هەواڵ

-

لیستی 102بێ ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌ ‌

‌ ئه‌نوه‌ر حسێن‌
9/3/2013 4:59:57 AM 507 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

لیستی 102بێ ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌ ‌
ئه‌نوه‌ر حسێن‌

سه‌رئه‌نجام (ی.ن.ك) بڕیاریدا به‌جیا، به‌ لیستی ته‌نهاو پشت به‌یه‌كێتییه‌كان‌و دۆست‌و دڵسۆزانی به‌شداری ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بكات، ئه‌گه‌رچی!
یه‌كێتی: سه‌رنجی زۆری له‌سه‌ر تۆماری ده‌نگده‌ران هه‌بوو له‌باره‌ی ساخته‌كاری‌و نه‌سڕینه‌وه‌ی ناوی مردووه‌كان، دووباره‌بوونه‌وه‌ی ناوه‌كان، ته‌نانه‌ت پێی باش نه‌بوو پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌وشێوه‌یه‌ بكرێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی كه‌ گوایه‌ یه‌كێتی ده‌یه‌وێت هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌كرێت، بۆ دوانه‌كه‌وتن‌و تێكنه‌چوونی پڕۆسه‌كه‌ بڕیاریدا بكرێت، به‌ڵام! ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانرێت كه‌ لایه‌نه‌كانی تر هۆكار بوون كه‌ لیستی ناوی ده‌نگده‌ران پاك نه‌كرێته‌وه‌و په‌رله‌مانتاره‌كانی یه‌كێتی ئه‌و باسانه‌یان به‌به‌ڵگه‌و دیكۆمێنته‌وه‌ جوڵاندو بڵاوكرده‌وه‌، ئێستاش كه‌ به‌ لیستی (102) ده‌یه‌وێت پێشه‌نگی پاكی‌و نه‌زیهی هه‌ڵبژاردنه‌كان بێت، له‌هه‌مانكاتدا ده‌یه‌وێت لیستی یه‌كه‌م و براوه‌ بێت و ئیمانیشی زۆر پته‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌ندامانی خۆی، خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌كه‌شی ده‌نگی پێده‌ده‌ن، به‌و ده‌لیله‌ی یه‌كێتی حزبی هه‌موو خه‌ڵكانی ئازادیخوازو دیموكراسیخوازه‌، حزبی هه‌ڵبژاردن، خه‌ڵكانی خانووه‌ قوڕه‌كان، خه‌ڵكانی بێ دیفاعه‌، یه‌كێتی واتا حزبی شه‌هیدان، بنه‌ماڵه‌ی ئه‌نفال، قوربانیانی كوردستانه‌.
بێگومان خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌ باش ده‌زانن، بردنه‌وه‌ی یه‌كێتی، واتا سه‌ركه‌وتنی دیموكراسی، كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، ئازادی راگه‌یاندن، عه‌قیده‌و به‌یان‌و سه‌رده‌مێكی نوێ له‌ژیانی خه‌ڵكی كوردستان له‌خۆشگوزه‌رانی زیاتر، كرانه‌وه‌، رەفاهیه‌ت، ئاوه‌دانی‌و گه‌شه‌كردن.
سه‌ركه‌وتنی یه‌كێتیی واتا گه‌شه‌كردنی داواو خواسته‌كانی ژنان، لاوان، دابینكردنی پێداویستییه‌كانیان‌و خوڵقاندن‌و فه‌راهه‌مكردنی خه‌ون‌و خۆزگه‌كانیان.
سه‌ركه‌وتنی یه‌كێتی واتا گه‌شه‌ی مۆدێلی حزبایه‌تی، پلورالیزم، میدیا، ئازادییه‌ شه‌خسییه‌كان‌و رێگه‌نه‌دان به‌ده‌خاله‌ت له‌ژیانی تاكه‌كان، رێزگرتن له‌عه‌قیده‌و بیروبۆچوونه‌ دینییه‌كان‌و به‌رقه‌رار كردنی كۆمه‌ڵگه‌ی سیكۆلار.
سه‌ركه‌وتنی یه‌كێتی واتا هه‌نگاونان به‌ره‌و گوتاری نوێخوازی هاوچه‌رخی كوردایه‌تی، هاوكاری خه‌ڵكی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانه‌.
ئه‌و ره‌خنانه‌ش به‌دڵفراوانییه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ له‌ڕابردوودا له‌لایه‌ن خه‌ڵكانی دڵسۆزه‌وه‌ هه‌بووه‌ له‌یه‌كێتی، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات له‌بردنه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ی لیستی (102) گشت ئه‌و كه‌موكورتییانه‌ چاك بكرێن‌و رێز له‌داواو خواسته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بگیرێت.
هه‌ر بۆیه‌ له‌ئێستاوه‌ چه‌ند لایه‌نێك ده‌یانه‌وێت خۆیان وه‌كو فریشته‌ نیشان بده‌ن كه‌ گوایه‌ ئه‌وان له‌به‌ره‌ی (هه‌ق، عه‌دل، ئیسلاح،...دان)، به‌ڵام خاوه‌نی ئه‌م بۆچوونانه‌ ده‌بێت بزانن كه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌م بانگه‌شه‌ چه‌واشه‌كارییانه‌، راستییه‌كانیان لێ ناشێوێت، ده‌زانن ئه‌گه‌ر هێزێك داكۆكی له‌هه‌ق، یه‌كسانی، چاكسازی، داواو خواسته‌كانی خه‌ڵك بكات (ی.ن.ك)‌و لیسته‌كه‌یانه‌ (102)، نه‌ك هێزه‌ كۆنزه‌رڤاتیڤه‌كان كه‌ له‌ناو ته‌م و تۆزدا ده‌یانه‌وێت مه‌له‌ بكه‌ن‌و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و توندوتیژی‌و هه‌ڵاواردن به‌رن، ئێستا كاتیه‌تی، ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت رێگه‌ی ئه‌وانه‌ی دوێنێ له‌شاخ خۆیان كرده‌ قوربانی، ئه‌م رێبازه‌ ئاوه‌دان بێت‌و رێگایان پڕ رێبوار بێت.
ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت ئازادییه‌كان قه‌تیس نه‌كرێت، دیموكراسی، پلورالیزم به‌رقه‌رار بێت‌و كۆنزه‌رڤاتیڤه‌كان پاشه‌كشه‌ بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت ئازادی راگه‌یاندن، عه‌قیده‌، به‌یان، ئازادی شه‌خسی، جلوبه‌رگ، سه‌فه‌ر، خۆشگوزه‌رانی ببێته‌ مۆدێلی شیاوی ژیانتان.
ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت مانیفێستی رێبه‌رو كارێزمای كوردایه‌تی، ئازادی مافه‌كانی مرۆڤ، هه‌ڤاڵ مام جه‌لال به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن بچێت‌و بگاته‌ مه‌نزڵ.
ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت رێز له‌ئیراده‌و ره‌خنه‌و بۆچوون‌و هه‌ڵوێسته‌كانتان بگیرێت، سانسۆر هیچ جێگه‌یه‌كی نه‌بێت له‌م وڵاته‌داو ئه‌وه‌ی له‌ڕابردوودا نه‌كراوه‌ له‌داهاتوودا بكرێت، هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێك نییه‌ له‌م وڵاته‌دا جگه‌ له‌ لیستی (102)، لیستی (ی.ن.ك)‌و لیستی دڵسۆزانی.
به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن...

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure