هەواڵ

-

كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له‌به‌رژه‌وه‌ندی كێ كارده‌كات؟

د. سۆران ‌
8/24/2013 11:30:57 AM 603 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

له‌زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا كه‌ له‌مانای دیموكراسی تێده‌گه‌ن، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌و بێلایه‌نانه‌و شه‌فافانه‌ كارده‌كات بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆی و ئازادانه‌ ده‌نگدان و له‌كه‌مترین ماوه‌ زۆرترین هاوڵاتی بتوانێ به‌ئاسانترین شێوه‌ پراكتیزه‌ی ساده‌ترین مافی هاووڵاتیبوونی خۆی بكات، كه‌ ئه‌ویش ده‌نگدانه‌.
به‌نمونه‌ له‌ وڵاتێكی وه‌ك ئوسترالیا یان كه‌نه‌دا، ئه‌و ده‌زگایه‌ هه‌موو دوو ساڵ جارێك ناوی ده‌نگده‌ران تۆمار ده‌كاته‌وه‌ به‌پێی یاسا، چونكه‌ گه‌ر ناوت نه‌بێت له‌لیستی تۆماری ده‌نگده‌ران وه‌ك هه‌موو وڵاتێك ئه‌وه‌ بۆت نییه‌ ده‌نگ بده‌ی، به‌ڵام ئه‌م ده‌زگایه‌ له‌و وڵاتانه‌ به‌ئاسانترین شێوه‌ هاوكاریت ده‌كات بۆ تۆماركردنی ده‌نگه‌كه‌ت، بۆیه‌ هه‌ر هاوڵاتییه‌ك شوێنی نیشته‌جێی بگۆڕێت ده‌توانێ له‌ڕێی كۆمپیوته‌رو ئینته‌رنێت، یان له‌ڕێی پۆست ئاگاداری كۆمسیۆن بكات، یان ئه‌گه‌ر بڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات یان ته‌مه‌نی ١٦ - ١٧ ساڵ بێت ئه‌توانێت له‌و كاته‌وه‌ ناوی خۆی تۆمار بكات.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌بێت ناوی چواری كه‌ له‌پاسپۆرت یان مۆڵه‌تی شۆفێری نوسراوه‌ ده‌بێت شوێنی نیشته‌جێبوون و رۆژی له‌دایكبوونی زۆر به‌جوانی پێشكه‌ش بكات، بۆیه‌ پێویست به‌وه‌ ناكات به‌هه‌زاران فه‌رمانبه‌ر دانێت كه‌ موچه‌یه‌كی خه‌یاڵی وه‌رده‌گرن و به‌سه‌دان خوێندنگا داگیربكه‌یت و تێكیبده‌یت بۆ ئه‌وه‌ی داوا له‌هاوڵاتیان بكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا ناو تۆمار بكات، یان دڵنیابێت له‌بوونی ناوه‌كه‌ی، هه‌روه‌ك هه‌موو ده‌زانین كه‌م كه‌س هه‌بووه‌ ئه‌و كاره‌ بكات و رێژه‌ی ئه‌وانه‌ی چوونه‌ بنكه‌كانی ده‌نگدان له‌ 15% كه‌متر بوو له‌هه‌موو كوردستان.
پاشان ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی مردووان له‌تۆماری هه‌ڵبژاردن ده‌بینرێ مرۆڤ ئه‌تاسێنێ، هه‌ر وڵاتێك ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی زۆر خێراو له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی تۆماری مردن و له‌دایكبوون بنێرێ بۆ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن، لیستی ناوی ده‌نگده‌رانیش هه‌میشه‌ ئاماده‌و پاك و بێگه‌رد بێت به‌ماوه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر كه‌ ساڵێك زیاتر ده‌بێت پێش هه‌ڵبژاردن، تا دوو مانگ پێش واده‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌رگای گۆڕین و تۆماری نوێ ده‌وه‌ستێت.
به‌ڵام له‌وڵاتی خۆمان پاش حوكمڕانی خۆماڵی خۆمان، تازه‌ به‌تازه‌ كۆمسیۆن خۆی له‌گێلی ئه‌دات، لیستێكی ئاماده‌كردووه‌ بۆ ده‌نگدان كه‌ پڕه‌ له‌هه‌ڵه‌و مه‌ودایه‌كی زۆری دروستكردووه‌ بۆ ناشه‌فافی و دروستكردنی گه‌لێك پرسیار له‌سه‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان.
ده‌بێت كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی كوردستان خۆی كارئاسانی بكات بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتی ناوی خۆی تۆمار بكات و یان ئاڵوگۆڕی پێبكات، ده‌بێت له‌ڕێی كۆمپیوته‌ر یان له‌ڕێی نامه‌و پۆست، یان له‌ڕێی سه‌ردانی زۆرترین و نزیكترین بنكه‌ كارئاسانی بۆ هاووڵاتی بكات بۆ چاككردنی ناوه‌كه‌ی.
ده‌بێت به‌په‌له‌و له‌كاتی مردنی هه‌ر هاووڵاتییه‌ك، ئه‌م كۆمسیۆنه‌ له‌هه‌موو زیاتر خه‌می بێت كه‌ ناوه‌كان بكوژێنێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ ساده‌ترین كاری كۆمسیۆنه‌.
هه‌ندێ جار بۆ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی نه‌خۆشن، په‌ككه‌وته‌ن و راپۆرتی پزیشكیان هه‌یه‌ ده‌بێت كۆمسیۆن بچێته‌ لای ماڵی ئه‌و هاوڵاتیانه‌و كارئاسانی ده‌نگدانیان بۆ بكات.
كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له‌عیراق ماوه‌ی سێ مانگه‌ به‌ره‌سمی و پێشتریش خۆی به‌باشی ده‌یزانی كه‌ هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕی له‌لیستی ناوی ده‌نگده‌راندا هه‌یه‌، به‌ڵام نازانم چاوه‌ڕێی كێ ده‌كات فه‌رمانی باتێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ئاراسته‌یه‌ك بجوڵێ.
گه‌ر كۆمسیۆن پێی وایه‌ ده‌بێت 30 رۆژ كاتی بده‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وكاره‌ بكات، ئه‌ی بۆ نایكات!! ئه‌وه‌ 20 رۆژه‌ واده‌ڵێ و هه‌ر قسه‌ ده‌كات!.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure