هەواڵ

-

له‌باره‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستوورو گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مان ‌

د.ئه‌رسه‌لان بايز‌
8/19/2013 2:12:43 PM 658 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

دوای چه‌ندین ساڵ، دوای چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌، دوای پرس و ڕا به‌چه‌ندین پسپۆڕو شاره‌زا، دوای دیراسه‌كردنی چه‌ندین ده‌ستووری وڵاتانی دنیا. پڕۆژه‌ی ده‌ستوور به‌تێكڕای ده‌نگی لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌ جیا له‌ د.نوری تاڵه‌بانی ئیقرار كراو ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرا. له‌په‌رله‌مان له‌كاتی پێداچوونه‌وه‌و ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌، هه‌موو په‌رله‌مانتاران بۆیان هه‌بوو بچنه‌ گفتوگۆی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ یان تێبینی و بۆچوونه‌كانی خۆیان بۆ ئه‌و لیژنه‌یه‌ بنێرن. بۆیه‌ كاتێ له‌به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مان دانرا، به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك دێڕی گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت، ته‌واوی پڕۆژه‌كه‌ ته‌نیا به‌ (به‌ڵێ) یان (نه‌خێر)، به‌ (له‌گه‌ڵ) یا (له‌دژ)، به‌ (ئا) یان (نا)، ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه‌. له‌كۆی 96 په‌رله‌مانتاری ئاماده‌بووی دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌و رۆژه‌، 95 په‌رله‌مانتار ده‌نگی بۆ داوه‌، ته‌نیا یه‌ك په‌رله‌مانتار ناڕازی بووه‌. كه‌واته‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مان ده‌نگی بۆ داوه‌.
به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانیش، هه‌ر پڕۆژه‌یاسایه‌ك ده‌نگی بۆ بدرێ، ئیتر مافی په‌رله‌مانی به‌سه‌ره‌وه‌ نامێنێ و ره‌وانه‌ی لای سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌كرێت. دوای ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكی هه‌رێم، ئه‌بێ به‌یاسا، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌ی «15» رۆژیش سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ڕه‌زامه‌ندی یان ره‌تكردنه‌وه‌ وه‌ڵامی نه‌داوه‌. هه‌ر ئه‌بێ به‌یاسا. خۆ ئه‌گه‌ر ره‌تیكرده‌وه‌ یان تێبینی له‌سه‌ر چه‌ند بڕگه‌و ماده‌یه‌ك ده‌ربڕی، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ په‌رله‌مان و گفتوگۆی له‌سه‌ر ئه‌كرێته‌وه‌. ئیتر دوا بڕیار بۆ په‌رله‌مانه‌.
ئه‌و یاسایه‌ی كه‌پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی پێ په‌سه‌ندكرا، یاسای ژماره‌ (16)ی ساڵی 2008 بوو له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دراوه‌و ره‌وانه‌ی ریفراندۆم كراوه‌. دانانی رۆژی ریفراندۆمیش پێویستی به‌هه‌ماهه‌نگی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی حكومه‌ت و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقه‌. ئه‌وانیش رۆژی (25/7/2009)ی دانا بۆ ریفراندۆم. به‌ڵام كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق له‌ژێر كاریگه‌ریی دیدی شۆڤێنیانه‌ی عه‌ره‌به‌كان. هه‌روه‌ها فشاری حكومه‌ته‌كانی ئێران و توركیاو حكومه‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌كان. خۆیان گرخاندو ئه‌مڕۆو سبه‌ی، مانگ و دوو مانگ، تا چه‌ندین ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی و ریفراندۆم نه‌كرا. چونكه‌ له‌وه‌ ئه‌ترسان كوردستان ببێته‌ خاوه‌نی ده‌ستووری خۆی ئیتر بیر له‌جیابوونه‌وه‌ بكاته‌وه‌.
دیاره‌ ئه‌و ساڵانه‌ حكومه‌تی ئه‌مریكاش له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی نه‌یده‌ویست كێشه‌ بكه‌وێته‌ نێوان حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستانەوە، بۆیه‌ ئه‌ویش بێده‌نگی هه‌ڵبژاردو پشتیوانی له‌ڕیفراندۆمی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێم نه‌كرد. له‌ئاستی ناوخۆش پڕۆژه‌ی ده‌ستوور بووه‌ قوربانی ململانێی و هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2009 به‌مجۆره‌ پڕۆژه‌ی ده‌ستوور تاكو ئه‌مڕۆش هه‌ر پڕۆژه‌ی ده‌ستووره‌، چونكه‌ له‌كاتێكدا ئه‌بێته‌ ده‌ستوور كه‌ڕیفراندۆمی له‌سه‌ر بكرێ و ره‌زامه‌ندی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانی له‌سه‌ر بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر كوردستان خاوه‌نی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی خۆی بوایه‌. ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ئه‌خرایه‌ ریفراندۆم و ده‌نگی له‌سه‌ر ئه‌دراو ئێستا خاوه‌نی ده‌ستووری خۆمان ده‌بووین. ئه‌وساش هه‌مواركردنه‌وه‌ی هێنده‌ كێشمه‌كێش و موناقشه‌ی هه‌ڵنه‌ده‌گرت. بۆیه‌ ده‌رفه‌ت و هه‌له‌، په‌له‌ بكه‌ین له‌هه‌ماهه‌نگی له‌سه‌ر پێكهێنانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان.
ساڵان هاتوو و رۆیشت، ژماره‌یه‌ك له‌مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی و كادره‌كانی «ی.ن.ك» ئینشقاقیان له‌ «ی.ن.ك» كردو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیان دامه‌زراندو سه‌ركردایه‌تی ئۆپۆزسیۆنی كوردستانیان كرد. بارودۆخی سیاسیی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌ گۆڕا. مقۆمقۆو گفتوگۆی گه‌رم له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستوور هاته‌ پێشه‌وه‌، پێشتریش یاسای په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ی ده‌ستوور چه‌ندینجار هه‌مواركراوه‌ته‌وه‌.
یاسای په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان بۆ جاری یه‌كه‌م به‌یاسای ژماره‌ (9)ی ساڵی 2009، له‌دانیشتنی ژماره‌ (20) ئاسایی رۆژی 22/6/2009، هه‌مواركرایه‌وه‌.
پڕۆژه‌كه‌ بۆ جاری دووه‌م به‌یاسای ژماره‌ (10)ی ساڵی 2009 له‌دانیشتنی ژماره‌ 4ی نائاسایی رۆژی 9/7/2009، هه‌مواركرایه‌وه‌.
دیاره‌ ناوه‌رۆكی هه‌ر ده‌ستوورێك له‌دنیادا سیاسییه‌، چونكه‌ سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگا ئه‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام چوارچێوه‌كه‌ی یاساییه‌. پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستانیش به‌هه‌مانشێوه‌یه‌. بۆیه‌ دوای تێپه‌ڕینی ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌ به‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌و دوای گۆڕانكاری گه‌وره‌ له‌بواری سیاسی و ئابووری له‌كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌. دوای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن، به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و هێزه‌ سیاسییه‌كان و ئه‌زموونه‌كه‌شمان واده‌خوازی چاو به‌پڕۆژه‌كه‌دا بخشێنرێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كه‌دا بگونجێنرێ، پێویسته‌ پێش ریفراندۆم به‌كۆده‌نگییه‌كی نیشتمانی به‌ته‌وافوق هه‌مواربكرێته‌وه‌.
گه‌ڕانه‌وه‌و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستوور له‌لایه‌ن یاساناسانه‌وه‌ دوو بۆچوونی جیاوازی لێكه‌وته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی له‌ڕوانگه‌یه‌كی یاسایی وشك له‌پڕۆژه‌كه‌یان ئه‌ڕوانی پێیانوابوو ئیتر پڕۆژه‌كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نیه‌و ئه‌بێ بچێته‌ ریفراندۆمه‌وه‌. ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ڕوانگه‌ی گۆڕانكارییه‌كان، یاسایان به‌كۆمه‌ڵگه‌و سیاسه‌ته‌وه‌ ئه‌به‌سته‌وه‌، پێیانوابوو به‌حوكمی ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ی به‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ده‌ستووردا تێپه‌ڕیوه‌و ناوه‌رۆكی هه‌ر ده‌ستوورێكیش گرێبه‌ستێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستووریان لا كارێكی ئاسایی و یاسایی بوو.
ئیتر هه‌ردوولا له‌شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن و لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌كان و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌كان بانگه‌شه‌یان بۆ راو بۆچوونه‌كانی خۆیان ئه‌كرد. حزبه‌كانی كوردستانیش به‌سه‌ر ئه‌و دوو بۆچوونه‌دا دابه‌ش بوون. پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ستی به‌وه‌وه‌ گرتبوو كه‌هه‌ر ئه‌بێ پڕۆژه‌ی ده‌ستوور بچێته‌ ڕیفراندۆم و هیچ رێگایه‌كی تر نیه‌. حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیش پێیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌دا ئه‌گرت كه‌هه‌ر ئه‌بێ بچێته‌وه‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مان و گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت و هه‌مواربكرێته‌وه‌.
«ی.ن.ك»یش دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ئاماده‌بوونی جه‌نابی مام جه‌لال له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی مه‌كته‌بی سیاسیدا، دوای دیراسه‌یه‌كی تێرو ته‌سه‌ل گه‌یشتنه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌پڕۆژه‌ی ده‌ستوور قابلی گه‌ڕانه‌وه‌و هه‌مواركردنه‌. به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌تادا وه‌ك چۆن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ نووسینه‌وه‌كه‌ی پێكهات. به‌هه‌مانشێوه‌ش لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌په‌رله‌مانتاران و شاره‌زایانی ئه‌و بواره‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان پێكبێت بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان به‌(توافق)، به‌مجۆره‌ «ی.ن.ك» رایه‌كی مامناوه‌ندی یاسایی پیاده‌ كرد. نه‌ له‌گه‌ڵ رای پارتی بوو بۆ ریفراندۆم له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ده‌ستوور، نه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كسه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ش بوو بۆ نێو هۆڵی په‌رله‌مان.
* سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure