هەواڵ

-

خێڵی حه‌مه‌؛ دووه‌مین وێستگه‌ى په‌لاماره‌ تیرۆریستییه‌کانى سه‌ده‌ى نوێ بوو

هاوكار محمد
9/24/2013 12:30:26 PM 623 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

ته‌وژمى ئیسلامی سیاسی ئه‌گه‌رچی له‌کوردستان پێشینه‌یه‌کى مه‌ودا دوورى نییه‌و سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌م ته‌وژمه‌ روونتر له‌دواى راپه‌ڕینه‌وه‌ بینرا، به‌لام کاریگه‌ریى هێزو ته‌یاره‌ ئیسلامییه‌ بیرتونده‌کانى ده‌وروبه‌رو په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌سه‌رکرده‌ ئیسلامییه‌کانى کوردستان، رێگه‌خۆشکه‌ربوو بۆ هه‌ندێک له‌چه‌کداره‌ ئیسلامییه‌کانى کوردستان بۆ زاڵکردنى نه‌هجی بیرکردنه‌وه‌یان به‌سه‌ر سیاسه‌تى هێزو گروپه‌ ئیسلامییه‌کانى ناوخۆى هه‌رێمدا، ئه‌مه‌ش چه‌که‌ره‌کردنى ره‌وتێکى جیهادیی بیرتوندى به‌دوای خۆیدا هێنا که‌دواجار سه‌رى کێشا بۆ دامه‌زراندنی گروپێکى تیرۆریستى نامۆ، به‌ناوى جند الاسلام.

رۆژى 25/8/2001، بۆ سێیه‌مینجار ژماره‌یه‌ک له‌چه‌کدارانى هێزى دووى سۆران، که‌هێزێکى بیرتوندى ئه‌وکاته‌ى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامی بوون له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى چه‌کدارانى به‌ره‌ى ته‌وحید له‌شاره‌دێی ته‌ویڵه‌ى هه‌ورامان دوایین کۆبوونه‌وه‌ى خۆیان له‌باره‌ى پێکهێنانى حزبێکى ئیسلامی چه‌کداریی ئه‌نجامدا، له‌کۆتایی کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌موولایه‌ک بڕیاریاندا له‌ڕۆژى 1/9/2001، له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا، دامه‌زراندنى حزبێکى نوێ به‌ناوى (جند الاسلام فی الکردستان) رابگه‌یه‌نن، هه‌ر له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا بڕیاردرا وریا ره‌ش که‌ناوى ئه‌بو عه‌بدولاى شافعی له‌خۆی نابوو بکرێت به‌ئه‌میرى جند الاسلام، هاوکات له‌به‌یاننامه‌که‌دا ئامانجه‌کانى دروستبوونى جند الاسلام بۆ هه‌موولایه‌ک روونبکرێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ بلاوکردنه‌وه‌ى به‌یاننامه‌که‌شدا چه‌کداره‌کانیان له‌ناو بازاڕو شوێنه‌ گشتییه‌کاندا خۆیان پیشانى جه‌ماوه‌ر بده‌ن، زیاد له‌وه‌ش په‌ڕۆیه‌کى ره‌نگ ره‌ش-یان کرد به‌ئالاى حزبه‌که‌یان! به‌مجۆره‌ش یه‌که‌مین گروپی تیرۆریستى له‌سه‌ر خاکى هه‌رێمى کوردستان له‌دایکبوو.

سه‌رله‌به‌یانى رۆژى 1/9/2001، دامه‌زراندنى گروپی تیرۆریستى جند الاسلام فی کردستان له‌شارۆچکه‌ى بیاره‌ى هه‌ورامان راگه‌یاندراو شارۆچکه‌ى بیاره‌ وه‌ک مه‌ڵبه‌ندى سه‌ره‌کى گروپه‌که‌ دیاریکرا، ئێواره‌ى هه‌مان رۆژ ژماره‌یه‌ک له‌چه‌کداره‌کانى ئه‌و گروپه‌ له‌ڕێگه‌ى چه‌ند ئۆتۆمبێلێکى تایبه‌ته‌وه‌ خۆیان گه‌یانده‌ ناوجه‌رگه‌ى بازاڕو شوێنه‌ گشتییه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌دان کۆپی به‌یاننامه‌ى دامه‌زراندنى گروپه‌که‌یان به‌سه‌ر هاوولاتیان و باره‌گا حزبییه‌کاندا دابه‌شکرد، چه‌کداره‌کانیشیان له‌ناو ئۆتۆمبێله‌کانه‌وه‌ به‌ماسکء ده‌موچاوى داپۆشراوو ئالایه‌کى ره‌شه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان له‌هه‌موو ئه‌وکه‌سانه‌ ده‌کرد که‌لایه‌نگرو دۆستى حزبه‌ عه‌لمانییه‌کان بوون، دیمه‌نه‌کانى ده‌رکه‌وتنى چه‌کداره‌کانى ئه‌و گروپه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کى کوشنده‌و مه‌ترسییه‌کى ئاشکرای پێوه‌ دیاربوو.
جند الاسلام ئه‌گه‌رچی وه‌ک ئایدۆلۆژیا رێکخراوێک بوون باوه‌ڕیان به‌هیچ شێوازێکى مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ هێزه‌کانى تردا نه‌بوو، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش وه‌ک تاک خه‌ڵکانى گۆشه‌گیرو دابڕاوبوون له‌تێکه‌لاویکردنى کۆمه‌ڵگه‌و ته‌نانه‌ت نزیکه‌کانى خۆیشیان، هه‌موو ئامانجیان به‌باوه‌ڕى خۆیان تێکۆشان بوو بۆ بنیاتنانى ده‌وڵه‌تێکى قه‌واره‌ فراوانى ئیسلامىء سه‌رکوتکردنى ته‌واوى هێزو ئایدۆلۆژیاکانى دیکه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌فه‌رمانى ئه‌میرو سه‌رکرده‌کانیان له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌، خۆیان یه‌کلاییکرده‌وه‌ بۆ شه‌ڕى هێزه‌ سیاسییه‌کانى کوردستان، له‌سه‌رووى هه‌موویانه‌وه‌ یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان
.
رمه‌که‌ ئاراسته‌ى یه‌کێتى کرا
به‌یاننامه‌که‌ى جند الاسلام جه‌نگێکى ئاشکرابوو دژى سه‌رجه‌م هێزه‌ عه‌لمانییه‌کانى کوردستان، له‌پێشه‌وه‌یان (ی، ن، ک)، به‌یاننامه‌که‌ جه‌ختکردنه‌وه‌یه‌کى ته‌واوبوو له‌سه‌ر راماڵینى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان له‌سه‌ر گۆڕه‌پان و شانۆى سیاسیی کوردستان، به‌جۆرێک هێزه‌کانى یه‌کێتىء حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى خسته‌ناو بازنه‌ى ته‌کفیرو لاده‌ر له‌ئاینى پیرۆزى ئیسلام، بۆئه‌وه‌ى له‌و رێگه‌یه‌وه‌ شه‌رعیه‌تى جیهادکردن له‌دژى یه‌کێتى و خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ به‌ده‌ستبهێنن، جند الاسلام ئه‌گه‌رچی هێزێکى نوێء حساب بۆ نه‌کراوى گۆڕه‌پانى سیاسیی کوردستان بوون، به‌لام دروستکه‌رو دنه‌ده‌رانى جند الاسلام ده‌وڵه‌تانى ئیقلیمىء رێکخراوه‌ تیرۆریستییه‌کانى جیهان بوون، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ رێکخراوى تیرۆریستى ئه‌لقاعیده‌، ئه‌م دنه‌ده‌رانه‌ ده‌مێک بوو له‌هه‌لده‌گه‌ران بۆ تێکدانى که‌شی ئازادو ئارامى هه‌رێمى کوردستان، هه‌ربۆیه‌ ئه‌وه‌ى پێیانکراو ئه‌وه‌ى بۆیان لوا له‌دژى کوردو ئه‌زموونى حوکمڕانى میلله‌ته‌که‌مان بێ سڵه‌مینه‌و به‌بێ ره‌چاوکردنى هیچ به‌هایه‌کى ئه‌خلاقی و مرۆیی کردیان، جند الايسلامیش به‌پاڵپشتى پشتیوانه‌کانى له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا، ته‌واوى رمه‌که‌یان ئاراسته‌ى دڵی یه‌کێتى کرد
.
ده‌ستپێکردنى هه‌ڕه‌شه‌
جند الاسلام یه‌که‌م و دووه‌م رۆژى ته‌مه‌نى گروپه‌که‌یان به‌بلاوکردنه‌وه‌ى به‌یاننامه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزه‌که‌یان برده‌سه‌ر، رۆژى سێیه‌م واته‌ رۆژى 3/9/2001، مه‌فره‌زه‌یه‌ک چه‌کدارى ئه‌و گروپه‌ له‌سه‌ر رێگه‌ى خورماڵ- خێڵی حه‌مه‌ له‌چه‌ند شوێنێکى جیاوازدا بۆسه‌یان بۆ هێزه‌کانى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان دانا، به‌بێ ئه‌وه‌ى بتوانن هیچ ده‌ستێک له‌پێشمه‌رگه‌ بوه‌شێنن، ئه‌وان تا رۆژى 11/9، که‌ هاوکات بوو له‌گه‌ڵ رووداوه‌که‌ى ئه‌مریکا و هێرشی تیرۆریستان بۆ سه‌ر نیویۆرک و واشنتۆن به‌رده‌وام به‌بێ کردار هه‌ڕه‌شه‌یان ده‌کرد، تائه‌و کاته‌ هیچ په‌لامارێکیان بۆ سه‌ر باره‌گاکانى یه‌کێتى ئه‌نجامنه‌دا، یه‌کێتیش وه‌ک هێزێکى دیموکراتء ئاشتیخواز نه‌یده‌ویست هه‌ڵتۆقینى جند الاسلام به‌شه‌ڕو زه‌برى هێزى خامۆش بکات، هه‌ربۆیه‌ رێگه‌کانى چاره‌سه‌رى گرفتى جند الاسلامى هه‌ڵبژارد، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رهیچ نه‌بێت خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان بۆماوه‌یه‌ک له‌شه‌ڕو ماڵوێرانى دووربخاته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌وکاته‌دا که‌ته‌نیا 3ساڵ بوو شه‌ڕى پاراستنى ده‌ستکه‌وته‌کانى حکومه‌ت له‌ناوچه‌که‌ کۆتایی هاتبوو.
مۆدێلى کوشتنء سه‌ربڕین
ئه‌گه‌رچی جند الاسلام هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌مه‌رامى تێکدانى بارودۆخی ناوچه‌که‌ دامه‌زرابوو، به‌لام سه‌رکه‌وتنى تیرۆریستان له‌په‌لاماره‌که‌یاندا بۆ سه‌ر ئه‌مریکا هێنده‌ى تر باسکى تیرۆریستانى بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى خه‌ڵکى کوردستان به‌هێزکرد، له‌دواى 11ى سێپته‌مبه‌ره‌وه‌ جند الاسلام هه‌نگاوه‌کانى خۆى به‌ره‌و قۆناغێکى مه‌ترسیدار هاویشت، قۆناغێک که‌مۆدێلێکى قێزه‌ونى له‌کوشتنء بڕینء تیرۆرو سه‌ربڕین داهێنا، یه‌کێک له‌فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌کانى ئه‌وکاته‌ى یه‌کێتى له‌باره‌ى هه‌نگاوه‌کانى جند الاسلامه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێت (جند الاسلام له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنیانه‌وه‌ بنکه‌ى سه‌ره‌کی خۆیان له‌بیاره‌ى ناوچه‌ى هه‌ورامان جێگیرکرد، هه‌رچه‌نده‌ له‌وکاته‌دا ئێمه‌ گرنگییه‌کى ئه‌وتۆمان به‌هۆکاره‌کانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ نه‌ده‌دا، به‌لام دواتر به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌کان ده‌رکه‌وت که‌ تیرۆریستانى جند الاسلام هه‌روا به‌ڕێکه‌وت نه‌هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌که‌، به‌ڵکو له‌لایه‌ن رێکخراوى تیرۆریستى ئه‌لقاعیده‌وه‌ ناوچه‌که‌یان بۆ ده‌ستنیشانکراوه‌، بۆئه‌وه‌ى جند الاسلام به‌شێک له‌سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ى له‌بیاره‌و ناوچه‌ سه‌خته‌کان جێگیر بکاتء به‌شێکی تریش له‌هێزه‌کانى خۆى ره‌وانه‌ى ده‌شتى شاره‌زوورو ده‌وروبه‌رى هه‌ڵه‌بجه‌ بکات)، فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌که‌ى یه‌کێتى زیاتر ده‌دوێتء ده‌ڵێت: تیرۆریستان له‌ڕۆژى 20/9/2001، چه‌ندینجار رایانگه‌یاند که‌ له‌نزیکترین کاتدا په‌لامارى یه‌کێتىء پێشمه‌رگه‌ ده‌ده‌نء له‌ناومان ده‌به‌ن، به‌لام یه‌کێتى به‌رده‌وام له‌بیرى چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ى کێشه‌که‌دابوو، هه‌رئه‌وه‌ش بوو به‌هۆى روودانى کاره‌ساتێکى گه‌وره‌، کاره‌ساتێک که‌ به‌ڕژانى خوێنى پۆلێک تێکۆشه‌رى یه‌کێتى کۆتایی هات، به‌لام سه‌ره‌تایه‌کى گرنگى دانا بۆ هه‌ڵته‌کاندنى په‌یکه‌رى ره‌شی تیرۆر له‌کورستان.
له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم داڕێژرابوون
خێڵی حه‌مه‌ ده‌که‌وێته‌ رۆژئاواى شارۆچکه‌ى خورماڵ و نزیکه‌ى 10 کیلۆمه‌تر له‌ناوه‌ندى شارۆچکه‌ى خورماڵه‌وه‌ دووره‌، هاوکات ده‌که‌وێته‌ چه‌قی سه‌ره‌ڕێگاى هه‌ڵه‌بجه‌- هه‌ورامان- ده‌شتى شاره‌زوور، نزیکه‌ى 200 خێزان له‌گونده‌که‌دا نیشته‌جێن و به‌شێکى زۆرى دانیشتوانه‌که‌ى به‌پیشه‌ى کشتوکاڵ و له‌وه‌ڕاندنه‌وه‌ سه‌رقاڵن، ئه‌م گونده‌ له‌مێژووى شۆڕشه‌کانداو به‌تایبه‌تى له‌شۆڕشی نوێدا لانه‌و پێگه‌ی سه‌ره‌کى هێزه‌کانى یه‌کێتی بووه‌ له‌ناوچه‌که‌، ئه‌گه‌رچی له‌گونده‌که‌دا هیچ باره‌گاو سه‌ربازگه‌یه‌کى پێشمه‌رگه‌ى لێنه‌بوو، به‌لام له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنى جند الاسلام و په‌ره‌سه‌ندنى مه‌ترسییه‌کاندا، فه‌رمانده‌یی گشتیى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان ده‌سته‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌ى ره‌وانه‌ى گونده‌که‌ کرد، بۆئه‌وه‌ى وه‌ک خاڵێکى سه‌ربازى له‌وێوه‌ چاودێریی جموجوڵه‌کانى تیرۆریستان بکه‌ن و رێگه‌نه‌ده‌ن تیرۆریستان دزه‌بکه‌ن بۆ ناوچه‌کانى سه‌یدسادقء قه‌زاى شاره‌زوور، به‌لام پیلان و نه‌خشه‌کانى تیرۆریستان که‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم داڕێژرابوون بریتی بوو له‌په‌لاماردانى خودى ئه‌و ناوچانه‌ى که‌خاڵى چاودێریکردنى جموجوڵه‌کان بوون، هه‌ربۆیه‌ خێڵی حه‌مه‌ له‌نه‌خشه‌ى تیرۆریستاندا گرنگی بێئه‌ندازه‌ی پێدرابوو.
نه‌خشه‌که‌ى تیرۆریستان
گوندى خێڵی حه‌مه‌ له‌سێ لاوه‌ هاوسنوور بوو له‌گه‌ڵ ناوچه‌کانى ژێر ده‌سه‌لاتى جند الاسلام، هه‌رئه‌وه‌ش هۆکاربوو بۆ ئه‌وه‌ى جند الاسلام بتوانن نه‌خشه‌یه‌کى سه‌رکه‌وتوو بۆ هێرشه‌که‌یان بکێشن، گونده‌کانى ته‌په‌کوڕ، دێکۆن، خارگێلان سێ گوندى دراوسێی خێڵی حه‌مه‌ن، هه‌ریه‌که‌ له‌و گوندانه‌ 1بۆ 2 کیلۆمه‌تر له‌خێڵی حه‌مه‌وه‌ دوورن، هه‌ریه‌که‌شیان هێزێکى زۆرى په‌لامارده‌رى تیرۆریستانى تێدابوو، واته‌ به‌ر له‌شه‌ره‌که‌ تیرۆریستان له‌سێ لاوه‌ ده‌ورى خێڵی حه‌مه‌یان گرتبوو، زیاد له‌وه‌ش به‌پێی ته‌کتیکى شه‌ڕه‌که‌، تیرۆریستان رێگاى چواره‌مى گونده‌که‌یان به‌نهێنىء له‌ڕێگه‌ى چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌که‌وه‌ کۆنترۆڵکردبوو، یه‌کێک له‌فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌کانى ئه‌وکاته‌ى یه‌کێتى بۆ کوردستانى نوێ وتى: به‌پێی نه‌خشه‌ى په‌لاماره‌که‌ وادانرابوو سێ ده‌سته‌ى چه‌کدار له‌هه‌ر سێ گوندى ته‌په‌کوره‌، دێکۆن، خارگێلان-ه‌وه‌ په‌لامارى خێڵی حه‌مه‌ بده‌ن، هاوکات له‌به‌رزاییه‌کانى هه‌ردوو گردى ته‌په‌کوره‌و درۆزنه‌وه‌ به‌دۆشکاو هاوه‌ن رێگاى چواره‌مى گونده‌که‌ ئاگرباران بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌کانى ئێمه‌ هیچ ده‌رچه‌یه‌کى رزگاربوونیان نه‌بێت، وتیشی: ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ ئه‌وان دایاننابوو کتومت وه‌ک خۆى جێبه‌جێکرا.
ده‌ستپێکردنى شه‌ڕ
یه‌کێک له‌پێشمه‌رگه‌ به‌شداره‌کانى شه‌ڕى خێڵی حه‌مه‌ به‌ناوى سه‌نگه‌ر محه‌مه‌د ساته‌کانى ده‌ستپێکردنى شه‌ره‌که‌ بۆ کوردستانى نوێ ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێت: پێش ده‌ستپێکردنى په‌لاماره‌که‌، تیرۆریستان چه‌ندجارێک هه‌ڕه‌شه‌یان لێکردینء ئاگاداریان کردین که‌په‌لامارمان ده‌ده‌ن، به‌لام به‌رپرسه‌کانى ئێمه‌ هیچ ئاماده‌سازییه‌کیان بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ نه‌کرد، چونکه‌ تاچه‌ند ساتێک پێش په‌لاماره‌که‌ش به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌کانمان باسیان له‌وه‌ده‌کرد که‌یه‌کێتى بۆ شه‌ڕکردن نه‌هاتۆته‌ ناوچه‌که‌، به‌ڵکو بۆ جێگیرکردنى ئارامىء ئاسایشی زیاتر هاتووه‌، به‌لام تیرۆریستان هه‌ڕه‌شه‌کانى خۆیان کرد به‌کردار، ئه‌وه‌بوو سه‌عات 3ى عه‌سر له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونى نوێژدا، تیرۆریستان غافڵگیرانه‌ له‌سێ لاوه‌ په‌لاماری ئێمه‌یاندا، ئێمه‌ش تا ئه‌وان گه‌یشتنه‌ سه‌رمان نیازى شه‌ڕکردنمان نه‌بوو، هه‌ربۆیه‌ فریای ئه‌وه‌ نه‌که‌وتین پلانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ دابنێین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ ماوه‌ى 3سه‌عات به‌رگریمان کردو توانیمان ژماره‌یه‌ک له‌تیرۆریستان بکوژین، به‌لام دواتر به‌هۆى لاسه‌نگى ته‌رازووى هێزو که‌مى چه‌کء ته‌قه‌مه‌نییء ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى رێگاى پاشه‌کشه‌و ده‌ربازبوونمان له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌، هێزه‌که‌ى ئێمه‌ که‌وته‌ ناو بازنه‌ى هێزه‌کانى تیرۆریستانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ناچاری کردین خۆمان بده‌ین به‌ده‌سته‌وه‌، وتیشی: له‌وکاته‌دا نزیکه‌ى 35پێشمه‌رگه‌مان خۆی دا به‌ده‌سته‌وه‌، به‌لام ژماره‌یه‌کمان که‌شاره‌زایی رێگاوبانه‌کان بووین، هه‌رچۆنێک بێت خۆمان ده‌ربازکرد، تائه‌و کاته‌ ئێمه‌ ته‌نیا 5بۆ 6پێشمه‌رگه‌مان لێ شه‌هیدکرابوو، به‌لام تیرۆریستان دوور له‌هه‌موو به‌هاو ره‌وشتێکى مرۆڤایه‌تى و به‌شێوازێکى دڕندانه‌ ته‌واوى پێشمه‌رگه‌ دیله‌کانیان شه‌هیدکرد، به‌و جۆره‌ش ئه‌نجامى شه‌ڕه‌که‌یان له‌به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان یه‌کلاییکرده‌وه‌.
ئه‌نجامه‌کانى شه‌ڕه‌که‌
شه‌ڕه‌که‌ ماوه‌ى 3سه‌عاتى خایاند، 43پێشمه‌رگه‌ى یه‌کێتى به‌ده‌ستى تیرۆریستان شه‌هیدکران، نزیکه‌ى 13چه‌کدارى تیرۆریستان کوژران، تیرۆریستان گوندی خێڵی حه‌مه‌یان بۆ ماوه‌ى چه‌ند سه‌عات خسته‌ژێر ده‌سه‌لاتى خۆیان، شه‌ڕه‌که‌ مۆدێلێکى ترى کورد کوشتنى به‌خۆوه‌ بینی، تیرۆریستان دواى شه‌هیدکردنى دیله‌کان، به‌چه‌قۆو ته‌ورو ته‌ورداس ته‌رمى شه‌هیده‌کانیان شێواند، شه‌ڕه‌که‌ مه‌به‌ست و نیازه‌ گلاوه‌کانى تیرۆریستانى ئاشکراکردو یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستانى بۆ شه‌رێکى نه‌خوازراو راکیشا، له‌خێڵی حه‌مه‌ به‌دواوه‌ یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان خۆى بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستانء پاراستنى سه‌روماڵى هاووڵاتیانى ناوچه‌که‌ ئاماده‌کردو ته‌نیا دواى 8رۆژ له‌کاره‌ساته‌که‌، یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان تۆڵه‌ى شه‌هیده‌کانى کرده‌وه‌.
هه‌موو رێگه‌یه‌ک بۆ کاولکردن
خه‌ڵکى گوندی خێڵی حه‌مه‌و ناوچه‌کانى نزیک له‌ڕووداوه‌که‌، له‌گه‌ڵ بینینی دیمه‌نى شه‌هیدکردنى پێشمه‌رگه‌و بیستنى هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستان و تۆپبارانکردنى ناوچه‌که‌ له‌لایه‌ن تیرۆریستان، به‌ناچارى ماڵء حاڵى خۆیان به‌جێهێشت و روویانکرده‌ هه‌ڵه‌بجه‌و ناوچه‌ دووره‌ ده‌سته‌کانى تر، تیرۆریستانیش هه‌موو رێگایه‌کیان بۆ ترساندنى هاوولاتیانء کاولکردنى ناوچه‌که‌ گرته‌به‌رو ناوچه‌که‌یان رووبه‌رووى جه‌نگێکى ماڵوێران کرده‌وه‌، خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ش زیانى گه‌وره‌ى ماددىء ماڵییان لێکه‌وت.
کاردانه‌وه‌ى کاره‌ساته‌که‌
خێڵی حه‌مه‌ ئه‌گه‌رچی کاره‌ساتێکى ناخۆیی بوو، به‌لام دیمه‌نه‌کانى کاره‌ساته‌که‌و تراژیدیاى شه‌هیدکردنى ده‌یان پێشمه‌رگه‌ى کورد، نه‌ک هه‌ر له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیی کاردانه‌وه‌ى خێرای به‌دواى خۆیدا هێناو خۆپیشاندانى جه‌ماوه‌رى لێکه‌وته‌وه‌، به‌ڵکو له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تیش پاڵنه‌رێکى گرنک بوو بۆ ئه‌مریکاو هاوکاره‌کانى سه‌رهێڵی دیموکراسی که‌له‌ئاستى تاوانه‌که‌ى خێڵی حه‌مه‌دا بێده‌نگ ده‌بنء پشتیوانى و پشتگیریى خۆیان بۆ له‌ناوبردنى چه‌کداره‌ تیرۆریسته‌کان ده‌ربڕی، له‌چه‌ندین ولاتى دنیادا خۆپیشاندان له‌دژى کرده‌وه‌ قێزه‌ونه‌کانى جند الاسلام رێکخراو ده‌وڵه‌تانى جیهان له‌مه‌ترسییه‌کانى سه‌رهه‌ڵدانى گه‌راکانى تیرۆر له‌کوردستان ئاگادارکرانه‌وه‌.
چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌
یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان وه‌ک هێزێک که‌ کرابووه‌ ئامانجى تیرۆریستان، هه‌تا سه‌ره‌تاى روواوه‌که‌ى خێڵی حه‌مه‌ به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ى کێشه‌که‌دا بوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین که‌سایه‌تىء لایه‌نى سیاسیء راسپارد بۆئه‌وه‌ى جند الاسلام بهێننه‌ سه‌رمێزى گفتوگۆو کۆتایی به‌شه‌ڕو کوشتء بڕین بهێنرێت، به‌لام دواى ئه‌وه‌ى چه‌کداره‌کانى جند هه‌موو هه‌وڵێکى ئاشتیانه‌یان ره‌تکرده‌وه‌، سه‌رکردایه‌تیى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان پلانى تۆڵه‌و کێوماڵکردنى تیرۆریستانى داڕشت.
جێبه‌جێکردنى پلانى تۆڵه‌
له‌دواى کاره‌ساتى خێڵی حه‌مه‌، (ی، ن، ک) ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌کى خسته‌به‌رده‌م هێزه‌کانى جند الاسلام که‌ناوچه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌و گوندى خێڵی حه‌مه‌و به‌رزاییه‌کانى شاخی شنروێ چۆڵبکه‌ن، به‌لام جند الاسلام گوێیان به‌داواکانى یه‌کێتى نه‌دا، هه‌ربۆیه‌ دواى 24سه‌عات له‌کۆتایی ئه‌و ماوه‌یه‌ى که‌دیاری کرابوو، له‌نیوه‌شه‌وه‌ى 3/4-10/2001، دواى ته‌نیا 10رۆژ له‌کاره‌ساته‌که‌ى خێڵی حه‌مه‌، هێزێکى پێشمه‌رگه‌ به‌پشتیوانى تۆپخانه‌کانى پێشمه‌رگه‌، هێرشێکى به‌ربڵاویان کرده‌سه‌ر شاخی شنروێ و ناوچه‌کانى ده‌وروبه‌رى هه‌ڵه‌بجه‌ و له‌ماوه‌ى که‌متر له‌ 2سه‌عاتدا ته‌واوى به‌رزاییه‌کانى شاخی شنروێ و به‌فرى میرى و ناوچه‌کانى ده‌وروبه‌رى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌تیرۆریستان پاککرایه‌وه‌و زیاتر له‌ 22چه‌کداری جند الاسلام که‌پێشتریش له‌خێڵى حه‌مه‌دا به‌شدارییان کردبوو له‌سه‌ر شاخى شنروێ کوژران ولاشه‌کانیان که‌وته‌ ده‌ست هێزى پێشمه‌رگه‌.
ئاشکرابوونى نهێنییه‌کان
ئه‌و چه‌کداره‌ تیرۆریستانه‌ى که‌قه‌سابخانه‌ خوێناوییه‌که‌ى خێڵی حه‌مه‌یان خوڵقاند، له‌شاخی شنروێ به‌ده‌ستى هێزه‌کانى یه‌کێتى کوژران، یه‌کێک له‌و تیرۆریستانه‌ى له‌شاخی شنروێ کوژرا، ئه‌بو عه‌بدولڕه‌حمان بوو، ناوبراو سه‌رکرده‌یه‌کى سه‌ربازى بالاو فه‌رمانده‌ى هێزه‌کانى جند الاسلام بوو له‌شه‌ڕى خێڵی حه‌مه‌، هه‌ربۆیه‌ تاقمى تیرۆریستى جند الاسلام کردبوویان به‌فه‌رمانده‌ی هێزه‌که‌یان له‌شاخی شنروێ، به‌لام ئه‌مجاره‌یان سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى کوژراو تۆڵه‌ى شه‌هیده‌کانى خێڵی حه‌مه‌ى لێکرایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێزى پێشمه‌رگه‌ توانیان ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوى ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌و دۆکیۆمێنتانه‌دا بگرن، که‌سه‌ره‌ڕاى ده‌رخستنى هۆکاره‌کانى دروستبوونى جند الاسلام، هاوکات وێنه‌ى شه‌هیدکردنى شه‌هیده‌کانى خێڵی حه‌مه‌ء چه‌ندین وێنه‌و گرته‌ی ڤیدیۆییء مه‌شقء راهێنانى چه‌کداره‌کانى جند الاسلامى له‌سه‌ربازگه‌کانى ئه‌فغانستان له‌ناو به‌ڵگه‌نامه‌کاندا بوون، ئه‌وه‌ش زیاتر رووى ره‌شء نه‌گریسی تیرۆریستانى هه‌ڵماڵى و نهێنییه‌کانى هه‌ڵتۆقینى ئه‌و گروپه‌ى ئاشکراکرد، یه‌کێک له‌فه‌رمانده‌کانى ئه‌وکاته‌ى پێشمه‌رگه‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى به‌ڵگه‌کان به‌ده‌ستکه‌وتێکى گرنگ وه‌سفده‌کات.
مه‌لا کرێکار رابه‌رایه‌تییان بکات
تیرۆریستانى جند الاسلام له‌دواى شه‌ڕى خێڵی حه‌مه‌و پێش ئه‌وه‌ى له‌شاخی شنروێ رووبه‌ڕوى گورزی پێشمه‌رگه‌ ببنه‌وه‌، له‌خه‌یاڵى خۆیاندا راماڵینى پێشمه‌رگه‌و دامه‌زراندنى ئه‌ماره‌تێکی ئیسلامییان وێناکردبوو، ئه‌وه‌ش زیاترو زۆرتر چه‌کداره‌کانى ئه‌و گروپه‌ى ملهوڕکرد، به‌لام دواى شه‌ڕى شنروێء کوژرانى به‌شێک له‌سه‌رکرده‌و چه‌کداره‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانیان، ئیتر بۆیان ده‌رکه‌وت که‌ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ بیه‌وێت ئه‌وا ده‌توانێت ده‌ستى بگه‌یه‌نێته‌ هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ى که‌تیرۆریستان کردبوویان به‌په‌ناگه‌ى سه‌ختء ئارام بۆ خۆیان، سه‌ربارى ئه‌وه‌ش ریزه‌کانى جند الاسلام به‌ره‌و دووکه‌رت بوون و لاوازبوون رۆیشت، ئه‌وه‌تا سۆران عومه‌رى رۆژنامه‌نووس و که‌سی نزیک له‌مه‌لا کرێکارى تیرۆریست له‌دوایین چاوپێکه‌وتنیدا له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌گۆڤاره‌کانى هه‌رێم باس له‌شه‌ڕی شنروێ و لاوازبوونى جند الاسلام ده‌کاتء ده‌ڵێت: یه‌کێتى له‌شاخی شنروێ گورزێکى کوشنده‌ى سره‌وانده‌ هێزه‌که‌ى جند الاسلام، به‌جۆرێک جند الاسلام به‌رله‌وه‌ى ئه‌و گورزه‌ى یه‌کێتى به‌ربکه‌وێت قبوڵیان نه‌ده‌کرد که‌سێکى وه‌ک مه‌لا کرێکار رابه‌رایه‌تییان بکات، به‌لام کاتێک له‌شه‌ڕى شنروێدا تێکشکان، ئیتر ورده‌ ورده‌ هه‌ستیان به‌لاوازبوون کرد، ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تێک بوو بۆ مه‌لا کرێکار که‌ببێته‌ ئه‌میرى جند الاسلام.
کۆتایی جند الاسلام
له‌مانگى ئازارى 2003و دواى تێپه‌ڕبوونى 18مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵتۆقینیاندا، سه‌رئه‌نجام هێزی پێشمه‌رگه‌ى کوردستان به‌پاڵپشتى هێزه‌کانى هاوپه‌یمانان له‌پرۆسه‌یه‌کى فراواندا به‌رزاییه‌کانى شاخی هه‌ورامانء ته‌واوى ناوچه‌که‌یان کێوماڵکردو زیاتر له‌ 300 چه‌کدارى ئه‌و گروپه‌یان له‌ناوبردو ده‌یان چه‌کداریشیان به‌دیلگرتن و بۆدواجاریش په‌یکه‌رى ره‌شی تیرۆریان خست.
گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاوه‌دانیى
دواى نه‌مانى تارمایی ترسء تۆقاندن و له‌ڕه‌گ ده‌رهێنانى گه‌راکانى تیرۆر، یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستانء حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌روه‌ک چۆن له‌مه‌یدانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستاندا ده‌ستپیشَخه‌ربوون، ئاوه‌هاش له‌مه‌یدانى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ى ئاسه‌واره‌کانى تیرۆردا ده‌ستپێشخه‌ربوون، حکومه‌ت پرۆژه‌کانى خۆى به‌لێشاو گه‌یانده‌ هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامانء سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتیش چه‌رده‌یه‌کى زۆر له‌بودجه‌ى حزبه‌که‌ى بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى خێڵی حه‌مه‌و ناوچه‌ زیانلێکه‌وتووه‌کان ته‌رخانکرد، پرۆژه‌کانى ئاوو ئاوه‌ڕۆو قیرتاو گه‌یه‌نرایه‌ خێڵی حه‌مه‌، ئێستا خێڵی حه‌مه‌ له‌لوتکه‌ى گه‌شه‌کردنء بوژانه‌وه‌یدایه‌، هاووڵاتیان له‌ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى ترس و دڵه‌ڕاوکێ و به‌هاوکارى حکومه‌ت پرۆژه‌کانى سه‌رقاڵى زیاتر ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى گونده‌که‌یانن.

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure