوی‌ حزبی پێشكه‌وتنی كوردستان له‌باكووری كوردستان (دی دی كه‌ی دی) ئه‌وكاته‌ عومه‌ر چه‌تین سكرتیری بوو، یارمه‌تیی گه‌وره‌ی ‏شۆڕشی نوێیاندا به‌ڕابه‌رایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.‏
‏6-شه‌هید مسته‌فا نێردراوی پارتی سۆشیالیستی كوردستان له‌باكوور (ناڕه‌وا له‌كۆتایی هه‌شتاكاندا شه‌هیدكرا).‏
‏7-ئه‌حمه‌د ئه‌حمه‌د جمهورو مسته‌فا سۆفی (ئێستا له‌سوید ده‌ژین) له‌كورده‌كانی لوبنانه‌وه‌ كه‌ راستگۆترین هاوپه‌یمانی یه‌كیتی بوون.‏
‏8-عه‌دنان موفتی- به‌نوێنه‌رایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان-لیژنه‌ی ئاماده‌كار (سه‌رۆكی ئه‌و پارته‌ د.مه‌حمود عوسمان بوو و له‌نزیكترین ‏هاوپه‌یمانه‌كانی یه‌كێتی بوو. ده‌یویست پارتی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی تازه‌ بنیات بنێته‌وه‌.‏
‏9-خوالێخۆشبوو عومه‌ر ده‌بابه‌ كه‌ نوێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی‌ سۆشیالیستی كوردستان بوو (شه‌هید ساڵح یوسفی رابه‌ری بزووتنه‌وه‌كه‌ بوو، شه‌هید ‏عه‌لی عه‌سكه‌ری به‌رپرسیاری كوردستان بوو، خوالێخۆشبوو ره‌سول مامه‌ندو ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی سه‌ربازیی‌و سیاسیی ده‌ركه‌وتووی له‌گه‌ڵدا ‏بوو).‏
‏10-د.فوئاد مه‌عسوم‌و عادل موراد نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانییان ده‌كرد. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ نه‌چووه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ‏له‌به‌ر زۆر هۆ، له‌وانه‌: به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ به‌رامبه‌ر به‌م پڕۆژه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ كۆرپه‌یه‌، سه‌رباری هۆكاری ‏خۆیی بزووتنه‌وه‌ رزگاریخوازه‌ كوردییه‌كه‌ كه‌ به‌ده‌ست كه‌رتبوون‌و ناكۆكی‌و شه‌ڕی ناوخۆوه‌ ده‌یناڵان.‏
تێبینییه‌كانم له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌:‏
‏1-وه‌لانانی هه‌ندێ پارتی سه‌ره‌كیی سیاسیی خاوه‌ن جه‌ماوه‌ری فراوان له‌به‌ڕێوه‌بردنی دانیشتنی یه‌كه‌مدا، سه‌ره‌تایه‌كی باش نه‌بوو!‏
‏2-بچووككردنه‌وه‌ی‌ رۆڵی هه‌ندێك پارتی سه‌ره‌كی‌و مامه‌ڵه‌كردنیان به‌یه‌كسانی له‌گه‌ڵ پارتگه‌لێكی بچووكدا كه‌ بوونیان له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیعدا ‏نییه‌. بۆ نموونه‌ یه‌ك كورسی بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان/ په‌كه‌كه‌و بۆ حزبۆكه‌یه‌كیش كه‌ ژماره‌یان له‌په‌نجه‌ی ده‌ست تێپه‌ڕناكا یه‌ك كورسی! ‏كه‌ ئه‌م رێكاره‌ له‌ویستێكی ناڕاسته‌وه‌یه‌و بۆ یاریكردنه‌ به‌تای ته‌رازوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌نێك!‏
‏3-له‌و شتانه‌ی سه‌رسامیكردم، ئه‌و دژیه‌كیانه‌ بوو كه‌ له‌یه‌كه‌م دانیشتنه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا، بۆنموونه‌ چۆن ئه‌وه‌ لێكده‌ده‌یته‌وه‌ بانگهێشتی چه‌ند ‏پارتێكی كوردی له‌سوریا ده‌كرێ له‌كاتێكدا ئابڵوقه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر ده‌روازه‌ی (سیمالكا) كه‌ ئه‌وه‌ تاكه‌ ده‌روازه‌یه‌كه‌ له‌نێوان كوردستانی عیراق‌و ‏رۆژئاوای كوردستان بۆ گه‌یاندنی خوارده‌مه‌نی‌و گواستنه‌وه‌ی‌ نه‌خۆش‌و بریندارو په‌ككه‌وته‌كان؟
‏4-له‌و كۆبوونه‌وانه‌ی یه‌كه‌مه‌دا باسێك له‌سه‌ر هێزه‌كانی تورك نه‌كرا له‌ناوچه‌ی‌ ئامێدی‌و بامه‌ڕنی كه‌ ئه‌وه‌ ناڕه‌وایه‌تییه‌كه‌ به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه‌. ئایا ‏ئه‌و دوو بنكه‌یه‌ بۆ لێدانی هێزه‌كانی ئه‌وان نییه‌ كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانی چه‌رخی رابردووه‌وه‌ دانراون؟
پێشنیازه‌كانم بۆ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد:‏
گرنگترین كارێك كۆنگره‌ له‌سه‌ری پێكبـێ (په‌یمانی شه‌ره‌ف)ه‌. ناتوانرێ پێوانه‌ی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ بكرێ به‌بێ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و په‌یمانه‌. ‏كۆنگره‌، یا ئه‌و قه‌واره‌یه‌ی لێوه‌ی دروست ده‌بێ، ناتوانێ روانینه‌كانی له‌سه‌ر زه‌مین بچه‌سپێنێ، ئه‌گه‌ر په‌یمانێكی واژوكراوی نه‌بێ له‌لایه‌ن ‏به‌شداربووه‌كانییه‌وه‌ كه‌ پشتی پێ ببه‌ستن. نامانه‌وێ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ وه‌ك كۆنگره‌ی نیشتمانیی فه‌له‌ستین بێ كه‌ نه‌یتوانی شه‌ڕی حه‌ماس‌و فه‌تح ‏رابگرێ. ‏
بۆیه‌ ئه‌م پێشنیازانه‌ ده‌كه‌م:‏
‏1-پێویسته‌ (په‌یمانێكی شه‌ره‌ف ) له‌كۆنگره‌كه‌وه‌ ده‌ربچێ كه‌ ئه‌مانه‌ له‌خۆبگرێ:‏
‏-ئه‌و پارتانه‌ی له‌شه‌ڕی ناڕه‌وای ناوخۆدا به‌شدارییان كردووه‌، یه‌كه‌مجار دان به‌هه‌ڵه‌كانیاندا بنێن، دوایی ئه‌و په‌یمانی شه‌ره‌فه‌ واژو بكه‌ن بۆ ‏حه‌رامكردنی به‌كارهێنانی چه‌ك به‌ڕووی هیچ پارتێكی كوردیداو به‌بێ هیچ بیانوویه‌ك.‏
‏-ته‌رمی قوربانییه‌ ونبووه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ بده‌نه‌وه‌ به‌كه‌سوكاریان‌و داوای لێبووردن له‌خاوه‌ن شه‌هیده‌كان بكه‌ن‌و قه‌ره‌بوویان بكه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ش ‏بۆ هه‌موو پارته‌كان به‌بێ هه‌ڵاوێردن. هه‌موومان خاوه‌نی تۆمارێكی شه‌ڕی ناوخۆین. باشترینیشمان ئه‌وه‌ ده‌بێ یه‌كه‌مجار دان به‌وه‌دا بنێ.‏
‏-به‌ڵێن بده‌ن به‌دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌نه‌خشه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌ ئیقلیمییه‌ دوژمنه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان. هه‌موو پارته‌ به‌شداربووه‌كان ‏به‌ڕوونی مامه‌ڵه‌ بكه‌ن‌و په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌حكومه‌ته‌ هه‌رێمی‌و جیهانییه‌كانه‌وه‌ ئاشكرا بكه‌ن. گفتیش بده‌ن هیچ په‌یمانێك ئه‌نجام نه‌ده‌ن له‌گه‌ڵ ‏هیچ لایه‌نێك كه‌ زیان به‌سه‌رجه‌م دۆزی نه‌ته‌وه‌یی كورد بگه‌یه‌نێت.‏
‏2-پێشنیاز ده‌كه‌م رابه‌رایه‌تی كۆنگره‌كه‌ به‌نۆره‌ بدرێ به‌پارته‌كان له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی پارته‌ سه‌ره‌كییه‌ كاریگه‌ره‌كان. ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ش ‏شه‌ش مانگ یا ساڵێك تێپه‌ڕ نه‌كات. كۆنگره‌كه‌ ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ دیاری بكات، به‌ڵام ماوه‌ی شه‌ش مانگه‌كه‌ كرده‌ییانه‌تره‌.‏
‏-هه‌ڵبژاردنی ئه‌م كاته‌ گونجاو نییه‌ بۆ كۆنگره‌كه‌ كه‌ پارته‌ كوردییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خۆیانی تێدا ئاماده‌ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی ‏په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان. به‌ستنی كۆنگره‌كه‌ له‌وكاته‌دا ده‌شێ پرسیاری هه‌ندێك بوروژێنێ له‌سه‌ر ئه‌وكاته‌. ده‌شێ هه‌ندێكیش ‏دانیشتنه‌كانی كۆنگره‌ بقۆزنه‌وه‌ وه‌ك ماده‌یه‌كی بانگه‌شه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌. بۆیه‌ پیشنیاز ده‌كه‌م به‌ستنی كۆنگره‌كه‌ دوابخرێ بۆ دوای ‏هه‌ڵبژاردنه‌كان.‏
‏4-به‌شداریی كه‌سایه‌تییه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و ئه‌كادیمییه‌كان له‌كۆنگره‌كه‌دا بكرێ كه‌ رۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه‌ له‌ئاراسته‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردستاندا ‏وه‌ك: (كامیل ژیر، جه‌مال نه‌به‌ز، نه‌جمه‌دین كه‌ریم، دلێر سدیق، حه‌مه‌ عه‌زیز، عه‌بدوڵڵا ئاگرین، حه‌كیم كاكه‌ وه‌یس، هه‌ڵۆ به‌رزنجی، به‌ختیار ‏شه‌مه‌یی، ئارام قادر، ئاراس نوری ئه‌حمه‌د ته‌ها، زاهیر له‌تیف، فه‌رهاد عه‌بدول حه‌مید، هۆگر مه‌حمود، حسێن محه‌مه‌د عه‌زیز، سامان شاڵی، ‏جه‌واد مه‌لا، دارا عه‌تار، ته‌ها عه‌بدوڵڵا خه‌یات، دلێر شاوه‌یس، ئازاد مه‌نتك، پشكۆ ئه‌مین، حه‌مه‌ڕه‌شید هه‌ره‌س، ئه‌حمه‌د میراوده‌لی، حسێن ‏خه‌لیقی، سیروان كاوسی‌و هیتریش كه‌ ئێستا ناوه‌كانیانم له‌بیر نییه‌، ئه‌وانه‌ی رابه‌رایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی كوردیان كردووه‌.

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure