هەواڵ

-

كاروانی 102 سه‌ربخه‌ن

سەروتاری كوردستانی نوێ
8/29/2013 11:51:53 AM 592 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

جارێكی تر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌وپه‌ڕی باوه‌ڕ به‌خۆبوونه‌وه‌ به‌ دوێنێ و ئه‌مڕۆ و ئاینده‌ی خۆیه‌وه‌ هاته‌وه‌ به‌رده‌م ویژدانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و داوای ته‌فویزێكی نوێیان لێده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چوار ساڵی داهاتوودا متمانه‌ی پێ بده‌نه‌وه‌و به‌بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژادن ده‌رفه‌تی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی لیستی (102) كه‌ لیستی (ئازادی و ئاوه‌دانی-یه‌) پێ بده‌ن.

یه‌كێتی به‌و باوه‌ڕو متمانه‌یه‌ی مام جه‌لال وته‌نی به‌ (خواو خه‌ڵك و خودی خۆی) هه‌یه‌تی په‌یامێكی پوخت و ماناداری راگه‌یاندووه‌ كه‌ په‌یامه‌ نه‌ك بۆ (هه‌ڵبژاردن) به‌ڵكو په‌یامیشه‌ بۆ دوای هه‌ڵبژاردن، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ژێر تایتڵی (په‌یامی یه‌كێتی بۆ هه‌ڵبژاردن و دوای هه‌ڵبژاردن) جاڕی ئه‌وه‌ ده‌دا كه‌ قسه‌و كرداری یه‌كێتی یه‌كه‌ و په‌یامی هه‌موو كاتێكی یه‌كێتی ته‌نها په‌یوه‌ستی به‌ڵێنه‌كانی هه‌ڵبژاردن نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ستی به‌ڵێنی هه‌تاهه‌تایی و گرێبه‌ستێكی ستراتیژییه‌ له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری كوردستاندا، ستراتیژێك له‌ پرسه‌ گه‌وره‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورددا بۆ مافی چاره‌نووسه‌ و له‌ پرسه‌ دیموكراسییه‌كه‌ی حوكمڕانیشدا سازانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستوور و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ده‌ستووره‌ بۆ په‌رله‌مان. تا كوردستانی ده‌ستووریی هه‌م دامه‌زراوه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی خۆی پایه‌دار بكا و هه‌میش ئه‌زموونه‌ دیموكراسییه‌كه‌ی له‌سه‌ر دینگه‌یه‌كی پته‌وی دایكی یاساكان جێگیر بكات.

له‌به‌ر ئه‌م په‌یامه‌ و بۆ نوێكردنه‌وه‌ی متمانه‌ و ته‌فویزی خه‌ڵك، یه‌كێتی داوا ده‌كات هه‌مووان به‌ تایبه‌تی كچان و كوڕانی كورده‌واری كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار ماف و ئه‌ركی ده‌نگدان به‌كار دێنن و ئه‌مساڵ بوونه‌ته‌ (18) ساڵ، ده‌نگ به‌ لیستی 102، لیستی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و كاندیده‌كانی بده‌ن.

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure