هەواڵ

-

گۆڕان، نه‌گه‌یشته‌ هیچ كوێ

چیا هاوار
9/14/2013 12:46:01 PM 530 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

كه‌ گۆڕان دروست بوو، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ دامه‌زرا كه‌ بتوانێ زۆرینه‌ی ده‌نگی یه‌كێتی و زۆرینه‌ی ده‌نگی ناڕازییان بۆخۆی بباو ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست.
له‌ هه‌ڵبژاردنی چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ری په‌رله‌مانی كوردستاندا، تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ئه‌و مه‌رامه‌ی هاته‌ دی، چونكه‌ هێشتا یه‌كێتی ته‌مایه‌كی به‌وه‌مابوو كه‌ زۆرینه‌ی جیابووه‌وه‌كان خۆ به‌خۆ له‌وه‌ بگه‌ن كه‌ گۆڕان ره‌وتێكه‌ ته‌نیا بۆ لێدان و لاوازكردنی یه‌كێتی دروست بووه‌و بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو یه‌كێتی.
گۆڕان به‌ڵێنی ره‌نگاوڕه‌نگی به‌هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان دا، به‌ڵێنی ئه‌وتۆ كه‌ نه‌ك به‌ گۆڕان به‌ڵكو به‌ هه‌موو حزبه‌كانی كوردستانیش پێكه‌وه‌ نایه‌نه‌دی.
كه‌ گۆڕان نه‌یتوانی بگاته‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ نه‌زانیش به‌شداربوونی له‌ ده‌سه‌ڵات ره‌تكرده‌وه‌و وه‌ك ئۆپۆزسیۆنێكی به‌ هاژوهوژ مایه‌وه‌و ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی به‌و هه‌موو شێوازه‌ی ناشیرنانه‌ی ناو په‌رله‌مانیش یه‌ك تاكه‌ پڕۆژه‌ یاسا په‌ك بخا، ئیتر بۆ ده‌نگده‌رانی روون بووه‌وه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌ك هه‌ر ناتوانێ هیچ شتێك بۆ كوردستان و بۆ هاووڵاتیان بێنێته‌ دی، به‌ڵكو ناتوانێ پارێزگاری له‌ مانه‌وه‌و ئه‌و قورساییه‌شی بكا كه‌ به‌هۆی ده‌نگده‌رانیه‌وه‌ به‌ر له‌ چوار ساڵ بۆی دروست بوو، وه‌ك چۆن ناشتوانێ یه‌كڕیزی خۆشی بپارێزێ و ناشتوانێ ژیانێكی حزبی دیموكراتیانه‌ش بۆ ناوخۆی خۆی دابین بكا.
بۆیه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ تووشبوونی به‌ ده‌یان قه‌یرانی ناوخۆو هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی كادرو سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی و زاڵبوونی دكتاتۆریه‌تی تاكه‌ كه‌س، بێ ئومێدیێكی زۆر رووی كرده‌ ناو به‌شێكی فراوانی ده‌نگده‌رو كادرو ئه‌ندامانی، له‌وه‌ تایبه‌ت تر كه‌ دوای زیاتر له‌ پێنج ساڵ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ نه‌یتوانی ناسنامه‌یه‌ك بۆ خۆی دیار بكا و ئێستا تاكه‌ رێكخراوی سیاسی كوردستانه‌ كه‌ هیچ ناسنامه‌یه‌ك نایگرێته‌ خۆی و ته‌نیا وه‌ك دیارده‌یه‌كی ناسنامه‌سز ماوه‌ته‌وه‌و هیچی تر نا.
بۆیه‌ ئه‌ندام و به‌تایبه‌ت ده‌نگده‌رانی له‌ناو ئه‌و بێ ناسنامه‌یی و ئه‌و بێ به‌رنامه‌ییه‌ی گۆڕان دا، دووچاری دوودڵی بوون و له‌ناو زۆربه‌یاندا ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ دروست بووه‌ كه‌ ره‌نجیان به‌با ئه‌چێ و دواتر بزووتنه‌وه‌كه‌یان ده‌ستی له‌بنی هه‌مانه‌كه‌ دێته‌ده‌رو هه‌ڵبژاردنی رابردووی نوێنه‌رانی عیراق و هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی عیراق و رێكخراوو سه‌ندیكا پێشه‌ییه‌كان ئه‌و زه‌نگی خه‌ته‌ره‌ی بۆ گۆڕان لێدا.
بۆیه‌ په‌یتا په‌یتا له‌ پشتیوانیكردنی گۆڕان پاشگه‌ز ئه‌بنه‌وه‌و چاره‌نووسی خۆیان له‌ بێ چاره‌نووسی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان جیا ئه‌كه‌نه‌وه‌.
ئاخر هه‌ڵسوڕاوو ده‌نگده‌ری گۆڕان ناهه‌ق نیه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ی هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ ناكرێ خه‌ڵكی له‌گه‌ڵ كاروانێكدا درێژه‌ به‌ رۆیشتن بده‌ن، كه‌ ناگاته‌ هیچ كوێ.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure